کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران- بەشی سێهەم

0
79

سۆران کەرباسیان

ڕۆژهەلاتی کوردستان لە ماوەی ٣٧ ساڵی دەستهەڵاتداریی پەهلەوی کوڕ دا خەدرێکی زۆری لەچاو ناوچە ناکوردستانی‌یەکان لێکرابوو. لە تەواویی ئەو سالانەدا بودجەی ئاوەدانکردن و پێڕاگەییشتن بە کوردستان کەمتر لە ناوچەکانی دیکە بوو. خەلکی ڕۆژهەلاتی کوردستان دەردەسەری زۆریان کێشا بۆئەوە بتوانن قوتابخانە بۆ هەموو پۆلەکان و لە زۆربەی شارە گەورەکانی کوردستان بکەنەوە. جیا لەمانەش، کارنامەی سیاسیی سیستەمی پاشایەتیی دە ڕۆژهەلاتی کوردستان‌دا بە خوێنی نازدارانی کورد پڕ ببۆوە. ڕێپێوانی بەرینی جەماوەری کورد لە دژی حکومەتی پەهلەوی بەڵگەیەکی حاشاهەلنگرە بۆ قینێک کە کورد لەو حکومەتەی هەبوو.

ساڵی ١٩٧٨-١٩٧٩ دوو جیلی جۆراوجۆری کورد لە گۆرەپاندا بوون کە هەرکام لەوان بیرەوەری تاڵیان لە خەساری قەرەبوونەکراوی کورد هەبوو. جیلێک لەوکاتدا مابوون کە لەسێدارەدانی سەرۆکۆماری کوردستان و باقی نیشتمانپەروەرانی سەردەمی کۆماری کوردستان‌یان بینیبوو و داخی ئەو مێژوو تالە لە ناخیان‌دا مابۆوە. هەمان جیل لەگەڵ جیلی دوای خۆی بە بەردەوامیی شایەتی سیاسەتی دژەکوردیی پەهلەوی بوون کە تا دوایین ساتەکانی دەستهەڵات لە تارانەوە بەرانبەر کوردستان بەڕێوەیبرد.

حکومەتی پەهلەوی کۆمەڵێک خەباتکار و ئازادیخوازی کوردی بە شێوەی جۆراوجۆر کوشتبوو. جگە لەمەش بێڕێزی بە تەرمی بەشێک لەو کەسانە لە لایەن حکومەتەوە کرابوو کە لەبیرنەکراو بوون. ڕێژەیەکی زۆریش لە چالاکانی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی حکومەت‌دا بەندکرابوون. کۆمەڵێک کوردی دیکەش بۆ شوینی دەرەوەی کوردستان گواسترابوونەوە. بوونی ئەم هەمووە ناعەداڵەتییە بەرانبەر بە کورد و دڵخۆشبوونی خەلکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە سیاسەتوانانی زیندانیکراو و دەرەوەی ولات، کوردەکانی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بۆ ڕژانە سەر شەقام ئامادە کردبوو. بە تایبەتیی لە کاتێکدا کە دەنگی ناڕەزایەتیی بەرانبەر بە پەهلەوی لە شوێنەکانی دیکەی ئێران بەرز بۆوە، لە کوردستان‌یشدا وردەوردە ئەم پرسە زۆرتر و زۆرتر زەق دەبۆوە کە لە دەرفەتێکدا کوردەکانیش ڕژابانە سەر شەقام و داوای لاچوونی پەهلەوی‌یان لەسەر دەستهەڵات کردبا.

زۆربەی سەرچاوەکان لەسەر ئەم بروایەن کە ڕێپێوانی مەهاباد لە ڕۆژی ناشتنی عەزیز یۆسفی، یەکەم ڕێپێوان لە دژی حکومەتی پەهلەوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا بوو. تەنانەت عەبدوڵڵا مۆهتەدی کە پیی وایە زۆربەی ڕێپێوان و ناڕەزایەتییەکان لە لایەن ڕێکخراوی ئەوانەوە (کۆمەڵە) بەڕیوە چووبوو، ئەمە باس دەکات کە ڕێپیوانی مەهاباد یەکەم ڕێپێوانی رۆژهەلاتی کوردستان بە دژی پەهلەوی بوو.[1]

لە بابەتی پێشوودا باس لەوە کرا کە تەرمی عەزیز یۆسفی بەرەو مەهاباد گواستراوە. پێشوازییەکی زۆر بەربڵاو لە تەرمی ئەو شۆڕشگێڕە کوردە و ئەو گرووپە کرابوو کە تەرمەکەی یۆسفی‌یان لە تارانەوە گواستبۆوە. ڕێگەی میاندواو-مەهاباد لە لایەن چەکدارانی حکومەتییەوە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەت‌دا بوو، بەلام نەیاندەتوانی کە پێش بە هاتنەوە تەرمەکەی بگرن یان بۆ ڕێکەوتێکی دواتر وەدوایەی بخەن.

جەلیلی گادانی باسی لەوە کردووە کە لەسەر گڵکۆی عەزیزی یۆسفی سپاسوێژیی خۆی بەرانبەر دڵسۆزی و پشتیوانی خەلکی مەهاباد دەربڕیبوو.[2] گادانی لەسەر کەسایەتی، خەبات و خۆڕاگریی یۆسفی قسەی کردبوو. بە دوای ئەویشدا شێخ عێزەددین حۆسەینی قسەی بۆ جەماوەر کرد و لەسەر کەسایەتی عەزیز یۆسفی و گرنگیی دریژەپیدانی ڕێگەی ئەو دوابوو.

پرسەی یۆسفی لە خانەقای نەهرێ بۆ ماوەی سێ رۆژان بەڕێوەچووبوو. کوردەکان لەو دەڤەرەدا لایان باوە کە لە رۆژی سێهەمدا سەردانی گلکۆی کەسی کۆچکردوو دەکەن. ساواک کە بەم شتانە ئاگا بوو، هەرەشەی خۆی لە ناو جەماوەردا بلاو کردبۆوە کە خوازیاری دەربڕینی قینی خۆیان لە حکومەت بوون.

ئەوجۆرەی کە سەرچاوەی جۆراوجۆری زارەکیی باس دەکەن، پتر لە بیست هەزار کەس لە سێڕۆژانەی سەرەخۆشی عەزیز یۆسفی‌دا لە شاری مەهاباد کۆببوونەوە کە هەمووشیان خەلکی ئەو شارە نەبوون.

پاش ئەوە کە لەو رۆژەشدا سەرلەنوێ لەسەر گڵکۆی عەزیز یۆسفی کۆمەڵیک قسە و دروشم لە دژی حکومەتی پەهلەوی درابوو،[3] لە کاتی گەڕانەوە بەرەو شار، سەردانی گڵکۆی شەهیدانێکی دیکەی کوردستانیش کرابوو کە بەرچاوترینیان سولەیمان مۆعینی بوو.

عومەر قازی لەو شوێنە دروشمی شۆڕشگێڕانەی دابوو و کاریگەری ئەرێنی لەسەر وەکوڵخستنی جەماوەر دانابوو، بە شێوەیەک کە خەڵک روویان لە شەقام کردبوو و بە گوتنی دروشمی دژی حکومەت، دەنگی دلیرانەی خۆیان لەبۆ رووخانی حکومەتی پاشایەتیی دەربڕیبوو.[4]،[5]

ساواک بە دوای ئەم ڕێپێوان و دروشمانەدا کاردانەوەی لە خۆی نیشان دا. لە ماوەی دوو ڕۆژاندا دەیان کەس گیران و بەرەو زیندانی جۆراوجۆر بەڕێ کران.[6]

جەلیل گادانی نێوی ئەو کەسانەی کە لێیان ئاگادار بوو و لەبیری مابوون بەم شێوەیە تۆمار کردووە:

جەلیل گادانی، خەلیل گادانی، حەسەن ماوەڕانی، عەمەر قازی، سەید حەسەن هاشمی، سەید موحەممەد نیزامی، عومەر شێخ موحەممەدی، قادر ماوەڕانی، عەزیم مۆوەفەقی، پۆڵا نانەوازادە، کەریم ئەفسەردەلیر، قاسم سۆڵتانی، حوسەینی وەستا جەلیل، وشیار ئیمامی، سیامەند مۆعینی، حوسین بەخشی، سەحید کوێستانی، مەلا سادق، سەید خدر (؟)، خۆسرەو مێعمارئازەر، تەها کەرباسیان، حەوسەت دەبباغی، قاسم چیڕە، موحەممەدئەمین چیڕە، ئیبڕاهیم شێخانی، عەبدوڵڵا گادانی و خۆسرەو خۆسرەوی.[7] هەر لە ورمێ کەسانێکی دیکەش بە ناوەکانی رەزا سێراجی، ئەحمەد نەستانی، کەریم نەستانی، قادر عەلیزادە، قادر ڕەسووڵی، عومەر حەمدێکیان، ئەحەدی ئەنجیری، ئەبووبەکر حەمدێکیان، برایم چەکڵە و چەند کەسی دیکە زیندانی بوون.[8]

ساواک کە بە تەواویی بەم بەرەنگاربوونەوەیە تێکچووبوو، لەسەر ئەو بروایە بوو کە دەیتوانی بە سزادانی کۆمەڵیک لەو کەسانە، جەماوەری کورد چاوترسێن بکات، هەربۆیە سزای لەسێدارەدانیان بۆ ١٦ کەس بڕیبۆوە، بەلام وێڕای ئەوە کە مافناس و پارێزەرە کوردەکان لەگەڵ کوردانی دڵسۆزی تاران و نێوخۆی ڕۆژهەلات بەدواداچوونیان بۆ ئەو حوکمە نامرۆڤییە کردبوو، جەماوەری مەهابادیش درێژەیان بە ڕێپێوانەکانی خۆیان لە دژی حکومەتی پەهلەوی دا. یەک لە کوردەکان بە ناوی جەمال فەقێ یەعقووب لەو ڕێپێوانانەدا بە دەستی چەکدارانی حکومەت کوژرا و زۆر کەسیش بریندار بوون.[9]

لەبەر ئەوە کە هەم ڕێژەی زیندانییەکانی کورد لە سەرێ بوو و هەم ئەوە کە حکومەت بە دروستی زانیبوو زیندانییەکان لە یەک جێگە ڕانەگرێت، پاش ئەوە کە بەشێکی خەڵکەکە ئازاد کران، دەستەیەک لە زیندانییەکان بەرەو کرماشان بەڕێ کران.[10] دەستەیەکیش لە مەهاباد ڕاگیران و دەستەیەکی دیکەشیان لە زیندانییەکان بۆ زیندانی ورمی نارد.[11]

وێنەی ژێرەوە لە زیندانی ورمێ کێشراوە کە تەنیا بەشێک لەو ئازادیخوازانەی ئەوکات نیشان دەدات کە لە زیندانی ورمی ڕادەگیران.[12]

Serçawey wêne u zaniyarî: Polla Nanewazade

ریزی پشتەوە لە راستەوە: عومەر قازی، حەسەن ماوەڕانی، قاسم ریانی، سەید خدر، شادرەوان ئەحەد ئەنجیری، پۆڵا نانەوازادە، وشیار ئیمامی (هووشی)

ریزی ناوەڕاست لە ڕاستەوە: تاهیر خەلیلی (فەرزاد)، جەلیل گادانی، خەلیل گادانی، قادر ماوەڕانی

ریزی پێشەوە لە راستەوە: شادرەوان سەید موحەممەد نیزامی، حوسێن بەخشی، خۆسرەو خۆسرەوی، (؟ چیڕە یان راهی)

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت