کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ٢٠

0
546

 

 ‌‌سۆران کەرباسیان

ڕێکەوتی ١٠ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی دەستهەڵاتی پەهلەوی بڕیاڕیدا کە فیلمە سێکسییەکان لە سینەماکان و بازاڕ کۆکاتەوە[1]، بەڵام هەوڵەکانی پەهلەوی بۆ ڕاکێشانی چینی ئایینیی و مزگەوتەکان بۆ لای خۆی کەڵکی نەبوو و جەماوەر لە هەموو شوێنەکانی ئێران دژ بە پەهلەوی ڕاببوون. پێشتر ئاماژە کراوە کە موحەممەد رەزا پەهلەوی چەندین جاران داهاتی ساڵانەی کارمەندەکانی ئێرانی زۆر کردبوو. جیا لەمانە سەرلەنوێ لە ڕێکەوتی دەی ئۆکتۆبری دوایین ساڵی دەستهەڵاتداریی خۆیدا، ٢٥٪ی دیکەشی بە داهاتی گشت کارمەندەکانی وڵات زیادکرد.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌یش لە ڕابوونی سەرتاسەریی‌دا بوو و لەسەر نەمانی پەهلەوی خۆیان ساخکردبۆوە.

لە سنە، ڕێژەیەکی زۆر لە قوتابییەکان ڕژانە سەر شەقامی فەرەح و تایەری ئۆتۆمبیلیان ئاگرتێبەردا. بەهۆی ئەوە کە چەکدارانی ئێرانی گازی فرمێسکهێنەریان بە دژی ئەوان بەکارهێنا، قوتابییەکان ناچاربوون ئاگر لە تایەری ئۆتۆمبیل بەردەن بۆئەوەی کاریگەری گازە فرمێسکهێنەر مەفحکەنەوە. هاوکات بەم کارەیان ڕێگەی ئەو شەقامەشیان لە چەکدارانی ئێرانی بەست. لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی لاوانی کورد لەگەڵ هێزی ئێرانیی، بانکی میللی (نوێنەرایەتیی شەقامی فەرەح) و دوو بانکی دیکە بە تەواویی لە ئاگردا سووتان.

چەکدارە ئێرانییەکان تەقەیان لە لاوانی کورد دەکرد و ١٧ قوتابی کورد لەو هێرشەدا برینداربوون. لاوانی برینداری کورد بەرەو نەخۆشخانە گواسترانەوە و بەهۆی قووڵبوونی برینەکانیان لە نەخۆشخانەی پەهلەوی سنە خەواندیانن. لە نێو ئەو بریندارانەدا ڕەوشی سێ کەسیان زۆر نالەبار بوو. جەماوەری سنە بە دوای ئەم ڕووداوە بەرەو نەخۆشخانە وەڕێکەوتن بۆئەوەی گەر پێویستی بە خوێن هەبێت، خوێنی خۆیان پێشکەشکەن. ڕێژەی جەماوەری ئەوەندە زۆر بوو کە بانکی خوێنی سنە ڕایگەیاند چیتر ناتوانن خوێن ڕابگرن و هەربۆیە بڵاوەیان بە خەڵک کرد. بازڕی سنە پشتیوانی شار و جەماوەر بوو.[1]

لە ئیلام، قوتابییەکانی مەدرەسەی ماندانا ڕێپێوانی خۆیان لە شەقامی خەیام دەستپێکرد و بە دروشمدان بەرەو شەقامی عەبدوڵڵاهی ڕۆییشتن. چەکدارانی ئێرانی لە دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژەدا، پاش ئەوە کە قوتابییەکان گەرەکیانبوو بڵاوەی بکەن و بچنەوە ماڵەکانیان، وەبەر هێرشی گازی فرمێسکهێنەری چەکدارانی ئێرانی کەوتن.[2]

لە کرماشان، ٥٢ مامۆستای زانکۆ بڵاوکراوەیەکی فەرمی واژۆکراویان ئاراستەی حکومەتی پەهلەوی کرد و ڕایانگەیاند کە دوو حەوتوو کات بە حکومەت دەدەن بۆئەوەی سێ ویستی دیاریکراویان بەجێ بگات. ئەو سێ ویستەیان بریتیبوون لە:

. زانکۆ لەژێر باڵی پارلەمانی ئێران بێتە دەر و سەربەخۆ بێت.

. داواکارییەکانی پێشووی زانکۆکان دابین بکەن و لەگەڵیان بە هاوڕایی بگەن.

. داواکارییەکانی مامۆستایان دابین بکرێت.[3]

لە مەریوان، مامۆستاکان لە دەبیرستانی فەڕۆخی کۆبوونەوە و ڕێپێوانی خۆیان لەوێڕا دەستپێکرد. ئەوانیش ویستەکانی خۆیان لە ١٤ خاڵاندا گەڵاڵەکردبوو و ئاراستەی حکومەتیان کرد.[4]

لە ورمێ، کچەکان پێشڕەو بوون. قوتابییە کچەکانی ئەو شارە لەبەردەم ئیدارەی فێرکاری و پەروەردەی ئەو شارە کۆبوونەوە و داوایانکرد حکومەت ویستەکانی مامۆستایان بەجێگەیەنێت بۆئەوەی بگەڕێنەوە سەر کلاسەکانیان و دەست بە کار بکەنەوە. بە دوای ئەواندا قوتابییە کوڕەکانیش لە هەمان شوێن بە هەمان ویست و داواکاریی کۆبوونەوە و پشتیوانی خۆیان لە قوتابییە کچەکان و هەڵوێستیان دەربڕی.[5]

لە سەردەشت و مەهاباد‌یش خەڵک ڕێپێوانیان کرد. ڕێپێوانی ئەو دوو شارە بە هێمنیی بەڕێوەچوو و چەکدارانی ئێرانیش لە چەک و ئامرازەکانی دیکەی خۆیان کەڵکیانوەرنەگرت. ویستی ڕێپێوانکەرانی سەردەشت و مەهاباد بریتیبوون لە:

. ئازادیی زیندانییە سیاسییەکان

. تێکەڵکردنی ئەنجومەنی داوەری لەگەڵ ئەنجومەنەکانی شار

. گواستەوەی پادگانەکان لە نێو شار ڕا بەرەو شوێنی دیکە

. دابینکردنی دۆخێکی باش بۆ مامۆستایان

. دەستبەسەرکردنی گەندەڵانی ئیداری و ئابووریی

کارمەندەکانی ئیدارەی تەعاوۆنی گوندەکان، ئیدارەی بێداری و بێهزیستی، ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە و ئیدارەی پۆست و تێلێگڕاف لە قەسری شیرن، سەرپێڵی زەهاو، مەرزی خوسرەوی و نەفت‌شا مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند.[6]

لە مەهاباد جیا لەو ڕێپێوانە جەماوەرییە کە ئەنجامدرابوو، مانگرتنی مامۆستایانی ئەو شارە بەردەوامبوو. قوتابییەکانی ئەو شارە پشتیوانی خۆیان بە ڕێپێوان لە مامۆستایان دەربڕیبوو و مامۆستاکانیش ڕایانگەیاندبوو کە گەر ویست و داواکارییەکانیان بەدی نەکرابان، ئامادە نەدەبوون بچنەوە سەر کلاس. بە پێی ڕاپۆڕتی دەی ئۆکتۆبری ڕۆژنامەی ئێتێلاعات، قوتابییەکانیش ئامادەنەبوون بچنەوە سەر کلاسەکانیان و هەربۆیە مەدرەسەکانی پۆلی مامناوەندیش داخران. شپڕێوبوونی دۆخی شار و لەناوچوونی دیسیپلین لە سیستەمی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردەی ئەو شارە، بەرپرسانی ناچار کرد کە مەدرەسەکانی پۆلی سەرەتاییش دابخەن.[7]

لە سنە، مانگرتنی کارمەندەکانی ئیدارەی دادگوستەری کوردستان دوو ڕۆژ بوو دەستی پێ کردبوو. کارمەندە مانگرتووەکان لە دەی ئۆکتۆبردا ڕایانگەیاند کە هەتا وەدیهاتنی ویستەکانیان لە مانگرتن بەردەوامدەبوون.[8]

لە بانە، هەموو شار بە دووکان و بازاڕ و مەدرەسەکانەوە داخرابوو. شار بە تەواویی لە پاڵپشتیی مامۆستایان و هەروەها بە پێداگریی لەسەر دەستبەسەرکردنی «موحەممەد درەخشێش»، سەرۆکی کۆمەڵەی مامۆستایانی ئێران ڕێپێوانێکی بەرینیان بەڕێوەبرد.[9] لە کرماشان و ئیلام‌یش ڕێپێوان و مانگرتن بەردەوام بوو کە لە بابەتی دادێ‌دا باسیان دەکرێن.


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت