کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران- بەشی شەشەم

0
1058

سۆران کەرباسیان

بە دوای ڕێپێوان و نارەزایەتییە ئاشکراکانی کورد و باقی نەتەوەکانی دیکەی نێو ئێران، موحەممەد رەزا پەهلەوی لە فکری ئەوە کەوت کە هەندێک دە فریای دەستهەڵاتەکەی بکەوێت. هەربۆیە بە فەرمیی ڕایگەیاند کە:

«پارڵەمان و حیزب دەبێ دێمۆکراسی ڕاستەقینە پێکبهێنن.»[1]

حکومەتی پاشایەتیی ئێران کە دەیزانی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هۆکاری قووڵ و مێژوویی لە پشتەوە و تەنیا گرێدراو بە گەندەڵی و ناعەداڵەتیی لە سیستەمدا نییە، هەستی بە مەترسییەکی زۆرتری لە لایەن کوردەکانەوە دەکرد. هاوکات لەوە دەترسا کە ئاگری شەڕی نێوان جەلال تاڵەبانی و لایەنگرانی بارزانی کاریگەریی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا بنێت، هەربۆیە لەگەڵ ترکیا لەمبارەوە دانیشت.[2]

حکەمەتی پەهلەوی دە فکری ئەوە کەوتبوو کە هەندێک چاکسازیی بنەڕەتیی بکات، بەڵام بەرپرسانی ناوچە کوردستانی‌یەکان لە درێژەدان بە سیاسەتی پێشووی خۆیان بەردەوام بوون. سەرەڕای ئەوە کە شا بڕیاری دابوو تاقە حیزبەکەی و پارڵەمانەکەی هەنگاوی جددی بۆ دامەزراندن و سەقامگیرکردنی دێمۆکراسی هەڵهێننەوە، بەڵام بەرپرسانی غەیری کورد لە کوردستان‌دا هەر لەسەر ئەو سیاسەتە دەڕۆییشتن کە پتر لە سێ دەیە بەکاریان هێنابوو. بۆ وێنە شا بۆ ئەوە بە کوشتاری کولتووری کورد تاوانبار نەکرێت، ڕادیۆیەکی کوردیی لۆكاڵی بۆ هەندێک لە شارەکانی کوردستان دانابوو، کە زۆرتری بەرنامەکانی بە زمانی فارسیی بوون. لەم پێوەندییەوە‌ کوردێک لە مەهابادەوە سەبارەت بە بەرنامەکانی ڕادیۆی مەهاباد گازەندە و ڕەخنەی خۆی بۆ ڕۆژنامەیەکی تاران ناردبوو و لە ڕێکەوتی ١١ی ٧ی ١٩٧٨ی زایینیی‌دا بە چاپ گەییشت. دەقی نامەکە لە ژیرەوە بە کوردیی داندراوە:

ڕادیۆی مەهاباد و قسەکانی بیسەرێک
ماوەیەک لەوە پێش ڕادیۆ مەهاباد لە نێوان بەرنامەکانیدا، ئاگادارییەکی بەمشێوەیە بڵاوکردەوە: لە سبەی ڕا شەپۆلی بەرنامەکانی ڕادیۆی مەهاباد لە 897 کیلۆهێرتز بۆ سەر 882 کیلۆهێرتز دەگوازرێتەوە و لەمەو دوا بەرنامەکانی ئەم ڕادیۆیە لەسەر شەپۆلی 882 کیلۆهێرتز بڵاو دەبێتەوە.

لە ئێوەی ناشارمەوە، کە ئێمە خەڵکی مەهاباد لە مێژبوو لە بەرنامەکانی ڕادیۆی مەهاباد نائومێد ببووین و وەک چۆن دەڵێن: (عطایش بە لقایش بخشیدە بودیم)، بە بیستنی ئەو ئاگادارییە گەلێک خۆشحاڵ بووین و وامان بیر دەکردەوە کە ئەوە سەرەتای گۆڕانە گشتییەکان لە بەرنامەکاندا و هەنگاوێک دەبێت بۆ بە جەماوەریی کردنی بەرنامەکان. بەڵام دواتر ئێمە وەک خەلکی مەهاباد و دەوروبەری کە دڵخۆشییەکەمان تەنیا چەند کاتژمێری خایاند و لە سبەی ڕا کە بەرنامەکان لەسەر شەپۆلی نوێ بڵاو کرانەوە، تێگەیشتین کە  بزمەکە هەمان بزمە و هیچ نەگۆڕاوە.

بەرنامەکان وەک هەمیشە تاقەت پڕوکێن و بێ نێوەڕۆک و دووپاتەبوو و ئەو گۆرانییانەش کە بڵاو دەکرانەوە (چ مەحەلی و چ فارسی) بە گشتی بێ بایەخ بوون، بەم پێیە وەک هاوشارییەکی مەهابادی و فەرمانبەرێکی بێ سەرگەرمی و کات ڕابواردن و لەهەمان کاتدا پێداگر لەسەر رێوڕەسمە نەتەوەییەکان هەندێ چاوەڕوانیم لەو دەزگا نیوە نیشتمانی و نیوە دەوڵەتییە هەیە، لە لایەن خۆم و هاوشاریانی کوردزمان و مەهابادی، سەرنجی بەرپرسانی سازمانی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی میللی ئێران بۆ ئەو چەند خاڵەی خوارەوە ڕادەکێشم، بەڵکوو پێداچوونەوەیەک بە بەرنامەکاندا بکەن و چیتر پێویست نەکا گوێ بۆ بەرنامە کوردییەکانی ڕادیۆی تر ڕابگرین:

1- دیاریکردنی بەرنامە کوردی و فارسییەکان، کە لەسەر هیچ بنەمایەک نییە، ساعەتێک کوردییە و ماوەیەک فارسی، دواتر کوردی و پاشان فارسی، دیسان فارسی و دواتر کوردی و فارسی ( گۆرانییە داواکراوەکان هەر دوو پێکەوە) پاشان سەر لە نوێ فارسی و … ئەگەر بڕیار بێ خەڵکی کوردزمانی مەهاباد گوێ لە بەرنامەی فارسی بگرن، ڕادیۆکانی تاران و تەورێز و ڕەزاییە و ئەوانیتر بەرنامەی زۆر باشی فارسی لە ماوەی دیاریکراودا بڵاو دەکەنەوە کە لە ڕووی نێوەڕۆک و بابەتی بەرنامەکان زۆر لە ڕادیۆی مەهاباد باشتر و بەسوودترن. کە وابوو دەبێ بەرنامە کوردی و فارسییەکان لێک جیا بکرێنەوە و ئاستی بەرنامەکان هەر دوو بەش بچێتە سەرێ.

2- بەرنامە کوردییەکان لە ڕووی نێوەڕۆک و بابەتەوە لە ئاستی سیفر دان، با لەوەش گەڕێم کە لە ڕووی گوتاری کە پەیوەندییەکی ناڕوون لە نووسینی بابەت و خالە رێزمانییەکان هەیە، لە ئاستێکی زۆر لە خوارەوەی سیفریش دایە.

وا پێدەچێ کە پێشکەشکارانی بەشی کوردیی ئەم ڕادیۆیە، زمانی دایکییان هەموو شتێکە جگە لە کوردی سۆرانی، چونکە زمانی کوردی خاوەنی جەندین شیوەزاری جۆراوجۆرە و سورانی کە شێوەزاری نووسراوەیی و ئەدەبییەکەیەتی و دانیشتووانی ناوچەی مەهابادیش بەم شیوەزارە شیرینە ئێرانییە قسە دەکەن، بەڵام بەرێوەبەرانی ڕادیۆ بۆتە دەسکەلاو  گاڵتەجاڕ، باشتر وایە ئەو زمانە شیرینە نەبێتە گاڵتەجار بۆ ئەوەی دڵساردی و نائومێدی خەڵکی ناوچەکەی لێ نەکەوێتەوە.

3- گۆرانییە باشەکانی کوردی لەو ڕادیۆیەدا شوێنێکیان نییە و بایەخی پێ نادرێ. ئەوە چەند مانگێکە کە بە هیچ شێوەیەک گۆرانییەکان حەسەن زیرەک و ماملێ و خالقی بڵاو ناکرێنەوە کە ناویان لە ریزی هونەرمەندە گەورەکانی کورد دا هاتووە.

4- بۆچوون و نامەی بیسەران لەو ڕادیۆیەدا کەمترین بایەخیان نییە و زۆرجاران هەر بۆ خۆم داوای فڵانە گۆرانی کوردیم کردووە، یان وەڵامیان نەداومەتەوە یانیش ئەگەر وەڵامیان داومەتەوە، گۆرانی هونەرمەندێکیتر و تەنانەت وا بووە کە گۆرانی هونەرمەندێکی فارسیان بڵاو کردۆتەوە، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە بەرپرسانی رادیۆی مەهاباد بۆچوون و داخوازییەکانی خەڵکیان بەلاوە گرنگ نییە، کاتێ داخوازی گۆرانییەک بەمشێوەیە وەڵام دەدەنەوە، ئێمە حەدیسێکی دوور و درێژی لێ بخوێننەوە و لە پێشنیار و ڕەخنە گوێگران کە بە گشتی دەخرێنە ناو تەنەکەی زبڵەوە.

سەید عەلی خزری – فەرمانبەری دەوڵەت

مەهاباد     ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌

[تێبینی: وەرگێڕانی ئەم بابەتە لە فارسییەوە بە سپاسەوە لە لایەن جەماڵ نەجاری‌یەوە ئەنجامدراوە.]

ماوەیەک دواتر شەڕ و پێکدادانی حیزبی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لایەنگرانی بارزانی لە خاکی باکووری کوردستان‌دا کۆتایی پێ هات. هەتا ئێستاش ناڕوونە کە ئاگربەسی نیوان ئەو دوو هێزە لەبەر ئەو ١٧٥ دیلە بوو کە لایەنگرانی بارزانی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان‌یان گرتبوو، یان لەبەر ئەو هێرشانە بوو کە حکومەتی عێراق بۆسەر باشووری کوردستان‌ی دەکرد! ڕێژیمی بەعس زۆر ناوچەی گرنگ و سەرچاوەی ئابووری باشووری کوردستانی بوردوومان و ئاگرباران کرد.[3]

کۆتاییهاتنی شەڕی نێوان ئەو دوو هێزە کاریگەریی لەسەر سیاسەتی حکومەت دانا. تاران جگە لەو مێژوو خوێناوییە کە لەگەڵ کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەبوو، شیمانەی ئەوەی دەکرد کە هێرشی عێراق بۆسەر خەڵکی سیڤیلی کورد هەستی نەتەوەیی کوردەکانی ڕۆژهەڵات بەرز بکاتەوە. بە تایبەتیی بەشێکی بەرچاوی کوردەکان سەرلەنوێ ئاوارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونەوە. لەم کاتەوە حکومەتی پەهلەوی لە فکری ئەوە کەوت کە بایەخ و سەرنجی زۆرتر بە ناوچە کوردستانییەکان بدات. یەک لەو پڕۆژە زنجیرییانەی کە هەیانبوو، بەسەرکردنەوەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ڕێکەوتی ٢٧ی ٧ی ١٩٧٨ی زایینیی وەزیری «اطلاعات و جهانگردی» یەکەم سەفەری خۆی لە شاری ئیلام‌ەوە دەستپێکرد. ئەو لەو سەفەرەیدا سەردانی هەندێک ناوچەی کرد و بەڵێنی هەندێک بواریان دا بۆئەوەی سەنعەتی توریسم لەو شارە پەرەبستێنێت.[4]

هەر لەو ڕۆژەشدا حکومەت هەندێک پێشنیاری پێداچوونەوەی و گۆڕانی قانوونەکانی پێوەندیدار بە هەڵبژاردن خستە بەرچاوی جەماوە.[5] دەقی ڕۆژنامەی حکومەت ئاماژەی بە راستییەک کردبوو کە مێژووی ٣٧ سالەی دەستهەڵاتداریی موحەممەد رەزا پەهلەوی نیشان دەدا. لە دەقی ڕۆژنامەدا ئاماژە بەوە کرابوو کە لەوکاتڕا بە دوا ئیتر تەنیا خەڵک دەبوایە نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن، نەک بەرپرسانی حکومەتیی! واتە خۆیان دانیان بەوەدا نابوو کە هیچکام لەو پارلەمانتارانەی لە تاران نوێرایەتی کوردیان دەکرد، نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵک نەبوون.[6]


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.