کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ١٤

0
240

سۆران کەرباسیان

ڕێکەوتی ٣ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا ڕێکەوتێکی پڕ لە شانازییە و کوردەکان پێویستە بە سەربەرزییەوە یادی ئەو ڕۆژە بکەنەوە. ٣ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی یەکەم ڕۆژ لە مێژووی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌ە کە بەبێ ئەوەی پێشڕەو و هاندەرێکی حیزبی‌یان هەبێت، خۆیان لە شاری ئیلام هاتنە سەر شەقام و دژ بە حکومەتی پەهلەوی، دلێرانە دروشمیان دا.[1] کاتژمێر چوار و نیوی ئێوارەی ئەو ڕۆژە بەشێکی بەرچاو لە ژنان و یایە قوتابییەکانی کورد شەقامەکانی بەرق، سەعدی و خەیام‌یان گرت و ڕێپێوانێکی بەربڵاویان لەبەر چاوی چەکدارانی ئێرانی بەڕێوەبرد. دروشمەکان دژ بە دەوڵەت بوون و زۆری نەگرت کە کاریگەری لەسەر هەستی جەماوەر دانا. ژنانی ئیلام لەو ڕۆژەدا پێشڕەوی پیاوان بوون و پیاوەکانیان بۆ ڕێپێوان بانگهێشتکرد. چەند کاتژمێر دواتر، ڕێپێوانکەران بەبێ هیچ تێکهەڵچوونێک لەگەڵ چەکدارانی ئێرانی، بڵاوەیانکرد. چەند ڕۆژ بەر لەو ڕۆژەش لە ئیلام، ڕێپێوان دژ بە دەستهەڵاتەکەی موحەممەد رەزا پەهلەوی بەڕێوەچووبوو، بەڵام پێشڕەوبوونی ژنان لەو ڕۆژەدا ڕەنگ و وێنەیەکی جیاواز و جوانتری بە ئەو دەنگانە بەخشی کە خوازیاری لەسەرکارلاچوونی پەهلەوی بوون.[2]

لە هەمان حەوتوودا خوێندکارانی زانکۆی ورمێ ڕێپێوانیان کرد کە بەشێکیان لە لایەن حکومەتەوە دەستبەسەرکران. سەرۆکی زانکۆ لەوکاتدا دوکتوور موحەممەد سادق مۆبین بوو. ئەو کە پێشتر سەردانی خوێندەکارە زیندانیکراوەکانی کردبوو، بۆ هێورکردنەوەی دۆخی نالەباری زانکۆ و گەڕاندنەوەی هێمنایەتیی، ڕایگەیاند کە هەموو خوێندەکارەکان دەتوانن سەرلەنوێ لە ئیمتحان‌دا بەشداریی بکەنەوە. ڕاپۆرتێک کە لەمبارەوە لە ورمێ ڕا بۆ تاران ناردرابوو باس لەوە دەکات کە کەسانێک نەیانتوانیبوو لە ئیمتحانەکانی زانکۆدا بەشداربن. سەرۆکی زانکۆ وێڕای بەسەرکردنەوەی ئەوان، تەنانەت گوتبووی کە ئەو کەسانەش دەتوانن سەرلەنوێ لە ئیمتحان‌دا بەشداربن کە نومرەی قبووڵیان وەرنەگرتبوو. ئەو هەروەها باسی لەوە کردبوو کە ئەو چەکدارانەی پێشتر لە زانکۆ چاوەدێری ئاسایشی زانکۆ بوون لابردرابوون و بە پێویستی نەزانیبوو کە چی تر گاردی حکومەتیی لە زانکۆدا مابانەوە. مۆبین کە سەردانی خوێندەکارە زیندانیکراوەکانی کردبوو و لەگەڵ خوێندەکارەکانی زانکۆش قسەیکردبوو، نۆزدە پێشنیاری لە لایەن خوێندەکارەکانەوە پێ کرابوو و ئەویش زۆربەیانی قبووڵ بوو بۆئەوەی ئەتمۆسفێرێکی سالم بەسەر زانکۆدا زاڵبێت.[3]

لە خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش چەکدارانی پەهلەوی لە خۆڕەم‌ئاوا زەختیان لە جەماوەر کردبوو و توندوتیژی‌یان بەکاربردبوو، هەربۆیە مامۆستایانی ئەو شارەش لەگەڵ بەشێک لە خوێندەکاران مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. مانگرتنەکە لە خانووی مامۆستایان دەستپێکرا. مانگرتوان ڕایانگەیاند کە گەر چەکدارانی حکومەت واز لە جەماوەر نەهێنن و توندوتیژیی وەلانەنێن، چیتر ناتوانن لەسەر کلاسەکانیان ئامادەبن. بە دوای ئەو مانگرتنەدا هەموو خوێندەکارانی شار پشتیوانیی خۆیان دەربڕی. قوتابییەکانیش ناڕازیبوونی خۆیان لە باشنەبوونی کلاس و مەدرەسەکانیان بە داواکارییەکانی مانگرتوان زیادکرد. کچانی خوێندەکاریش لە مەدرەسەی شاهدۆخت و چەند مەدرەسەی دیکە ڕژانە سەر شەقام و لە پشتیوانیی مانگرتوان دروشمی دژە دەوڵەتی‌یان دا. چەند خوێندکارێک لەم ناوەدا بریندار بوون و بە دوای ئەو تێکهەڵچوونەدا مامۆستایان پێیان لەسەر داواکارییەکانی خۆیان داگرتەوە کە چەکدارانی پەهلەوی وازیان لە توندوتیژیی هێنابا. نوێنەری گشتیی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە بە ناوی عەتار لەگەڵ مامۆستاکان قسەیکرد و هەوڵیدا دڵی ناڕازیان بەدەستهێنێت. عەتار ڕایگەیاند کە گەر مانگرتن کۆتایی پێ نەیەت، خۆی و سەرۆکەکەی وازیان لە پۆستەکانیان دەهێنا. مانگرتوانیش لە وەڵامدا گوتیان کە هەتا داواکانیان بەجێ نەگەیەنن، واز لە مانگرتنی خۆیان ناهێنن.

دۆخەکە بە تەواویی لەو ناوچەیەدا لە حکومەت شێوابوو. لە دووروودیش بە هەمان شێوە دژ بە حکومەت مانگرتن و ناڕەزایەتیی، زەختی لەسەر حکومەت دانابوو و کوشتنی موحەممەد پایی و برینداربوونی پێنج کەسی لێ کەوتەوە. حکومەت لە هەموو لایەکەوە کەوتبوو ژێر زەخت و لە سترێسێکی بەربڵاودا دەستوپێسپیلکانە پەنای بۆ چەک دەبرد. دادئەستێنی دووروود بە ناوی نەمازی لێکۆڵینەوەی لە نێو شاردا کرد و لە دواییدا ئەو کەسانەی ئازادکرد کە دەستبەسەرکرابوون.[4]

پێشتر باس لە تێکهەڵچوون لە کرماشان کرا. لە درێژەی کارەساتەکانی ئەو شارەدا، سەرلەنوێ پێداگریی لەسەر داواکارییەکان کرا. پاش شەش ڕۆژ مانگرتن، داواکاریی مامۆستایانی کرماشان بەجێ گەیەندرا و هەربۆیە مامۆستاکان دەستیان لە مانگرتن کشاندەوە. مامۆستاکان بە دوای ئەم دەستکەوتە یەکەم کۆبوونەوە و دانیشتنی خۆیان ئەنجامدا و لەسەر دەستووری ناوخۆیی خۆیان و گۆڕانکارییەکانی قسە و باسیان کرد و لە کۆتاییدا پێشنووسی دەستوورەکەیان لە ٣٢ مادە و هەشت بەنداندا بە هەندێک وردەکارییەوە بڵاوکردەوە.

موحەممەد رەزا پەهلەوی سەرلەنوێ پەنای بۆ دانی پارەی زۆرتر بە کارمەندانی دەوڵەتیی بردەوە و ڕایانگەیاند:

«داهاتی هەموو کارمەندەکانی دەوڵەت زیاد دەکرێت.»

لە ڕاگەیاندنی فەرمی لێژنەی وەزیران دان بەوە نرابوو کە پێشتر سیاسەتی جیاوازیدانان لە بەرنامەی کاریاندا بوونی هەبوو، چون لە یەکەم خاڵ‌دا نووسرابوو:

«لەناوبردنی جیاوازیدانان و دامەزراندنی لایەنگرانە.»[5]

پەهلەوی گەرەکی بوو لە ڕێگەی سەرنجدانی زۆرتر بە دۆخی ژیانی کارمەندەکانی وڵات، ئەو چینە کە ڕێژەیەکی زۆریان هەبوو بۆ لای خۆ ڕابکێشێت و لە دەنگی ناڕازییەکان کەم بکاتەوە، بێ‌خەبەر لەوە کە حیزبە ئۆپۆزۆسیۆنەکان ڕیشەیان دە نێو ئەو چینەدا بە جوانیی داکوتابوو.

ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو زەمەنە دیاریکراوەدا باس لە خەباتێکی شارستانیی بەربڵاو لە نێو کوردەکان دەکات، خەباتێک کە یەکگرتوویی ئەوانی پێوە دیارە.


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت