کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ٣٣

0
2343

سۆران کەرباسیان

لە زۆر قۆناخی مێژوویی ئەم جیهانەدا بینراوە کە کەسایەتییەکی سیاسیی لە ناوەڕۆک‌دا هیچ شتێکی ئەرێنی بۆ کۆمەڵگاکەی پێ نەبووە، بەڵام زۆرینە لە داخی لایەن یان کەسایەتییەکی نەیار ئەو کاراکتێرەیان بەرزکردووەتەوە. خۆمەینی‌ش کە لە ڕاستیدا هیچ شتێکی ئەرێنی بۆ ئێرانی‌یەکان پێ نەبوو، وەک کاراکتێرێک لە دژی پەهلەوی زەقکرا، ئەگینا گەر پەهلەوی خاوەنی سیستەمێکی جەنایەتکار نەبوا و دەنگی ئازادی نەتەوەکانی نێو ئێرانی لە چەندین دەیەدا نەبڕاوانە خەفە نەکردبا، کەسێکی وەک خۆمەینی ئەو بایەخەی پێ نەدەدرا کە پێیدرا.

لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵە تا ڕادەیەک یارمەتیدەرە بۆئەوە بزانرێت چۆن بوو دادوەرە خوێندەوار و زاناکانی ئێران و زۆر چینی دیکە (بۆ وێنە وەک مامۆستایانی زانکۆ) خەریکبوون شەڕعییەتیان بە سەرۆکایەتی شۆڕشی ئێران لە دژی پەهلەوی دەدا.[1]

ڕێکەوتی ٢٤ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی لە مێژووی شۆڕشی نەتەوەکانی نێو ئێران بۆ ڕووخان و بنبڕکردنی سیستەمی پەهلەوی گرنگی تایبەتیی هەیە. لەم ڕۆژەدا بۆ یەکەمجار پاش زەخت و گوشاری کۆڵنەدەرانەی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کورد و غەیری کورد، پارڵەمانی ئێران ڕێگەی دا پرسی ئەشکەنجە و کوشتارە ناڕەواکانی ساواک لە هۆڵی فەرمیی پارڵەمان‌دا باسکرێت.[2] لەم دانیشتنەی پارڵەمان‌دا لێوردبوونەوە و لێپرسینەوە لە کۆمەڵێک تەوەر و پرسی جددی دیکەش کرا کە گرنگترینیان بریتی بوون لە:

١ . نوێنەرانی پەڵەمانی ئێران ئاماژەیان بە کوشتاری کوردەکان لە کاتی ڕێپێوان لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، ورمێ، کرماشان خۆڕەم‌ئاوا و چەند ناوچەیەکی دیکە کرد.

٢ . نەبوونی ئازادی دەربڕین، وسکتکردنی ڕۆژنامەوانان و نووسەران و بەردەوامبوونی سیاسەتی سانسۆڕ بەسەر ڕاگەیاندنەکان‌دا.

٣ . ساواک و بەکاربردنی ئەشکەنجە بۆ لێپرسینەوە لە زیندانیان.

٤ . کوشتنی خەڵکی سیڤیل دە ماڵەکانی خۆیان لە لایەن ساواک‌ەوە.

٥ . سیاسەتی نادروستی شا لە کشت و کاڵ‌دا و پێداویستی لە ڕادەبەدەری وڵات بە کڕینی بەرهەمی دەرەکیی.

٦ . شەریف ئیمامی لەگەڵ ئەم ڕاستییە بەرەوڕوو بۆوە کە کۆماری کوردستان و حکومەتی نەتەوەیی ئازەربایجان نەکرێتە بیانوو و پاساو بۆ داپۆشانی ڕاستییەکان.

٧ . دۆخی نالەباری مامۆستایان

٨ . مانگرتنی کرێکاران

٩ . دۆخی نالەباری بێهداشت و تەندروستی خەڵک.

١٠ . بە پێی ڕاپۆڕتی ئەو ڕۆژەی پارڵەمانی ئێران، ٥٣٪ی دانیشتوانی ئێران لە دەرمان، فێرکاری و پەروەردە، ئاوی خواردنەوەی پاک و پاڵاوتوو، ڕێگا و بانی پێویست و ستاندارد، خانوو و زۆر بواری دیکەی پێویست بۆ ژیان بێبەر بوون.

١١ . تاڵانی سامان و سەروەرت گشتیی.

١٢ . ئاماژەکردن بە خۆفرۆشیی، گەندەڵیی، بێ‌ئەخلاقیی و ناشیاوبوونی هەندێک لە بەرپرسانی بەرزی حکومەتی پەهلەوی.

لە هەمان ڕۆژدا «سێپەهبۆد عەزیزۆڵڵا پالیزبان» سەبارەت بە کوشتارەکانی کورد و هاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانی بە شکەست و دۆڕانی سیاسەتی ئێران نا و ڕاشکاوانە بەرانبەر بەرپرسانی حکومەتی ئاماژەی بە زۆر ڕاستی کورد و کوردستان کرد. (ڕاپۆڕتی ئەم گوتانەی پالیزبان وەک پەڕاوێز لەم بابەتەدا هاتووە).[3] پالیزبان کە سەبارەت بە پرسی کورد لە ئێران‌دا سەردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردبوو، گەڵاڵەیەکی بۆ سەرۆکوەزیر ئامادەکردبوو و لای وابوو گەر گەڵاڵەکەی جێبەجێ بکرێت، دەتوانن هێمنیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگەڕێننەوە. گەڵاڵەی پالیزبان نۆزدە پێشنیاری لە خۆی دەگرت کە بریتی بوون لە:

١ . کەموکورییەکانی ڕابوردوو قەرەبوو بکرێن و تاوانبارانی ڕووداوەکانی پێشوو بناسرێن و بە شێوەیەکی قانوونی سزادرێن.

٢ . داڕشتنی قانوونێکی نوێ بۆ ئازادکردنی ئەو زەویانەی کە هی خەڵکی کوردن و لە لایەن حکومەتی پەهلەوی‌یەوە داگیرکراون.

٣ . پێشگرتن لە سازکردنی بینا لە لایەن حکومەتەوە لە هەر شوێنێک کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی بۆچوونی خەڵک ئەنجامدەدرێت.

٤ . چارەسەریی پرسی بازاڕی ڕەشی سمیت، پێداویستی و کەرەستەی بیناسازی، ئۆتۆمبیل و شتی دیکە.

٥ . چارەسەریی پرسی گەندەڵیی ئیداری

٦ . چارەسەریی پرسی سیاسەتی جیاوازیدانان و گەندەڵیی لە وەرگرتنی ماڵیات لە کوردستان.

٧ . ڕاگرتنی سیاسەتی هاندانی خەلکی گوند بۆئەوەی بەرەو شارەکان کۆچ بکەن و زەرەرەکانی ئەنجامی ئەو سیاسەتە و کاریگەری نەرێنیی لەسەر کشت و کالی کوردستان.

٨ . سەرەڕای ئەوە کە ماڵیاتێکی زۆر لە خەڵکی کوردستان دەستێندرێت، ڕێگا و بانی باش و خزمەتگوزاری پێویست لە ناوچە کوردستانی‌یەکان ئەنجام نەداوە.

٩ . چارەسەریی پرسی گەندەڵیی و کەمتەرخەمیی بڵاوکردنەوەی ژمارە و هێڵی تەلەفون.

١٠ . بەهێندگرتنی لە هەستی جەماوەر.

١١ . کورتکردنەوەی دەستی گەندەلان لە کاروباری ئیدارەکان و لەناوبردنی ناعەدالەتیی لە دەزگاکانی دەوڵەتی‌دا.

١٢ . پێکهێنانی هاوکاری پێویست لە نێوان کۆمپانی‌یە زەبەڵاحەکان و ڕێکخراوەکانی حکومەتی لەگەڵ جەماوەری کورد.

١٣ . چارەسەریی پرسی کەڵەگاییکردن و خۆبەزلزانیی بەرپرسانی ئیداریی لە کوردستان.

١٤ . چارەسەریی پرسی دزی و گەندەڵیی سەبارەت بە دەستکەوتی خەلکی زەحمەتکێشی کورد و لەناوبردنی هۆکارەکانی گرانیی.

١٥ . کۆنترۆڵکردنی خەرجەکانی پێوەندیدار بە کاروباری بیناسازیی.

١٦ . چارەسەریی پرسی بەنزین.

١٧ . چارەسەریی پرسی ئەو خاوەن کۆمپانی‌یانە کە سامانی گشتییان تاڵان دەکرد و کاڵاکانیشیان بە نرخێکی گران بە جەماوەر دەفرۆشت.

١٨ . لەسەرکارلابردنی تێکدەرانی شارەداری کە ڕێگەی خەڵکیان لە بیناسازیی‌دا چەتوون دەکرد.

١٩ . چارەسەریی پرسی تەسککردنی کار و کاسبی جەماوەری کورد لە لایەن حکومەتەوە و دەستەنگڕاگرتنی خەڵکی کورد بە پێی سیاسەتێکی لەپێشڕا داڕێژڕاو.[4]

نرخی کڕین و فرۆشی ئەرز لە بانکەکانی ئێران‌دا، نزیک دوو مانگ بەر لە ڕووخانی حکومەتی پەهلەوی داندراوە، بۆئەوەی لە داهاتوودا سەرنج بە گۆڕانکارییەکانی ئەو نرخانە لە پاش شۆڕشی ١٩٧٩ دەدرێت و بەراورد دەکرێن.[5]

وێنەی سەردێڕی ئەم بابەتە، قوتابی‌یەکانی گەنجی کورد نیشان دەدات کە ڕاستەوخۆ کاریگەریان لەسەر بنبڕکردنی دەستهەڵاتی موحەممەدرەزا پەهلەوی دانا و لە دژایەتیکردنی ناوەند تا ڕۆژی ڕووخانی سیستەمی پاشایەتیی کۆڵیان نەدا.[6]


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت