کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی حەوتەم

0
150

سۆران کەرباسیان

مانگی جوولای ساڵی ١٩٧٨ی زایینی دەکرێ وەک مانگی ڕابوونی حکومەتی پەهلەوێ ناودێر بکرێت. هۆکاریش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆربەی گۆڕانکارییەکان لەم مانگەوە بە جددی دەستی پێکرد. دەوڵەت لەم مانگەوە بە کردەوە هەنگاوی بۆ چاکسازیی، خزمەتگوزاریی زۆرتر و ڕێزگرتن لە ئازادی خەڵک هەڵهێنا. بەرپرسانی باڵای حکومەت بە پێچەوانەی پێشتر، لەم مانگەدا خۆیان زۆر کەمتر لە ڕاگەیاندنەکاندا دەرخست و هاوکات بڕیارەکانی حکومەت لەمەڕ خزمەتگوزاری و دانی ئازادیی زۆرتر بەڕێوەچوون و لە ڕاگەیاندنەکاندا باسیان دەکرا.

٢٩ی ٧ی ١٩٧٨ی زایینی بابەتێکی جددی لەمەڕ سانسۆڕ لە راگەیاندنەکاندا بڵاو بۆوە کە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە و لە دژایەتیی سانسۆڕ گەڵاڵە کرا.[1] باس لەسەر بوون و نەبوونی سانسۆڕ و باشی و خەراپیی سانسۆڕ و هەندێک لایەنی دیکەی ژێر کاریگەری سانسۆڕ بوو. لە لایەن ڕاگەیاندنەوە هەوڵدرا کە بۆچوونی چین و جیلی جۆراوجۆر وەربگیردرێت. دەوڵەت و حکومەتی پەهلەوێ گەرەکی بوو کە بە جەماوەر نیشان بدات کە سانسۆڕ کەم دەبێتەوە و گوێ بۆ بۆچوونی جەماوەر دەگیردرێت. ئەو باسانەی کە لە پێوەندی بە سانسۆڕ بەسەرکرانەوە بریتی بوون لە:

١. پرسی بوون یان نەبوونی سانسۆڕ

٢. چۆنییەتی بەڕێوەبەریی سانسۆڕ

٣. فاکتەرەکانی کاریگەر بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگایەکی سالم

٤. باسەکانی پێوەندیدار بە ئازادی و سانسۆڕ

٥. ئازادیخوازیی

٦. شێعر دەبێ ئازاد بێت

٧. ئازادی گونجاو لەگەڵ پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی

٨. ترس و تۆقین لە سانسۆڕ

٩. بەدروستنەزانینی سانسۆڕ لە لایەن کۆمەڵگا

ئەوەی کە جێگەی سەرنجە، دیمانەکردن لەگەڵ دوو کەسی کوردستانیی لەمەڕ سانسۆڕ و باسە پیوەندیدارەکانی بوو.[2]

حکومەت بە دوای ئەمەدا هەوڵی دا کە سەرنجی کۆمەڵگای ئایینی و ڕادیکاڵی شیعە بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. ئەوان دەیانزانی کە شیعەکان قینێکی بێسنووریان لە جوولەکەکان هەیە و هەربۆیە لە راگەیاندنەکاندا دژایەتیی حکومەتی پەهلەوی‌یان لە بەرانبەر سیاسەتەکانی ئیسرائیل بڵاو دەکردەوە.[3] بۆ نموونە ڕێکەوتی ٣٠ی ٧ی ١٩٧٨ی زایینیی سەردێڕی ڕۆژنامە لەم بارەوە جۆڕێک گەڵاڵە کرا کە گوایە سیاسەتەکانی ئیسرائیل تەنیا ئەنجامی شەڕ و کێشەی لێ دەکەوتەوە و دوور لە ئاشتیی بوو و وێنەیەکی موحەممەد رەزا پەهلەوی‌شیان لەگەڵ حوسنی موبارەک بە چاپ گەیاندبوو کە ئەوکات جێگری یەکەمی ئەنوەر سادات بوو.[4]،[5]

سیاسەتی پەهلەوی لە ناوچەکانی دیکە لەچاو کوردستان جیا بوو. بۆ وێنە پەهلەوی بۆئەوەی سەرنجی ناسیۆنالیستە ئێرانییەکانیش ڕابکێشێت، هەندێک هەنگاوی هەڵهێناوە کە بە مەبەستی بێڕێزیکردن بە هەندێک کەسایەتیی مێژوو ئەنجام دران. بۆ وێنە یەک لەو کارانەی موحەممەد رەزا ئەوە بوو کە ماڵی «شێخ خەزعەل»یان داگیرکرد و کردیان بە پارکینگ بۆ خەڵک.[6] شێخ خەزعەل مرۆڤیکی نیشتمانپەروەر بوو کە دژی حکومەتی ناوەندی ڕا ببوو و هەوڵیدابوو لە ئێران جیابێتەوە، ڕێک ئەو جۆرەی کە قازی موحەممەدی سەرکردەی کورد جیابوونەوەی کوردستانی لە ئێران بە فەرمی ڕاگەیاند. بەلام پەهلەوی دەیزانی کە گەر ئەو کارەی لە مەهاباد کردبا، لەگەڵ چ کارەساتێک بەرەوڕوو دەبۆوە، هەربۆیە لەوجۆرە مانۆڕانەی لە کوردستان نەدا. بە تایبەتیش کە لەوکاتدا جیلێکی بەغیرەتی گەنج لەوپەڕی بوێری و وریاییدا لە مەهاباد دەژیان کە تەنانەت گەر بۆچوونیان لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان‌یش نزیک نەبوایە، قبووڵیان نەدەکرد پەهلەوی مانۆڕی سیاسی و گالتەکردنەکانی لەسەر ماڵی قازی موحەممەد ئەنجام بدات.

هەنگاوێکی دیکەی موحەممەد رەزا پەهلەوی بۆ هێورکردنی دۆخی نالەباری ئاسایشی وڵات، ورووژاندنی پرسی هەڵبژاردنی ئازاد لە ئێران‌دا بوو. لەم باسەدا پەیامێکی تایبەت لە لایەن پەهلەوی‌یەوە بە هەموو جەماوەری ئێران و دونیا ڕاگەیەندرا کە تێیدا شای ئێران گوتبووی ئازادی قەلەم و دەربڕین و هەڵبژاردن لە ئێران‌دا گۆڕانی بەسەردا دێت. لە پەیامی پەهلەوی‌دا ئاماژە بەوە کرابوو کە:

«هەڵبژاردن سەت لە سەت ئازاد دەبێت.»[7]

کۆمەڵێک ڕووناکبیریان کۆکردبۆوە بۆئەوەی لەسەر پرسی دێمۆکراسی و ئازادی لە ئێران‌دا بۆ خەڵک بدوێن. ئەو باسانەی کە لەو ڕۆژەدا بەسەرکرانەوە، بریتی بوون لە:

١. هەڵبژاردنی جەماوەریی

٢. گۆڕانکاری سیاسیی

٣. شایستەگییەکانی خەڵک

٤. پێویستیی وشیاریی خەڵک

٥. بەدەستهێنانی متمانەی خەڵک

Ettela’at 09/08/1978

گرنگی ئەم باسە لەوەدا بوو کە کاریگەریی زۆر بەرچاوی دەتوانی لەسەر دۆخی ناوچە کوردستانییەکان دابنێت. لە پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان هیچ ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بواری ئەوەی نەبوو کە نوێنەرە ڕاستەقینەکانی خۆی بۆ پارڵەمانی ئێران هەڵبژێرێت و لە زۆربەی ناوچەکان تەنانەت حکومەت خۆی کەسێکی غەیری کوردی وەک نوێنەری نەتەوەی کورد لە پارڵەمان دادەنا. پەهلەوی دەرفەتی ئەوەی نەبوو کە ئەو کارەی بە پلەی بەڕێوەبردن بگەیەنێت، بەڵام بەڵێنی ئەوەی دا کە خەڵک لەوکاتڕا بە دوا مافی ئەوەیان هەبوو کە خۆیان نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن.[8]

یەک لە هەنگاوەکانی دیکەی پەهلەوی بۆئەوەی پێگەی خۆی لە کۆمەڵگای کوردستان خۆشتر بکات، بەرزکردنەوەی داهاتی مامۆستایانی کورد بوو. بە دوای ئەمەدا لە زۆربەی شارەکانی کوردستانەوە پەیامی سپاسوێژی بۆ پەهلەوێ دەنێردرا و لە ڕۆژنامەکاندا بەچاپدەگەییشت.[9]

پەهلەوێ لە باسترکردنی دۆخ‌دا بانگەشەی جۆراوجۆری دەکرد. بۆ وێنە ئەوە کە کرێخانوو لە تاران کەم دەبێتەوە و بناخەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی ئازاد دادەمەزرا و داهاتی کارمەندە دانیشتووەکان زیاد دەبوو و هتد.[10]

موحەممەد رەزا پەهلەوی لە تەواوی سالەکانی دەستهەڵاتداریی خۆیدا ئەوەی ویژدان و ئەخلاق بیت لە بەرانبەر ئاسەوارە کەونەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکارینەبرد، کەچی لەو مانگانەی دوایی دەستهەلاتدا مانۆڕی دڵسۆزانەی سەبارەت بە دڵسۆزبوونی بۆ مێژووی کۆنی کوردەکان دەگێڕا. نووسەری ئەم دێڕانە، سالانێکی زۆر لەسەر دزینی ئاسەوارەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە لایەن دەفتەری فەرەح دیبا و کاربەدەستانی سەر بە حکومەتی پەهلەوی لێکۆڵینەوەی کردووە و توانیوییەتی بەشێکی زۆر لەو ئاسەوارانە بە ناو و نیشان و بەڵگەوە بدۆزێتەوە و تەنانەت دەزانریت کە ئێستا ئەو ئاسەوارە بەهادارانە لە کوێ ڕادەگیرێن. بەهۆی ئەوە کە ئەمە بابەتێکی جیایە و پێویستە لە پڕۆژەیەکی سەربەخۆدا لەسەری بنووسرێت، لێرە تەنیا ئاماژە بە نموونەیەک لە کارەکانی پەهلەوی سەبارەت بە ئاسەوارەکانی کەونی کوردان دەکرێت. وەک لە وێنەی ژیرەوەدا دەبینن، بەرپرسانی حکومەت ئاویان لەسەر خەلک بڕیبوو کە گوایە زۆر دڵسۆزن و گەرەکیان بوو ئاسەواری کەونی کوردستان بپارێزن،[11] کەچی موحەممەد رەزا پەهلەوی لە سککە زێڕەکانی کەونی مێژووی کوردەکانی وەک دیاریی بە بیانییەکان دەبەخشی.[12]

لە مانگی ئەوگۆستی ساڵی ١٩٧٨ی زایینیی‌دا نارەزایەتییەکانی جەماوەر لە دژی شا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەیسەندبوو، بە جۆرێک کە ئیتر زمانی پاڕانەوەی حکومەت لە بێدەنگیی هاتە دەر و قسەکەری حکومەت هەڕەشەی لە جەماوەر و هەموو شارەکان کرد.

Arshivi Soran Karbasian

لە ڕۆژی ١٢ی ٨ی ١٩٧٨ی زایینیی کوردێک بە ناوی «موحەممەدی مەنووچێهری» لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری ورمێ وەبەر گوللە کەوت و کوژرا. ناوبراو لە کاتێکدا کە لە ڕێپێوانی دژی شا بەشداریی کردبوو، گوللەی لێ کەوت و لە ڕێگەی نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.[13]

لە کاتێکدا کە ژێنێڕاڵ مستەفا بارزانی لەبەر نەخۆشیی لە ئەمەریکا بوو، لایەنگرانی بارزانی و حیزبی یەکیتی نیستمانی کوردستان کە ماوەیەک بوو شەڕی نیوانیان لە باکووری کوردستان کۆتایی پێ هاتبوو، ئەوجار لە خاکی باشووری کوردستان‌دا درێژەیان بە شەڕ و تێکهەڵچوون دا. حکومەتی عێراق‌یش هەرکام لە هێزەکانی پارتی و یەکیتی دیتبا، لییدەدان و لیی دەکوشتن. لە شەڕێک دا کە ڕاپۆرتەکەی لە ئەوگۆستی ١٩٧٨ بلاو بۆوە، زۆر گوندی باشووری کوردستان لە لایەن عێراق‌ەوە ڕاسپیدرابوون کە زێدی خۆیان جێهێشتبا، ئەگینا حکومەت خۆی ئەو کارەی دەکرد. شەڕی نیوان ئەو دوو هیزە کوردییە شەهید و دیلیشی لێ کەوتبۆوە و حکومەتی ئێرانیش ئەمانەی بە پیی بەرژەوەندییەکانی خۆی گەڵالە دەکرد و بلاوی دەکردنەوە.[14]

لێرە گرنگە کە ئەمە باس بکریت کە روحۆڵڵا خۆمەینی هێشتا بۆ فەرانسە نەگواسترابۆوە و هەر لە عێراق دەژیا. بەهۆی پێشینەیەک کە ئەو لە دژی حکومەتی پەهلەوی هەیبوو و پێگەی خۆمەینی لای شیعەکان بەهێز بوو، هەربۆیە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی (ئێران) بڕیاریدا کە دوو کەس لە ئەندامانی خۆی بۆ دیتنی خۆمەینی بنێرێت. عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە و موحەممەد‌ئەمین سێراجی بۆ ئەم سەردانە هەڵبژێردران، بەلام ئەوجۆرەی کە حەسەن‌زادە لە نووسینی خۆیدا ئاماژەی پێ کردووە، خۆمەینی قبووڵی دیتنی ئەوانی نەکردبوو.[15]


 سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت