کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ٣٥

0
467

سۆران کەرباسیان

٢٥ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی لیستەیەک لە ناوی ئەو زیندانییە سیاسییانە بڵاو بۆوە کە پەهلەوی بڕیاڕی ئازادکردنیانی دا.[1] مخابن بەهۆی ئەوە کە تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر مێژووی کورد و شۆڕشی ١٩٧٩ی زایینیی لە ئێران‌دا نەکراوە، چەتوونە بزانرێت کە چەند کەس لەو چەند سەد زیندانییە کورد بوون. نووسەری ئەم دێڕانە ١٧ کەسیان دەناسێتەوە و ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە خەڵکی مەهاباد بوون، بەڵام بەو مانایە نییە کە تەنیا ١٧ کەسیان خەڵکی ئەو شارە بوون. هیچ دوور نییە کەسانێکی دیکەی مەهابادیش دەو لیستەدا هەبن کە لێی ئاگادار نین.[2]

ئەم پاشەکشەیەی پەهلەوی وەڵامێک و بەجۆرێک پاشەکشە لە بەرانبەر مانگرتنە بەردەوامەکانی خەڵک‌دا بوو. لە پەنا ئەمانەش هەندێک ئاڵ‌وگۆڕی بەرپرسان و دەستلەکارکشاندنەوە ئەنجامیگرت و هیوای پەهلەویستەکان هێورکردنەوەی دۆخەکە لە پێناو پاراستنی هێزی شا بوو.

ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان لە یەک ڕۆژدا بە یەکەوە ئەنجامدرا. لەوانەیە پەهلەوی ئەمکارەی بە مەبەستی پێکهێنانی شادی و خۆشیی دە نێو خەڵک‌دا ئەنجامدا، بەڵام خەڵک لە کاتی پێشوازیی لە زیندانییە ئازادکراوەکان‌دا هەلەکەیان بە باشیی قۆستەوە و دژی پەهلەوی دروشمیان دەدا. جگە لە جەماوەر، خوێندەکارانی زانکۆش کەڵکی خۆیان لەم دۆخە وەرگرت و لە کاتی پێشوازیکردن لە زیندانییە ئازادکراوەکان‌دا پێداگرییان لەسەر ویستەکانی خۆیان کرد.[3]

لە خوڕەم‌ئاوا ڕێپێوانەکان بە توندوتیژیی کێشرا. خەڵک کوژران و برینداربوونی جەماوەری ناڕازی شارەکەیان کردە بیانوو بۆئەوەی شەقامەکان قەرەباڵغ بکەن. ڕێپێوانکەران لە گۆڕەپانی سەعدی و شەقامی پەهلەوی دەستیان بە ڕێپێوان کرد و بە دروشمدان بەرەو مەیدانی شەشی بەهمەن ڕۆییشتن. زۆربەی ڕێپێوانکەران لەو ڕۆژەدا ئاڵای رەشیان بە دەستەوە گرتبوو کە نیشان لە تازیەداری خەڵکی شار بوو. لەو ڕێپێوانەدا سینەمای کۆلکەزێڕینە ئاگری تێبەربوو. هەیبەت فەیزی یەک لە کوژراوەکانی خوڕەم‌ئاوا بوو. مەنسوور قەنبەری، برایم ئەکبەری، عەلی دەواچی، ئەمیر ئەلوەند، ملووک توولابی (دوو زگ بوو)، نوورخوا عەباسپوور، حەسەن سەیوەند، عەلی حەبیبی و مەحموود مەلحووفی لە بریندارەکانی ئەو شارە بوون کە تەقەیان لێ کرابوو. تەقەکردن لە خەڵک لە لایەن چەکدارانی ئێرانی‌یەوە بازاڕی ئەو شارەی وە هەڵوێستگرتن خست و هەربۆیە هەموو دووکان و بازاڕەکانی ئەو شارە داخران.[4]

لە مەهاباد قوتابییەکانی دەبیرستانەکانی کچ و کوڕ لەگەڵ هونەرستان و دانیشسەرای مەهاباد مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. مانگرتنی ئەوان لە پاڵپشتیی مامۆستایانی مەهاباد بوو کە پێشتر بە کۆمەڵێک ویست و داواکاریی دەستیان لە کار کێشابۆوە. ئەو خوێندەکارانەی مەهاباد کە شەو و ڕۆژ لە شوێنی دەرسخوێندن دەژیان، مانگرتنی خۆیان لە خواردنیش ڕاگەیاند.[5]

لە کرماشان خوێندەکارانی ئەو شارە بە دروشمی «دەردی من دەردی تۆیە، وەرە بە لەگەڵم بکەوە» خەڵکیان هاندەدا بۆئەوەی بە ڕیزی ناڕازیان پەیوەست بن. ئەمە داهێنانێکی سەرکەوتوویانەی خوێندەکاران بوو و زۆری نەخایاند کە نزیکەی پازدەهەزار کەس لەگەڵیان کەوتن. ڕێپێوانی ئەو ڕۆژەی کرماشان هەر لە زۆرێی دەدا. ناڕازییانی کورد هەتا درەنگانی شەو لە دژی دەستهەڵاتی پەهلەوی لەسەر شەقامەکان مانەوە و دروشمی ڕووخێنەرانەیان دەدا. چەکدارانی ئێرانی پەشۆکابوون و لە نزیکی سینەما ئاتلانتیک‌دا لەبەر عەبەسانیان لەگەڵ خەڵک گچکە تێکهەڵچوونێکیان لێ پەیدا بوو و هەربۆیە شووشەکانی سینەما شکان و تەقەی حەواییشیان کرد. شاری کرماشان بە دوای ئەم ڕۆژەدا چوو دە پشووی گشتییەوە و وەک نیشاندانی قین و تووڕەیی خەڵک لە بەرانبەر حکومەت‌دا ئەو ئاڵتێرناتیڤەیان هەڵبژارد. لەسەر ڕادیۆ کرماشان سێ جاران ڕاگەیەندرا کە مەدرەسەکانیش لەو شارە ناکرێنەوە.[6]


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت