کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی دەیەم

0
163

سۆران کەرباسیان

لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی‌یەوە، بیست و پێنجی خەرمانانی هەر ساڵێکی کۆچی هەتاویی، ڕۆژێکی گرنگ و نەتەوەیی بۆ کوردەکان و فارسەکان بوو. بیست و پێنجی خەرمانانی فارسەکان لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینیی بۆ هەتاهەتایە بە مێژوو سپێردرا و چیتر بایەخی نەماوە.[1]

بیست و پێنجی خەرمانانی فارسەکان بۆیە جێژن دەگیرا، چون پاش ئەوە کە زلهێزان باوکی موحەممەد رەزا پەهلەوی‌یان لە ئێران دەرکرد، موحەممەد رەزایان لە جیات باوکی کرد بە پاشای ئێران.[2] بیست و پێنجی خەرمانانی فارسەکان چیتر بایەخی مێژوویی نەماوە و پاش ئەوە کە موحەممەد رەزا پەهلەوی لە ئێران چوو دەرێ، ئیتر جێژن نەگیراوە.

بیست و پێنجی گەلاوێژی کوردەکان ئەو ڕۆژەیە کە بە شێوەیەکی مۆدێڕن بناخەی ناسیۆنالیزمی کوردستان داڕێژرا[3] و هەتا ئێستاش لای کوردەکان هەر وەک بۆنەیەکی گرنگی مێژوویی دێتە ئەژمار. بیست و پێنجی خەرمانان‌یش ئەو ڕۆژە گرنگەیە کە بە تێبینییەوە لە لایەن دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان بۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ هەڵبژێردرا.

لە ڕاستیدا نووسەران و لێکۆڵەران سەرنجی ئەم گرنگەیان نەداوە کە سەرەڕای ئەوە کە ڕۆژی بیست و پێنجی گەلاوێژ بۆ ڕاگەیاندن و ناساندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان هەڵبژێردرا، چما نیشتمانپەروەرانی کورد لە ٢٥ی خەرمانان، کۆبوونەوەی گرنگی خۆیان پێکهێنا؟! هەڵبژاردنی ئەو ڕۆژە، هەڵگری پەیامێکی گرنگی سیاسیی کوردەکانە و نیشتمانپەروەرانی کورد زۆر بە تێبینییەوە ئەو ڕۆژەیان وەک پەیامێکی سیاسی هەڵبژارد کە لایەنی سایکۆلۆژیشی هەبوو. لە ڕاستیدا کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان بەر لەو کاتیش بوونی هەبوو، بەڵام بە تێبینییەوە لەو ڕۆژەدا کە یەکەم ساڵوەگەری بەپاشایەتیگەییشتنی موحەممەد رەزا بوو، ئەو کۆبوونەوە گرنگە گیرا.

نووسەر و لێکۆڵەری کورد، سەید موحەممەدی سەمەدی لە زمانی یەک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان بەم شێوەیە ئەم مێژوویەی تۆمارکردووە:

«ئەو تین و مەیلە لە ٢٥ی شەهریوەری ساڵی ١٣٢١ی هەتاوی ڕێکەوتی ١٦ی سپتامبری ١٩٤٢ شکڵی گرت. ئەو ڕۆژە لەگەڵ پۆلێک چووینە باغی ئەمینولئیسلامی کە هەر ئێستا نەخۆشخانەی (مبارزە با سل)ی مەهاباد لەوێ هەڵکەوتوە و …»[4]

موحەممەد رەزا پەهلەوی لە دوایین جێژنی ٢٥ی خەرمانانی ژیانی‌دا، مانۆڕێکی بەرچاوی سیاسیی گێڕا. لەو ڕۆژەدا لە هەموو ئەو بلاوکراوانەی کە سەر بە سیستەمی تاکڕەوی ئۆتۆکراتی پەهلەوی بوون، کەڵک وەرگیرا بۆئەوە پەهلەوی مێژووی دابەشبوونی ئێران و مەترسیی لەدەستدانی ئازەربایجان و کوردستان‌ زیندوو بکاتەوە و هەوڵدات لەو ڕێگەوە سەرنجی نەتەوەی فارس بۆلای خۆی ڕابکێشیت. لەو ڕۆژەدا باسی ئەوە کرا کە کوردستان گەرەکی بوو لە ئێران جیا بێتەوە و شا گەڕانەوەی کوردستانی بۆسەر خاکی ئێران وەک یەک لە شانازییەکانی دەستهەڵاتداریی خۆی ناساند.[5]

لە دوایین بیست و پێنجی خەرمانانی دەستهەڵاتداریی پەهلەوی کوڕدا، هاوکات کە شا خەریکی مانۆڕلێدان لەسەر ویستی جیاییخوازی کوردەکان و ترکەکان بوو، نۆ کەس لە تەورێز شەتڵانی خوێن کران.[6] لە مەهابادیش دەرەجەدارێکی حکومەت کوژرا.[7]

لە تەورێز ترکەکان کە بە دژی شا لەسەر شەقام ڕێپێوانیان دەکرد، دوو کەس لە ترکەکان لە لایەن چەکدارانی حکومەتەوە کوژران. کەسێکی بێتاوانیش کە ڕێبوارێکی ئاسایی بوو وەبەر گوللە کەوت و کوژرا. ترکەکانیش لە بەرانبەر ئەو هێرشەدا دەستیان کردەوە و شەش بەرپرسی حکومەتەکەی پەهلەوی‌یان لەو ڕۆژەدا کوشت.[6]

لە مەهاباد دەرەجەدارێکی ئەڕتەش دە ماڵی خۆیدا کوژرا. حکومەت چەند کوردێکی لە نزیکی ماڵی ئەو ئەڕتەشییە دەستبەسەرکرد، بەڵام پاش چەند کاتژمێر ئازادکران. هۆکاری ئازادکردنی کوردەکان بۆ ئەوە دەگەڕاوە کە برای دەرەجەدارەکە وەک بکوژی براکەی ناسرابوو کە لەگەڵ براژنەکەی کەینە و بەینەی تایبەتیی هەبوو. هەر ژنی قوربانیش بوو کە ڕاستییەکانی کوشتنی مێردەکەی بۆ پۆلیسی مەهاباد باسکردبوو.[8]

دەوڵەتی شەریف‌ئیمامی لەو ڕۆژەوە متمانەی خۆی لە پارڵەمانەکەی شا وەرگرت. هەر لەو ڕۆژەشدا شەریف‌ئیمامی لەسەر ئازادکردنی زیندانییەکان و کەمکردنەوەی ماوەی حکومەتی نیزامی لە پارڵەمان قسەیکرد.[9] دروشمی هەرە بەرچاوی دەوڵەتەکەی شەریف‌ئیمامی «ئاشتیی لەگەڵ هەموو گرووپە سیاسییەکان لەسەر بنەمای دەستووری بنەڕەتیی» بوو، بەڵام بەرنامەی ئاشتی دەوڵەت، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان (ئێران) و ڕێکخراوی تازەدامەزراوی کۆمەڵەی لەخۆنەدەگرت.

شا پێشتر بەڵێنیدابوو کە دژایەتیی گەندەڵیی بکات، بەڵام دەستبەسەرکردنی بەرپرسان و گەندەڵان زۆرتر لە تۆڵەسەندنەوە دەچوو، چون شا زۆرتر کەسانێکی بە تاوانی گەندەڵی دەستبەسەردەکرد کە ئیتر لەسەر دەستهەڵات نەمابوون و زۆرتر لەوە دەچوو کە هاوڕای شا نەبوون.[10]

شەریف‌ئیمامی چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێرانی ئازاد کرد. پێشتر موحەممەد رەزا پەهلەوی بەشێکی بەرچاوی لە کەسایەتییە ناسراوەکانی ئێرانی دەستبەسەرکردبوو کە لە پێناو مافەکانی مرۆڤ لە ئێران‌دا خەباتیان دەکرد. بەرچاوترین کەسایەتیی ئەو گرووپە کە لە سەرەتای دەوڵەتەکەی شەریف‌ئیمامی‌دا ئازاد کرا، مێهدی بازەرگان بوو.[11] بازەرگان ئەوکات سەرۆکی گرووپی «بەرگریی لە مافەکانی مرۆڤ» لە ئێران‌دا بوو کە لە دواییدا بوو بە یەک لەو بەرپرسانەی خەلکی سیڤیلی کوردستان‌ی لەژێر دەستهەڵاتیدا بە کۆمەڵ کوژران.[12]

شەریف ئیمامی هەر لە سەرەتای دەستهەڵاتەکەیەوە لەگەل کۆمەڵێک کێشە بەرەوڕوو بۆوە. جیا لەو کێشانە ، بوومەلەرزەی تەبەس‌یش شۆکێکی گەورەی لە دەولەتەکەی ئەو دا و خەسارێکی ئابووری و مرۆڤی زۆری لێ کەوتەوە. کۆتایی مانگی خەرمانان دەکرێ بە یەک لە زەمەنە مێژووییەکان ناو ببردرێت، چون لەو کاتەدا بوو کە بۆ یەکەمجار قانوونیبوونی سەربەخۆیی زانکۆکان لە ئێران‌دا مسەوگەر بوو.[13] زانکۆکان و خوێندەکاران دەستێکی باڵایان لە سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران و لەسەرکارلابردنی بنەماڵەی پەهلەوی هەبوو.


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت