کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ٣٤

0
546

سۆران کەرباسیان

لە ڕاپۆڕتەکەی پالیزبان‌دا تەنیا ئاماژە بەو پرسانەی کوردستان کرابوون کە گەر حکومەت لە بەرنامەی بەخۆداچوونەوەشی‌دا ڕەچاویکردبان، هێشتا کوردستان هێور نەدەبۆوە. هۆکاریش بۆ ئەوە دەگەڕاوە کە پالیزبان لە پێشنیارەکانی خۆی‌دا هیچ ئاوڕێکی لە پرسە جددییەکانی کوردستان نەدابۆوە. بۆ وێنە لێرە ئاماژە بە دوو نموونە دەکەم کە بۆ کوردەکان بایەخی تایبەتیی هەبوو.

نموونەی یەکەم

کوردەکان یەکجار پەرۆشی دۆخی زیندانییە سیاسییەکانی کورد بوون. کوردەکان دەیانزانی کە ڕاگڕتنی عەزیز یۆسفی لە زیندان و ئاساییبوونی ئەشکەنجەی فیزیکی و سایکۆلۆژی‌یانە لە زیندانەکانی پەهلەوی‌دا تاقە هۆکاری نەخۆشبوون و مردنی ئەو بوو. هاوکات زانیاری مەترسیدار سەبارەت بە زیندانەکانی پەهلەوی بڵاوببۆوە.[1] کوردەکان بە پێی ئەو تەجرەبەی تاڵ و ئەو خەسارە قەرەبوونەکراوەیەی کە لەمبارەوە پێیان گەییشتبوو، پێداگرییان لەسەر ئازادبوونی زیندانییە سیاسییەکانیان دەکرد، کەچی لە گەڵاڵەی پێشنیاری پالیزبان‌دا هیچ ئاوڕێک لەم پرسە جددی‌یە نەدرابۆوە.

نموونەی دووهەم

ڕێک لەو کاتەدا کە پالیزبان بە ڕواڵەت لێکۆڵینەوەی مەیدانیی کردبوو و گەڵاڵەی نۆزدە خاڵی خۆی ئامادە دەکرد، حکومەتی پەهلەوی پاش ساڵێک هەوڵی بەردەوامی کوردەکان لەبۆ کردنەوەی زانکۆیەک لە مەهاباد، ئەو داوا ڕەوا و جددی‌یەی کوردەکانی وەپشتگوێخستبوو. دەقی نامە و بانگەخوازەکان بۆ زانیاری زێدەتر لە پەڕاوێزدا داندراوە. لێرە کورتەئاماژەیەک بە ئەم پرسەی کوردەکان دەکرێت.

نزیکەی ساڵێک بەر لەوە کە کۆتایی بە سیستەمی پەهلەوی بهێندرێت، گەڵاڵەیەک لەمەڕ کردنەوەی زانکۆیەک لە شاری مەهاباد پێشکەشی کاربەدەستان کرابوو.[2] بەهۆی ئەوە کە ناوەند ئەمەی بە قازانج نەدەزانی کە کوردەکان لە بواری زانستەوە پەرەسەندنێک بە خۆیانەوە ببینن و لەبەر ئەوە کە دەیانزانی بوونی زانکۆیەک لە مەهاباد کۆمەڵێک گۆڕانکاری بنەڕەتیی لەگەڵ خۆی بەرهەمدەهێنیت، ئەم گەڵاڵەیان بێوەڵام هێشتەوە.

دواتر دوکتوور عەبدوڵڵا ئەبریشەمی لێژنەیەکی بۆ بەدواداچوونی پرسی کردنەوەی زانکۆی مەهاباد لەگەڵ چەند کەسێک پێکهێنا. ئەبریشەمی لەو لێژنەیەدا وەک سەرۆکی گشتیی لێژنە هەڵبژێردرا.

لێژنە دواتر لە دوا هاوینی دەستهەڵاتداریی پەهلەوی‌دا ڕاگەیاندنێکی سەبارەت بەو پرسە بڵاوکردەوە. دەقی ڕاگەیاندنەکەی دوکتوور ئەبریشەمی لەژێرەوە بە زمانی کوردیی داندراوە.

«لێژنەی خوازیارانی کردنەوەی زانکۆ لە مەهاباد، دانیشتوانی هێژا ئاگادار دەکات کە لەسەر داوای من، عەلی هۆمامی قازی دەستی هاوکاریی درێژکردووە و چل هەزار مەتری چوارگۆشە زەوی (لە ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی شار، ناسراو بە دۆڵە کەروێشکە) بۆ کردنەوەی زانکۆ پێشکەش دەکات، بەڵام ناوەندی خزمەتگوزاری زانکۆی ئازاد لە وەڵامی داواکاریی ئێمە لە نامەی ٢٣٨/٤٠-١٩/٤/٣٧ ڕایگەیاندووە کە سازکردنی دوو هەزار مەتری چوارگۆشە بینای سەرەتایی یەک لە مەرجەکانی پەژراندنی ئەم ڕێکخراوەیە بۆئەوەی نوێنەرایەتییەکی زانکۆ لەم ناوچەیە بکرێتەوە.»[3]

عەلی هۆمامی قازی کە بە ناوەکانی «کوڕی ڕەش» و «عەلی قازی موحەممەد»یش ناسراوە، کوڕی سەرۆک‌کۆماری کوردەکانە. ئەو لە هەندەران دەژیا و بەهۆی ڕابوردوویەکی تاڵ کە بنەماڵەکەی لەگەڵ حکومەتی پەهلەوی هەیانبوو، لە هەندەران دەژیا. ئەو مڵک و سامانەی کە لە «قازی عەلی» باپیری‌یەوە بۆی بە میرات مابۆوە، قەت قازانجێکی ئەوتۆی بۆ ئەو نەبوو. عەلی هۆمامی قازی کە خۆی نەیدەتوانی کەڵک لەو مڵکە وەربگرێت، لانیکەم دەیتوانی کردەی باوکی خۆی دووپات بکاتەوە و مڵکی خۆی پێشکەش بە بەرژەوەندیی نەتەوەکەی بکات.[4]

ساواک و بەرپرسانی حکومەتی پەهلەوی‌ش هەموو هەوڵی خۆیان بۆ جێبەجێنەکردن و ڕاگرتنی ئەو پڕۆژەیە دا و هەربۆیە لەو کاتەدا کە پالیزبان خەریکبوو لەسەر ناڕەزایەتییەکانی کوردستان ورد دەبۆوە، لێژنەی ناوبراو بە سەرپەرەستیی دوکتوور ئەبریشەمی لە ڕاگەیاندنێک‌دا خەڵکی کوردی لە پیلانەکان و دژکردەوەکانی حکومەت ئاگادارکردەوە و ڕاستییەکانی سیاسەتی دژەکوردیی سیستەمی پەهلەوی لەقاودا.[5]

بۆ خەڵکی کورد کە دژ بە پەهلەوی ڕاببوون، زۆربەی نۆزدە خاڵەکەی گەڵاڵەی پالیزبان بایەخێکی ئەوتۆیان نەبوو. پرسی بێنزین بۆ وێنە پرسێکی کاتیی بوو، کەچی حکومەت و نێردراوی حکومەت پرسی زۆر جددیتری کوردەکانیان کپکردبوو. ئەم دوو نموونەیە کە لەچاو چەندین نموونەی دیکە هەڵبژێردراون، ئەم گرنگەی بۆ کوردی ڕۆژهەڵات سەلماندبوو کە ئاویان لەگەڵ پەهلەوی لە جۆگەلەیەک‌دا جێی نابێتەوە.

لە کاتێک‌دا کە خەباتی مەدەنی و سیاسیی لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامبوو، لە ورمێ‌ی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بیست و پێنج زیندانی سیاسیی کورد مانگرتنی خۆیان لە خواردن ڕاگەیاند.[6] مانگرتوان بۆ سەرەتای هەڵوێستی خۆیان مۆڵەتی دوو ڕۆژەیان ڕاگەیاند بۆئەوەی بزانن حکومەت چلۆن لەگەڵیان مامەڵە دەکات. لە کرماشان‌یش کە پێشتر مانگرتن لە خواردن ڕاگەیەندرابوو، پاش ئەوە کە ئاوڕ لە داواکارییەکانی مانگرتوان درا، کۆتایی بە مانگرتنەکە هات.[7]

خوێندەکاران و قوتابییە ئەردەڵانییەکانیش لە سنە شەقامەکانی شاریان گرتبوو. بەردیان لە ئۆتۆمبیلە حکومەتییەکان‌ دەدا و ترسیان لە دڵی چەکدارانی پەهلەوی‌دا نابۆوە. قوتابییەکانی سنە شەقامی مەڕدۆخ و چوار‌ڕێی وەکیل کۆبوونەوەیەکی بەرینیان پێکهێنا. دواتر ڕێپێوانەکەیان لەوێ‌ڕا دەستپێکرد و بە شەقامەکانی شار دا ڕێپێوانی خۆیان بەڕێوەبرد. لە کۆتایی‌دا چەکدارانی حکومەتی ناچاربوون پەنا بۆ کەرەستە نیزامی‌یەکانیان بەرن، بەڵام بەهۆی کاردانەوە شارستانی و حقووقییەکانی کوردەکان لەمەڕ کوشتارەکانی پێشوو، ئەمجارەیان سیلەیان لە چاوی لاوانی کورد گرت و لە گازی فرمێسکهێنەر کەڵکیانوەرگرت.[8]

لە کرماشان تەواوەتی مەدرەسەکان داخرابوون. قوتابییەکانی کرماشانی لە ڕاگەیەندراوێک‌دا کردەوە ڕادیکاڵ و ناژیارانەی چەکدارانی ئێرانی‌یان ئیدانەکرد. لە کرماشان جگە لەمە، ئەو کەسانەش کە لە دانیشسەرای کشت و کاڵ دەرسیان دەخوێند، لەگەڵ خوێندەکارەکانی کۆلێجی زانست و پزیشکی زانکۆی ڕازی مانیانگرت و لەسەر کلاسەکانیان ئامادەنەبوون.[9]

لە ئیلام‌یش هەموو دەبیرستانەکان، مەدرەسەکان و تەنانەت باخجەی مناڵانیش داخران. مامۆستایانی ئیلام لەمبارەوە ڕاگەیەندراوێکیان بۆ ڕای گشتیی و ئاگادارکردنەوەی حکومەتی پەهلەوی بڵاوکردەوە.[10]

لە کرماشان کە کارگێڕانی ئیدارەی کارەبای ڕۆژئاوا تازە حەوتوویەک بوو مانگرتنی خۆیان شکاندبوو و گەڕابوونەوە سەر کارەکانیان، سەرلەنوێ مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاندەوە. مانگرتنی ئەمجارەیان لەبەر درۆ و بەڵێنی ناڕاستی بەرپرسانی حکومەتیی بوو. ئەوان بەو مەرجە مانگرتنی پێشووی خۆیان شکاندبوو، چون جێگری وەزیری وزە پاش نۆ ڕۆژ مانگرتن خۆ گەیاندە کرماشان و بەڵێنی جێبەجێکردنی هەموو داواکارییەکانی مانگرتوانی دابوو، کەچی بەڵێنی خۆی نەبردبوو سەر و هەربۆیە مانگرتنی دووهەم ڕاگەیەندرا. ئەمجارەیان لەسەر هەمان داواکارییەکانی پێشوو کارەکانیان جێهێشت و ڕایانگەیاند کە هیچ بەڵێنییەک ناپەژرێنن و هەتا هەموو خواستەکان جێبەجێ نەکرێن، مانگرتن بەردەوام دەبێت.[11]

مەهابادی شڵەژاو و ڕووخاو بەسەر حکومەتی پەهلەوی لە هەموو لایەکەوە هێرشی بۆ بەرپرسان هێنابوو. مانگرتنی جۆراوجۆر بەڕێوەبوو و گەنجانی ئەو شارە هەر چەند کاتژمێر جارێک، سەریان لە چەکدارانی حکومەتی‌ دەشێواند. لە گرمەی ناڕەزایەتییەکان‌دا کارمەندەکانی پۆمپی بێنزین‌یش مانگرتنی خۆیان ڕاگرت و بەم کارەیان وێنەی شێواویی حکومەت زەقتر بۆوە، چون ئۆتۆمبیلێکی زۆر ئەو ناوچەیەی لە هەرجۆرە هاتوچۆیەک وەستاندبوو کە پۆمپی بێنزینی لێ بوو.[12]

لە وێنەی سەردێڕ دا لاوە دلێرەکانی مەهاباد دەبینن کە قەڵسە لە چەکدارانی پەهلەوی دەگێڕن و دروشم لە دژی دەستهەڵاتی پەهلەوی دەدەن.[13]


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت