کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ١٩

0
302

سۆران کەرباسیان

هەر لێکۆڵەرێک کە لە مێژووی شۆڕشی ١٩٧٩ لە ئێران وردبێتەوە، بەو بڕوایە دەگات کە لە مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٧٨ی زایینییەوە گومان لە سەرتاسەریبوونی شۆڕش لە دژی موحەممەد رەزا پەهلەوی نەماوە. نزیکەی پێنج مانگ بەر لەوە کە سیستەمی پاشایەتیی بۆ هەتاهەتایە لە ئێران لابردرێت، گڕ و تینێکی بێ‌وێنە لە هەموو شوێنەکانی ئێران لە نێو چین و توێژە جۆراوجۆرەکان لە ئێرانی فرەنەتەوەدا دەبیندرا کە ڕۆژبەڕۆژ لە پەرەسەندن‌دا بوو کە تا ئێستا ئاوڕێکی جددی لێ نەدراوەتەوە و کۆی جوڵانەوەی بەرین و بەربڵاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چەند ڕووداودا کورتکراوە. لە ئۆکتۆبری ١٩٧٨ی زایینییەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبڕاوانەوە لە دژی پەهلەوی دەنگی بەرز بوو و شەقامەکانی کوردستان هاواری نەمانی موحەممەد رەزا پەهلەوی‌یان دەکرد. ئەمە لە کاتێک‌دا بوو کە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان (ئێران) وەک تاقە حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی ئازاد لە نێو جەماوەری کوردستان‌دا بوونی نەبوو و سەرکردایەتی ئەو حیزبەش لە درەوەی خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا دەژیان.[1]

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان‌دا، خوێندەکارانی کرماشان مانگرتنی خۆیان لە پشتیوانیی مامۆستایانی ئەو شارە ڕاگەیاند. خوێندەکارانی کرماشان لە زانکۆی زانستەکان ڕایانگەیاند کە بۆ حەوتوویەک لە کلاسەکانیان‌دا بەشداریی ناکەن و هۆکاری مانگرتنەکەشیان تەنیا بە «پشتیوانی لە مانگرتنی مامۆستایان» ناوبرد.[2] لە هەمان ڕۆژ‌دا لە ورمێ، کارمەندەکانی ئیدارەی گشتیی کاروباری ئابووری و دارایی‌ش مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. هەموو کارمەندەکان لەو مانگرتنەدا بەشداربوون و ویستەکانی خۆیان بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتن لە هەشت خاڵ‌دا گەڵاڵەکرد کە ئاراستەی پارلەمانی ئێران و دەفتەری سەرۆکوەزیر و وەزیری کاروباری ئابووری و دارایی کرا.[3] لە مەهابادیش دوو پارێزەر سکاڵایان لەسەر ئەو تاوانبارانە تۆمارکرد کە سێ کەسیان لە ڕێپێوانەکانی مەهاباد و بۆکان کوشتبوو. ئەوان خوازیاری دەستبەسەرکردن و دادگاییکردنی ئەو چەکدارانەی پەهلەوی بوون کە گەنجانی مەهاباد و بۆکانیان کوشتبوو.[4]

لە بیجار بە هەمان شێوە ڕێپێوانێکی ئارام و بەربڵاو بەڕێوەچوو. ڕێپێوانی بیجار لە پاڵپشتیی کرماشان بەڕێوەچوو. موحەممەد عەلی ئەڵماسی‌ کە یەک لە کوژراوە کوردەکانی کرماشان بوو، وەک سەرۆکی بانکی میللی (نوێنەرایەتی بێستۆن) لە کرماشان کاری دەکرد. خەڵکی بیجار لەبەر پەژارەی لەدەستدانی ئەو و باقی شەهیدەکانی کرماشان ڕێپێوانیان لە دژی حکومەتی پەهلەوی ئەنجامدا. لەو ڕێپێوانە ئارامەدا کەسایەتی ئایینی ئەو شارەش بە ناوی مامۆستا ڕەحمانی بەشداریکرد. جەماوەری بیجار خوازیار دەستبەسەرکردن و دادگاییکردنی تاوانباران و بکوژانی شەهیدانی کرماشان بوون و بەبێ ئەوە کە تێکهەڵچوونێک لە نێوان ئەوان و چەکدارانی حکومەت ڕوودات، پەیامی خۆیان بە حکومەت گەیاند.[5]

لە شاری سنە ڕێپێوانێک لە لایەن قوتابی دەبیرستانەکانی ئەو شارە بەڕێوەچوو. ڕێپێوان لە نێو دەبیرستانی «هەشتومی ئیسفەند» دەستیپێکرد. قوتابییەکان لە حەوشەی ئەو دەبیرستانەوە دەستیان بە دروشمدان کرد و بەرەو ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە وەڕێکەوتن. لەوێ شووشەکانی ئەو ئیدارەیان وەک شووشەکانی دەبیرستان شکاند و ناڕەزایەتیی خۆیان بەو شێوەیە بە حکومەت نیشان دا. چەند گەنج لەو ڕۆژەدا لە سنە بریندار بوون و ئاگریان تێبەربوو.[6]

لە نەغەدە کارمەندەکانی ڕێکخراوی تەعاوۆنی گوندەکان و شارۆچکەی شنۆ مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. ئەوان گوتیان کە تا وەدیهاتنی داواکارییەکان ئامادە نەبوون واز لە مانگرتن بهێنن. بە پێی ئەو ڕاپۆڕتەی کە لە تاران بڵاوببۆوە، گەر ئەو مانگرتنە درێژەی کێشابا، گوندەکانی سەر بە نەغەدە و شنۆ کێشەی نەوت، گازۆئیل و کەل و پەڵ‌یان بۆ دەهاتە پێش و تووشی گرفتی جددی دەبوون. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە کارمەندەکانی ئیدارەی ئابووری و دارایی نەغەدە و شنۆ دوو ڕۆژ بوو مانگرتنی خۆیان دەستپێکردبوو و مانگرتنی ئەوانیش کاریگەریی بەرچاوی خۆی دانابوو.[7] هەر لەم ڕۆژەدا لە ورمێ تەواوی مامۆستایانی ئەو شارە مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. مامۆستایان لەو شارەدا لە کاتژمێر دەی بەیانی ڕا لە بەردەم دەفتەری ناوەندی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردەی پارێزگای ورمێ کۆبوونەوە. نوێنەرانی مامۆستاکان دوو بەیاننامەیان ئاراستەی بەرپرسان کرد کە بریتی بوو لە ویستی پێنج هەزار مامۆستای ئەو شارە. مامۆستایان ڕایانگەیاند کە سەرەڕای ئەوە کە تا ڕێکەوتی ١٤ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی لە شوێنی کارەکەی خۆیان‌دا ئامادە دەبن، بەڵام نەدەچوونە سەر کلاسەکانیان و کاریان نەدەکرد. ئەمە سەرەتای هەڕەشە بۆسەر دەستهەڵات بوو بۆئەوەی مانگرتنەکەیان بە هێند وەرگرن.[8]

لەم سەر و بەندە کە ئاگری دژایەتیی کوردەکان لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پەرەسەندن‌دا بوو، گرنگە وێنەی گشتیش لەبەرچاو بگیرێت. بۆ وێنە هاوکات کە لەگەڵ ڕووداوەکان بەرەوپێشدەچین، گرنگە زنجیرەبوون و پێوەستبوونی ڕووداوەکان لەبەرچاو بگیردرێت. بۆ وێنە لەو زەمەنە دیاریکراوەی مێژووی ڕۆژهەڵاتدا کە باسی لێ دەکەین، تەنیا لە شاری سنە، چەندین ڕێپێوانی بەربڵاو ئەنجامدراوە. لە زۆربەی ئەو ڕێپێوانانەدا تێکهەڵچوون هەبووە و چەکدارانی ئێرانی سیلەیان لە نێوچاوانی گەنجی کورد گرتبوو و خوێنی لاوانی کوردیان لە شەقامەکان ڕشتبوو. تەنیا لە سنەی ئەردەڵان لەو کاتەدا چەندین مانگرتن ڕاگەیەندرابوو کە بریتی بوون لە:

. کارمەندەکانی ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و هونەر

. کارمەندەکانی ئیدارەی پۆست و تێلێگراف

. کاترمەندەکانی ئیدارەی تەعاوۆنی کاروباری گوندەکان[9]

. مامۆستایانی شار

. هەرجارەش کە ڕووداوێکی دڵتەزێن ڕوویدابوو بازار بە داخستنی دوکانەکان و بەشداریی لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا پاڵپشتیی خۆی لە جەماوەری کوردستان ڕاگەیاندبوو.[10]

لە کرماشانی خوێناوی کە چەندین جاران بە دەستی چەکدارە ئێرانییەکان شەتڵانی خوێن کرابوو و هەر جار نا جارێک سیلەیان لە سینگ و نێوچاوانی کوردەکان دەگرت، مەجید ڕەحمانی وەک نوێنەری وەزارەتی وزە لەگەڵ بابازادەگان (نوێنەری سیسی و ئیداری پارێزگای کرماشان) چوونە لای کارمەندە مانگرتووەکانی شیرکەتی کارەبا کە پێشتر مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاندبوو. ڕەحمانی لە قسەکانیدا داوایکرد کارمەندەکان مانگرتنەکەیان بشکێنن و هاوکاریی لەگەڵ بکەن بۆئەوەی بە گرفتەکانیان ڕابگات. ڕەحمانی لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو لە کێشە و گرفتەکانی مانگرتوان ئاگایە و دەزانێت لەبەرچی مانیانگرتووە. ئەو وێڕای ئەوە کە باسی زەرەر و خەسارەکانی ئەو مانگرتنەی کرد و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچە و وڵات بە وردیی باسکرد، بەڵێنی بە مانگرتوان دا کە داهاتی ساڵانەیان ٣٨٪ زیادکرێت. کەسێک بە نوێنەرایەتیی مانگرتوان ویستە گەڵاڵەکراوەکانی مانگرتوان لە بیست خاڵ‌دا بۆ نوێنەرانی حکومەت خوێندەوە. چەندین کەس بە نوێنەرایەتی مانگرتوان قسەیانکرد و بە وردیی ئاماژەیان بە ویست و داخوازییەکان و هۆکاریکانی مانگرتن کرد.[11]

بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی کە لە تاران تۆمارکرابوو، لە شاری مەهابادا بە هەمان شێوە لە دووهەم حەوتووی مانگی ئۆکتۆبردا پێنسەت قوتابی ئەو شارە مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاندبوو و لە بەردەم ئیدارەی فێرکاری و پەروەردەی ئەو شارە کۆببوونەوە. قوتابی دەبیرستانەکانی مەهاباد خوازیاربوون کە حکومەت ئاوڕ لە دۆخی ژیان مامۆستاکانیان بداتەوە کە لەبەر نالەباربوونی ڕەوشی ئابووری نەیاندەتوانی بە مێشکێکی ئاسوودەوە کارەکەیان ئەنجامدەن. قوتابییەکانی مەهاباد ڕایانگەیاند کە گەر حکومەت بە ڕەوشی ژیانی مامۆستاکان ڕانەگەییشتبا و داهاتیان زیاد نەکرابا، ئەوانیش ئامادە نەدەبوون بچنەوە سەر کلاسەکانیان.[12] قوتابییەکان سنە بە هەمان شێوە ناڕەزایەتیی خۆیان بە شەقامەکان کشاند و هەربۆیە مەدرەسەکانی سنە بە گشتیی داخران. ئەم جارەیان چەکدارە ئێرانییەکان نەیانوێرا دەست بۆ گوللە و چەک بەرن و تەنیا بینەرێکی سەرداخەر و بێدەنگی ڕووداوەکان بوون.[13] خزم و کەسی قوربانییە کوردەکانی کرماشانیش چەندین پارێزەریان گرت بۆئەوەی تاوانباران و بکوژانی مناڵەکانیان دەستبەسەر بکرێن و ڕادەستی ذادگا کرابان. دادئەستێنی کرماشان لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەو٣انی‌دا ئاماژەی بەوە کردبوو کە سکاڵا لەسەر ئەو پرسە لای ئەوان تۆمارکرابوو.[14]


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت