کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ١٥

0
1271

سۆران کەرباسیان

عێڕاق

٥ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی بۆ ئێرانییەکان ڕێکەوتێکی تایبەتە، چون ڕێبەری دوایی ئێرانییەکان لە پاش ڕووخانی سیستەمی پاشایەتیی لەو ڕۆژەدا لە عێڕاق دەرپەڕی. شا کە زۆری شانازیی بە ساواک دەکرد و لەگەڵ حکومەتەکەی بانگەشەی ئەوەیان هەبوو سەرمایەگوزارییەکی زۆر بەرچاویان لەسەر بەشی پاراستن کردبوو، لە لایەن میدیاکانی فەڕەنسەوی‌یەوە ئاگادارکران کە خۆمەینی عێڕاقی جێهێشتبوو و پاش ئەوەی خۆی بە سنوورەکانی کۆوەیت گەیاندبوو، گەڕاندبوویانەوە و دە عێڕاق‌ێیان کردبۆوە. جەیلانی کە باڵوێزی ئێران لە بەغدا بوو، لەمبارەوە هیچ خەبەر و ئاگادارییەکی نەبوو کە خۆمەینی لەسەر سنووری کۆوەیت مابۆوە. پاش ئەوە کە کۆوەیت ڕێگەی بە خۆمەینی نەدا پێ لە خاکی وڵاتەکەی بنێت، خۆمەینی ناچار بەرەو بەسرە گەڕاوە نێو عێڕاق بۆئەوەی لە یەکەم دەرفەتدا بەرەو سووریا سەفەر بکات. سووریا لەو ماوەیەدا ڕایگەیاندبوو کە ئامادەیە خۆمەینی ڕابگرێت.[1]

تاران

لەو هەمان ڕۆژدا چەند کەس لە نوێنەرانی پارلەمانی ئێران لەسەر هاڵۆزییەکانی کرماشان و کوژران و بریندارەکان هەڵوێستیانگرت. لە نامەی ئەندام پارلەمانەکاندا ئاماژە بە بەڕێوەبەریی لاواز و نابەرپرسانەی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردەی کرماشان کرابوو و هۆکاری سەرەکی مانگرتن و هاڵۆزییەکانی ئەو شارەیان بۆ بەرپرسان گەڕاندبۆوە. واژۆکەرانی نامە لە پارلەمان، داوایانکردبوو کە ژمارەی دروستی کوژراوان و ئاماری برینداران بڵاوبکرێتەوە و هەموو ئەو بەرپرس و چەکدارانەی کە تاوانبارن دەستبەسەر و دادگایی بکرێن. ئەو نوێنەرانە بە پێی مادەی ١٥١ی ئاییننامەی نێوخۆیی پارلەمانی شۆڕای نەتەوەیی ویستبوویان کە داواکارییەکانی ئەوان بە شەریف‌ئیمامی سەرۆکوەزیر بگات.[2]

سەرپێڵی زەهاو

دوو هەزار وەرزێری کورد کە سەر بە ٥٤ گوندی دەوروبەری سەرپێڵی زەهاو بوون، لە دژایەتیی حکومەت و بەرپرسانی حکومەت شەش کیلۆمەتر ڕێپێوانی هاوبەشیان ئەنجامدا. کۆمپانیای حکومەتی زەوییەکانی ئەو جوتیارانەی لە دەستیان هێنابوو دەر و ئەوانیش خوازیاری وەدەستخستنەوەی زەوییەکانیان بوون. هەمووی ئەو جوتیارانە ڕۆژی پێشتر وەڕێکەوتبوون و لە ڕێکەوتی ٥ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی لە سەرپێڵی زەهاو لەبەردەم بینای «شیرکەتی سەهامی رەزا پەهلەوی» کۆبوونەوە و بە دەنگی بەرزەوە دروشمیان دەدا کە ئەوان هیچ پێویستییەکیان بەو شیرکەتە نەبوو و زەوییەکانی خۆیان داواکردەوە.

«عەلیشاه کێشتمەند» بە نوێنەرایەتیی هەموو جوتیارانی کورد لەگەڵ ڕۆژنامەوانی تاران قسەیکرد و گوتی:

«ئێمە تا ئێستا چەندین جار سکاڵامان لای بەرپرسانی ناوچە تۆمارکردووە، بەڵام هیچ دەستکەوتێکمان نەبووە.»

لە کاتێکدا کە خەڵک بە یەکەوە هاورایان دەکرد «ئێمە زەوییەکانی خۆمان دەهەوێتەوە»، کێشتمەند بەم جۆرە باسی زەوییەکانی خۆی کرد:

«من بە تەنیا لە گوندی قەڵا شاهین‌ی سەر بە سەرپێڵی زەهاو، پێنسەت هێکتار زەوی ئاو و دێمم هەبووە کە بەبێ ئامار ماوەتەوە و چوار ساڵە تاقە دینارێکیان نەداومەتێ.»

کوردێکی دیکە کە نوێنەرایەتیی جوتیارانی دەکرد، گوتی:

«زەوییەکانی خۆم دەهەوێتەوە. سەنەدی مڵکەکان بە نێوی خۆمە. ماڵی هیچ کەسم داگیر نەکردووە. ساڵانە لە سێ ملیۆن و نیو تمەن داهاتی زەوییەکانم، هەشتسەت هەزاری بە سەهامدارەکان دراوە و لێرە هیچ ڕوون نییە باقی پارەکە چی بەسەرهاتووە! گەر بە شێوەیەکی قانوونی هەڵسوکەوتمان لەگەڵ بکرێت، ڕازین، بەڵام کامە قانوون؟ چون کۆی کارەکانیان غەیری قانوونییە و ئێمە خوازیارین ئەو شیرکەتە سەهامییانە لەناوبەرن و زەوییەکانمان بدەنەوە. ئێمە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین کە زەوییەکانمان زەوتکرێن، چون بەڵگەی خاوەندارییەتی زەوییەکانمان هەیە و لە قانوونیش‌دا نەگوتراوە کە دەتوانرێ مڵکی خەڵک زەوتکرێت.»

ئەم خەڵکە تا درەنگانی شەو لەبەردەم شیرکەتی سەهامی رەزا پەهلەوی کۆببوونەوە و لەسەر ماف و داخوازییەکانیان سووربوون.[3]

کرماشان

ڕاپۆرتی ئاسۆشیتێدپرێس لەمەڕ هاڵۆزییەکانی کرماشان باسی لە کوشتنی دوازدە کەس دەکرد. سەرچاوەیەکی فەرمیی ئەوەی بۆ ڕاگەیاندنی ئەمەریکی پشتڕاست کردبۆوە کە دەیان کەس لە تێکهەڵچوونەکانی کرماشان بریندار ببوون و دوازدە کەسیش کوژرابوون. ئەو سەرچاوەیەش وەک ڕاپۆرتەکانی پێشوو ئەوەی پشتڕاست کردبۆوە کە بینا لە کرماشان ئاگری تێبەردرابوو و دروشمی دژی حکومەت لە لایەن خەڵکەوە درابوو. ئاسۆشیتێدپرێس بڵاویکردەوە کە سەرەتا وەڵامی ڕێپێوانی جەماوەر لە لایەن پۆلیس‌ەوە بە گازی فرمێسکهێنەر وەڵامدرا و لە دوایی‌دا پۆلیس لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش پەنایان بۆ چەک برد و تەقەیان لە خەڵکی سیڤیلی کورد کرد.

کۆمەڵێک خەڵك لە کرماشان‌ەوە بەرەو تاران سەفەریان کردبوو و ڕووداوەکانیان گواستبۆوە. ئاسۆشیتێدپرێس بڵاویکردەوە کە کرماشان و ناوەندی نەوتی کرماشان بە تەواویی لەژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی حکومەتیدا بوو. لە ڕوانگەی ئەو ڕاگەیاندنە ئەمەریکییەوە کرماشان لە ئەو حەوتوویەدا هاڵۆزترین شاری ئێران بوو.

ڕاگەیاندنێک سەبارەت بە کوشتاری خەڵکی سیڤیلی کرماشان لە لایەن کەسایەتییەکی ئایینیش بڵاوکرا کە لەسەر بێتاوانی خەڵکی کرماشان پێداگریی دەکرد و داوایکردبوو چەکدارانی تاوانباری حکومەت سزادرێن.[4]

بۆکان

چل هەزار کورد لە بۆکان کۆبوونەوە. کوردەکان لە شارەکانی سنە، سەقز، بانە، مەهاباد، بناو و میاندواو ڕا چووبوونە بۆکان بۆئەوەی دوو قوربانی کوردی ئەو شارە بنێژن کە لە ڕێپێوان‌دا بە دەستی چەکدارانی حکومەت کوژرابوون. ڕۆژی شەممۆ، ڕێکەوتی ٣٠ی ٩ی ١٩٧٨ی زایینیی دەستەیەک لە قوتابییەکانی بۆکان لە شەقامەکانی ئەو شارەدا ڕێپێوانێکی هێمنانەیان بەڕێوەبرد. بەرپرسی شارەوانی بۆکان فەرمانی بە چەکدارانی حکومەت دابوو کە بڵاوە بە قوتابییەکان بکەن و ئەوانیش بۆ بەئەنجامگەیاندنی فەرمانی بەرپرسەکەیان پەنایان بۆ چەک و تەقەکردن بردبوو. گەنجێک بە ناوی «موحەممەد بەهرام‌پوور» کە خەڵکی میرئاوای بۆکان و پێشڕەوی قوتابییەکان لە ڕێپێوان‌دا بوو بە دەستی چەکدارانی حکومەتی پەهلەوی کوژرا. حەوت کەسیش لەو هێرشەدا بۆسەر قوتابیانی بێ‌چەکوچۆڵ برینداربوون کە بۆ نەخۆشخانەکانی تەورێز، سەقز و بۆکان گواسترابوونەوە کە یەک لەو حەوت بریندارە بە ناوی «کەماڵ حەمیدی» لەبەر قووڵبوونی برینەکانی مرد. کەماڵ گەنجێکی ١٧ ساڵانەی دەبیرستان بوو.

بە دوای ئەو ڕووداوە، بەرپرسی شارەوانی بۆکان بۆ لێپرسینەوە بۆ ورمێ بانگکرا. بەر لەوە کە ئەو کارەساتە ڕووبدات، خەڵکی بۆکان چەندین جاران داوای گۆڕینی ئەو بەرپرسەیان کردبوو. هەرچەند کە بە پێی سەرچاوەی حکومەتیی بڕیاری گواستنەوەی ئەو بەرپرسە درابوو، بەڵام ئەو بڕیارەیان ڕێک ڕۆژێک بەر لە ئەو کوشتارە دابوو و پێڕانەگەییشتبوون کە ئەو لەسەر پۆستەکەی لابەرن. بوونی ئەو لەو ڕۆژەدا بوو بە هۆکاری کوشتنی دوو گەنجی بێ‌چەک‌وچۆڵ. لێرە گرنگە کە خوێنەر سەرنج بخاتە سەر پڕۆگڕامی بەناو ڕێفۆڕمی موحەممەدرەزا شا کە چەندە سیاسەتێکی جیاوازی بەرانبەر کوردەکان بەڕێوەبردبوو کە نەخۆشخانەی بۆکان بواری پێڕاگەییشتنی بە حەوت بریندار نەببوو و ناچار نەخۆشیان بە برینی قووڵەوە بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان گواستبۆوە. ئەم جۆرە زانیارییانە کە سەرچاوەی غەیری‌کوردی هەیە، دەتوانن وەک داتای جێمتمانە کەڵکی لێ وەربگیردرێت بۆئەوەی بە سیاسەتی دیسکریمینەیشن و جیاوازیدانان بەرانبەر کوردەکان لە لایەن ناوەندوە بزانین.[5]


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت