کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران- بەشی پێنجەم

0
68

سۆران کەرباسیان

لە کۆتایی دووهەم مانگی بەهاری ١٩٧٨ی ئێران ڕا ڕێپێوانەکانی دژی حکومەت بە ڕادەیەک گەییشتبوو کە ڕۆژنامەکان‌ی حکومەت بە شێوەی جۆراوجۆر لە بەرانبەردا هەڵس‌وکەوتیان دەکرد. حکومەت تووشی هەل‌ومەرجێکی پێشبینینەکراو ببوو و هەربۆیە مێتۆدی جۆراوجۆریان لە بەرانبەردا بەکار دەبرد، بەڵام باس لە بوونی نارەزایەتیی لە ڕۆژنامەکان‌دا بڵاو دەبووەوە.[1]

موحەممەد رەزا پەهلەوی کە نارەزایەتییەکانی لە سەرتاسەری وڵات‌دا دەبینی، هەستی بە مترسیی کردبوو و هەربۆیە بە دوای کۆمەڵێک ڕێپێوانی زنجیرەیی‌دا بە بەرپرسانی حکومەتی ڕاگەیاند کە «کەش‌وهەوای سیاسی دەبێ زۆرتر لە جاران پەرە بستێنێت.»[2] بە دوای ئەم لێدوانەی شا، بە فەرمیی ڕاگەیەندرا کە دەستهەڵاتێکی بەرینتر بە ئەنجومەنەکانی شار دەدرێت.[3]

سەرەڕای ئەو دەربڕین و هەندێک بەڵێنی کە شا بە جەماوەری ئێرانێی دا، خەڵک وازیان لە دژایەتیکردنی حکومەت و ڕێپێوان نەهێنا. بە دوای درێژەی ڕێپێوانەکانی خەڵک، موحەممەد رەزا بە گوتارێکی جیاوازەوە جەماوەری دواند. ئەوجار تۆنێکی توند و هێرشکەرانەی بەکارهێنا، بەڵام هەوڵی چەواشەکردنی دۆخەکەی بەو جۆرە دا کە ڕێپێوان و دژایەتییەکانی بە تاقمێکی ڕادیکاڵ لکاند.[4]

ڕاگەیاندنەکانی پێتەخت کە بە بەردەوامیی خەبەری ڕێپێوان و نارەزایەتیی خەڵکی شارەکانیان پێ دەگەییشت، هەر جار نا جارێک ناچار دەبوون فوکووسێکی زۆرتر لەسەر هەندێک ڕووداوی تایبەت بکەن بۆئەوە کە هەندێک جوڵەی ڕادیکاڵەکان و لایەنی توندڕەو بەسەر دەنگی نارازییانی وڵاتدا بگشتێنن. بۆ وێنە ژنێک کە نارنجۆکی بە دەستەوە بوو، توانیبووی هەشت کەس لە شاری کەرەج بە بارمتە بگرێت و ڕاگەیاندنەکانی حکومەت هەوڵی ئەوەیان دەدا لە ڕێگەی کەڵکی نابەجێوەرگرتن لەو ڕووداوە، وێنەیەکی ناشرین لە کۆی دەنگی ناڕازییانی وڵات ساز بکەن.[5]

حکومەت سیاسەتێکی تایبەتی لەو کاتەوە بەکارهێنا و لەسەر ئەوە ساخ ببۆوە کە بە زەقکردنی کێشە و پرسی جۆراوجۆری جیهانی و ناوچەیی، لە بایەخی نارەزایەتییەکانی نێوخۆ کەم بکاتەوە. ناوەند جیا لەوە کە بایەخێکی زۆری بە پرسی فەلەستینییەکان دەدا، دژایەتیی ئیسرائیل‌یشی دەکرد.[6]

لە پەنای ئەمە دا شا بەڵێنی رێفۆرمێکی نوێی دیکەی بە خەڵک دا کە لەژێر ناوی «انقلاب اداری» بە جەماوەری ناساند.[7] پەهلەوی لەو زەمەندا هەر درگایەکی تاقی دەکردەوە بۆئەوە خەڵک لە ماڵ نەیەتە دەر و دەرفەتی چاکسازییەکی ویترینی پێ بدەن.

هەر بە دوای ئەو بەڵێنییانەی شا، خوێندەکارانی زانکۆ لە تاران ڕژانە سەر شەقام و بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر لەگەڵ چەکدارانی حکومەت تێکهەڵچوون، بە جۆرێک کە سەدان کەس لە هەر دووک لا بریندار بوون.[8] شا لەم کاتەدا پەنای بۆ ئیمامی هەشتەمی شیعەکان بردبوو و لە شاری مەشهەدەوە گەرەکی بوو کاریگەریی لەسەر هەستی ئایینی ئێرانی‌یەکان دانێ.[9]

لەو کاتەدا کە شا لە مەشهەد بوو، لە شارەکانی بانە و ورمێ‌ی کوردستان ڕێپێوانێک ئەنجام درا کە هیچ کامیان زۆرتر لە دوو کاتژمێری نەخایاند، چون بە هاتنی چەکدارانی حکومەت، بلاوە بە جەماوەرەکە کرا. تەنیا لە ورمێ شەش کەسیان دەستبەسەر کرد و ڕێپێوانەکەی بانە خەساری لێ نەکەوتەوە.[10]

شا بە دوای ئەم جوڵەیە وەدەنگ هات و هەرچەند ڕاستەوخۆ ئامادە نەبوو ئاماژە بە پێشەوای کوردستان و ڕێبەری نەتەوەیی کوردەکان بکات، بەڵام ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە سەردەمی داگیرکرانی ئێران لە شەڕی دووهەمی جیهانی کرد.[11] شا بەم بیانوویە گەرەکی بوو هەستی فارسەکان بە دژی کورد و ترک ببزوێنێت و لە تیۆری ناسراوی ناوەند کەڵکی وەرگرت کە گەر وریا نەبین وڵاتەکەمان پارچەپارچە دەکەن.

یارییەکانی تۆپی پێی نێونەتەوەیی کە لەو ساڵدا لە ئارژانتین بەڕێوە دەچوو، نەیتوانی کاریگەرییەکی زۆر لەسەر نزمبوونی دەنگی نارەزایەتییەکان دانێت. هەرچەند کە شۆڕشی ١٩٧٩ی زایینیی ئێران زۆرتر لە لایەن گەنجەکانەوە لە نێوخۆ ئەنجام درا و حکومەتیش بەهۆی دۆخی نالەباری نیوخۆ و بەشداریی تیپی تۆپی پێی ئێران لەو کێبەرکێیانەدا، ئاوڕدانەوەیەکی میدیایی بەرچاوی ئەنجام دا، بەڵام جەماوەر بە گشتیی وازیان لە دەربڕینی نارەزایەتییەکان لە دژی شا نەهێنا.

ڕووداوێک لە پێوەندی بە کوردەکان دەرفەتێکی باشی بە موحەممەد رەزا پەهلەوی دا بۆئەوەی مانۆڕی سیاسیی لەسەر بگێڕێت. ئەو ڕووداوە لە دوو لایەوە بۆ کوردەکان دڵتەزێن بوو، بەڵام ئێران هەوڵی دا کەڵکی خۆی لێ وەردەگرت.

Rojnamey Etela’at 07/06/1978

 

 

 

 

دەنگۆی ئەوە بلاو دەکراوە کە گوایە حیزبی کۆمۆنیستی عێراق لەگەڵ لایەنگرانی بارزانی و جەلال تاڵەبانی بەرەیەکیان دژ بە بەغداد پێکهێنابوو. ڕاگەیاندنی حکومەتی ئێران لە سەرەتادا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە کوردەکان بە پاڵپشتی سۆڤیەت یەکیان گرتووە بۆئەوە مەترسی بخەنە سەر بەرژەوەندییەکانی عێراق و باسیان لە هێرشی بەرەی کورد بۆسەر پایەگایەکی عێراق لە موسڵ دەکرد کە گوایە سی چەکداری عێراقی کوژرابوون.[12]

دواتر کە هەموو ڕاگەیاندنەکانی ناوچە باسیان لە جوڵانەوەی تاڵەبانی و لایەنگرانی بارزانی کرد، ڕاگەیاندنەکانی ئێرانیش باسیان لە دووبەرەکیی نێوان ئەو دوو هێزەی کورد کرد و چیتر لەسەر بوونی بە ڕواڵەت بەرەیەک لە نێوان تاڵەبانی و لایەنگرانی بارزانی نەڕۆییشتن. شەڕ و تێکهەڵچوونێکی زۆر لە ناوبەری ئەم دوو هێزە لە خاکی باکووری کوردستان‌دا ڕوویدا. لەو شەڕەدا عەشیرەتە کوردەکانی باکووری کوردستان لایەنگرییان لە بارزانی دەکرد.


تێبینی: لە ڕۆژنامەی ئێتێلاعات‌دا بە هەڵە نووسراوە دوکتوور جەلال تاڵەبانی. دروست وابوو تەنیا ناوەکەیان نووسیبا.

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.


سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت