ستێڤان مانسفیلد: پشتیوانی سەربەخۆیی کوردەکان دەکەم، هیوادارم هەموو هاوکار و پشتیوان بن

0
236

وەرگێڕانی بۆ ڕۆژی کورد: هەڵمەت مەعرووفی

ستێڤان مانسفیلد، نووسەر و وتەبێژی پڕ فرۆشترین ڕۆژنامەی جیهان واتا نیۆیۆرک تایمز، لە نشڤیل تێنسێ، سمینارێکی لەمەڕ دیرۆکی کورد و کوردستان، پێشکەش کرد و پشتگیری خۆی بۆ دەوڵەتی کوردی راگەیاند.

لەو سمینارەدا، مانسفیلد لە ڕێگای گێڕانەوەی چیرۆک و بەسەرهاتی سێ ژنی کورد -یەک لەوان بەیان سامی عەبدووڕڕەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانی باشوور لە ئەمریکا- باسی لە دیرۆکی کورد کرد و میژووی کوردی خستە بەر باس.

مانسفیلد ئاوا قسەکانی دەست پێدەکا: “خەڵکانێک هەن کە زیاتر لە ٣٥ ملیۆن کەسن، گەورەترین جەماوەری سەر ئەم جیهانە کە تا ئێستاش وڵاتی خۆیان نیە، کە لەوانەیە نەتەوەی نوێی جیهانی ئەمڕۆمان بن، ئەوان ناویان کوردە، دەمهەوێ کەمێک بۆتان باس لە چیرۆکی کوردەکان بکەم”.

لە درێژەدا ئاوا دەدوێ:”لەوانەیە لەمەڕ کوردەکان زۆر شت بزانن، وێنە و دیمەنی جوانی منداڵە کوردەکانتان لە تی ڤی و ڕۆژنامەکاندا بینیبێ، یان ئەگەر ماست بخۆن و حەزتان لێی بێ، خاوەنی کۆمپانیای ماستی “چۆبر”، حەمدی ئۆلیکایا، ئەویش کوردە، یان ئەگەر چاوتان لە وێنەی پێشمەرگە و گریلاکان کردبێ ئەوانە، ژنە کوردەکانن، پیاوە کوردەکانیش، بەڕاستی ئەگەر جوان سەیریان بکەن هەندێ لە پیاوە کوردەکان بەڕاستی یەکجار لەرادەبەدەر جوان و قۆزن “.

ستێڤان لە درێژەی ئەو سمینارەیدا کە بە شێوەیەکی زۆر خۆمانە و سەرنجڕاکێش بەڕێوەچوو، قامک لە سەر خاڵی سەرەکی دادەنی و دەڵێ: “دەزانن هەر هەموو داوای کوردەکان چیە؟  ئەوان تەنیا وڵاتێکیان دەوێ کە هی خۆیان بێ” (لەو کاتەشدا نەقشەی کوردستان دێتە سەر شاشەکە).

ستێڤان بەردەوام دەبێ و دەڵێ:”کوردەکان لە خۆرهەڵاتی ناڤین دەژین، لە لای زنجیرە کێوەکانی زاگرۆس، لە نێو وڵاتانی تورکیە و سوریە و عێراق و ئێران دابەش کراون، بەڵام ئەوان وڵاتی خۆیان گەرەکە، کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ”.

مانسفیلد ئەنجا دەچتە سەر باسی جیاوازیی کوردەکان لەگەڵ مسوڵمانانی تر:” کوردەکان لەگەڵ هەموو مسوڵمانانی تر جیاوازن، ژنەکانیان ڕەشبەڵەک دەگرن، دێنە ناو کۆمەڵگا، کار دەکەن و دەبنە دیپلۆماتیش.”

دوایی دەچتە سەر باسی ژنێکی بریتانیانن بە ناوی گرترود بێل و دەڵێ دایکی ئەو ژنە بریتانیاییە، کوردە، کوردێکی عێراق و گرتروود، شەش زمان دەزانێ و چیاوانێکی باش و بەناوبانگە و لە زانکۆی ئاکسفۆرد دەرسی خوێندووە و لە ئوروپا چیایەکی بە ناو کراوە. و هەروەها گەشتیار و سیاسی و نووسەرێکی بەناو بانگ بووە و لە سەردەمی شەڕی جیهانی یەکەم لە قاهیرە وەک نوێنەری دەوڵەتی بریتانیا کاری کردووە و یارمەتی سەربازەکانی دەدا تا لە چیاکان دەرباز بن، لە ساڵی ١٩٢١ یارمەتییەکی زۆری ئاوەدانکردنەوەی عێراقی داوە و مووزەی عێراقیش بە یارمەتی و هاریکاری ئەو ساز کراوە.

دواتر باس لە هەڵەی میژوویی وینستۆن چرچیل، لاورێنس دەکا و دەڵێ هەڵەی ئەو دووە لەگەڵ گرتروود بێل کە هەر سێکیان کاریگەری بەرجەستەیان لەسەر جیهان هەبووە بەڵام ئەوان لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم و ئاوەدان کردنەوەی عێراق، ئەو سێ میعمارەی عێراق، کوردیان لە بیر کرد و لەبەر چاویان نەگرت و نەدەبا وایان کردبا، چون کوردەکان لە ڕووی کەلتوورەوە زۆر جێگای سەرنج و جیاوازن، ئەوان عەرەب نین و ئەگەر ئینجیل بخوێننەوە دەبینن کە کوردەکان دەورێکی گرنگیان هەبووە و نەتەوەیەکی گەورەن. هۆکاری ئەو هەڵەیی وان، ئەوە بوو کە دووننی و شیعە بکەنە لەمپەری نێوان سووننی و شیعە، هەرچەند کوردەکان زۆریان شیعەن و زۆریان سووننین بەڵام ئایینزا لای ئەوان گرنگ نیە و هەستی نەتەوەییان لەسەرەوەیە، ئەو سێ قارەمانە کە نامان هێنان بە دژی تورکیە ئەو هەڵەیان کرد.

لە درێژەدا باس لە ژیانی ژنێکی تری کورد دەکات، “نیشتمان” ژنیک کە بە هەندێک هۆکار ناتوانم وێنەکەییتان نیشان بدەم، ، ساڵی ١٩١٨ لە دایک بووە، سەددام حوسێن بە هۆی ئەوەی کە دژی کوردان بوون و لێیان بێزار بوو، بڕیار دەدا شوێنی ژیان و لە دایک بوونی نیشتمان واتا هەڵەبجە کیمیاباران بکات، تەیارەکانی سەددان هاتن و گازە کیمیاییەکانیان بەسەر هەڵەبجەدا باراند، خەڵک مردن و مردن، مردنێکی زۆر دڵتەزێن، زیاتر لە ٥ هەزار کەس مردن و خەڵکانێکی زۆر کیمیایی بوون و ژیانیان کەوتە مەترسییەوە (لێرەدا وێنەی عومەر خاوەر نێشان دەدرێ و باس لەوە دەکا کە ئەم پیاوە بوو بە هێمای هەڵەبجە، پیاوێک کە کورەکەی لە ئامیزی گرتووە و وێنەکەشی لەبەر دەستتانە)، میشتمان لەو شەڕەدا باوکی لە دەست دا، باوکی ڕزگار بوو بەڵام لەلاین سەددامەوە وەک کۆمەڵێکی تر لە کوردەکان لە ناو گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا کوژران، دواتر دایکی نیشتمان لە ڕووی دی ئێن ئای ئەو دووانە دۆزرایەوە کە لە کوێ کوژراوە و نێژراوە، بەڵام کوردەکان زۆر تایبەتن، بەو هەموو کوشتارە هەر لە ناو نەچوون و هەموو ساڵێش ڕێ وڕەسمی ڕێز لێنان بۆ شەهیدانی هەڵەبجە دەگرن (لێرەدا وێنەی کوڕە کوردێک بە جلی کوردییەوە نیشان دەدرێ کە لە لای ڕووفاتەکانی هەڵەبجە دەگری)، دەی با بزانین نیشتمان چی بەسەر هات؟ نیشتمان ئێستا یەکێک لەو ژنە پێشمەرگانەیە کە لە ڕێگای کوردستان، خەبات دەکەن و لەگە داعش شەڕ دەکەن، ئاخر داعشیەکان ڕایەکی سەیریان هەیە، ئەوان دەڵێن ئەگەر بە دەستی ژنان بکوژرێن ناچنە بەهەشت، نیشتمان زۆری حەز لە خەباتە لە ڕێگای کوردستان (لێرەدا ئامادەبووان چەپڵە لیدەدەن).

دواتر باس لە سێهەمین ژنی کورد دەکات “بەیان “، بەیان کچی سامیی عەبدووڕەحمانە، سامی ڕێبەرێکی گەورەی کورد بوو کە بە دژی ڕژیمی عێراق خەباتی دەکرد، پیاوێکی لیهاتوو کە ئینگلیسی جوان قسە دەکرد، بەیان و سامی باوکی و دایکی لە کێوەکان ژیانیکی سەختیان تێپەڕ کردووە، چون سامی ئینگلیسی دەزانی دەبوا زۆر هاتوو چۆ بکا لە ناو کیوەکانی چیای زاگرۆس و بی و بچێ و شوێنی تایبەتی نەبوو، بەداخەوە ساڵی ٢٠٠٤، سامی لە لایەن گرووپیکی ئیسلامییەوە بە بۆمب و تەقینەوە لەگەڵ کوڕەکەی شەهید بوو. دواتر بەیان بوو بە ڕۆژنامەنووس و هەمیشە سەرقاڵی هەواڵی پێشمەرگەکان و کوردستان بوو. ئێستا بەیان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ئەمریکا و بەڕاستی ژنە کوردێکی بەهێزە (لێرەدا وێنەی بەیان نێشان دەدرێ و ئامادەبووان چەپڵەبارانی دەکەن)، زۆربەی کاتی خۆی بۆ ڕاگواستنی پێویستییەکانی کوردەکان بە حکومەتی ئەمریکا تەرخان کردووە.

قسەی کۆتایی: “ئێستا ٣٥ ملیۆن کورد، چاوەڕوانن لە ناو بنەماڵەی نەتەوە سەربەستەکاندا لە دایک ببێ، من یارمەتیان دەدەم، هیوادارم ئێوەش پشتیوانیان بن”.

Related Post

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌