کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ١٨

0
1466

سۆران کەرباسیان

لە درێژەی ئیدانەکردنی بەڕێوەبەریی موحەممەد رەزا پەهلەوی، زۆر چین و توێژی دیکە لە کوردستان وەخۆکەوتن کە پێشتر بێدەنگیان هەڵبژاردبوو. بۆ نموونە لە بانە ژووری ئەسناف بە گشتیی هەڵوەشاوە و ئەمەش لەبەر ویستی گشتیی خەڵک لە بانە بوو.

سێ ڕۆژ لەسەر یەک لە بانە ڕێپێوان بوو و جەماوەر لەسەر هۆکار و داواکاریی دیاریکراو یەکدەنگبوون. نوێنەرانی خەڵک بەیاننامەیەکیان لە ١٤ مادە دا گەڵاڵەکرد و بە دەستی بەرپرسانی حکومەتیی لەو شارەیاندا گەیاند. بە دوای ڕێپێوان و ناڕەزایەتیی خەڵکی بانە، فەرماندار و شارەدار لەم شارە وازیان لە پۆستەکانیان هێنا.[1]

لە شاری کورد درێژە بە ڕێپێوانەکان درا. قوتابییەکان لەسەر کلاسەکانیان ئامادەنەبوون. دەبیرستانەکانی شار داخران و ڕێپێوان بە شێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو. ڕێپێوانەکان کاتژمێر نۆی بەیانی لەبەردەم دەبیرستانی فەلەکەی ئۆستانداری دەستیپێکرد. ڕێپێوان لە لایەن دەبیرستانی شاهپوورەوە دەستیپێکرد و دواتر لە لایەن دەبیرستانەکانی خەدەمات، ئەمیرکەبیر، سەنایەع ڕووستایی و موحەممەد رەزا پشتیوانیکرا. شووشەکانی سینەما وێنووس و سینەما زۆهرەیان شکاند و دواتر چوونە سەر بانک سێپەه. لەوێش شووشەکانی ئەو بانکە شکێندرا. جەماوەری نێو ڕێپێوان زۆرتر و زۆرتر دەبوو و کۆنترۆڵی بۆ خەدی بەڕێوەبەرانی ڕێپێوانیش چەتوون دەبوو، هەربۆیە چەند ئۆتۆمبیل ئاگری تێبەردرا. ڕێپێوانی خەڵک لەم شارە تەواوی شەقامەکانی مەحبووبیان، شەشۆمی بەهمەن، ئەمینزادە، پەهلەوی، مەولەوی و سەعدی داگرت و زۆربەی دوکانەکانی ئەو شارە داخرابوون.[2]

ڕێکەوتی ٧ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی تەواوی کارمەندەکانی نەخۆشخانەی دوکتوور موحەممەد کرماشانی مانگرتنی گشتیی خۆیان ڕاگەیاند و دەستیان لە کار کشاندەوە. هەموو کارمەندەکان لە حەوشەی نەخۆشخانەدا کۆببوونەوە و خەریکبوون لەسەر داواکارییەکانی خۆیان قسە و باسیان دەکرد. هەتا ڕۆژی دوایەش هیچ داواکارییەک لە لایەن ئەوانەوە ئاراستەی حکومەت نەکرابوو. بازاری کرماشان‌یش لە پشتیوانی ئەو جووڵەیەدا داخرا.[3]

لە شاری خۆێ‌ەش ڕێپێوان لە لایەن قوتابییەکانی ئەو شارەوە دەستیپێکرد. سەرۆکی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردەی خۆی وازی لە کارەکەی هێنا. بەهۆی ئەوە کە مامۆستایان مانیانگرتبوو و لەسەر کلاسەکانیان ئامادە نەبوون، زۆربەی کلاسەکان لە قوتابخانەکانی ئەو شارەدا بێ‌مامۆستا بوون. هەموو مامۆستایان لە شوێنی کارەکەی خۆیان ئامادەبوون، بەڵام ئامادەنەبوون بچنە سەر کلاس و دەرس بڵێنەوە. دواتر نزیکەی کاتژمێر یەکی نێوەڕۆی حەوتی ئۆکتۆبر، کۆبوونەوەیەکی بەرین بە بەشداریی مامۆستایان لە هۆڵی مەدرەسەی ئیراندۆخت بەڕێوەچوو کە لە تەنیشت شارەبانی ئەو شارە بوو. سەرۆکی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە و فەرماندار لەوێ ئامادەبوون و گوێیان بۆ هۆکارەکانی مانگرتنی مامۆستایان شلکرد. هۆکارەکان لە یازدە خاڵاندا گەڵاڵەکرابوون کە گەندەڵیی یەک لەوان بوو. مامۆستایان داواکاربوون سەرۆکی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە وازی لە پۆستەکەی هێنابا و هەربۆیە مێسگەرپوور لەوێ وازهێنانی خۆی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند. بە دوای ئەم ڕووداوە، مامۆستایان درێژەیان بە دروشمەکانیان دا و ڕایانگەیاند کە هەتا هەموو یازدە داواکارییەکانیان بەجێ نەگەیەندرێت، ئامادە نابن بچنەوە سەر کلاسەکانیان.[4]

لە ئەردەڵانیش دەنگی مامۆستاکان بەرز بۆوە. ڕێژەیەکی زۆر لە مامۆستاکانی شاری سنە ئامادە نەبوون دەسر بڵێنەوە. ئەوان نزیکەی کاتژمێرێک لە شوێنی کارەکەی خۆیان ڕاوەستان بۆئەوەی مانگرتنی خۆیان ڕابگەیەنن و دوایە شوێنی کارەکەی خۆیان جێهێشت. لەگەڵ ئەم هەڵوێستەی مامۆستایانی سنە، نزیکەی سێ هەزار کەس لە قوتابیانی ئەو شارە پستیوانی خۆیان لە مانگرتنەکە ڕاگەیاند و لەگەڵ مامۆستایان کەوتن. ڕێپێوانێکی بەربڵاو لە شەقامەکانی ئەو شارە دەستیپێکرد. دواتر هەموو مەدرەسەکانی ئەو شارە داخران.[5]

لە ورمێ کە ناوەندی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، تەواوی کرێکاران و کارمەندەکانی شیرکەتی دۆخانیات و کارخانەی مانی پلاسیۆن مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. کرێکارانی ئیدارەی دۆخانیاتی ئەو شارە لە یازدە مادە دا داواکارییەکانی خۆیان گەڵاڵەکرد و داواکارییەکانی کارمەندەکانیش لە ١٥ خاڵدا گەڵاڵەکرابوو.[6] هەر بە دوای ئەم مانگرتنەش کڕین و فرۆشی تووتن و بڵاوکردنەوەی سیگار لەو شارە بە تەواویی وەستا.[7] خوێندەکارەکانی زانکۆی زانستەکان لە شاری کرماشان مانگرتنی خۆیان لە ڕێکەوتی ٨ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی ڕاگەیاند. وەک لە وێنەدا دەبینن، خوێندەکارەکان لە حەوشەی زانکۆ کۆبوونەوە و ئامادەنەبوون بچنە سەر کلاسەکانیان. دوکتوور مۆستەفەوی لەم بارەوە لەبەردەم مانگرتوان ئاماژەی بە داواکارییەکانی خوێندەکاران کرد و گوتی کە بەشێک لە هۆکاری مانگرتنەکە لۆژیک نییە و لای وابوو دەنگی ناڕەزایەتییەکان هەتا حەوتوویەک دوایە کزدەبوو و قوتابییەکانیش دەگەڕانەوە سەر کلاسەکانیان. لە درێژەی مانگرتنە بەربڵاوەکانی کرماشان‌دا، مامۆستایان هێشتا ئامادە نەبوون بچنەوە سەر کار و کارمەندەکانی ئیدارەی کارەبا لە هەشتەمین ڕۆژی مانگرتنی خۆیان‌دا بوون. کارمەندەکانی نەخۆشخانەی دووسەت تەختی کۆمەڵەی شیر و خورشید کە سەر بە وەزارەتی بێهداری بوو، مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند و خوازیاری زۆرترکردنی داهات و بواری زۆرتر بوون. لە کرماشان بەیاننامەیەکی ١٢ مادەیی بڵاوبۆوە و مانگرتنەکان زۆرتر پەرەیسەند. تاکسیدارەکانی کرماشان، کارمەندەکانی ئیدارەی دارایی و ڕێکخراوی تەعاوۆن و کاروباری گوندەکان لە مانگرتندا بوون.[8] تەنانەت وەک لە وێنەی ژێرەوەدا دەبینن، کەمئەندامەکانی کرماشان‌یش مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند و خواستەکانی خۆیان لە دە خاڵ‌دا گەڵاڵەکردبوو. لە ژێرەوە چەند دانە لە داواکارییە گرنگەکانی کەمئەندامانی کرماشان نووسراوە کە ڕێفۆڕم و خزمەتەکانی موحەممەد رەزا بەسەرینەکردبوونەوە و خۆی باشترین بەڵگەن بۆ سەرکەوتوونەبوونی شۆڕشی شا:

. دامەزرانی کانوونی کەمئەندامانی کرماشان

. دامەزراندنی دوکتووری پسپۆڕ بۆ ئەوان

. دابینکردنی بودجەی تایبەت بۆ بەسەرکردنەوەی پێداویستییە گرنگەکان

. بیمە

. باشترکردنی داهاتی کارمەندەکان

. سازکردنی نەخۆشخانەی تایبەت بۆ کەمئەندامان

لە مەهابادیش، ڕێکخراوی تەعاوۆن و کاروباری گوندەکان مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند و ئامادە نەبوون بچنەوە سەر کار. ئەوان ڕایانگەیاند کە هەتا بەجێگەیاندنی داواکارییەکانیان نەدەچوونەوە سەر کار. کارمەندەکانی ئیدارەی کارەباش لە مەهاباد مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. ئەوانیش خوازیار بوون بواری زۆرتریان بۆ دابین بکرێت و داهاتی مانگانەیان بۆ زیادکرێت.  قوتابییەکانی دەبیرستانەکانیش نەچوونەوە سەر کلاسەکانیان و هەربۆیە، زەندی کە سەرۆکی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە بوو، لە قسەکانیدا دانی بەو مانگرتنەدا هێنا و گوتی کە دەبیرستانەکانی کچان و کوڕان لە مەهاباد داخرابوون.[9]


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت