کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی نۆیەم

0
111

سۆران کەرباسیان

شاری کرماشان کە ناسنامەیەکی چەندین هەزار ساڵەی کوردستانی‌ی هەیە، لە لایەن دوو سیستەمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی‌یەوە سەرنجی تایبەتیی پێ دراوە. هەر دووک دەستهەڵات هەوڵیان داوە کە لە فاکتەری بە زۆرینە شێعەبوونی خەڵکی ئەو بەشەی کوردستان کەڵکی نادروست بە زەرەری کوردستان و لە قازانجی خۆیان وەرگرن. جیا لەو سیاسەتانەی کە پەهلەوی باوک لە کرماشان بەڕێوەیبرد، پەهلەوی کوڕیش زۆری هەوڵدا بۆئەوەی لە شیعەبوونی کوردەکانی کرماشان وەک فاکتەرێکی ئێرانیبوون کەڵکوەرگرێت. پەهلەوی بە تایبەتیی مەلاکانی ئەو شارەی دەستنیشاندەکرد، بۆئەوەی لە ڕێگەی مەلاکانی خۆیەوە کاریگەریی بەرچاوی لەسەر خەڵکی کرماشان هەبێت.[1] ئەوەی کە سەرنجڕاکێشە، هەمان هەوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمەڕ کرماشان بوونی هەیە. حکومەتی ئێستای ئێرانیش هەموو داواکارییە ئێتنیکییەکانی کورد لە کرماشان لە کاتی ڕووخانی سیستەمی پاشایەتیی سانسۆڕ دەکات و هۆکاری شۆڕشگێڕی خەڵکی کرماشان لە دژی پەهلەوی بە دین و ڕێبازی ئایینیی ئەوان گرێدەدەنەوە.[2] بەرپرسێکی بالای حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندبوو کە کرماشان بۆ ڕووخانی سیستەمی پەهلەوی ٩٩ شەهیدی دابوو.[2]

لە کاتێکدا کە موحەممەد رەزا پەهلەوی گەرەکی بوو هێمنی وڵات بە هەندێک سیاسەتی جیاواز و هەڵبژاردنی بەرپرسانی نوێ و کاراکتەری لیبێڕاڵ بپارێزێت، چەند هەزار توریست لە کرماشان تووشی کێشەیەکی گەورە بوون. نزیکەی ١٥٠٠ شۆفیری ئەو شارە کە بەرپرسیارەتی هات‌وچوێ‌ی توریستەکانیان لەسەرشان بوو، لەبەر درگای فەرمانداری شار کۆبوونەوە و مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. کۆمەڵێک سیاسەتی جیاواز لە ناوەندەوە بەرانبەر کرماشان هەبوو کە لەو مانگرتنەدا دەستنیشانکران و ڕایانگەیاند کە هەتا حکومەتی پەهلەوی داواکارییەکانیان بۆ جێبەجێ نەکات، ئامادە نەدەبوون درێژە بە کارەکەیان بدەن.[3]

تاران کە بە جددی لە فکری چارەسەریی پرسی مانگرتنی کرماشان کەوتبوو، هاوکات ڕایگەیاند کە لە حیسابی ڕابوردووی کەسایەتییەکان ورد دەبێتەوە.[4] ئەمە وەک بەشێک لە سیاسەتی پاکتاوی گەندەڵیی لە ئێران‌دا بوو.

لەم بەرنامەیەدا دەوڵەت کۆمەڵێک خاڵ لەبەرچاو گیرابوو کە ئەمانەی ژێرەوە گرنگترینیان بوون:

١) بەرپرسیارەتیی دەوڵەت

٢) هەڵبژاردنی ئازاد

٣) ئاوەدانکردنەوە لە گوندەکان

٤) زەختی ماڵیات و پێداچوونەوەی

٥) دەستتێوەردان لە سیستەمی داد[4]

جیا لەمانە خاڵی دیکەش هەبوون، بەڵام کاریگەریی کەمتریان لەسەر دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک دانابوو، چون لە دروشم و داواکارییەکاندا کەمڕەنگتر بوون.

دەوڵەتی تازەی شەریف‌ئیمامی کە بەڵێنی ئازادکردنی کۆمەڵێک زیندانی دابوو، پاش ئازادکردنی بەشێکی بەرچاو لە زیندانیانی ئاسایش، لیستی ناوی ٣٣٣ کەسی لەو زیندانییە تایبەتییانە بلاوکردەوە کە ئازادکرابوون.[5] هاوکات چەند کەس لە بەرپرسانی ناسراوی حکومەتیش دەستبەسەرکران کە بە تۆمەتی کەڵکینابەجێوەرگرتن لە پۆستەکانیان تاوانبار کرابوون.[6] پەهلەوی زۆر بە جددی خەریکی خۆخڕکردنەوە بوو و ڕایگەیاند کە بۆ سازکردنی خانووی کرێکاران قەرزی بیست سالە بە بەهرەی ٥٪ی دابیندەکات.[7] هەموو ئەم گۆڕانکارییانە کە لە چەند مژاری پێشوودا باس کراون، لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەی کە لە سیاسەتی پەهلەوی‌دا لەم مژارەدا دەستنیشان کران، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن کە ڕێفۆڕمی شا تەنیا ویترینێکی زەرق و بەرقداری پەهلەوی بۆ چەواشەکردنی پرسەجددییەکانی ئێران بوون. گەر شا بە ڕاستیی بە درێژایی ئەو ساڵانەی بە ڕواڵەت خەریکی ڕێفۆڕم بوو دڵسۆزانە گۆڕانکاری بنەڕەتیی کردبا و بە پێچەوانەی سیاسەتی باوکی لە ئاست نەتەوەکانی ئێران هەنگاوی جددی هەڵهێنابا، بە دڵنیاییەوە ئەگەری شۆڕشی ١٩٧٩ یان شێوە و کاتی بەڕێوەچوونی دەگۆڕدرا و بەوجۆرە نەدەبوو کە بەسەریهات و وەک کۆتایی مێژووی پەهلەوی لە مێژوودا تۆمارکرا. دروستە کە هێشتاش گرووپە لایەنگرەکەی پەهلەوی باس لە نادروستبوونی شۆڕشی ١٩٧٩ دەکەن، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون لەم هەمووە باجدانەی موحەممەد رەزا شا ورد ببنەوە و جارێک ئەم پرسیارە دابڕێژن کە چما پەهلەوی دانی بەم هەمووە ناعەداڵەتییە و پێشێلکردنی دێمۆکراسی‌ی دانا و هۆکار چیبوو کە پەهلەوی بەردەوام لە هەوڵی گۆڕانکاریی سیستەم و قانوون بوو؟!

بابەتێک لە ڕۆژنامە‌دا کە وێنەکەی لە سەرەوەی ئەم مژارەدا دەبیندرێت، لە دوو ژماراندا بە چاپ گەییشت.[8] لەو مژارەدا ئاماژە بە بێکاری و نەبوونی بواری جۆراوجۆر لە کوردستان و کەمبوونی پێداویستییەکانی ژیان کرابوو. واتە گەر تەنیا لەسەر ئەم مژارە بمانهەوێت هەڵسەنگاندنێک لەسەر سیاسەتی پەهلەوی لەمەڕ کوردستان بکەین، بەو ئامانجە دەگەین کە ڕێفۆڕمی پەهلەوی پەرەسەندنی کشت و کاڵ و سیاسەتی ئاو لە کوردستانی لەخۆ نەگرتبوو.

هاوینی ١٩٧٨ی زایینیی، مانگرتن و وەستانی کارەکان لە زۆربەی شارەکانی ئێران‌دا دەبیندرا، بەڵام دەوڵەت سیاسەتێکی ڕەنگاوڕەنگی بەرانبەر جۆری مانگرتنەکان هەبوو. هاوکات ئاوڕدانەوەی ئەو جووڵانەش لە لایەن حکومەتەوە جیاواز بوو. بۆ وێنە لە مێژووی پەهلەوی دووهەمدا ئاسایی نەبوو کە ٢٤ فڕینی فڕۆکە لە ڕۆژێکدا تێکچێتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوە کە بە ڕای گشتیی دەگەیەندرا، ڕای گشتیی لە هۆکاری نەفڕینی ئەو هەمووە فڕۆکەیە ئاگادار نەدەکرا.[9]

پێشتر باس لەوە کرا کە حکومەتی نیزامیی لە تاران و چەند شاری دیکە ڕاگەیەندرابوو. دواتر لە ڕێکەوتی ١٢ی ٩ی ١٩٧٨ی زایینیی دەقی تەواوی قانوونی حکومەتی نیزامیی بەچاپگەییشت بۆئەوەی هەموو شارومەندێکی ئێران ئاگاداری هەڵس‌وکەوتەکانی خۆی بێت.[10]

پەهلەوی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیاسەتی حکومەتی نیزامیی ڕانەگەیاند. ئەو دەیزانی کە کوردەکان دژکردەوەیان بەرانبەر ئەو کارەی دەبیت و هەربۆیە سیاسەتێکی جیاوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەبرد. بەڵام ئەوە بەو واتایە نەبوو کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەروا بەجێهێڵێت. ئەو لە کاتێکدا کە سیاسەتی هەڕەشە و حکومەتی نیزامیی لە ناوچە غەیری کوردستانییەکان بەڕیوەبرد، هەوڵیدا بە هەندێک گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا، کوردستان بەرەو هێمنیی ببات.  ئەو گۆڕانکارییانەی کە شا لە بەشێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامیدان، بریتی بوون لە:[11]

١) موحسینی شافیعی کرا بە فەرمانداری نەغەدە

٢) عەبدوڵڵا دووستدار کرا بە فەرمانداری سەڵماس

٣) حەسەن موحسینی کرا بە فەرمانداری پیرانشار

٤) فەتحوڵڵا شەقاقی کرا بە فەرمانداری سەردەشت

٥) مەنووچێهر نیک‌نەفس کرا بە بەخشداری شنۆ

٦)  مستەفا ڕەحیم‌زادە کرا بە شارەداری پیرانشار

٧) جەهانگیر سانی کرا بە سەرۆکی گشتیی دادگاکانی پارێزگای ورمێ

ڕوون نییە کە ئەم گۆڕانکارییانە بە چ هۆکارێک و بە چ مەبەستێک ئەنجام دران، چون زۆربەی ئەو کەسانەی ناویان هێنرا، پێشتر بەرپرسیارەتیی هاوشێوەیان هەبوو. بۆ نموونە دووستدار پێشتر فەرمانداری پیرانشار بوو. موحسینی پێشتر فەرمانداری سەردەشت بوو. شەقاقی پێشتر بەخشداری شنۆ بوو و نیک‌نەفس‌یش پێشتر جێگری فەرمانداری مەهاباد بوو.

ڕاگەیاندنێکی فەرمی حکومەتیش لەو زەمەندا بڵاو بۆوە کە خەڵکێکی زۆری ڕۆژهەلاتی کوردستانی لەخۆ دەگرت. بە پێی قانوونێکی نوێ کە حکومەتی پەهلەوی پێشکەشی پارڵەمانی پەهلەوی کرد و پەسەندکرا، ئەو کەسانەی کە لە نێوان ساڵەکانی داگیرکردنی ئێران و دوای شەڕی دووهەمی جیهانی لەدایکببوون، لە خزمەتی سەربازی عەفوکران.[12]

بە دوای ئەم گۆڕانکارییانەدا دیسان پەهلەوی ئاوڕی لە مامۆستایان داوە. پێشتر ئاماژە کرا کە شا دوو جاران بە دۆخی مامۆستایان ڕاگەییشت. ئەمجارە پەهلەوی ڕایگەیاند کە هەتا پێنج ملیۆن ڕیاڵ قەرز بە مامۆستایان دەدات بۆئەوەی خانووی پێ سازکەن.[13]

لە کۆتایی ئەم بەشەدا پێویستە خوێنەر لە خاڵێکی گرنگ ئاگادار بکرێتەوە کە لە بابەتی ژمارە یەکەمدا ئاماژەی پێکرا. لە کۆی ئەم ماوەیەدا و مانگ بە مانگ کە شا لە شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران نزیکتر دەبۆوە، سیاسەتی دژەئیسرائیلی موحەممەد رەزای باوکئاسا زەقتر و بەرچاوتر دەبوو. ژمارەیەکی تایبەتی ڕۆژنامەکانی ئەوکات بۆ ئاماژەکردن دروست نییە، چون لە هەر چەند ژمارەیەک، دانەیەکیان بە خەستیی خۆی لەم باسە دابوو و لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بابەت بەچاپدەگەییشت. بنەماڵەی پەهلەوی بڕوادارانە دژایەتیی حکومەتی ئیسرائیل‌یان دەکرد.[14]


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت