کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ٣٦

0
2936

سۆران کەرباسیان

بە پێی بەڵگەکان، کۆتایی دوا پاییزی دەستهەڵاتداریی موحەممەد رەزا پەهلەوی بریتییە کە نەبوونی ڕێز و پێگەی پاشای ئێران و وڵاتێک کە هەر لایەنێک دەیتوانی کاریگەری بەرچاوی لەسەر دانێت. دەوڵەتی شەریف‌ئیمامی داوای لە ناڕازییانی دەرەوەی وڵات کرد کە بگەڕێنەوە ئێران، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بانگهێشتە دوو لاوازیی پێوە دیار بوو. یەکیان مەرجدارکردنی گەڕانەوەکە بوو کە لە لایەن فارسەکانەوە ئیدانە کرا و لایەنێکی دیکەشی ئەوە بوو بانگهێشتەکە کوردەکانی دەرەوەی وڵاتی نەدەگرتەوە، چون لە دەرەوەی ئەو بازنەیە بوون کە سەرۆک‌وەزیر دابینیکردبوو.[1] بڕواننە ئەم کاریکاتۆرە کە بانگهێشتەکەی سەرۆکوەزیری ئێرانی بە گاڵتە گرتبوو.[2]

کاریکاتۆرەکە دەکرێ وەک کورتەیەکی پوخت لە بانگهێشتەکەی شەریف‌ئیمامی دابندرێت.

لە هەموو ئەو ماوەیەدا کە مەهاباد خەریکبوو لە بەرانبەر پەهلەوی خەباتی دەکرد، نوێنەری مەهاباد لە پارڵەمانی ئێران تاقە دێڕێکی لە ڕاگەیاندنەکان لەسەر مافی کوردەکان یان دۆخی مەهاباد نەنووسی. ئەو قەت ئاوڕی لە ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد نەداوە، بەڵام لە کاتێکدا کە بینی مەهاباد کۆڵ نادات و پیر و جحێڵ خەریکن سینگ لە چەکدارانی پەهلەوی دەهێننە پێش، نوێنەری مەهابادیش هات مانۆڕێکی بەسەر دۆخەکەدا لێدا و قسەگەلێکی کرد کە کۆپییەکەی لێرە دەبینن. جەعفەر حەیدەری کە نوێنەری مەهابادییەکان لە پارڵەمان بوو، تەنانەت لە کاتی کوشتنی لاوانی بێتاوانی کوردیش لە شارە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بێدەنگیی نەهاتە دەر. ئەمجارەش کە دەنگی بیسترا، لە ڕاستیدا پەیامەکەی لەوە دەچوو کە ڕۆژنامەوانێک بۆ ئاگاداریی جەماوەر ئامادەی کردبێت. نوێنەری مەهاباد لەو بابەتەیدا بەرگریی لە مافە زەوتکراوەکانی مەهابادییەکان بە تایبەتیی و کوردەکان بە گشتیی نەکرد و هەموو پرسە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی لە یەک وتاری کورت‌دا بە شێوەیەکی ساویلکانە بەسەرکردەوە.[3]

یەک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی نێو گوتارەکەی، پێداهەڵگوتن بە کەسایەتی نیشتمانپەروەر و ئایینیی مەهاباد، شێخ عێززەدینی حوسێنی بوو. حەیدەری لە نووسینەکەیدا هەم جامینی حکومەتی گرت هەم بە جۆرێک جامینی دژبەرانی حکومەت و هەوڵی دابوو باڵانسێک بپارێزێت. لەو کاتەدا کە حەیدەری نوێنەرایەتی مەهابادییەکانی لە پارڵەمانی ئێران‌دا دەکرد، شێخ عێزەددین حوسێنی نوێنەرایەتیی زۆر لە مەهابادییەکانی لەسەر شەقامەکان دەکرد و لە ڕێپێوانەکان‌دا چالاکانە بەشدار بوو.[4]

نوێنەری ورمێ لە هۆڵی فەرمیی پارڵەمان لەسەر پرسەکانی ورمێ و ناوچە قسەیکرد و قسەکانی لە لایەن پارڵەمەنتارەکانەوە پاڵپشتیی کرا. لە ڕاستیدا قسەکانی ئەویش هەر لە چوارچێوەی ئەو گوتارەدا بوو کە دەستهەڵاتی پەهلەوی دەپاراست، بەڵام ئەوەندەی باش بوو کە ئاماژەی بە مافی زمانی دایکیی کوردەکان و مافی دەبەرکردنی جلی کوردیی و فێرکردنی زمانی کوردیی لە مەدرەسەکان کرد.[5]


ئەردەڵانییەکان لە ڕێپێوانێکی سەرتاسەریدا سەرلەنوێ دژی پەهلەوی دروشمەکانی خۆیان هاوارکردەوە. ئەمجارە کوردەکانی سنە دژی وێرانکردن و کۆچی بە زۆریی کوردەکانی سەر سنوور هەڵوێستیان گرت کە وێنەی ئەو ڕۆژە لە سەردێڕی ئەم بابەتەدا دەبینن.[6]

لە ورمێ خوێندەکارانی دانیشسەرا ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا. ئەوان کە بەرەو ئیدارەی گشتیی فێرکاری و پەروەردەی ئەو شارە دەڕۆییشتن، لە ڕێگادا لە لایەن خوێندەکارانی ئەنیستیتۆی تێکنۆلۆژی پاڵپشتیی کران. ڕێپێوان لە بەیانی زوو ڕا دەستی پێ کردبوو و نزیکەی نێوەڕۆ لە لایەن خەڵکی شارەوە پستیوانییەکی گەرمتری لێ کرا. خوێندەکاران ڕایانگەیاند کە هەتا سێ ڕۆژان ئامادە نەدەبوون لە کلاسەکانیان‌دا بەشداربن و گەر لەو ماوەیەدا ویستەکانیان بەجێ نەگەیەندرێت، درێژە بە مانگرتنی خۆیان دەدەن.[7]


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت