کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ٢٤

0
652

سۆران کەرباسیان

لە ڕێپێوانی ١٦ی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٧٨ی زایینیی نزیکەی دە هەزار کەس لە ئیلام ڕێپێوانیان ئەنجامدا. لەو ڕێپێوانە‌دا کەسایەتی ئایینیی ئەو شارە بە ناوی مامۆستا حەیدەری لە پێشەوەی جەماوەر بەشداربوو. لە ئیلام قوتابخانەکان داخرابوون و ڕێپێوان بە شێوەیەکی ئارام و بەبێ تێکهەڵچوون لەگەڵ چەکدارە ئێرانییەکان بەڕێوەچوو. زۆربوونی جەماوەری بەشدار لەو ڕێپێوانە بە ڕادەیەک بوو کە هەموو شەقامەکانی فێردۆسی، خەیام، عەبدوڵڵاهی و چەند شەقامێکی دیکە و بولواری قەرەباڵغکرد.[1]

لە پارلەمانی ئێران دوو نوێنەری سنە بە ناوەکانی فەرۆخ لەقا بابان و مێهدی شێخۆلئیسلامی لێپرسینەوەیان لە دەوڵەت کرد و خوازیاری لێوردبوونەوە و ڕوونکردنەوە سەبارەت بە کوشت و بڕی خەڵکی سیڤیلی سنە لە کاتی ڕێپێوان بوون.[2]

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مامۆستایان بە گشتیی کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ڕووخانی پەهلەوی دانا. زنجیرە مانگرتن و ڕێپێوانە نەبڕاوەکانیان کاریگەری لەسەر هەموو کۆمەڵگای کوردستان دانابوو و دایک و باوکی قوتابییەکانیش پاڵپشتییان لێ دەکردن. گەر لە دەڤەرێکیش ئەو پشتیوانییە نەکرابا،خەباتی مامۆستایان بەردەوام بوو و قوتابییەکان بەبێ مامۆستا لەسەر کلاسەکان کاتیان بەسەردەبرد.

زۆرجار لە ڕاگەیاندنەکانی سەر بە کوڕەکەی موحەممەد رەزا پەهلەوی پڕۆپاگەندەی سەیر و ناڕاست لەمەڕ دێمۆکڕاتبوونی سیستەمی پەهلەوی بڵاوکراوەتەوە و بە تایبەتیی لە دە ساڵی ڕابوردوودا بەهۆی ئەوە کە کەس و لایەنێک بە شێوەی دۆکیومێنتاری بەرەنگاری ئەوجۆرە چەواشەکارییانە نەبووەتەوە، ئەوان لەسەر بەژیارناساندنی دەستهەڵاتەکەی پەهلەوی بەردەوامن. لێرە ڕا بە دواوە هەوڵ دەدرێت وێڕای لێوردبوونەوەی کڕۆنیکلی کورد و شۆڕشی ١٩٧٩، ئاوڕ لە ئەو بەشانە بدرێتەوە کە نادێمۆکڕاتبوونی سیستەمی پەهلەوی لە زمانی خۆیانەوە دەسەلمێنێت. واتە لێرە بەبێ ئەوە کە بایەخ بە ڕاپۆڕتەکانی وڵاتان و ڕێکخراوە بیانی‌یەکان و نووسەران و چالاکانی دژی سیستەمی پەهلەوی بدرێت، تەنیا لە ڕێگەی سەرچاوەی فەرمیی خودی دەستهەڵاتەکەی پەهلەوی باس لە شێوەی دەستهەڵاتداری پەهلەوی دەکرێت. بڕواننە ئەم وێنەی ژێرەوە:

لێوردبوونەوە لەم هەڵوێستە فەرمییەی حکومەتەکەی پەهلەوی گرنگە و تێگەییشتن لە مێژووی دەستهەڵاتداری ئەو بەبێ ئەم لێوردبوونانە سەرناگرێت. ئەم وێنەیە لە ڕۆژنامەی ڕەستاخیز هەڵگیراوە کە بڵاوکەرەوەی هەموو ڕووداوەکانی ئێران لە ڕوانگە و پێرسپێکتیڤی پەهلەوی بوو.[3]

بە پێی ئەم سەرچاوە فەرمییەی دەستهەڵاتی پەهلەوی، هەتا مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٧٨ی زایینیی، دەستهەڵاتی پەهلەوی بە شێوەیەکی عەشیرەتیی و بە شێوەیەکی غەیری قانوونی بەڕێوەچووبوو. لەبەرچاو بگرن کە ئەندامانی بنەماڵەی پەهلەوی ٣٧ ساڵان دەستیان لە هەموو کار و باری دەستهەڵاتداری‌دا هەبوو و لە سەرووی قانوون، ڕێکخراو و ئۆرگانە فەرمییەکانی حکومەت و دەوڵەتە جۆراوجۆرەکان و پارلەمان هەڵس‌وکەوتیان دەکرد. ٣٧ ساڵ ئەم بنەماڵەیە پێشێلکەری قانوون و کەرامەتی نەتەوەیی و مرۆڤی هەر تاکێکی ژێر دەستهەڵاتی ئێران بوون و چەند مانگ بەر لەوە کە پێگەیان بۆ هەتاهەتا بنبڕکرێت، وەک دوایین پەلەقاژەی مانەوەیان «ئایین‌نامەی هەڵس‌وکەوتی ئەندامانی بنەماڵەی پاشایەتی»یان گەڵاڵەکرد! ئەم «بەیان‌نامە»یە واتە هەتا ئۆکتۆبری ١٩٧٨ی زایینیی ئەم بنەماڵەیە هیچ ڕێزێکیان تەنانەت بۆ قانوونەکانی خۆیان و سیستەمێک نەبوو کە خۆیان بەڕێوەیان دەبرد و ئەوپەڕی بێسنووریی دەستهەڵاتی ئەندامانی بنەماڵەی پەهلەوی لە ماوەی ٣٧ ساڵان‌دا دەسەلمێنێت.

لەبەرچاو بگرن کاتێک کە ڕاگەیاندنی مۆنارکیستەکان ئاوڕ لە مێژووی پەهلەوی دەدەنەوە، جۆرێک باس لەو سەردەم دەکەن کە گوایە پەهلەوی باوک و کوڕ ناسنامە و کەرامەتیان دا بە خەڵک و گەر ئەوان نەبوان ئێران لە پێشکەوتن بێبەر دەبوو. سەرنجی ئەم وێنەیە ژێرەوە بدەن.

ئەم وێنەیە هی گوندێکی ٧٠ ساڵ پێشی سیستان یان کوردستان نییە. ئەم وێنەیە لە ساڵی ١٩٧٨ی زایینیی لە گەڕەکی ئەفسەریەی تاران کێشراوە.[4] ئەنجامی ئەو هەموو دروشم و «شۆڕشی شا و خەڵک»ی پەهلەوی لە نموونەی ئاوادا دەتوانین ببینین. شا لە پەرتووکێکی خۆی‌دا بە ناوی «به سوی تمدن بزرگ» کە دوو ساڵ بەر لە ڕاکردن لە دەستهەڵات بڵاویکردەوە، باس لە پێنج قۆناخی ئاوەکانکردنەوە دەکات، بەڵام پاش بەڕێوەبردنی پێنج بەرنامەی ئاوەدانکردنەوە و لە ماوەی ٢٩ ساڵان‌دا ئەمە ئەنجامی بەرنامەکانییەتی کە لە پێتەختەکەیدا مناڵانی پێتەخت ئاویان بەم شێوەیە دەبردەوە ماڵ کە لە وێنەدا دەیبینن.[5] سیاسەتی تەندروستی و سیاسەتی ئاوەدانکردنەوەی پەهلەوی لە ڕێگەی ئەم وێنەیەی پێتەخت‌ەوە باشتر فام دەکرێت، بە مەرجێک کە لەبەرچاو بگیردرێت کە ئەمە دۆخی خەڵکی پێتەختنشینی فارسی شیعەی دوازدە ئیمامی بوو، ئیتر لەبەرچاوگرتنی ئەم فاکتەرانەش یارمەتیدەرن بۆئەوەی بزانین دۆخی ئاوەدانکردنەوەی شار و گوندەکانی کوردستان چۆن بوو. بە پێی ئەو سەرچاوەی حکومەتییە تانکێڕێک ئاو لە ئەفسەریەی تاران بە سەد تمەن دەفرۆشرا و شەقامەکانی هێشتا هەر خاکی بوون.[6]

پەهلەوی لە ماوەی ٣٧ ساڵ دەستهەڵاتداریی خۆی‌دا توانیبووی هەندێک کورد وەک دۆست و یار بۆ خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیدا بکات. ئەو کەسانە بە شێوەی جۆراوجۆر پشتیوانی خۆیان لە پەهلەوی دەردەبڕی. هەندێک کەس بە شێوەیەکی بەردەوام لە بۆنە گرنگەکانی دەستهەڵاتی پەهلەوی‌دا بەشدارییان دەکرد. جگە لەوە کەسانێک بە هزر و پێنووسەوە لە خزمەت دەستهەڵاتی پەهلەوی‌دا بوون. بۆ وێنە ئەحمەد شەریفی کە بەرپرسی دەفتەری «خاک و خون» لە مەهاباد بوو، قەڵەمێکی یەکجار شادۆستانەی لە ڕۆژنامەدا بەکاردەبرد (نووسراوەکانی لە دادێ‌دا بڵاودەکرێنەوە). هەندێک سەرۆک عەشیرەت و فێئۆداڵ‌یش هەبوون کە هەرکات لە چاوەڕوانی ئەوەدا بوون پەهلەوی بیانخوێنێتەوە بۆئەوەی بە خزمەتی بگەن، بەڵام لەبەر ئەوە کە دەیانزانی وەبەر قین و نەفرەتی جەماوەری کورد و ئەڤیندارانی قازی موحەممەد دەکەون، لە نێو جەماوەردا پێشوازییان لە شا نەدەکرد. بە گشتیی لە دوایین مانگەکانی دەستهەڵاتداری پەهلەوی‌دا، پەهلەوی لە کوردستان‌دا هیچ دۆستێکی نەبوو کە بوێرێت شادۆستی و خزمەتکاربوونی خۆی بۆ پەهلەوی نیشان بدات و هەربۆیە لەو ساڵە‌دا جێژنی شەشەمی بەهمەن کە جێژنێکی فەرمیی حکومەتی پەهلەوی بوو، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەنەچوو.

بە پێی ڕاپۆڕتێک کە لەمەڕ شاری سنە لە ڕۆژنامەی فەرمی سەر بە پەهلەوی بڵاوکرابوو، لە شاری سنە کارمەندی زۆربەی ئیدارەکان لە مانگرتن با کەمکاریی‌دا بوون. ویستەکانی مانگرتوانی ئیدارەی دادگوستەری و ئیدارەی گشتیی زانیاری و گەشتیاری جێبەجێکران، هەربۆیە مانگرتنەکەیان شکاند و بۆ سەر کار گەڕانەوە. لە هەمان کاتدا کارمەندی زۆر ئیدارەی دیکە مانیانگرت. بۆ وێنە کارمەندەکانی ئیدارەی گشتیی فێرکاری و پەروەردە و کادری خزمەتگوزاری نەخۆشخانەی پەهلەوی مانگرتنی خۆیان لەو ڕۆژەدا ڕاگەیاند کە کارمەندەکانی دادگوستەری و زانیاری و گەشتیاری چوونەوە سەر کار. لەم ڕۆژەدا کارمەندەکان و مامۆستایانی دانشسەرا مانگرتنی خۆیان دەستپێکرد. لە سنە لەو کاتەدا جگە لەو کارمەندانەی کە ناویان هات، کارمەندەکانی ئەم ئیدارانەی ژێرەوە لە مانگرتنی خۆیان‌دا بەردەوام بوون:

. کارمەندەکانی ئیدارەی ئابووری و دارایی

. کارمەندەکانی ئیدارەی پۆست

. کارمەندەکانی ئیدارەی نوێسازیی قوتابخانە

. کارمەندەکانی ئیدارەی سەندووقی کارئامووزی

. کارمەندەکانی ئیدارەی هاوکاری گوندەکان

. کارمەندەکانی ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و هونەر

. کارمەندەکانی ئیدارەی تۆمار[7]

لە پیرانشار مانگرتنی مامۆستایان بەردەوام بوو. ئەوان لە ڕۆژی ١٥ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینییەوە مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاندبوو. ئەم مانگرتنەی پیرانشار سەرتاسەری بوو و لە تەواوی شار دا تاقە قوتابخانەیەک ئاوەڵا نەبوو. قوتابییەکانی ئەو شارە دەیانتوانی کە بچنەوە سەر کلاسەکانیان، بەڵام لە پاڵپشتیی مامۆستایان‌دا لە ماڵێ مانەوە. مامۆستاکانی پیرانشار بەیاننامەیەکیان بۆ شکاندنی مانگرتن لە ٤٧ خاڵان‌دا گەڵاڵە کردبوو.[8]

لە ئیلام مانگرتنی ئیدارەی دارایی بەردەوام بوو و هەربۆیە پڕۆژە و کاروباری ئاوەدانکردنەوەی ئەندازیارانی نوێسازیی مابۆوە. مانگرتن لە لایەن کارمەندەکانی بێهداشتی ژینگە، ڕێکخراوی تەعاوۆنی گوندەکان و ئیدارەی پۆست‌یش لەو شارە بەردەوام بوو.[9] لە ورمێ مانگرتنی کرێکارانی هەر چوار بەشی ئەو شارە بەرینە بە ڕۆژی سێهەمی خۆی گەییشت. ئەوان لەگەڵ ڕاگەیاندنی مانگرتنی خۆیان، بەیانییەکیان لە ١٣ خاڵان‌دا بڵاوکردەوە و مەرجەکانی گەڕانەوەیان بۆ سەر کار بۆ حکومەتی پەهلەوی دەستنیشانکرد. بەلەدێکانی شارەداری‌ش لەو ڕۆژەدا چوونە ڕیزی مانگرتوان و شارەداری زەختی زۆرتری وێ کەوت.[10]

لە کرماشان کۆلێجەکانی زانست و پزیشکی زانکۆی ڕازی لە مانگرتنی خۆی‌دا بەردەوامبوو. خوێندەکارەکانیش لەسەر کلاسەکانیان ئامادە نەدەبوون و پشتیوانی خۆیان لە مانگرتنەکە دەربڕی. هەروەها کارمەندەکانی ڕێکخراوی تەعاوۆنی گوندەکان، پۆست، ئەوقاف لە مانگرتنی خۆیان بەردەوامبوون و دۆخی ئەو شارەش بە تەواویی لە حکومەت شێوابوو.[11] لە کرماشان مامۆستایان جارێکی دیکە چوونە سەر شەقام و ناڕەزایەتی خۆیان سەرلەنوێ دەربڕێوە. ئەمجارە مامۆستا هەورامییەکانیش لەگەڵیان کەوتن و ڕێژەی ڕێپێوانکەران بە نزیکەی دوازدە هەزار کەس گەییشت. پاش ئەوە کە ڕێژەی بەرچاوی خۆیان نیشانی چەکدارانی پەهلەوی دا، لە مەیدانی مەولەوی ئەو شارە ویستەکانی خۆیان لە ١٥ خاڵاندا خوێندەوە.[12]

مانگرتن و دژایەتیی لە سەرتاسەری ئێران‌دا بە شێوەیەکی بەربڵاو زەخت و گوشاری خستبوو سەر حکومەتی پەهلەوی و هەربۆیە بەرپرسانی حکومەت بڕیاریان دا بۆ هێورکردنی دۆخەکە، سەدان زیندانی سیاسیی دیکە ئازاد بکەن.[13]

 


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت