کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ١٦

0
1057

سۆران کەرباسیان

ڕێکەوتی ٧ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی خەبەرێک بڵاوبوو کە دەبێ بۆ ئێرانییەکان و بە تایبەتیی بۆ شیعەکان پرسیاری جددی لەسەر بێت. دوو رۆژ پێشتر بڵاوببۆوە کە خۆمەینی لە سنووری کۆوەیت ڕا گەڕێندرابۆوە نێو خاکی عێڕاق. دوو ڕۆژ پێشتر لە لایەن ڕۆژنامەوانانی فەڕەنسەوی و ئێرانی ڕاگەیەندرا کە کۆوەیت ڕێگەی بە خۆمەینی نەدا پێ دە خاکی وڵاتەکەی بنێت و هەربۆیە بە ناچاریی بەرەو قووڵایی خاکی عێڕاق گەڕاوە و دەنگۆی ئەوە هەبوو کە بچێتە سووریا، چون تاقە وڵاتێک بوو کە ڕێگەی بە خۆمەینی دەدا لایان بمێنێتەوە، کەچی لە ڕێکەوتی ٧ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی بە جەماوەر ڕاگەیەندرا کە خۆمەینی لە پاریس بوو.[1] ئەو ئێرانییانەی کە پشتیوانی خۆمەینی‌ن لەگەڵ شیعەکان و کۆماری ئیسلامیی ئێران قەت خۆیان لەم باسە جددییانە نەداوە کە چلۆن سەفەرکردن بۆ پاریس، ویزای فەڕەنسە و مانەوەی خۆمەینی و سەقامگیرکردنی ئەو لە شوێنێک جێبەجێ کرا کە دەیتوانی چەند سەد میوانی بە یەکەوە تێدا جێگا بێتەوە؟ ئەو میوانانە چۆن ئۆرگانایز کرابوون و چۆن بوو کە لە ناکاو خۆمەینی سەری لە پاریس دەرهێنا و دەرجا ئەو هەمووە خەڵکە بە بوونی ئەو لە پاریس‌یان زانی و چوونە لای؟

موحەممەد رەزا پەهلەوی کە لە هەموو لایەکەوە لەژێر زەخت‌دا بوو، پەلەقاژەی خۆی بۆ مانەوە لەسەر دەستهەڵات دەکرد. یەک لە هەوڵەکانی ئەو بۆ مانەوەی، بانگەشەی پاکسازیی بوو و ڕێگەی دا کە لێپرسینەوە لە گەندەڵییەکانی ئەڕتەشبۆد نەسیری بکرێت. نەسیری کە پێشتر سەرۆکی ساواک بوو و لە ساڵی ١٩٧٨ی زایینیی وەک باڵوێزی ئێران لە پاکستان کاریدەکرد، لە پاکستان لەسەر کارەکەی لابردرا و بۆ لێپرسینەوە لە گەندەڵییەکانی بۆ تاران بانگکرا.[2] یەک لە هەوڵەکانی دیکەی پەهلەوی بۆ مانەوەی، دانی باجێکی بەرچاو بە مەلاکان بوو. ئامانج ئەوە بوو کە سەرنجی بەشێک لە کەسانی ئایینیی بۆ لای خۆیان ڕاکێشن و هەر بەم مەبەستەش بۆ یەکەمجار بڵاوبۆوە کە ئەو کەسانەی زانیاری ئایینییان هەیە، دەتوانن بەبێ ئەوەی بچنە زانکۆ، لە ماڵە خۆیان دوکتووڕا وەربگرن. پڕۆپاگەندەکە بەم شێوەیە بوو:

«ئێوە بە ئیمتحانێکی سادە کە سەبارەت بە زانیاری ئایینیی ئێوە بە زمانی فارسی دە ماڵە خۆتان‌دا لێتان وەردەگیرێت، دەتوانن بە ساکاریی دوکتووڕای ئایین وەربگرن و شانازیی هەبوونی دوکتووڕاتان هەبێت.»[3]

هەوڵێکی دیکەی پەهلەوی ئەوە بوو کە لە ڕێگەی کاربەدەستەکانی خۆی ڕایەگەیاند کە ئەوانەی دژی حکومەتن، دەیانتوانی لە ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆن کەڵکیانوەرگرتبا.[4] پەهلەوێ لەو ماوەیەدا بۆ ئەوەی کۆمەڵگای ئایینیی و دژە جوولەکەی شیعەی ئێرانی لە خۆی نزیککاتەوە، بە بەردەوامیی لە ڕاگەیاندنەکانی خۆیدا خەبەری جۆراوجۆری لە پستیوانی عەڕەبەکان و لە دژایەتیی ئیسرائیل بڵاودەکردەوە.[5]

لە درێژەی سیسەتی باجدان بە کارمەندانی دەوڵەتیش، جگە لەوەی کە پێشتر چەندین جاران ئاسانکاری تایبەتییان بۆ ئەنجامدرابوو و داهاتی مانگانەیان زۆرکرابوو، پەهلەوی سەرلەنوێ ڕایگەیاند کە ٢٥٪ی داهاتی مانگانەی کارمەندەکانی ئێران زیاد دەکرا.[6]

لە پێوەندی بە ئەو جەنایەتانەی کە چەکدارانی پەهلەوی لە کوردستان‌دا ئەنجامیاندابوو، «جێبهێی مێللی» هەڵوێستی خۆی وەک یەکەم هێزی ناکوردی و ئێرانیی دەربڕی و هەڵوێستی خۆیان لەژێر سەردێڕی «کوشتار بەسە»، بڵاوکردەوە.[7]

لە کرماشان دوو مامۆستای ئایینیی لەبەر ئەوە کە جەماوەریان هاندابوو دەستبەسەرکران. کەسێکی بازاڕیش بە ناوی سەعید جەعفەری لەسەر هەمان هۆکار گیرا. هاڵۆزییەکان و ڕێپێوانی کوردستان دەنگدانەوەی چاکی هەبوو و هەربۆیە بۆ یەکەمجار سێ ڕۆژنامەوانی بێلژیکی سەردانی کوردستان‌یان کرد بۆئەوەی لە نزیکەوە بە داواکارییەکانی کوردەکان بزانن.[8] لە خۆڕەم‌ئاوا لەبەر ئەو بێڕێزییانەی کە چەکدارانی پەهلەوی ئەنجامیاندابوو، مامۆستایان مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند و هەربۆیە زۆربەی قوتابییەکان بەرەو ماڵەکانیان گەڕانەوە. بەیانی ڕۆژی ٧ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی تانک و زرێپۆشەکانی ئەڕتەش لە شوێنە هەستیارەکانی شار سەقامگیرکران. زۆربەی بازاڕییەکانی شاریش لە پاڵپشتیی مامۆستایان‌دا دووکانەکانی خۆیان داخست و بەم شێوەیە یەکگرتوویی گەلیان بە حکومەت ڕاگەیاند.[9] لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌یش مانگرتنێک ە لایەن دەفتەردارەکان و خزمەتکارانی قوتابخانەکان لە شاری ورمێ ڕاگەیەندرا.[10] لە ورمێ بە هەمان شێوە کارمەندەکانی «ڕێکخراوی تەعاوۆنێ رووستایی» کە پێشتر مانیانگرتبوو، هەڕەشەیان لە پەهلەوی کرد کە گەر لە ماوەی ٢٥ ڕۆژاندا وەڵامی داواکارییەکانیان نەدرێتەوە، سەرلەنوێ مانیاندەگرت.[11]

لە پێوەندی بە تەقەکردن لە خەڵکی سیڤیل لە شارەکانی کرماشان و خۆڕەم‌ئاوا، نوێنەرانی سونقور و کرماشان لە دانیشتنی فەرمیی پارڵەمان‌دا لەگەڵ نوێنەری دەوڵەت دوان و باسی کوژراوان و دۆخی نالەباری کوردەکان کرا. ئەو پرسیارانەی کە ئاراستەی دەوڵەت کران بریتی بوون لە:

١) هۆکاری ڕوودانی کارەسات لە کرماشان چ بوو و چ شتێک بوو بە هۆکاری تەقەکردن لە خەڵک؟

٢) پاش ئەو کارەساتە چ کارهایەک ئەنجامدراوە بۆئەوەی کارەساتی هاوشێوە دووپات نەبێتەوە؟

٣) چما دوو ڕۆژ دواتر سەرلەنوێ تەقە لە خەڵک کرا؟

٤) ئاماری دروستی کوژراوان و بریندارەکان لەگەڵ ناوەکانیان بۆ بڵاوناکرێتەوە؟

٥) چما بێڕێزی بە مامۆستایان کرا و لەبەرچی ڕێگەیان پێ نەدرا لە شوێنێک کەڵک وەربگرن کە بۆ ئەوان دابین کراوە؟ قەرەبووی خەسار چلۆن دەکرێت؟

٦) چ هەنگاوێک لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ دۆزینەوەی تاوانبارانی کارەسات هەڵهێندراوەتەوە؟

٧) چ هەنگاوێک بۆ قەرەبووی خەسارەکان و بەڕێوەبەریی قانوون لەمەڕ خوێنی بێ‌تاوانان هەڵهێندراوەتەوە؟

نوێنەری دروود بە هەمان شێوە لەم پێوەندییەوە پرسیارەکانی خۆی ئاراستەی سەرۆکی پارڵەمان کرد و بە ئاماژەکردن بە ئەسڵی ٢١ی دەستووری بنەڕەتی و مافی ڕێپێوان و دەربڕینی ناڕەزایەتیی، پرسیاریکرد کە چما خەڵکی کوردیان وەبەر گوللە دابوو؟! نوێنەری خۆڕەم‌ئاواش نامەیەکی بۆ سەرۆکی پارڵەمان نووسیبوو و فەرمانی بە شەریف‌ئیمامی دابوو کە لێپرسینەوە لە تاوانبارانی کارەسات بکات. نوێنەری خۆڕەم‌ئاوا داوای لە سەرۆکی پارڵەمان کردبوو کە بە سەرۆکوەزیری ئێران ڕابگەیەنێت کە بۆ دۆزینەوەی تاوانبارانی کارەسات و سزادانیان هەنگاوی جددی هەڵهێنێتەوە.

لەو زەمەندا سالار جاف نوێنەری شاری پاوە بوو. سالار جاف بە هەمان شێوە سەبارەت بە کارەساتی کرماشان داوای لە نوێنەری دەوڵەت کردبوو کە لە پارڵەمان ئامادەبێت و وەڵام بداتەوە کە هۆکاری کارەساتی کرماشان چ بوو و ئاماری دروستی قوربانییەکانی کرماشان چی بوو؟ سالار جاف هەروەها پرسیاریکردبوو کە بەرنامەی دەوڵەت بۆ دەستبەسەرکردنی تاوانبارانی کارەسات چیبوو؟[12]

لە کرماشان، تەرمی شەهیدانی کورد بە شێوەیەکی ئارام لەژێر چاودێری چەکدارانی پەهلەوی لە قەبرستانی باخی فیردەوس نێژران. ناوی ئەو کەسانەی کە تەرمەکانیان نێژران بریتیبوون لە:

١) سادق سابوونی

٢) مۆجتەبا جەعفەری

٣) سیرووس ئێسفەندیاری

٤) عەلی موحەممەد ئەڵماسی

٥) مستەفا ئیمامی

٦) عەلی ئەکبەر ڕەحیمی

٧) موحەممەد جەعفەر ساڵح‌ئابادی

لە هێرشی چەکدارانی ئێرانی بۆسەر کوردەکان لە کرماشان، نزیکەی پەنجا کەس بریندار کرابوون کە لە نەخۆشخانەکانی رەزا پەهلەوی، چوارەمی ئابان و نەخۆشخانەی دووسەدتەختی ڕادەگیران. لە کرماشان قوتابخانە و فێرگەکان لە مانگرتن‌دا بوون و وەک ڕایانگەیاندبوو، گەرەکیانبوو هەتا حەوتووی داهاتوو درێژە بە مانگرتنەکانیان بدەن. لە شاری پاوە پاڵپشتیی کوردەکان لە کرماشان ڕاگەیەندرا و ڕێپێوانێکی بەربڵاو لە لایەن جەماوەری ئەو شارەوە ئەنجامدرا. جەماوەری پاوە خوازیاری دەستبەسەرکردن و سزادانی تاوانبارانی کارەساتی خوێناویی کرماشا بوون. لە خۆڕەم‌ئاواش ڕێپێوانێک ئەنجامدرا کە نزیکەی دە کاتژمێران درێژەیکێشا. لەوێ چەکداران هێرشیانکردە سەر جەماوەر و جەماوەریش دەستیکردەوە. لە خۆڕەم‌ئاوا نزیکەی بیست چەکداری پەهلەوی برینداربوون. شار بە تەواویی لەو هاڵۆزییەدا لە کۆنترۆڵی چەکدارانی پەهلەوی دەرچووبوو. بە سەدان تەگەری ئۆتۆمبیل لە شەقامەکان ئاگری تێبەردرابوو. شووشەی ئیدارەکان و بانکەکانی حکومەت شکێندرابوون و جەماوەی ئەو شارەش بیست و پێنج برینداری هەبوو کە سێ کەسیان ژن بوون. جگە لەم بیست و پێنج کەسە نەفەرێکی دیکەش بریندارببوو کە لەبەر نەبوونی بواری تایبەت و قووڵبوونی برینەکانی بۆ تاران گواستراوە.

Bêhrûz Zemanî

ڕۆژی دوایە بە فەرمی ڕاگەیەندرا کە دووکەس لەو شارە کوژرابوون. یەکیان کەسێکی سی ساڵانە بوو کە ناوەکەیان بۆ ڕوون نەببۆوە و ئەوی دیکەیان گەنجێک بە ناوی بێهرووز زەمانی بوو کە وێنەکەی لێرە دەبینن. پاش کوژرانی ئەو دوو کەسە و برینداربوونی دەیانکەس لەو شارە، سەرلەنوێ ڕێپێوان لە ڕۆژی دوایەدا بەڕێوەچوو.

لە نەهاوەندیش ڕێپێوانێک بە مەبەستی پاڵپشتیی لە کرماشان و ئیدانەکردنی چەکدارانی تاوانباری ئێرانیی ئەنجامدرا. چەکدارانی پەهلەوێ لەوێش مێتۆدی ڕادیکاڵانەیان بۆ بڵاوکردن بە خەڵک هەڵبژارد و هەربۆیە لە کاتی ڕاکردنی جەماوەری سیڤیل‌دا زۆرکەس وەژێر پێ کەوتن و ئازاریان بینی. لە نەهاوەندیش شووشەی ساخیان بە شوێنە حکومەتییەکان نەهێشت.

لە ورمێ‌ش ڕێپێوانێک دەستیپێکرد کە زوو لە لایەن چەکدارانی ئێرانییەوە کۆنترۆڵکرا و بڵاوەیان بە جەماوەر کرد. لە کۆتاییشدا دوو کەسیان لەو شارەی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەرکرد.

مامۆستایانی سونقور بە هەمان شێوە درێژەیان بە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان دا و لە پشتیوانیی لە بنەماڵەی شەهیدانی کورد لە بەردەم ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە کۆبوونەوە. سێ قوتابی لەو ڕۆژەدا لە لایەن چەکدارانی ئێرانی‌یەوە دەستبەسەرکران، چون کاخەزیان لەمەڕ جەنایەتەکانی پەهلەوی بڵاودەکردەوە. بە دوای ئەوەدا مامۆستایانی تا کاتژمێر سێ و نیوی ئێوارێ لەوێ مانەوە و داوایانکرد قوتابییەکان ئازادکرێن. چەکدارانی ئێرانی قوتابییەکی دیکەشیان تەنیا لەبەر ئەوە دەستبەسەرکرد چون نان و خورمای لە نێو مانگرتوان بڵاودەکردەوە.

لە شاری بانەش کە مانگرتنی مامۆستایانی بە حەوتووی دووهەم گەییشتبوو، شوڕای مامۆستایان لەو شارەدا پاش سێ جەلەسە دانیشتن توانیان بەیاننامەیەکی دە مادەیی ئامادەکەن کە لە پێوەندی بە داواکاریی مامۆستایان گەڵاڵە کرابوو و ئاراستەی سەرۆکی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردەی بانە و چەند بەرپرسێکی ئەو شارە کرا.[13]

خەباتی جەماوەریی لە هەموو بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوو و چینە جۆراوجۆرەکانی کورد لەو بەشەی کوردستان‌دا شان بە شانی یەکتر لە دژی پەهلەوی لە بەرخۆدان‌دا بوون.


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت