کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ٢٩

0
922

سۆران کەرباسیان

زەختی کوردەکان لە کرماشان زۆرتر بوو و کاربەدەستانی پەهلەوی لە سەرووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌ەوە هەتا خوارووی ئیلام لە هەڵات‌هەڵات‌دا بوون بۆئەوەی کوردەکانی دژ بە دەستهەڵات، هێمن بکەنەوە.

لە کرماشان چوارسەد کەس لە کارمەندەکانی ئیدارەی گشتیی ڕێگا و بانی پارێزگا دەستیان لە کارکردن کشاندەوە. ئەوان ڕایانگەیاند کە هیچ داواکارییەکیان بۆ باشتربوونی دۆخی ژیانیان نییە، بەڵام بۆ ئەوان یەکجار گرنگە کە سەرۆکایەتی ئیدارەکەیان بگۆڕدرێت. بە پێی ئەو ڕاپۆڕتەی کە لە لایەن ڕاگەیاندنی سەر بە موحەممەد ڕەزا پەهلەوی بەچاپگەییشتبوو، هۆکاری سەرەکی ئەو دژایەتییە بۆ گەندەڵبوونی بەڕێوەبەری گشتیی و سیاسەتی جیاوازیدانانی ئەو دەگەڕاوە.[1]

لە کرماشان، مانگرتنی کارمەندەکانی ئیدارەی گشتیی هاوکاری و کاروباری گوندەکان لەگەڵ دامپزشکی پارێزگا درێژەی هەبوو و کارمەندەکانی ئەو دوو ڕێکخراوە حکومەتییە ڕۆژانە لە شوێنی کاری خۆیان ئامادەدەبوون و لەسەر عەرزی دادەنیشتن. دەرمانفرۆشەکانی ئەو پارێزگایەش کەوتبوونە ژێر کاریگەری ئەو مانگرتنانە و هەربۆیە زەخت بۆسەر حکومەت و دەوڵەت زۆرتر بوو.[2]

پەهلەوی پڕۆژەیەکی درێژخایەنی چاکسازی و ئاوەدانکردنەوەی بەڕێوەبردبوو، بەڵام وەک پێشتریش نموونە خستراوە بەردەست، ئەو ڕێفۆڕمەی پەهلەوی زۆرتر فۆڕمێکی پڕۆپاگەندەیی هەبوو و بە شێوەیەکی دروست بەڕێوەنەچوو. ئەمە تەنانەت پێتەختی دەستهەڵاتەکەی پەهلەوی‌شی دەگرتەوە. بۆ وێنە پاش ئەو هەمووە پڕۆپاگەندەیەی کە بە ناوی ڕێفۆڕم و شۆڕشی شا و جەماوەر کرا و پاش ئەوە بودجەیەکی زۆر بۆ بەڕێوەبەریی ئەو ڕێفۆڕمە تەرخان کرا، هێشتا زبڵەکانی تاران لە شوێنی حاوانەوە و ژیانی خەڵک‌دا دەسووتێندرا و ئەمەش هۆکارەکەی بۆ گەندەڵیی کارگێڕانی پەهلەوی دەگەڕاوە. سووتانی زبڵ و زاڵ لە گەڕەکەکانی تاران‌دا چەندین کیلۆمەتر بۆشایی دەوروبەری بە خۆیەوە پیسدەکرد و دووکەڵی زۆر و هەوای ناسالم تەندروستی خەڵکی پێتەختنشینی لەژێر مەترسی‌دا نابوو.[3]

زەختەکان لە سەرتاسەری وڵات وەک ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆسەر دەستهەڵاتەکەی پەهلەوی لە پەرەسەندن‌دا بوو و هەربۆیە پەهلەوی وەک پێشوو ئاڵتێڕناتیڤی پاشەکشەی خشکەیی و وردەوردەی پێ لە ئاڵتێرناتیوە ڕادیکاڵەکان باشتر بوو و لەو لاشەوە بە بەردەوامیی سەری کیسەکەی شڵ کردبۆوە و پەیتاپەیتا داهاتی ساڵانەی کارمەندەکان، مامۆستایان و کرێکارانی زیاد دەکرد. لە درێژەی ئەم سیاسەتەدا ئەم مزگێنی‌یانەی ژێرەوە بە جەماوەر درا:

١١٦٠ زیندانی سیاسیی ئازاد دەکرێن.

ئەو پلە و پایەگەلەی کە پێشتر لە هەندێک کارمەند بە شێوەی قانوونی سەندرابوونەوە، بۆیان دەگەڕاندراوە.

پڕۆژەی تایبەت بۆ ئازادکردنی گشت زیندانییە سیاسییەکان.[4]،[5]

بەهۆی ئەوە کە چەکدارانی ئێرانی بە شێوەیەکی ژیارانە لە بەرانبەر ڕێپێوانی خەڵکی سیڤیل هەڵس‌وکەوتیان نەکردبوو و بۆ پاشەکشەکردن بە خەڵکی ناڕازی لە پەهلەوی دەستیان بۆ چەک بردبوو و خەڵکێکی زۆریان کوشتبوو، هەربۆیە لێکۆڵینەوەیەک لە لایەن «دادگای ڕاسێڵ»ەوە لەمبارەوە ئەنجام درا. لێژنەیەک لە ئەندام‌پارڵەمانانی ئیتالیا و ئینگلیس لە لایەن دادگای ڕاسێڵ و کۆمیتەی خەڵکی ئەمەریکا هەڵبژێردرا و بەرەو تاران بەڕێکران. ئەو لێژنەیە دەبوا لەسەر ڕێژە و چۆنییەتی کوشتنی خەڵک و هەروەها ڕێژە و دۆخی زیندانییە سیاسییەکان ڕاپۆڕتێک ئامادە بکات.[6] هەر لەم بارەوە ڕادیۆ لەندەن‌یش ڕاپۆڕتێکی تایبەتیی ئامادە و بڵاوکردەوە کە دەنگدانەوەی لە ڕۆژنامەی ڕەستاخیزی سەر بە پەهلەوی‌دا هەبوو.[7]

پاشەکشەیەکی دەگمەن:

لە کاتێک‌دا کە پەهلەوی بڕیارێ‌دا ١١٦٠ زیندانی سیاسیی دیکە ئازاد بکرێن، موحەممەد باهێری وەک وەزیری داد لە لێدوانێک‌دا ئاماژەی بە خاڵێک کرد کە پێشتر لە زەمانی دەستهەڵاتداریی پەهلەوی باوک و کوڕ دا ڕووینەدابوو. وەزیری داد لە قسەکانی‌دا ئاماژەی بە هەڵەبوونی دەستبەسەرکردنی ئەو زیندانی‌یانە کردبوو و ڕایگەیاند کە ئەو هەڵەیە بۆ هەموو زیندانییەکان قەرەبوو دەکرێتەوە.[8]

لە ژێرەوە وێنەیەک لە ڕێپێوانی کوردانی ئەردەڵان دەبینن کە بە پیر و جحێڵ و مناڵەوە ڕمبەیان لە عەرزی سنە دەهێنا و هاواری پەهلەوینەویستی خۆیان لە شەقامەکانی ئەو شارە کێشا.[9] لە مژارەکانی دادێ‌دا زۆرتر باس لەو ڕێپێوان و هەڵوێستانەی کوردان دەکرێت کە دەستهەڵاتی دژەکوردی پەهلەوی لە بەرانبەری‌دا وەلەرزەکەوت.


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت