کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ١١

0
200

سۆران کەرباسیان

یەک لە تاکتیکەکانی پەهلەوی بۆ هێورڕاگرتنی کوردستان، بەوەزیرکردنی کوردێک بووکە بە بنەماڵەوە پتر لە نیو سەدە لە خزمەت پەهلەوییەکان‌دا بوون.

‘Elî Qullî Erdellan

عەلی قوڵی ئەردەڵان ئەو کوردە سنەییە بوو کە لە سەرەتای پاییزی دوایین ساڵی دەستهەڵاتداری موحەممەد رەزا پەهلەوی لە لایەن پەهلەوی‌یەوە لە جیاتی «ئەمیر عەباس هۆوەیدا» کرا بە وەزیری دەرباری پەهلەوی.[1]،[2] حکومەتی ناوەندی هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە خاکی کوردستانیان بەسەردا بەش کراوە، زۆرجار لەو تاکتیکە کەڵکیان وەرگرتووە، بەڵام وریابوونی کوردەکان ڕێگەی نەداوە کە دڵ بە بەوەزیرکردنی کوردێکی گوماشتە خۆشکەن و خۆیان بە بەشێک لە حکومەتە داگیرکەرەکان بزانن.

سەرەتای پاییزی ساڵی ١٩٧٨ی زایینی گۆڕانکارییەکانی پەهلەوی زۆرتر بوون، بەڵام شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بە ڕادەیەک گەییشتبوو کە بەم گۆڕانکارییانە پێشی پێ نەدەگیرا.

حکومەت خشتەی ماڵیاتی نوێکردەوە، بە شێوەیەک کە بەشێک لە جەماوەر و پیشەکان لە دانی ماڵیات مەعافکران و بە گشتیی ماڵیاتی هەموو پیشە و تاکەکان کەمکرا.[3] هاوکات پەهلەوی ئەو باسەی لە ڕاگەیاندنەکان‌دا بڵاوکردەوە کە حیزبەکەی (حیزبی ڕەستاخیز) بمێنێتەوە یان نا؟[4]

لە پاییزی دوایین ساڵی دەستهەڵاتداریی پەهلەوی‌دا گۆڕانکارییەک وەبەرچاوکەوت کە لەوە دەچێت پلانداڕێژڕاو بووبێت. پێشتر نەبینرابوو کە لە ڕاگەیاند‌دا باسی ئێعدامکردنی تاوانباران بکرێت، بەڵام لەو وەرزە ڕا بە تیتری زەق و بە نووسینی درشت باسیان لە ئێعدامکردنی تاوانباران دەکرد، کە لەوە دەچێت بە مەبەستی تۆقاندنی ناڕازییان ئەوکارەیان کردبێت.[5] سێهەم ڕۆژی پاییزی ١٩٧٨ی زایینیی سەرلەنوێ باسی کۆکردنەوەی حیزبەکەی شا کراوە. گەڵاڵەیەک لەم بارەوە بۆ پەسەندکردن ئامادەکرا و خسترا بەر چاوی ڕای گشتیی.[6] ڕۆژی دوایە بە فەرمیی ڕاگەیەندرا کە هیچکام لە ئەندامانی بنەماڵەی پەهلەوی مافی ئەوەیان نەماوە کە دەست لە کاروباری دەوڵەتی و ئابووری وەردەن.[7] هەر لەم بارەوە ڕاگەیەندرا کە هەموو ئەو دەستهەڵاتانەی کە پێشتر بە خزم و کەسی شا درابوون، ڕاگوێزی ئۆرگانە پێوەندیدارەکان کران.

پەهلەوی لەو زەمەندا لەگەڵ کێشەی جددی بەرەوڕوو ببۆوە. ئەو جیا لە کێشەی حکومەت و پاشەکشەی بەردەوام لە بەرانبەر جەماوەری ناڕازیدا، وێڕای ئەوە کە نەیتوانیبوو هێمنی وڵات بپارێزێت، پتر لە ١١٠٠ کەسیشی لە ڕێگەی حکومەتی نیزامی‌یەوە لە زیندان کردبوو.[8] لە پەنای هەموو ئەو گرفتانەش، شالوولەی گازی ئێران لە نزیک شاری ساوە تەقییەوە و خەسارێکی زۆری لێ کەوتەوە.[9] حکومەت سەرلەنوێ لابردنی ماڵیاتی لەسەر سێ ملیۆن کرێکار بە تەواویی و بۆ هەتاهەتایە بڵاوکردەوە. هۆکاری ئەم بڕیارەشیان بۆ کەمبوونی داهاتی ئەو سێ ملیۆن کرێکارە گەڕاندەوە.[10]

خوێندەکارە ئێرانییەکانی هەندەران لە هاوینی ئەو ساڵدا لە زۆر وڵات ڕێپێوانیان دژ بە پەهلەوی ئەنجام دابوو. لە پاییزی ١٩٧٨ حکومەت ڕایگەیاند کە هیچ خوێندەکارێک لە ئەگەری گەڕانەوە بۆ ئێران دەستبەسەر ناکرێت.[11] دەقێکی نوێی قانوونیش لە پێوەندی بە شێوەی دامەزرانی حیزب و بەڕێوەبردنی میتینگ و ڕێپێوان پێشکەش بە پارڵەمان کرا.[12]

ڕێکەوتی ٢ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی هەواڵی ڕێپێوان و تێکهەڵچوون لە شاری ورمێ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو بۆوە. ڕێپێوان لەو بەشەی کوردستان لە بەیانی ڕۆژی پێشوو دەستیپێکردبوو و هەتا کاتژمێر ١٨ درێژەدرابوو. ناڕازیان لە شەقامەکانی فەرەح، ئێقباڵ و داریووش دروشمیان لە دژی حکومەت دا. چەکدارانی حکومەت بە مەبەستی بڵاوەکردن بە خەڵک، لە شەقامی فەڕەح ڕژانە نێو جەماوەری ناڕازی و لە ئەنجامدا لەگەڵ جەماوەر تووشی تێکهەڵچوون بوون. چەکدارانی پەهلەوی گازی فرمێسکهێنەریان دە خەڵکی گرت و تەقەیان لە حەوا دەکرد. یەک لە ڕێپێوانکەرەکان گوللەی لە دەستی کەوت و نزیکەی کاتژمێرێک دوایە بڵاوە بە خەڵک کرا.[13]

لە هەمان ڕۆژدا لە کرماشان کارەساتێکی زۆر بێوێنە ڕوویدا. لە کرماشان چەند مرۆڤی بێچەک و سیڤیل بە دەستی چەکدارانی پەهلەوی کوژران.[14] لە ژێرەوە کورتەیەک لەو ڕاپۆڕتە ئامادەکراوە:

شەوی پێشوو لە ڕێپێوانی کرماشان‌ سێ کەس کوژران و سی و یەک کەس بریندار بوون. لەو ٣١ کەسە شەش کەسیان چەکداری حکومەت بوون.

کاتژمێر ١٦ی دوێنێ نێوەڕۆیە شەقامەکانی دەوروبەری مزگەوتێکی کرماشان پڕ بوو لە خەڵک. مامۆستایانی ئایینی لەوێ ئامادە بوون و داوایان لە جەماوەر کرد کە ڕێپێوانێکی هێمن و ئارام بەڕێوەبچێت.

ناڕازیان بە تەما بوون بەرەو مزگەوتی گشتیی بڕۆن، بەڵام لە ڕێگادا کە لە بەردەم بینای پارێزگای کرماشان تێدەپەڕین، ئەو بینایەیان بەردەباران کرد و هێرشیان بردە سەری. پۆلیس گازی فرمێسکهێنەری بە خەڵکدا کرد، بەلام خەڵک پاشەکشەی نەکرد و لە بەرەنگاربوونەوەی چەکدارەکانی حکومەت هێرشیان بردە سەر نۆ دانە بانک و سینەمای دیانا. جەماوەر و چەکدارانی حکومەت دەستیان لە ملی یەکتر نابوو و هەتا کاتژمیر ٢٣ لە تێکهەڵچوون بەردەوامبوون.

ئەو نۆ بانکەی کە ئاماژەی پێ کرا، بانکەکانی ئێران و هۆلەند، ئیرانشار، عۆمڕان، پارس، سێپەه، بازەرگانی، سادێرات و میللی بوون. کۆمەڵێک دوکان و مەشرووبفرۆشیش لەو شەوەدا ئاگریان تێبەردرا. نزیکەی هەشت هەزار کەس لەو ڕێپێوانەدا بەشدارییانکرد. لە کاردانەوەی ئەم هەڵس‌وکەوتەی چەکدارانی حکومەت، مامۆستایانی کرماشان مانیان گرت و قوتابخانەکانی ئەو شارەش نیوە تەحتیل بوون.

حکومەت لەو ڕۆژەدا بە تەواویی لە کوردستان‌دا لەژێر زەختێکی بێوێنەوەی کوردەکان‌دا بوو. مامۆستایان و قوتابییەکانی شاری بانە لەو ڕۆژەدا بە گشتیی ڕێپێوانی خۆیان دژ بە شا ئەنجامدا. دروشمە سەرەکییەکانی کوردەکان لە بانە بریتی بوون لە ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان، جیاکردنەوەی هێزەکان لە یەکتر، بەڕێوەبردنی بنەماکانی دەستووری بنەڕەتیی، دەرکردنی کارناسانی بیانیی و چەند دروشمێکی دیکە. لە کۆی ئەو ڕێپێوانەی شاری بانە‌دا کە لە سەرەتای شەقامی فەرمانداری‌یەوە دەستیپێکرد و تەواوی شەقامەکانی ئەو شارەی بەسەرکردەوە، نوێنەری کوردەکان گوتاری خۆیان پێشکەش کرد. ڕێپێوانی شاری بانە خەساری گیانی و ئابووری لێ نەکەوتەوە و بە شێوەیەکی هێمنانەتر لەچاو ورمێ و کرماشان بەڕێوەچوو.[15] جیا لەمانە لە سێ شاری دیکەش مامۆستایانی کورد لە دژی حکومەت مانیان گرت. مامۆستایانی قەسری شیرن، سەپێڵی زەهاو و شائاباد دەستیان لە کارکردن کێشاوە و هۆکاری مانگرتنیشیان بۆ پرسی ماف و چۆنییەتی ژیانیان گەڕانەوە. قوتابخانەکان لەو سێ شارە داخران و سەرەڕای ئەوە کە هەوڵێکی زۆر بۆ شکاندنی مانگرتنەکەیان درا، بەڵام مامۆستایان گوێیان نەدا و درێژەیان بە مانگرتنی خۆیان دا.[16]

کوردەکان لەو ڕۆژەدا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەتا باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنگیان بەرز بوو. حکومەت بۆئەوەی نەکا لە کوردستان تووشی گرفتی زۆر جددیتر بێت و لە ترسی ئەو خوێنانەی کە ڕژابوو، ١٦ کەسی لەو کوردانەی مەهاباد ئازاد کرد کە بە تاوانی دەستتێوەردان لە کاروباری سیاسیی گیرابوون و قەراربوو لە دادگای نیزامی ورمێ‌ دادگایی بکرێن. ئەو ١٦ کەسە بریتی بوون لە:[17]

حەسەن ماوەڕانی، عومەر قازی، سەید موحەممەد نیزامی، ئەحەد ئەنجیری، موحەممەدئەمین چیڕە، قاسم چیڕە، قادر ماوەڕانی، هوشیار ئیمامی، پۆڵا نانەوازادە، تاهیر فەرزاد، قاسم ڕیانی، حوسێن بەخشی، خۆسرەو خۆسرەوی، سەید خزری و عەزیم مۆوەفەقی.


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

وەڵامێک بنووسە