کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ٢٦

0
642

سۆران کەرباسیان

لە کاتێکدا کە پەهلەوی لە پاشەکشەی نەبڕاوانەدا بوو و لە هەموو شوێنێکی وڵاتەوە کەوتبوو ژێر هێرشی چین و توێژی جۆراوجۆر، سەرلەنوێ ١٩٦ زیندانی سیاسیی ئازادکران و لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر ئەوە بوو کە بە فەرمیی ڕایگەیەندرا کە:

«زیندانییە سیاسییەکان هیچ تاوانێکیان ئەنجامنەدابوو.»[1]

لەو کاتەدا کە پەهلەوی خەریکبوو سەرنجی چینە جۆراوجۆرەکان ڕابکێشێت و بەردەوام بۆ چەندین جاران لەسەریەک داهاتی کارمەندان و مامۆستایانی زیادکرد، لە کوردستان گڕ و تینی کوردەکان دژ بە حکومەت و دەستهەڵاتی پەهلەوی لە پەرەسەندنێکی بەرچاودا بوو. لە ئیلام، وێڕای چەندین زەختی جۆراوجۆر و مانگرتن کە کوردەکان بەڕێوەیاندەبرد، کارمەندەکانی نەخۆشخانەش مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند و دەستیان لە کار کشاندەوە. ئەوان دە ڕۆژ بەر لەوە کە مانگرتنی خۆیان ڕاگەیەنن، ویستەکانی خۆیان لە شەش خاڵان‌دا بە بەرپرسانی حکومەت گەیاندبوو و لەبەر ئەوە کە داواکارییەکانیان بە هێند وەرنەگیرابوو، دەستیان لە کار کشاندەوە.[2]

لە ورمێ کۆمەڵی مامۆستایانی ئەو شارە لەگەڵ سەرۆکی گشتیی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە کۆبوونەوە و خوازیاربوون هەردووک جێگرەکانی خۆی لەسەرکار لابەرێت. سەرۆکی گشتیی هەر لەوێ ملکەچی داواکاری مامۆستایان بوو و دوو کەسی دیکەی بە ناوەکانی «حوسێن تەریقی» و «ئەندازیار خێریە»ی لە جیاتیان هەڵبژارد کە پەسەندی مامۆستایانی ئەو شارە بوون.[3] بە پێی ڕاپۆڕتێک کە ڕۆژنامەوانی تاران بۆ ڕۆژنامەی ئێتێلاعاتی ئامادەکردبوو، مامۆستایانی مانگرتووی ورمێ مۆڵەتێکی دە ڕۆژەیان بە حکومەت دەدا هەتا بە داواکارییەکانیان ڕابگات. بۆئەوەی کە قوتابییەکان زەرەریان لێ نەکەوێت، ئامادەبوون مانگرتنەکەیان بە دانانی مەرج بۆ حکومەت بشکێنن و دە ڕۆژیان مۆڵەت بە حکومەت بدەن تا ویستەکانیان بەجێگەیەنێت. ئەو پەیامە لە لایەن پازدە کەس لە مامۆستایان بە نوێنەرایەتیی پازدەهەزار مامۆستای ئەو شارە بە بەرپرسانی حکومەت ڕاگەیەندرا.[4]

لە شاری کورد بەشێکی بەرچاو لە مامۆستایان بە نوێنەرایەتیی مامۆستاکانی شار ڕێپێوانێکی هێمنیان بەڕێوەبرد. ئەوان ویستەکانی خۆیان لە بیست خاڵان‌دا گەڵاڵە کردبوو و ڕادەستی بەرپرسانی حکومەتی پەهلەوی‌یان کرد. هاوکات ڕایانگەیاند کە بۆ جێبەجێکردنی ویستەکانیان حەوتوویەک مۆڵەت بە حکومەت دەدەن. ڕێژەی ئەو مامۆستایانە نزیکەی ٥٠٠ کەس دەبوو و لە شەقامی مەولەوی ڕا بەرەو ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە ڕۆییشتن و لەوێش سەرلەنوێ ویستەکانی خۆیان بۆ بەرپرسان خوێندەوە.[5]

حکومەت لەو ماوەیەدا توانیبووی هەموو ویستەکانی مامۆستایانی مانگرتووی قەسری شیرن، سەرپێڵی زەهاو، مەرزی خوسرەوی، نەوت‌شا و گەیلانی ڕۆژئاوا بەجێگەیەنێت، هەربۆیە ئەوانیش مانگرتنەکەی خۆیان شکاند و ڕایانگەیاند کە دەچنەوە سەر کارەکانیان.[6] لە ئیلام کە هێشتا زۆر لە داواکارییەکانی مامۆستایان جێبەجێنەکرابوو، قوتابییەکانی ئەو شارە لە پاڵپشتیی مامۆستاکانیان ڕێپێوانێکی بەرینیان بەڕێوەبرد. قوتابییەکانی دەبیرستانی تەربیەت، پەروین و مەدرەسەی کوروش لەو ڕێپێوانەدا بەشداربوون.[7]

لە کرماشان کۆمیسیۆنێک بۆ بەرەنگاربوونەوە لە بەرانبەر گەندەڵیی پێکهات. ئەندامانی ئەو کۆمیسیۆنەش لە کۆمەڵێک مافناس و دادوەر پێکهاتبوو  و بەڵێنی درا کە بە هەموو پرسە پێوەندیدارەکان ڕابگەن. جگە لەو کۆمیسیۆنە کۆمیسیۆنێکی دیکەش بە ناوی «پێڕاگەییشتن بە کاروباری شار» دامەزرا.[8]

شەریف ئیمامی کە خەڵکی بۆ ئاشتی نەتەوەیی بانگهێشت دەکرد، چاوەڕێ بوو کە هەموو قین و تووڕەییەک کە بەرانبەر پەهلەوی لە دڵ و مێشکی کوردەکان‌دا بە قسە بشواتەوە.[9] شەریف ئیمامی لە بانگهێشتی خۆیدا بیری لەوە نەکردبۆوە کە پەهلەوی لای کوردەکان وەک داگیرکەری نیشتمانەکەیان سەیر دەکرێت، نەک وەک پاشای وڵات. تەنانەت خودی شەریف ئیمامی کە هەندێک تۆلێرانسی زۆرتری لە خۆی نیشان دا و لە زەمانی ئەودا زۆر حیزب ئیجازەی چالاکیان پێدرا، نەیتوانی ئەو ئازادییە بە شێوەیەکی مرۆڤی و یەکسان بە کوردەکان ببەخشێت بۆئەوەی حیزبی خۆشەویستی کوردەکان وەک حیزبێکی قانوونی دە نێو خەڵکی خۆیدا چالاک بێت. لەو کاتدا تەنیا حیزبێک کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی (ئێران) بوو کە چیتر حیزبێکی تەجزیە تەڵەب و جیاییخواز نەمابوو و دروشمی دێمۆکڕاسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان‌ی هەڵبژاردبوو.[10] بانگهێشتی شەریف ئیمامی لە کوردستان هیچ پێشوازییەکی لێ نەکرا و کوردەکان بە ڕێپێوانکردن، مانگرتن و دروشمە ڕادیکاڵەکانیان سەلماندیان کە پەهلەوی دەبوا لە ئێران بڕوا و وەک باوکی باقی ژیانی لە هەندەران بەسەربەرێت.

موحەممەدرەزا پەهلەوی لای وابوو کە خەڵک کێشەیان تەنیا لەگەڵ خۆی هەیە، هەربۆیە لە دیمانەیەکدا لەگەڵ «ئێدوارد سابیلە»ی فەڕەنسی بۆ یەکەمجار بە فەرمیی ڕایگەیاند کە کوڕە گەورەکەی وردەوردە وەنێو دونیای سیاسەتی ئێران دەکەوێت و دەستهەڵات بە دەستەوە بگرێت.[11] ئەو کوڕەی پەهلەوی دەرسخوێندنی لە ئەمەریکا تەواوکردبوو، بەڵام بنبڕکردنی دەستهەڵاتی بنەماڵەیی پەهلەوی ڕێگەی نەدا کە ئەو کوڕەش وەک باوک و باپیری لەسەر کەرامەتی نەتەوەکانی نێو ئێرانی مانۆڕ لێبدات.

بە پێی ڕاپۆڕتێک کە ڕۆژنامەوانی ڕۆژنامەی ڕەستاخیز ئامادەیکردبوو، کارمەندەکانی ڕێکخراوی بێهداری و بێهزیستی کرماشان کۆبوونەوەیەکی گەورەیان پێکهێنا. ڕێژەی کارمەندەکان نزیکەی هەزاروپێنجسەد کەس دەبوو و ویستەکانی خۆیان لە بیست خاڵ‌دا گەڵاڵەکردبوو.[12] لە کرماشان سێ ڕۆژ لە مانگرتنی کارمەندەکانی دەرمانگە و ئیدارەی دامپزشکی پارێزگا تێپەڕیبوو. ئەوان پاش سێ ڕۆژان ویست و مەرجەکانی خۆیان بۆ شکاندنی مانگرتنەکەیان ڕاگەیاند کە لە ١٧ خاڵان‌دا گەڵاڵەکرابوون.[13]

لە هەرسین‌یش مامۆستایان لەگەڵ قوتابییەکان و جەماوەری ئەو شارە ڕێپێوانیان لە دژی حکومەت ئەنجامدا. ڕێپێوان و ةارەزایەتیی ئەوان لەبەر شێوەی هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی شارەداری ئەو شارە بوو. ئەوان هەروەها خوازیار بوون کە ئەنجومەنی شار بە تەواویی هەڵوەشێندرێت و چیتر ئەو بایەخ و شەڕعیەتە بە ئەوان نەدرێت کە دەست لە کاروباری شار وەردەن. بەخشداری هەرسین بەڵێنی بە ڕێپێوانکەران دا کە هاوکاری پێویست ئەنجام بدات و داوای لە جەماوەر کرد بڵاوەی بکەن.[14]


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت