کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ٢٢

0
391

سۆران کەرباسیان

یەک لەو کێشانەی کە کوردەکان لەمەڕ نووسینەوەی مێژووی خۆیان و شۆڕشی ١٩٧٩ی زایینیی ئێران هەیانە، نەبوونی زانیاری و سەرچاوە سەبارەت بە دۆخی گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو زەمەنە. بە پێی ئەو مێژوو تۆمارکراوە کە لە پێشکەوتنی گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پاش شۆڕشی ١٩٧٩ هەیە، گومان لە نالەباربوونی دۆخی گوندە کوردستانییەکان لە سەردەمی پەهلەوی‌دا نەماوە، بەڵام سەرچاوەیەکی تۆمارکراو لەبەردەست‌دا نییە کە ڕەوشی گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە جوانیی وێنا بکات. زۆر بە دەگمەن دەبیندرێت کە سەرچاوە کوردی و فارسییەکان ئاوڕێکیان لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کاریگەری کوردانی دانیشتووی گوند لەسەر ئەو شۆڕشە دابێت کە سیستەمی پەهلەوی بۆ هەتاهەتایە بنبڕکرد. هاڵۆزییەکانی دوایین ساڵی دەستهەڵاتداریی موحەممەد رەزا پەهلەوی لەسەر ئێران بە ڕادەیەک بەربڵاو و بە‌تین بوو کە کاریگەری لەسەر بەسەرکردنەوەی گوندەکان لە ڕاگەیاندن‌دا دانا و هەربۆیە زۆر بە کەمی باس لە ڕەوشی گوندەکان دەکرا. ڕۆژنامەی ڕەستاخیز کە بە تەواویی لە خزمەت سیاسەتەکانی پەهلەوی‌دا لاپەڕەکانی ڕەش دەکردەوە، لە یەک لە ژمارەکانی خۆیدا ئاوڕێکی لە گوندەکانی سنە دابۆوە کە سەرەڕای کورتبوونی، ئاماژەی بە کۆمەڵێک پرس و گرفتی جددی گوندەکانی ئەو بەشەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردبوو. بە پێی ئەو سەرچاوە حکومەتییە، گرنگترین گرفتەکان بە کورتیی بریتی بوون لە:

∗ نەبوونی دەرمانگا لە گوندەکان و دووربوونیان لە شارەکان مەترسی خستبوو سەر سڵامەتی و کوردەکانی دانیشتووی گوند.

∗ ڕێگا و بانەکانی نێوان گوندەکان و نێوان گوند و شارەکان لە ئاستێکی نالەباردا بوون. بۆ وێنە ڕێگەی گوندی «تووریوور» کە چل و دوو کیلۆمەتر درێژ بوو، پێویست بوو لە هەموو بارێکەوە چاک بکرێتەوە، یان بۆ وێنە ڕێگا و بانی گوندی برایم‌ئاوا بۆ نوگران بیست و هەشت گوندی بەسەرەوە بوو کە پێویست بوو ڕێگەیەکی خۆشی بۆ بکێشن.

∗ گوندەکان ئاوی خواردنەوەی خاوێنکراویان نەبوو و لە حەمامی گشتیش بێبەربوون.

∗ مەدرەسە سەرەتاییەکان پۆتەنسیەلی وەڵامدەرەوەی لەچاو حەشیمەتی گوندەکان نەبوو.

∗ ڕێژەی دانیشتوانی گوندەکان هەر چەند بوایە، لە مەدرەسەی ناوەندی و دەبیرستانیش بێبەربوون.

∗ داواکاری و پێشنیاری کوردانی دانیشتووی گوند بە هێند وەرنەدەگیران.

∗ پرس و گرفتەکانیان بۆ ڕۆژنامەکان نەدەگواستراوە و بە تەواویی کپکرابوون.[1]

جگە لە چەند دانپێدانانێکی حکومەتیی لەمەڕ دۆخی ناستانداردی گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرچاوەیەکی جێمتمانە بۆ زانین لەسەر گوندەکانی ئەو بەشەی کوردستان لەو زەمەن‌دا نییە. لە ڕاستیشدا هیچ سەرچاوەیەکی جێمتمانە لەبەردەست‌دا نییە کە شێوەی ڕوانینی جەماوەری گوندەکان (بە ئاغاکانەوە) و شێوە و ئاستی بەشداریکردنیان لە شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران بۆ ئێمە باس بکات. جارجار دەبیندرێت کە کەسانی ئایدیۆلۆژیست و حیزبی بە شێوەیەکی نازانستیی لەمبارەوە دەنووسن و ئامانجیان تەنیا خزمەتکردن بە چەمک و ڕێبازێکی دیاریکراوە. بۆ وێنە ڕێکخراوی «چریکهایێ فەدایی خەلق ئێران» لە دوا مانگی دەستهە‌ڵاتداری موحەممەدرەزا پەهلەوی‌دا نامیلکەیەکی لەژێر ناوی «بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە گوندەکانی ئێران» بڵاوکردەوە کە تێیدا بەستەری خەبات لە هەموو گوندەکانی ئێران‌دا بە شێوەیەکی گشتیی بۆ خەباتی دژی ئێمپێریالیزم ئامادە دەزانی،[2] لە کاتێکدا ئێستاش پاش ٣٧ ساڵان گومان لەوە دەکرێت کوردانی دانیشتووی گوندەکان لەسەر خەبات دژی ئیمپێریالیزم شتێکی ئەوتۆ بزانن.

پرسە جددییەکانی گوندە کوردستانییەکان و نەبوونی بنکەی وشیارکەرەوەی حیزبەکان لە گوندەکان دەتوانن یارمەتیدەر بن کە  لە نادروستبوونی ئەوجۆرە سەرچاوانە دڵنیا بین و دروست وایە لەم ڕوانگەوە سەیری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکرێت کە پرسی کورد لە ئێران‌دا پرسێکی نەتەوەییە، نەک پرسێکی گرێدراو بە شەخسێک، ئایدیۆلۆژییەک یان شتێکی بچووکی لەو چەشنە.

لە کاتێکدا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەردەوامیی قوربانی بۆ شۆڕشی ١٩٧٩ بە مەبەستی بنبڕکردنی سیستەمی پەهلەوی دەدا و لاوان و سیاسەتوانانی کورد لە زیندان کرابوون، ڕاگەیاندنەکانی پەهلەوی هەوڵیان دەدا کە شا وەک خۆشەویستی کوردەکان و کوردەکانیش وەک خۆشەویستی شا نیشان بدەن. بۆ نموونە لەو کاتەدا کە ڕێپێوان و مانگرتن لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئارادا بوو، وێنەی شا و وەزیرە کوردەکەی بڵاودەکراوە و باس لە زۆرترکردنی بودجەی ئاوەدانکردنی وڵات دەکرا.[3] بە گشتیی شا هەر وا بێکار دانەدەنیشت و هەوڵی دەدا لە ڕێگەی کەسانی سەر بە خۆی، خۆشەویستبوونی خۆی نیشان بدات، بەڵام زۆر بە دەگمەن هەڵدەکەوت کە لەو زەمەن‌دا سەرۆک ئاغا و فێئۆداڵەکانی دۆستی شا بوێرن خۆیان دەرخەن. لە ڕۆژێک‌دا کە شا توانی لە ڕێگەی هەندێک سەرۆک عەشیرەتەوە چەند سەد کەسێک بە مەبەستی پشتیوانیی لە خۆی بهێنێتە سەر شەقام، لە ڕاگەیاندن‌دا باسیان لە بەشداریی هەزاران کەس کرد کەچی وێنەی ڕێپێوانکەرانی دۆستی شا نزیکەی دووسەد کەس نیشان دەدات.[4] دۆخەکە بە شێوەیەک لە دژی پەهلەوی‌دا بوو کە تەنانەت ئەو نوێنەرە کوردانەش کە هەندێک سەرچاوەی کوردی بە دۆستی پەهلەوی‌یان دەناسێنن، لەسەر خەڵک وەجواب دەهاتن و لێپرسینەوەیان لە دەوڵەت دەکرد.[5]

لە درێژەی بەرخۆدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مامۆستایانی قەسری شیرن کە نزیکەی دوو حەوتوو بوو مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاندبوو، کۆبوونەوەیەکیان لە ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە پێکهێنا و ویستەکانی خۆیان لە بیست خاڵاندا گەڵاڵەکرد.[6] لە شنۆ مامۆستاکان لەگەڵ خوێندەکاران مانگرتنی خۆیان دەستپێکرد و بە دوای ئەوانیش‌دا دووکاندارەکانی ئەو شارە دوکان و بازاڕیان داخست. بە پاڵپشتی پیشە و چینە جۆراوجۆرەکان، بازاڕییەکان، مامۆستایان و خوێندەکارەکان توانیان ڕێپێوانێکی بەرین بەڕێوەبەرن.[7]

حەوتووی دووهەمی ئۆکتۆبری ١٩٧٨ی زایینیی دەکرێ بە دەستپێکی سەرتاسەریبوونی خەباتی شۆڕشگێڕانەی تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی سیستەمی پەهلەوی ناودێر بکرێت. لەو کاتەدا ئیتر بۆ شا و دۆستەکانی گومان لە ڕاپەڕینی نەپساوانەی کوردستان لە دژی تاران نەمابوو و وەزیرە کوردەکەی دەرباری موحەممەد رەزاش هیچ پێگەیەکی لە نێو کوردەکان‌دا نەبوو بۆئەوەی خەڵک لە حکومەت نزیک بکاتەوە. ڕێک لەو کاتەدا بوو کە شا کۆمەڵێک لە دۆستە کوردەکانی خۆی بۆ تاران بانگهێشتکرد بۆئەوەی بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەوان مانۆڕێک لە نێو کوردەکان‌دا بدات.[8]،[9] دۆستانی شا لەو سەردانەدا دەستەگوڵیشیان بردە سەر قەبری پەهلەوی باوک کە پاش بنبڕکرانی سیستەمی پەهلەوی، ئەو قەبرەشیان لە ئێران‌دا نەهێشت.

تێبینی: وێنەکانی ئەم بابەتە «فری‌لیسەنس»ن.


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت