کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ٢٨

0
1986

سۆران کەرباسیان

وێنەیەک کە لە ژێرەوە داندراوە، لە تاران هەڵگیراوە. کوردەکانی دانیشتووی تاران زۆر پەرۆشی دۆخی کوردستان بوون و هەربۆیە بە مەبەستی هاندانی ئێرانییەکان بۆ پاڵپشتیی لە کوردستان و کورد، دروشمی جۆراوجۆریان لەسەر دیوارەکان دەنووسی.

بۆ پێداگریی لەسەر سپاردنی سەروەریی بە دەستووری بنەڕەتی و کشانەوە لە سەرەڕۆیی شەخسی و بنەماڵەیی لە دەستهەڵات، موحەممەدرەزا پەهلەوی بەرانبەر بە نەتەوەکانی ئێران قسەیکرد و دەقی قسەکانی بە وردیی لە ڕۆژنامەکان‌دا بڵاوبۆوە.[1] خاڵە گرنگەکانی گوتاری پەهلەوی بریتیبوون لە:

  • ئاماژەکردن بە هۆکارەکانی شکستەکانی ڕابوردوو
  • دەربازکردنی وڵات لە مەترسی
  • ئەرکەکانی پاشا
  • درێژەداربوونی مێژووی سێ‌هەزارساڵە
  • هەڵبژاردنی ئازاد
  • ئاسایشی وڵات

لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان -لە شاری سەڵماس- مامۆستایان مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. ئەوان ویستەکانی خۆیان لە ٢٥ خاڵ‌دا گەڵاڵە کردبوو کە گرنگترینیان بریتیبوون لە:

  • ئازادکردنی موحەممەد درەخشێش و هەموو ئەو خوێندکارانەی کە زیندانی کرابوون.
  • بودجەی تایبەت و دیاریکراو بۆ پۆشتەکردنی مەدرەسەکان دابین بکرێت.
  • بودجەی ئاوەدانکردنەوەی نەتەوەیی بۆ کێشانی ڕێگا و بانی گوندەکان دابین بکرێت.
  • هەڵبژاردنی سەرۆکی ناوەندە فێرکارییەکان بە پێی چوارچێوەیەک بێت کە داڕێژڕابوو.[2]

لە نەغەدە کۆبوونەوەی بەرینی مامۆستایانی ئەو شارە لە خانووی مامۆستایان پێکهات. مامۆستایان ڕەخنەی خۆیان لەسەر وەپشتگوێخستنی ویستەکانیان دەربڕی و بە گوێی حکومەتیان گەیاند. حەوتوویەک بوو کە مەدرەسەکانی ئەو شارە داخرابوون و هێشتا لە لایەن حکومەتەوە هیچ هەنگاوێکی جددی بۆ کرانەوەی مەدرەسەکان و بەجێگەیاندنی ویستی مامۆستایانی ئەو شارە هەڵنەهێندرابۆوە.[3] لە ئیلام بەبێ ئەوە کە گەورەکان، مامۆستایان و ئێلیتی کورد هاندەری لاوان بن، ڕێپێوانێک لە لایەن قوتابیان لاوی ئەو شارە بەڕێوەچوو. لاوانی کورد لە دژی حکومەت هەڵوێستیان گرت و لە شەقامی خەیام و گۆڕەپانی شاهرەزا دروشمیان دەدا و لە کۆتاییشدا بەبێ ئەوە کە تێکهەڵچوونێک لە نێوان ئەوان و چەکدارانی ئێرانی پێکبێت، بڵاوەیان کرد.[4]

لە کاتێکدا کە دەنگۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی ڕەش لە بازاڕەکانی جیهانی‌دا بڵاوببۆوە، پەهلەوی پاشگەزبوونی خۆی لە کڕینی حەفتا فڕۆکەی «ئێف-١٤» ڕاگەیاند. بە پێی سەرچاوە ئەمریکییەکان، هۆکاری پاشگەزبوونی پەهلەوی لەم کڕینە یەک و نیو ملیارد دۆڵاڕییە، کێشەکانی نێوخۆی وڵات بوو.[5]

بە دوای ئازادبوونی مامۆستای نیشتمانپەروەر و ئایینی کورد -حاجی شێخ موحەممەدی مروارید- ڕۆڵی مزگەوتەکانی کوردستان لە بزوتنەوەی بنبڕکردنی دەستهەڵاتی پەهلەوی زەقتر بوو و مامۆستایانی ناسراوی کوردستان زۆرتر ڕوخساری ئۆپۆزۆسیۆنبوونی خۆیان دەرخست. لە ناوەندی ئەردەڵان، مامۆستایانی ئایینی ئەو شارە خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئازادبوونی مامۆستا مروارید لە نوێژی هەینی دەربڕی و لەبەر زۆربوونی جەماوەر، بەشێکی بەرچاو ناچاربوون لە حەوشە و سەربانی مزگەوت بۆ دانیشتن و نوێژگرتن کەڵکوەرگرن. (بڕواننە وێنەی ژێرەوە کە بەشێک لە جەماوەری دەرەوەی مزگەوت نیشان دەدات)[6]

بە پێی ڕۆژنامەی ڕەستاخیز، لە ورمێ کەمکاری لە ئیدارەکان‌دا بە تەواویی دیاربوو و مانگرتنەکانیش بە تەواویی حکومەتی لەژێر زەخت دانابوو. لە کاتێک‌دا کە بەرپرسانی حکومەت خەریکی شرۆڤەکردن و هەڵسەنگاندنی مەرجەکانی شکاندنی مانگرتنە ڕاگەیەندراوەکان بوون، کۆمەڵێک کارمەندی دیکە مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. کارمەندەکانی ناوەندی دەروونناسی ورمێ چوونە ڕیزی مانگرتوانی ئەو شارە و ویستەکانی خۆیان بڵاوکردەوە. باقی مانگرتنەکان درێژەیان هەبوو کە گرنگترینیان بریتیبوون لە مانگرتنی کارمەندەکانی ئیدارەی گشتیی کاروباری ئابووری و بازەرگانی، ڕێکخراوی هاوکاری گوندەکان، شۆفیرەکانی شارەداری، کارمەندەکانی ئیدارەی تۆمار، کارمەندەکانی ئیدارەی پۆست، کارگێڕانی دامپزشکی، شۆفیرەکانی کۆمپانیای سەرتاسەری ئۆتووبووسی ئێران لەگەڵ بەرپرسان و کارگێڕانی ئیدارەی ئاورکوژێنەوە.[7]

لە ئیلام‌یش بە پێی هەواڵنێری پارس، کارمەندەکانی ڕێگا و بانی ئەو پارێزگایە دەستیان لە کارکردن کشاندبۆوە و ڕایانگەیاندبوو کە تا بەجێگەیاندنی ویستەکانیان لەسەر کارەکانیان ئامادە نابن. ئەم مانگرتنە کێشەکانی حکومەتی لە ناوچەدا زۆرتر کرد و هەربۆیە کۆبوونەوەیەک لەم بارەوە لە لایەن جێگری سەرۆکی پارێزگاری ئیلام پێکهێندرا بۆئەوەی لە کێشەکان وردببنەوە.[8]


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت