کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ٣٢

0
1988

سۆران کەرباسیان

لایەنگرانی پەهلەوی دەیانبینی کە پێگەی خۆمەینی پەرەسەندنی بەرچاوی لە نێو وڵات‌دا هەیە و هەر بۆئەوە بە سنوورەکان بزانن، مژارێک لە لایەن بەرپرسێکی باڵای پەهلەوی لە بڵاوکراوەکان‌دا بەچاپگەییشت کە کاردانەوەی توندی شیعە ڕادیکاڵەکانی فارسی لێ کەوتەوە.[1] حاشا لەوە ناکرێ کە دەنگی ناڕەزایەتیی هەموو نەتەوەکانی ئێران دژ بە گەندەڵی و ناعەداڵەتییەکانی پەهلەوی بەرز ببۆوە، بەڵام هەندێک ڕووداو گڕی ئاورەکەیان لە دژی پەهلەوی بەهێزترکرد. کۆمەڵگای بە زۆرینە ئایینی و شیعەپیشەی ئێران تۆلێرانسی ئەوەی نەبوو کە بێڕێزی بە کەسایەتییەکی ئایینیان بکرێت و هەربۆیە بێڕێزیکردن بە خۆمەینی کاردانەوەی توندی لێ کەوتەوە. پێشتر هەڵەی دیکەش بۆ وێنە وەک هێرشبردن بۆسەر مزگەوت ئەنجامدرابوو.[2] لە پەنای ئەمە لەبەرچاو بگرن کە بۆ یەکەمجار وێنەیەک لە زیندان بڵاو بکرێتەوە. سەرنج بەم وێنەیەی ژێرەوە بدەن.[3]

کاتێک کە بۆ یەکەمجار لەسەر پرسی زیندانیانی سیاسی و بەناڕەواگیراو ئەم وێنەیە لەگەڵ سەردێڕی درشتی «زیندانی ئێڤین» بڵاوبۆوە، کۆمەڵگای ئەوکاتی ئێران قەت ئەو پرسیارەی نەکرد کە وێنەکە لە کوێ گیراوە و پێوەندی بە کام زیندان هەیە. من زۆربەی بڵاوکراوەکانی ئەو سەردەمم بینیوە و لە هیچکام لەوان‌دا نەمبینیوە کەسێک ئاماژەی بەوە کردبێت کە ئەم وێنەیە لە زیندانی ئێڤین گیرابێت. باس باسی زیندان و زیندانی بوو و بڵاوکراوەکان وێنەیەکیان لە پەنای تێکستی خۆیان‌دا نابوو. ئیتر ئەم وێنەیە بەبێ لێوردبوونەوە دەست بە دەست دەگێڕدرا و لە دژی سیستەمی مەترسیدار و بەستراوی پەهلەوی‌دا وەک بەڵگەیەک بۆ نیشاندانی جەنایەت لە زیندانەکانی پەهلەوی‌دا بەکاردەهێندرا.

تێبینی: سۆران کەرباسیان بانگەشەی ئەوە ناکات کە ئەم وێنەیە هی زیندانی ئێڤین نییە، بەڵکوو بە ئاماژەکردن بە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی وێنە باس لەوە دەکات کە بڵاوکەرانی ئەم وێنەیە ڕوونیان نەکردبۆوە وێنەکە لە کام زیندانی کام وڵات و لە چ ڕێکەوتێک گیرابوو.

پەهلەوی وەک نیشتمانپەروەرێکی فارس:

پەهلەوی خۆی باش ئاگادار بوو کە شپڕێوبوونی ئێران لەبەر بوونی گەندەڵی و ناعەداڵەتییە و هاوکات دەیزانی کە لە گرمەی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان ئانارشیستەکان و پۆپۆلیستەکانیش ڕۆڵ و کاریگەری نەرێنی خۆیان لەسەر هاڵۆزییەکانی وڵات دانابوو، بەڵام بڕیار و جوڵەکانی ئەو دەرخەری ئەم ڕاستییەن کە پەهلەوی وردبینانە سەرنجی دەخستە سەر ناڕەزایەتییەکان و ئاستی جددیبوونی ناڕەزایەتییەکانی لەیەک جیادەکردەوە. ڕێکەوتی پێنجی نۆڤەمبری ساڵی ١٩٧٨ی زایینیی پەهلەوی لە کاتی قسەکردن لەگەڵ یەک لە بەرپرسانی باڵای دەستهەڵاتەکەی ئاماژەی بە مەترسیداربوونی پارچەپارچەبوونی ئێران کرد و لە قسەکانی‌دا کۆماری کوردستان و ویستی سەربەخۆییخوازی کوردەکانی بەسەر زار دا هێنا.[4]

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان‌دا، لە ورمێ مامۆستایان سەرلەنوێ بە کۆمەڵێک ویستی جیاوازەوە دەنگی خۆیان بەرزکردەوە. لەژێرەوە کورتەیەک لە ڕاگەیەندراوی مامۆستایانی ورمێ دانراوە:

گرنگترین ویستەکانی مامۆستایانی ورمێ:

مامۆستایانی ورمێ هاودەنگی و پشتیوانی خۆیان لە دەنگی مافخوازانەی خەڵک دەردەبڕن و هەتا مسەوگەربوونی ئازادی تەواو درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن و لەم پێناوەدا گیانیان لەسەر بەری دەستیان داناوە.

کۆمەڵەی مامۆستایانی ورمێ ئەم داوایانەی ژێرەوەیان لە حکومەتەکەی پەهلەوی هەبوو:

١ . لەسەرکارلابردنی ئەو مامۆستایانەی کە سەر بە سیستەمی پەهلەوی‌ن.

٢ . شۆڕای ناوچەیی فێرکاری و پەروەردە دەبێ سێ نوێنەری مامۆستایانی ورمێهی تێدابێت.

٣ . ئازادکردنی زیندانی‌‌یە سیاسییەکان.

٤ . دابینکردنی ئاسایشی مەدرەسەکان.

دابینکردنی قەرزی بانکیی بۆ خانوو.[5]

لە شاری کورد سکاڵا لەسەر پارێزگار تۆمارکرا. سەرۆکی ئەنجومەنی شار لە شاری کورد لە ٢٤ خاڵاندا لێپرسینەوەی لە ئەنجومەنی ئەو شارە کرد و هاوکات ڕایگەیاند کە بە شێوەی قانوونی وەشوێن فەرمانداری ئەو شارەش دەکەون بۆئەوەی دەستبەسەرکرێت. ئەو هەڵوێستە لە پاش ناڕەزایەتیی کارگێڕان و کارمەندەکانی شارەداری ئەو شارە گیرا کە بەردەرکەی ماڵەکەی سەرۆکی ئەنجومەنیان گرت و ناڕەزایەتی خۆیان لەوێ لە گەندەڵییەکان دەربڕی. سەرۆکی ئەنجومەنی شار کە خۆی لە گەندەڵییەکان و هۆکاری ناڕەزایەتییەکان نەدەکرد بە خاوەن، لە کاتی ناڕەزایەتی‌دا لەبەردەم ماڵەکەیدا گوتی:

«من هەتا دوا دڵۆپی خوێنم واز لە گەڕان بە شوێن پارێزگار و فەرمانداری شار ناهێنم و ڕێگەی قانوونی بەرنادەم. شارەداری ئەم شارەش هەر لە لایەن پارێزگارەوە سەپێندرا. ئێستاش پێنج شەو و ڕۆژ بۆ وەڵاموەرگرتن مۆڵەتم داوە و دەبێ بە نووسین وەڵامم بدەنەوە.»[6]

لە ئیلام‌یش خوێندەکار و قوتابییەکانی ئەو شارە سەرلەنوێ چوونەوە سەر شەقامەکان و ڕێپێوانی خۆیان بەڕێوەبرد. هونەرمەندەکانی ئیلام بۆ یەکەمجار دەنگی پشتیوانی خۆیان لە مامۆستایان و قوتابییەکانی ئیلام دەربڕی و لە ڕێپێوانەکەدا بەشداربوون.[7]

لە قەسری شیرن وتووێژ لە نێوان مانگرتوان و بەرپرسانی ئێرانی بێ‌ئەنجام ماوە. جێگری سەرۆکی گشتی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردەی کرماشان لەگەڵ سێ هەزار قوتابی مانگرتووی قەسری شیرن بە هیچ ئەنجامێک نەگەییشت. ئەو پاش هەشت کاتژمێر وتووێژ بە دەستی بەتاڵەوە بەرەو کرماشان گەڕاوە. لە ویستەکانی قوتابییەکان کە لە حەوشە و بەردەم ئیدارەی فێرکاری و پەروەردەی شارەکەیان کۆببوونەوە ئەم چەند دانەیان جێگەی سەرنجن:

١ . بیمەکردنی قوتابییەکان (تێبینی: نەبوونی ئاسایش لە مەدرەسە و فێرگەکاندا هۆکاری سەرەکیی ئەم داوایە بوو کە لە لایەن چەکدارانی ئێرانی‌یەوە زەوتکرابوو).

٢. دامەزراندنی کانوونی قوتابیان (تێبینی: هۆکاری سەرەکی ئەم داوایە ئەوە بوو کە بتوانن زۆرتر بە مافەکانی خۆیان ئاشنا بن و لە بەرانبەر بەرپرسانی حکومەتی و چەواشەکارییەکانیان وریایانە هەنگاو هەڵهێنن.)

٣ . خۆتێهەڵقوتانی چەکدارانی ئێرانی لە کاروباری فێرکاری و پەروەردە (تێبینی: لەبەرچاو بگرن کە چەکدارانی ئێرانی چەندە سەرەڕۆ بوون کە بە خۆتێهەڵقوتانیان لە پرسەکانی قوتابیان، ناچاریان کردبوون هەڵوێست بگرن.) هاوکات داوایانکردبوو کە هەندێک لەوان بکێشرێنە دادگا و لەسەر سەرەڕۆییەکانیان لێپرسینەوەیان لێ بکرێت.[8]

لە قەسری شیرن هەڵوێستێکی گرنگی دیکە لە لایەن ئەنجومەنی شار گیرا و خوازیار بوون نوێنەرەکەیان لە پارڵەمانی ئێران لەسەرکار لاببردرێت.غۆڵامرەزا ئەعزەمی کە سێ ساڵ بوو لە پارڵەمانەکەی پەهلەوی‌دا نوێنەرایەتی ئەو شارە و سەرپێڵی زەهاو، گەیلانی غەرب، خوسرەوی و نەوت‌شا و سۆماری دەکرد، هیچ هەنگاوێکی بۆ خەڵکی ئەو شارۆچکانە هەڵنەهێنابۆوە و هەربۆیە هەڕەشە کرا کە گەر ئەعزەمی دەست لە پۆستەکەی نەکێشێتەوە، مانگرتنی بەرین بەڕێوەدەچوو.[9]

لە مەهابادیش ڕێپێوانێکی سێهەزار کەسی بەڕێوەچوو.
قوتابییەکانی ئەو شارە لە ڕێپێوانێک‌دا شەقامە درێژەکانی ئەو شارەیان بەسەرکردەوە و بە دژی حکومەتی پەهلەوی دروشمیان دەدا. جەماوەر و چینی جۆراوجۆر لە دواییدا پشتیوانی خۆیان لەم ڕێپێوانە دەربڕی و چەند کەسێکیش بە نوێنەرایەتیی ڕێپێوانکەران لە کاتێکدا قسەیان بۆ خەڵک کرد کە لە بەردەم مزگەوتی هەباس‌ئاغای ئەو شارە کۆبوونەوە.[10] غەنی بلووریان کە یەک لە یادگارەکانی کۆماری کوردستان بوو و ساڵانێکی زۆر لە زیندان‌دا دەستبەسەرکرابوو، لەم ڕێپێوانەدا یادی کراوە و جەماوەر خوازیاری ئازادکردنی ئەو سیاسەتوانە کوردە بوون کە لە خۆشەویستیان بە مامە‌غەنی ناویان دەهێنا.

پێشتر باس لەوە کرا کە خومەینی حەزینەدەکرد لەگەڵ نوێنەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەنیا دابنیشێت، کەچی لێژنەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان توانیان لە پاریس چاویان بە خۆمەینی بکەوێت، بەڵام نەوشیروان مستەفا هیچ ڕوونینەکردووەتەوە کە هۆکار و ئەنجامی دانیشتنەکەیان لەگەڵ خومەینی چ بوو.[11]

وەک لە وێنەی سەرەتای ئەم بابەتەدا دەبینن، خەباتی خوێندەکارانی زانکۆش لە سەرتاسەری ئێران بەردەوام بوو و لە ئەنجامی خەباتی کۆڵنەدەرانەیان، پەهلەوی لە ناوەڕاستی دوایین پاییزی دەستهەڵاتدارییەکەیدا ئازادییە سیاسییەکانی خوێندەکارانی قبووڵکرد.[12]


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت