کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران- بەشی دووهەم

0
532

سۆران کەرباسیان

یەک لە هۆکارەکانی دیکەی شۆڕشی ١٩٧٩ گەندەڵیی سیستەم لە پەنای گەندەڵی ئەخلاقیی بەرپرسان لە حکومەتی پەهلەوی‌دا بوو. ئەم دوو جۆر گەندەڵییە لە پەنای یەک بە تەواویی ڕیشەی دە حکومەتەکەی پەهلەویدا کوتابوو و بەهۆی ئەوە کە گەندەڵییەکە لە بەرپرسانی باڵا ڕا بوونی هەبوو، هەربۆیە سیستەماتیک لە درێژخایەندا بناخەکانی حکومەتی لاوازتر و لاوازتر دەکرد. شا بە تەما بوو کۆشکێکی بەرز بونیات بنێت، بەڵام خۆی لەوە گێژ کردبوو کە فۆنداسیۆنیکی قایم بۆ کۆشکەکەی پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر بوو.

یەک لەو گەندەڵییانەی کە وە گیانی سیستەم کەوتبوو و هیچ چارەسەرییەکی بۆ نەکرا، ژێرپێنانی قانوون لە لایەن بەرپرسانی حکومەت بوو. بەهۆی ئەوە کە نموونە بۆ ئەم باسە یەکجار زۆرە، دانەیەک لە نێوانیان باسدەکرێت کە لەوە دەچێت سەرنجڕاکێشتر لەوانی دیکە بێت.

بێ‌ئینسافی نییە گەر لە ناو سیاسەتوانانی ئێرانی‌دا قەوامۆسسەڵتەنە وەک یەک لە ژیرترین و وریاترین هەڵبژێردرێت. قەوام خزمەتی یەکجار زۆری بە بەرژەوەندییەکانی ایران و پاراستنی سنوورەکانی ئەو وڵاتە کرد. هاوکات تەمەنی زۆر زیاتر لە شای ئێران و ئەشرەفی پەهلەوی بوو کە بە زگێکی لە دایک ببوون. قەوام چل و سێ ساڵ لە ئەشرەف پەهلەوی بەتەمەنتر بوو. هاوکات چەند دەورەی وەزارەتی جۆراوجۆری پێ سپێردرابوو و یەک لە ناسراوترین سیاسەتوانانی ئێران بوو. حاشاهەڵنەگرە کە قەوام لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران حوڕمەتی زۆرتر هەبوو لەچاو نێوخۆی وڵاتەکەی و وەزارەتخانەکەی. ڕۆژێک ئەشرەفی پەهلەوی بە قەوامی گوتبوو: «دەبێ واز لە کارەکەت بهێنی.» قەوام کە خۆی پێ وەزیرێکی خاوەن پێگە و هێز بوو، لە بەرانبەری ئەشرەف‌دا ڕاوەستابوو و گوتبووی: کاری وا ناکەم. ڕۆژی دوایە پارلەمانی ئێران متمانەی بە قەوام نەکرد و قەوام وازی هێنا.[1]

ئەم ڕووداوە بە هاسانی خوێندنەوەی ئەم رستانە نەبووە بە مێژوو. وردبوونەوە لە ئەمجۆرە ڕووداوانە باس لە مێژوویەکی تاڵ و تراژیکی ئێرانییەکان دەکات کە هەرچەند هەموو بوارێکیان بۆ رەخسابوو، بەڵام نەیانتوانی لەو هەلە مێژووییە کەڵک وەربگرن. گەندەڵی و خزم‌خزمێنە دە سیستەمی پەهلەوی‌دا بە تەواویی ئەو حکومەتەی لەبەرچاوی ئێلیت و حیزبە ئۆپۆزۆسیۆنەکان خستبوو. لەبەرچاو بگرن کە بە دەیان زانای هونەرمەند لە تاران دەژیان، بەڵام لۆتییەکی نەخوێندەواری ویۆلۆنژەنیان کرد بە وەزیری فەرهەنگ، تەنیا لەبەر ئەوە کە مێردی شەمس پەهلەوی بوو. ئەوکات کە لۆتی بوو و لە مەیخانە و رێستورانەکانی تاران پارەی دەردەهێنا، ناوی عێزەتۆڵڵا مینباشیان بوو و دوایەش کە بوو بە زاوای پەهلەوی‌یەکان-وەک پەهلەوی مەیتەر- ناوی خۆی گۆڕی بە پەهلبۆد.[2] عەلی شەهبازی کە لە کەسانی نزیک لە شا و دڵسۆزی ئەو بوو، نەیشاردەوە کە زۆر لەو بەرپرسانە کە متمانەیان لە شا وەرگرتبوو، گەندەڵ بوون.[3]

لێرە بەر لەوە کە ئاوڕێک بۆ لەسەرکارلابردنی حکومەتی موسەددیق و ئاماژە بە ژێرپێنانی قانوون و سەروەرییە نیشتمانییەکان لە لایەن شا و موسەددیق‌ەوە بکەم، حەز دەکەم سەرنجتان بۆ خاڵیک ڕابکێشم کە جێی ڕامانە.

گەر بیرەوەرییە تۆمارکراوەکانی سەردەمی پەهلەوی بخوێننەوە، بۆتان دەردەکەوێت کە دوو خاڵ لە زۆربەی بیرەوەرییەکانیان‌دا هاوبەشن. ئەم دوو خاڵەش پێوەندی بە بەرپرسانی ئەڕتەش هەیە و بریتین لە:

1. هەموویان ڕقیان لە یەکترە!

2. هەموویان موحەممەد رەزا پەهلەوی‌یان خۆش دەوێت!

من ئەم باسە لێرە دەکەمەوە چون پێویستە رامیاران، شرۆڤەکەران و کارناسانی نیزامی قسەی لەسەر بکەن. ئەوە کە چەندە لێکدانەوەی من لەسەر ئەم دوو خاڵە هاوبەشە دروستە، ناڕوونە، بەڵام بە بڕوای من وردبوونەوە لەم دوو خاڵە گرنگی هەیە بۆئەوە باشتر لەو بەشە لە مێژوو بگەین کە قەت تۆمار نابێت.

من ئاوا سەیری ئەم دوو خاڵە دەکەم کە شا لە ترسی ئەوە کە نەکا لە ئەرتەش‌دا کودەتای نیزامی لە دژی بکرێت، کەسانێکی بۆ پۆستە باڵاکانی ئەرتەش هەڵدەبژارد کە دڵنیا بوو لەگەڵ یەکتر تەبا نین و تەنانەت رقیان لە یەکترە. شا لە مێژووی خۆیدا نیشانی دا کە زۆری حەز لە سێنتراڵبوون بوو. شا بە مەبەستی سێنتراڵبوون و سێنتراڵمانەوە لە ئەرتەش‌دا ئەو کارەی کردبوو و ئەو کەسانەی هەڵبژاردبوو. لەوانەیە هەست بە مەترسیکردنیش لەم بارەوە بۆ ئەو بێجێ نەبووبێ، چون بەرپرسی تایبەتیی شا، کەسێک کە گیانی شای دەپاراست و بادیگاردی بوو، لە شوێنیک کە باسی هەڵاتنی یەکەمی شا دەکات دەبێژیت کە شا زۆری پەلە هەبوو، چون متمانەی بە ئەفسەرەکانی ئەڕتەش نەبوو و دەترسا ئەڕتەش ڕادەستی موسەددیقی بکەن.[4] بڕواننە ئەم مۆدێلەی ژیرەوە کە بۆ نیشاندانی پێوەندی نێوان شا و چەند بەرپرسی بالای ئەڕتەش سازمکردووە:

Şêwey pêwendî nêwan seranî Erteş – Şa rollî sêntrallî hebû

*ڕوونکردنەوە: جگە لەم پێنج کەسە کەسانی دیکەش دە ئەڕتەشی ئێران‌دا هەبوون کە بەرپرسیارەتی بەرزیان هەبوو. ئەم پینج کەسەم بۆیە هەڵبژارد چون زۆرتر لە ڕاگەیاندنەکانی پێش شۆڕشی ١٩٧٩ ناویان دیاربوو. یەک لەم پێنج کەسە هەتا ئیستاش تۆمەتی خەیانەتی لەسەرە. دوو کەسیش لەم پینجانە کورد بوون.

دەبینن کە بەرپرسانی بالای ئەڕتەش پێوەندی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ یەکتر هەیە و خاڵی نیوان ئەوان شایە.

باسکردنی دوو ڕووداوی مێژوویی یارمەتی بەم باسە دەکەن. یەکیان هەڵاتنی شا لە سەردەمی سەرۆکوەزیریی موسەددیق‌دا و دووهەم هەڵاتنی شا بەر لە شۆڕشی ١٩٧٩.[5]

لە هەردووک هەڵاتن‌دا کە شا ئێرانی بەجێهێشت، ئەڕتەش نەیتوانی بە شێوەیەکی هەماهەنگ کار بکات و هەربۆیە لە هەردووک هەڵاتن‌دا ئەڕتەش لە پەیکەرێکی نێو شار دەچوو تا هێزێک کە ڕۆڵی خۆی (سەرکوتکردن بۆ پاراستنی شا) بلێزێت. بڕواکردن بەم سێناریۆیە سانا نییە کە گوایە ئەڕتەش نەیدەویست خەڵک بکوژرێت، بۆیە شۆڕش سەریگرت! مەگە هەر ئەو ئەڕتەشە نەبوو کە بارهای بار خەڵکی سیڤیل و بێ‌چەکی شەتڵانی خوێن کرد؟!

یەک تایبەتمەندی شا ئەم باسە تەواو دەکات و ئەویش ترسەنۆکبوونی موحەممەد رەزا پەهلەوی‌یە.

شا دوو جاران کێشەی بۆ هاتە پێش و هەر دووک جاریش لە ترسان وڵاتەکەی بەبێ بەرنامەیەکی دیاریکراو بۆ ئەڕتەش بەجێ هێشت. وەک گوترا لە کۆی ئەو بیرەوەییانەی کە خوێندوومنەوە، بەو قەناعەتە گەییشتووم کە شا زۆر لە کودەتای ئەرتەش دەترسا و هەر لەبەر ئەوەش بوو لە ناو کەسانی بەرزی ئەڕتەش نە تەنیا هەماهەنگی و هاوڕابوونیکی ئەوتۆ نەبوو، بەڵکوو هەندێک لەوان قینیان لە یەکتر بوو. شا هیچکات حەزی لەوە نەبوو کە سەرانی بەرزی ئەڕتەش بە یەکەوە دۆست و تەبا بن و هەر ئەمەش وایکرد کە هەر دووکجار کە شا لە ئێران ڕایکرد، ئەڕتەش نەیدەزانی چ بکات. کاتێک سێنتراڵ ڕادەکات، باقی مۆدێلەکە ناتوانیت بەڕێوەبەری دۆخەکە بکات. جاری یەکەم کە شا ڕایکرد، ئامریکا بە هاواری ئەڕتەش گەییشت و دەستهەڵاتەکەی بۆ موحەممەد رەزا پەهلەوی گەڕاندەوە، بەڵام جاری دووهەم کە شا سەرلەنوێ ڕایکردەوە، ئامریکا نە تەنیا بە هاواری پەهلەوی نەگەییشت، بەڵکوو خەریک بوو لەبەرچاوی جیهان شا ڕادەستی خومەینی بکاتەوە.

بێکەرامەتیی/بێکەرامەتکردن: ‌

لە کۆی ئەو ٣٧ ساڵە‌دا کە موحەممەد رەزا پەهلەوی دەستهەڵاتداریکرد، هیچکات هەوڵی نەدا ڕێزلێنان لە کەرامەتی تاک دە سیستەم‌دا بکات بە کولتوور. داب و نەریتی دواکەوتوویانە لە ڕێ و ڕەسمی ڕۆژانە و ئەویش لەبەرچاوی خەڵک تا رادەیەک بێتام ببوو کە ئیتر بەرپرسانی حکومەتی لای خەڵک نە تەنیا پێگەیەکیان بۆ نەمابۆوە، بەڵکوو بە چاوێکی ڕێزدارانەوە سەیریان نەدەکرا. دە نێو بنەماڵەی پەهلەوی‌دا زۆر ئاسایی بوو کە تیمسارێکی ئەڕتەش وەبەر زللە بدەن.[6] بڕواننە ئەم دوو وێنەیەی ژێرەوە.

ئەمیر عەباس هۆوەیدا دە وێنەی دەستی ڕاستدا دەبینن کە هیچکەس دە میژووی دەستهەڵاتداری پەهلەوی‌دا بە ڕادەی ئەو وەزیر نەبووە. هاوتەمەنی موحەممەد رەزا بوو. دەبینن کە چۆن لەبەرچاوی باقی پیاوەکانی شا هەتا نێوقەدی داهاتۆتەوە و دەستی شا ماچ دەکات. لە دەستی چەپیش وێنەی بەرپرسێکی باڵای نیزامی دەبینن کە بە چوار ئەستێرەی سەرشانییەوە داهاتۆتەوە و دەستی کوڕە گەورەکەی شا ماچ دەکات. شا لەگەڵ باوکی ٥٧ سالان بەم شێوەیە هەڵس‌وکەوتیان لەگەڵ نزیکترین و وەفادارترین دۆستەکانی خۆیان کرد و بە چاوی نۆکەرێک دەیانڕوانییە وەزیر، پسپۆڕ، زانا و ئێلیتی کۆمەڵگا. لە دواییشدا کە ناچار بوو ئێران بە دەستهەڵاتەوە جێهێڵێت، وەک گازەندەیەک لە نەتەوەکەی و بەرپرسانی حکومەتەکەی گوتبووی:

منیش وەکی باوکم بێدۆست و بێکەسم. تەنیا چەند کەسێک لە دەورووبەرم هەن کە دێن و دەچن و گەمەم لەگەڵ دەکەن.»[7]

سەرنجدان بە هەندێک بەڵگە و رووداوی میژوویی، ڕوونکەرەوەی ئەم گرنگەن کە ماڵی پەهلەوی تۆلێرانسی ئەوەیان نەبوو دەستهەڵاتیان هەبێت. ئەوان بە تەواویی لە لوتکەی دەستهەڵاتەوە بە چاوێکی نزم سەیری خەڵکیان دەکرد. سەرنجڕاکێشە کە بینرا، پەهلەوی باوک، لە کاتی بێدەستهەڵاتیدا نامەی بە شێوەیەک بۆ فەرمانداری دوورگەی مووریس دەنووسی کە نۆکەرێک بۆ ئاغای خۆی دەینووسێت.[8]

گەر بنەماڵەی پەهلەوی کەرامەت و کەسایەتی سیاسەتوانانی خۆیان خەوشەدار نەکردبا، چلۆن کەسێکی بیانی دەیتوانی بێڕێزی بە سیسەتوانێکی ئێرانی بکات؟ بنەماڵەی پەهلەوی حوڕمەتیان بۆ دڵسۆزترین هاونیشتمانی خۆیان نەهێشت. «تاجەلملووک ئایرەملوو»ی دایکی شا لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا بەسەرهاتێکی گێڕاوەتەوە کە پێوەندی ڕاستەوخۆی بەم باسەوە هەیە. ڕۆژێک ریدر بولارد[9] -باڵوێزی بریتانیا لە تاران- بە قەوام‌ی گوتبوو کە کارێک ئەنجام بدات. قەوام وەک سیاسەتوانێک لەسەر بنەمای ڕێزلێنان لە پێگەی پارلەمان گوتبووی کە بزانین پارلەمان چ دەبێژێت. بولاردی ئینگلیسی دەنگی لەسەر قەوام بەرز کردبۆوە و هاوکات کە بە دەنگێکی بەرز بەسەر قەوام‌دا گوڕاندبووی، مستی لە میزی دەفتەری کارەکەی قەوام دابوو و گوتبووی:

«وەکوو ژنان خۆت لە پشت نوێنەری پارلەمان شاردووەتەوە.»[10]

چاوخشاندنێک بە هەندێک پەرتووک و ئاگاداربوون لەمجۆرە ڕووداوانە دەمانگەیەنێتە ئەم قەناعەتە کە لەخۆڕا نییە مێژووی ئێرانییەکان و بە تایبەتیی مێژووی پەهلەوی‌یەکان پڕە لەو کاربەدەست و سیاسەتوانانەی کە سەر بە حکومەتە بیانییەکان بوون.[11]

بنەماڵەی پەهلەوی گەر بەڕاستیی حوڕمەتی شارومەندی ئاسایی خۆیان لەبەر بوایە، هیچکات لە کودەتای بیست و هەشتی مورداد گۆپاڵبەدەست و چەقۆکێشەکانی سەر بە شایان دە گیانی جەماوەرێک بەرنەدەدا کە بۆ گۆڕان هاتبوونە سەر شەقام و داواکاری سیاسییان هەبوو. ئەوان هاوکات حوڕمەتی خۆیان بە تەواویی هێنا خوارێ کە پەنایان بۆ بێگانەکان و بە تایبەتیی ئامریکا برد.[12]

ئەوانەی کە تۆزێک لەگەڵ مێژووی پەهلەوی‌یەکان ئاشنان، ئاگادارن کە دەوڵەتی موسەددیق بە کودەتا ڕووخا. نووسەرانی کورد زۆریان بایەخ بە میژووی ئەو کودەتایە نەداوە، بەڵام ئەو کەسانەش کە لەسەریان نووسیوە، بە شێوەیەکی لایەنگرانە لەسەر ئەو بەشە لە مێژوویان نووسیوە. کوردەکان چون قینیان لە پەهلەوی‌یە زۆرتر باسی ئەو بەشە دەکەن کە لە دژی دەوڵەتی موسەددیق کودەتا کرا، بەڵام ئەوە باس ناکەن کە موسەددیق قانوونی پێشێل کرد. موسەددیق بە پێی قانوون، مافی ئەوەی نەبوو کە پارلەمان ببەستێت، بەڵام ئەو کارەی کرد.[13]

کودەتایەک کە لە دژی موسەددیق کرا، لە زۆر بارانەوە گرنگە لەسەری بنووسرێت و بگوترێت. گەر موسەددیق قانوونی پێشێل کرد، موحەممەد رەزا پەهلەوی کەرامەتی نەتەوەکەی خەوشەدار کرد و ولاتانی بێگانە و لاتە چەقۆکێشەکانی تارانی بردە سەر ماڵی موسەددیق و خەڵکی سیڤیل. ئێستا لەسەر ئەم کودەتایە ساکارتر دەکرێ بگوترێ و بنوسرێت، چون ئاسایشی نەتەوەیی ئامریکا بەڵگە نهێنییەکانی لەمابارەوە بلاو کردوونەوە.[14]

کاتێک نووسینەکانی ستێفان کینزێر سەیر بکەن، بۆتان دەردەکەوێت کە چەندە گرنگە بۆ تێگەییشتن لە وێنەی راستەقینەی میژوو، زۆربەی سەرچاوەکان لەبەرچاو بگیرێن. دەبیندرێت کە ستێفان زوومی کامێراکەی لەسەر کۆمەڵێک لایەنی گرنگی کودەتایە، بەڵام تەنیا لە چەند جێگەیەکی پەرتووکەکەی‌دا ناوی شەعبان جەعفەری (ناسراو بە شەعبان بێمێشک)ی هێناوە و زۆر بە کەمڕەنگیی باسی ڕۆڵی شەعبان لەو کودەتایەدا دەکات.[15] بڕواننە ئەم وێنەی ژێرەوە:

She’ban Ce’ferî u newçekanî leber derkey mallî Museddiq

چما گرنگە کە لە بەشداریکردنی شەعبان جەعفەری وردبینەوە؟ ئەمە پرسیارێکی گرنگە کە پێویستە دابڕێژرێت، چون شا بودجەیەکی زۆری بۆ ساواک دابینکردبوو و هێزی پێویستی لەبەردەست‌دا هەبوو. لەو کاتدا لە هەر ٤٥٠ ئێرانییەک، یەک کەسیان سیخوڕی ساواک بوو.[16]،[17] ئەم وێنەیەی سەرەوە کولتوور و ئاستی شارستانییەتی حکومەتی پاشایەتیی نیشاندەدات. وێنەکە شەعبان جەعفەری لەگەڵ کۆمەڵێک کەس لە بەر درگای ماڵێک نیشان دەدات. ئەمە بەر درگای ماڵی موسەددیقی سەرۆکوەزیرە.

بە پێی ڕاپۆرتی نیۆیۆرک‌تایمز شەعبان جەعفەری لەگەڵ هاوڕێ چەقۆکێشەکانی وەنێو ماڵی موسەددیقی سەرۆکوەزیر کەوتن، و لە کاتێکدا کە موسەددیق جلی نێوماڵی لەبەردا بوو، بەسەر دیواردا هەڵهاتبوو و شەعبان‌یش ڕەپێی نابوو.[18] شەعبان یەک لە دوو لاتە ناودارەکانی تاران بوو کە دۆستی نزیک و وەفاداری شا بوو. شەعبان ئاوا باسی ئەو ڕووداوەی کردووە و دەبێژێت کە دەوڵەتی موسەددیق ئەوی دە زیندان کردبوو، بەڵام کاتێک کە سی‌ئای‌ئێی وەنێو کێشەکە کەوت، فەزلۆڵڵا زاهێدی (دواتر لە جیاتی موسەددیق کرا بە سەرۆکوەزیر) چوو زیندان و فەرمانیدا شەعبان و هاوڕێ چەقۆکێشەکانی لە زیندان ئازادکرێن.[19] شەعبان ئازادکرا بۆئەوەی بەڕێوەبەری چەقۆکێشەکانی باشووری تاران بکات و هێرش ببەنە سەر لایەنگرانی دەوڵەتی موسەددیق و توودەییەکان.

ئەم وێنەیەی ژێرەوە یارمەتییەکی زۆر دەکات بۆئەوە لە ناخی سیستەمی پەهلەوێ بگەین.

She’banî Ce’ferî u Pahlavi le serdanî başgay Efserî

لەم وێنەیەدا پاشای ئێران لەگەڵ دۆستی شان‌بەشانی، چەقۆکێش شەعبان جەعفەری دەبینن کە بە فەرمیی سەردانی باشگای ئەفسەرانی کردبوو. لەبەرچاو بگرن کە سیاسەتوانانی ناسراو وەک ئەسەدۆڵڵا عەلەم  و هۆوەیدا و سەرلەشکەر مەقسوودی سەرۆکی زانکۆی ئەفسەری و سەرلەشکەر نێشات گاردی تایبەتی شا لە پشتەوە دەڕۆن و چەقۆکێشیکی نەخوێندەوار شان‌بەشانی شا دەروات و بە یەکەوە قسە دەکەن. ئەمە بوو کولتووری پەهلەوی کە بانگەشەی ناساندنی ژیاری و شارستانییەتی بە جیهان دەکرد. ئەو بە هاوکاری دەوڵەتێکی بێگانە و چەقۆکێشەکانی تاران گەڕاوە بۆ لەسەرکارلابردنی دەوڵەتێک کە بە ویستی خەڵک هاتبوو سەر کار. خەساری ئەم کودەتایە یەکجار زۆر بوو. پاش ئەو کودەتایە «جێبهەی میللی» و حیزبی تودە تا ئاستی لەناوچوون، تێداچوون.[20]

 

گەندەڵی ئابووریی:

لاوازییەکانی حکومەتداریی پەهلەوی لایەنی جۆراوجۆری هەبوو. هەرکام لەوانیش کاریگەری بەرچاویان لەسەر سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩ دانا. مەسعود ئەنساری کە خزمی فەڕەح دیبا و دۆستی نزیکی شا بوو، باسی بەشێک لە گەندەڵییە ئابوورییەکانی ماڵی پەهلەوی کردووە و نووسیوییەتی کە هەمووکاتێک دە نێوان ئەندامانی بنەماڵەی پەهلەوی‌دا تەماح و چاوبرسییەتی هەبوو و هەرکات پەرۆشی ئەوە بوون سامانێکی زۆرتر لەچاو یەکتر وەسەریەکخەن. ئەو نووسیوێتی کە زۆرجاران لەسەر ئەم باسانە لێیان دەبوو بە شەڕ و لە کۆتاییدا دەبوا سەرۆکوەزیر کۆتایی بە کێشەکەیان بهێنیت.[21]

لێرە نموونەیەک لە گەندەڵییە ئابوورییەکانی ئەو بنەماڵەیە لە نووسینی ئێحسانی نەراقی دەگوازمەوە کە جێگری سەرۆکی یۆنێسکۆ بوو.

وەزارەتی کشت‌وکاڵ چەندین ملیۆن مەتری چوارگۆشە لە زەوییەکانی باکووری تاران بەخۆڕایی بە «بونیادی پەهلەوی» بەخشیبوو. ئەشڕەف پەهلەوی ئەو زەوییانەی بە نرخێکی زۆر کەم لە بونیاد کڕیبوو و بە نرخی ڕۆژ بە کۆمپانی مەهێستان‌ی فرۆشتبوو کە ئەشڕەف بۆخۆی دەو کۆمپانییەدا یەک لە خاوەندارەکان بوو. کۆمپانیای مەهێستان‌یش قەراردادی بەستبوو کە ٣٠٠٠ خانووی مۆدێڕن بە هاوکاریی ئیتالیاییەکان دەو زەوییانەدا سازبکات کە بەر لە سازکردنیش پێشفرۆش کرابوون.[22] ئێستاش گەر لەسەر سامانی ئەو بنەماڵەیە پرسیار زۆر دەکرێت، لەبەر ئەوەیە کە هیچکات دەرفەتێک نەرەخسا تا لێپرسینەوەیەک سەبارەت بە سەروەت و داراییەکانیان بکرێت. بۆ وێنە مافی هەر شارومەندێکی ئێرانە بزانێت بۆ وێنە مەحموود رەزا پەهلەوی چلۆن بوو بە خاوەنی ٢٤ کۆمپانی؟[23] لەو زەمەنەدا کە بنەماڵەی پەهلەوی هەر دە فکری گەندەڵیی و دزیکردن لە سامانی نەتەوەیی بوون و بانگەشەی ژیارییان دەکرد، شەست لە سەدی (٦٠٪) مناڵان نەیاندەتوانی قوتابخانەی سەرەتایی تەواو بکەن و سی لە سەدی (٣٠٪) قوتابییەکان نەیاندەتوانی بچنە زانکۆ.[24]

شا و شۆڕشەکەی:

موحەممەد رەزا پەهلەوی بەرنامەیەکی بە پێشنیاری بیانییەکان بۆ پەرەسەندنی وڵاتەکەی گەڵاڵەکرد. ئەوە کە پێشنیارەکە لە راستیدا ئاوڕی لە پرسی ئازادی و دێمۆکراسی و مافی نەتەوەکانی نیو ئێران دەداوە ناڕوونە، بەڵام بەرنامەکەی شا لەم پرسە جددیانە و هەڕەشە بنەڕەتییەکانی سەر دەستهەڵاتەکەی دوور بوو. شا بەرنامەکانی خۆی بە ناوی شۆڕشی سپی ناساند.

عباس میلانی لەمەڕ ئەم پرسە جددییانە ئاماژەی باشی کردووە و نووسیوێتی کە شا تەنیا شا نەبوو. ئەو سەرۆکوەزیر بوو. فەرماندەی سەرەکیی تەواوی هێزی بەرگریی بوو. گەر هەموو بڕیاراتی وڵات بە ئەمر و دەستووری ئەو نەبوا، لانیکەم دەبوا بەر لەوە بەکاربهێندرێن، لە لایەن ئەوەوە پەسەند کرابان. پۆستە گرنگە ئیدارییەکان بە حەز و فەرمانی ئەو دەبەخشران. دابینکردنی پۆستە دیپڵۆماتیکییەکان بە دەستی شا بوو. بەرزکردنەوەی پلەی بەرپرسانی ئەڕتەش لە سەروانی‌یەوە بۆ سەرێ هەر بە دەستی شا بوو. شا بڕیاری دەدا کە سەرمایەگوزارییە گرنگەکان و سازکردنی کارخانەکان لە کوێ بێت. ئیدە ئابوورییەکان دەبوایە لای ئەو پەسەند کرابان. شا خۆی بڕیاری دەدا کە چ کەسانێک بە تاوانی گەندەڵی بکێشرێنە دادگا و لێپرسینەوەیان لێ بکرێت و لە هەمووی ئەمانە خەراپتر شا بۆخۆی بڕیاری کۆتایی لەسەر پەسەندکردنی بڕیاراتی پارلەمان دەدا.[25]

شا بە ڕواڵەت بەرنامەی پەرەسەندنی وڵاتەکەی داڕشتبوو، بەڵام بەم بەرنامەیەی بە تەواویی سەلماندی کە ناتوانێت سەرۆکیکی دادپەروەر و عادڵ بۆ شارومەندێکی نێو ئێران بیت، چون دە ساڵی ١٩٧٠ی زایینی‌دا:

1) ٤٠٪ی سینەماکانی ئێران لە تاران سازکرابوون.

2) ٥٠٪ی دوکتوورەکان دە تاران‌دا کار و ژیانیان دەکرد.

3) ٢٠٪ی ڕێژەی دانیشتوانی ئێران دە تاران‌دا دەژیان.

4) ٤٢٪ی تەختەکانی نەخۆشخانەکان دە تاران‌دا بوون.

5) ٦٨٪ی کارمەندەکانی دەوڵەت دە تاران‌دا کاریان دەکرد.

6) ٦٠٪ی قەرزەکانی بانکی سەنعەت و مەعدەنیش هەر بۆ تارانی‌یەکان بوو.[26]

7) زیندانی ئێڤین‌ی سازکرد کە یەک لە گەورەترین زیندانەکانی ناوچە لەو زەمەندا بوو.

یەک لە پلانەکانی شا دە شۆڕشە سپی‌یەکەی‌دا پێشگرتن و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گەندەڵی بوو. ئەمە لە ئەسڵی ٢١ی بنەماکانی شۆڕشەکەی‌دا ئاماژەیپێکرابوو. لەم مژارەدا بە ئانقەست باسی گەندەڵیم پێشتر باسکرد، بۆئەوەی لە باسی شۆڕشی سپی موحەممەد رەزا پەهلەوی‌دا خوێنەر بزانیت کە بەشێکی بەرچاو لە ئەسڵ و بنەماکانی ڕێفۆرمەکەی تەنیا پرۆپاگەندەیەک بوو و بەس، ئەگینا شا نە تەنیا بەرەنگاری گەندەڵیی نەبۆوە، بەڵکوو بە تەواویی دەستی خۆی و بنەماڵەکەی بۆ گەندەڵیی ئاوەڵا هێشتبۆوە و دەیانکرد.

موحەممەد رەزا پەهلەوی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە بۆئەوەی بتوانێت رێفۆڕمەکەی بە ئامانج بگەیەنێت، پێویست بوو سیستەمی یەکحیزبی دە وڵات‌دا هەبێت، هەربۆیە حیزبێکی دامەزراند و حیزبەکانی دیکەشی بانگهێشت کرد کە بچنە ناو حیزبەکەی ئەو. ئەوەی لەگەڵیشی هاوڕا نەبوا، حیزبەکەی قاچاخ دەبوو. وەک فیلمەکەی داندراوە و دەتوانن بیبینن، بەنیسەدر، یەکەم سەرۆک‌کۆماری حکومەتی ئیسلامی ئێران لەم بارەوە لە زمانی شا گوتی کە شا حیزبێکی دانابوو بە ناوی پ‌پ‌پ، واتە یان پاسپۆڕت وەربگرە و لەم وڵاتە بڕۆ، یان پەیوەست بە بە حیزبی من، یان ئەوە کە شووشەی پێپسی دە زیندان‌دا پێشکەشت دەکرێ.[27]

ئەم وێنەیەی کە دێرەدا دەیبینن دە ڕۆژنامەی کەیهان‌دا هەر لەو زەمەندا بە چاپ گەییشت.[28]

Parviz Mahmoud le katî wergrtn passport u izn bo royîştn le Iran

ئەم وێنەیە لە ئیدارەی پاسپۆڕتی تاران گیراوە. لە دەستی ڕاست کەسێکی کۆمۆنیست دەبینن کە ناوی پەرویز مەحموود بوو. پاش ئەم بریارەی پەهلەوی، پەرویز نامەیەکی بۆ هۆوەیدا نووسی و داوایکرد پاسپۆڕتی بدەنێ بۆئەوەی ناتوانیت ببێتە ئەندامی حیزبی رەستاخیز. هۆوەیداش داواکارییەکەی پەژراند و بەخۆڕایی پاسپۆڕتیان پێدا و ئەویش وڵاتەکەی جێهێشت و ماڵ و حاڵی بۆ سۆڤیەت گواستەوە.[29] شا بیری لە هەموو ڕێگاکان بۆ سەرکوتکردنی بیری جیاواز کردبۆوە، هەربۆیەش پێویستی بە زیندانێکی گەورە وەک ئێڤین هەبوو. گەر ئازادی مرۆڤ و بیر، جێگەیەکی دە رێفۆڕمی پەهلەوی‌دا هەبوا، قەت ژمارەی کادری نیزامی لە سێ بەرابەر زیاتر لە زیادەی نەدەدا.[30] لە ئەنجامی ڕێفۆرمەکەی پەهلەوی‌دا ڕێژەی شارنشینی دە ئێران‌دا لە زیادەی دا. ساڵی ١٩٧٥ی زایینی نزیکەی ٤٥٪ی خەلک دە ئێران‌دا لە شارەکاندا دەژیان.[31]

رێفۆڕمی شا دە ڕاستیدا پلانی شەڕخوازانەی بە دواوە بوو. دروستە کە سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە بە مەترسییەک بۆ ئاشتی دە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام گەر شا بوار و دەرفەتی پێ درابا، زۆر لە کۆماری ئیسلامی ئێران مەترسیدارتر دەبوو، چون شا بنەڕەتیی کاری بۆ داهاتوویەکی مەترسیدار دەکرد. ئەو دە ساڵی ١٩٧٤ی زایینیی‌دا قەراردادی سازکردنی دوو رێئاکتۆری ئەتۆمی لەگەڵ فەرەنسە واژۆکرد و چوار ملیۆن دۆڵاری خەرجی ئەم پلانەی کرد.[32] کاتێک کە باس لە سەرمایەگوزارییەکانی شا لەو سەردەم‌دا دەکرێت، پێویستە کە داهاتی فرۆشی نەوتی ئێران لەو زەمەن‌دا لەبەرچاو بگیردرێت. داهاتی نەوتی ئێران دە ساڵی ١٩٥٥ی زایینیی‌دا ٣٤،٤ ملیۆن دۆڵار بوو و هەتا ساڵی ١٩٧٥ بە بیست ملیارد دۆڵار گەییشت. واتە داهاتی نەوتی ئێران لە ماوەی بیست ساڵان‌دا ٥٨١ بەرابەر زیاتر بوو.[33] شا دواتر جیا لەو دوو رێئاکتۆرە ئەتۆمییەی کە گرێبەستەکەی لەگەڵ فەرەنسەوییەکان بەستبوو، سەرمایەگوزاری زۆرتری کرد. ئەو قەراردادی دانەیەکی دیکەی لەگەڵ بریتانیا بەست بۆئەوەی لە ئیسفەهان دابمەزرێت. گرێبەستی دووی ڕێئاکتۆری ئەتۆمی دیکەی لەگەڵ ئامریکا بۆ شاری تاران بەست و لەگەڵ ئاڵمانییەکانیش سازا بۆئەوەی دانەیەکی لە قەراخ زەریاچەی کاسپیەن سازکەن و بەم شێوەیە گەرەکی بوو تۆڵەی داگیرکارییەکانی سۆڤییەت لە شەڕی دووهەمی جیهانی بکاتەوە.[34] پلانەکانی شا بۆ کۆمەڵگای نیونەتەوەیی شاراوە نەبوو، چون خۆیان بوون کە چەک و خزمەتە پیویستەکانیان بە شا دەفرۆشتەوە و کۆمپانیاکانی خۆیان بوون کە توانایی بیمەکردنی چەکە قورسەکانی ئێرانیان هەبوو. کۆمەڵگای نیونەتەوەیی ئاگاداری پلانە نالەبار و مەترسیدارەکانی شا بوون و دەیانزانی کە خەرجەکانی نیزامی ئێران چۆن لە زیادەی دابوو. شا دە ساڵی ١٩٥٤ی زایینیی‌دا ٦٠ ملیۆن دۆڵاری خەرجی ئەڕتەش‌ کردبوو، بەڵام ئەو خەرجانەی دە ساڵی ١٩٧٧ی زایینیی‌دا بە حەوت ملیارد و دووسەت ملیۆن دۆڵار گەییشت.[35]،[36] واتە شا لە ماوەی ٢٣ ساڵان‌دا خەرجەکانی ئەڕتەشی ١٢٠ بەرابەر ببوون. بۆ وڵاتێک کە گەرەکی بیت رێفۆڕمێکی ئاشتیخوازانە و مرۆڤی هەبێت، ئەم ڕێژە و ئامارانە ئاسایی نین. شا کە زۆر لە هەوڵی ئەوەدا بوو ئاگای لە پاڵپشتییەکانی ئامریکا بێت، بڕیاری دا کە لە ساڵی ١٩٧٥ی زایینییەوە سێ ملیارد دۆڵار دە ساڵدا چەکی ئامریکایی بکڕێت.[37] بودجەی نیزامی وڵاتەکەشی لە پەنای بەرنامەی رێفۆڕم‌دا دوازدە بەرابەر زیاد کرا.[38]

هەتا ئێرە هەوڵ درا ئاماژەیەک بە چەند هۆکارێک لە هۆکارەکانی شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران بکرێت. وەک پێشتر گوترا، شا بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوای خستبوو ژیر مەترسییەوە و هاوکات کە دژایەتی جوولەکەکانی دەکرد، راشکاوانەش گوتبووی کە ئامادە نەبوو کۆنتراکتی نەوت بۆ چەند کۆمپانیای گرنگی ڕۆژئاوایی نوێ بکاتەوە. لە دواییدا کە شا هەستی بە مەترسییەکانی ناوەکی و دەرەکی کرد و ترسی لێ نیشتبوو دەستهەڵاتەکەی لە قیس بچێت، هەوڵی دا گۆڕان بەسەر زۆر شتدا بهێنێت و لە هەندێک شوێنیش باجی چاکی دا. بۆ وێنە کاتێک کۆمپانیای پان ئەمەریکەن خەریک بوو وەرشکەست بیت، شا لە دوو ساڵاندا (١٩٧٥-١٩٧٧) دووسەت و پەنجا ملیۆن دۆڵاری یارمەتیی ئەو کۆمپانیایە کرد هەتا نەکەوێت.[39] شا لە کاتێکدا کە زانی بە کوشتنی خەلکی سەر شەقام ناتوانێت بەر بە تووڕەیی و نارەزایەتی خەڵک بگرێت، شەریف ئیمامی نارد هەتا لە پارلەمان بە فەرمیی داوای لیبوردن بکات کە ڕۆژی «١٧ی شەهریوەر» تەققەیان لە خەڵکی سیڤیل کردبوو و کوشتبوویانن.[40] هەروەها بەڵێنی بە خەڵک دا و گوتی:

«ئازادی سیاسیی بە ڕادەی وڵاتە ئەورووپییەکان بە ئێوە دەدەین.»[41]

بەڵێنییەکانی شا بۆ ئەوە نەدەبوو کە بڕوای پێ بکرێت، بەڵام شا لە دانی بەڵێنی و هەندێک گۆڕانکاریی بێبایەخ بەردەوام بوو. هاوکات کە کۆمەڵگای نیودەوڵەتی هەستیان بە مەترسییەکانی شا بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان کردبوو و لە نێوخۆی ئێرانیش دەنگی نارەزایەتییەکان بە لووتکەی خۆی گەییشتبوو، سعوودی عەرەبیش لە ژیرەوە کاری جددی بۆئەوە دەکرد هەتا لە ڕێگەی کاناڵەکانی خۆیەوە ڕۆژئاواییەکان بەو قەناعەتە بگەیەنێت کە هێزی ئێران لە کەنداوی فارس‌دا کەم بکاتەوە.[42]

کوردستان و شۆڕشی ١٩٧٩:

لەو زەمەنەوە کە مێژووی هاوچەرخ دەستپێدەکات و بە تایبەتیی لەو کاتەوە کە نیشتمانی کوردەکان بەسەر وڵاتی ئێران و سێ وڵاتی تازەچێکراوی ترکیا، عێڕاق و سووریا دابەشکرا، هەرکات ناوەندی ئەو حکومەتانە هاندەری کوردەکان بوون کە بە دژیان ڕابن. هیچ دوور نییە کە گەر ناوەندی حکومەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بە هزرێکی مرۆڤی و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە هەڵس‌وکەوتیان لەگەڵ کورد و کوردستان‌ کردبا، لەوانەبوو هیچکات پۆتەنسییەلی نەتەوەیی و سەربەخۆییخوازی کوردەکان بەو ڕادەیە دە نێویاندا پەرەی نەسەندبا کە دە مێژووی هاوچەرخی کوردەکان‌دا تۆمار بووە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەیتوانیوە و نەیانهێشتووە جلکی دێمۆکراسی دەبەربکات. نەبوونی مشوورێکی مرۆڤیی لە لوتکەی دەستهەڵاتەکانی تاران، ئانکارا، دەمێشق و بەغدادیش ئەوەندەی دیکە گڕی دە ئاگری بەرخۆدانی کوردان بەرداوە. من لام وایە کە لە نێوان ئەو چوار حکومەتە کە دەستیان بەسەر نیشتمانی کوردەکان‌دا گرتووە، تاران هەرکات ڕۆڵی براگەورەی بۆ ئەوانی دیکە هەبووە و زۆر ژیرانەتریش لە دژی کوردەکان داڕشتنی سیاسەتی خۆی کردووە.

ئەم تێڕوانینە بە پێی چاوخشاندنێکی دۆکیومێنتاریی پێکهاتووە و لەسەر ئەم تێڕوانینەشە کە وا بیر دەکرێتەوە کە هەرکات تاران هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ کوردەکان هەڵهێنێتەوە، بە دڵنیاییەوە پلانێکی داڕێژراو لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی تارانی لە پشتە. تاران سەلماندوویەتی کە بە هزرێکی مرۆڤیی سەیری کورد و کوردستانی نەکردووە. هەربۆیە گرنگە کە کوردەکان و ئازادیخوازان بە چاوێکی گوماناوییەوە سەیری هەڵس‌وکەوتەکانی تاران بکەن، ئەگەر تاران مانۆڕێکی ئەرێنی بەرانبەر کوردستان بدات.

یەک لە هەنگاوە بە ڕواڵەت باشەکانی تاران لە سەردەمی دەستهەڵاتداریی موحەممەد رەزا پەهلەوی کردنەوە و بەڕێوەبەریی دوو بڵاوکراوەی زنجیرەیی لەمەڕ کورد و کوردستان بوو. یەکیان بە ناوی «کوهستان» و ئەوی دیکەیان بە ناوی «کوردستان» بڵاو دەبۆوە. «کوهستان» (لەمەودوا دەنووسرێت کووهێستان) بە زمانی فارسی و لە سەردەمی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان دەستی بە وەشانی خۆی کرد. کوردستان‌یش دواتر لە سەردەمی شۆڕشی ژێنێراڵ مستەفا بارزانی و بە زمانی کوردیی بە چاپ گەییشت.

چما کووهێستان؟ چما کوردستان؟ ئەویش لە تاران!

کاتێک حکومەتی پەهلەوێ هەستی بە مەترسیی سەرهەڵدان دە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا دەکرد، پەنای بۆ مانۆڕێکی سیاسیی دەبرد بۆئەوەی لەبەرچاوی ناوەوە و دەرەوەی وڵات نیشان بدات کە ڕێز لە نەتەوەی کورد و مافەکانی دەگرێت. لە راستیدا ڕووداوە گرنگەکانی کوردستان کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ئەم سیاسەتەی تاران دانابوو، ئەگینا تاران هیچکات ئەو تۆلێرانسەی نەبوو کە ئاوڕێکی مرۆڤیی لە کورد و کوردستان بداتەوە. بە دوای ئەوە دا کە کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان لە ڕێکەوتی ١٦ی سێپتامبری ١٩٤٢ی زایینیی دامەزرا[43] و توانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرە بە پێگە و دەستهەڵاتی خۆی دە موکریانی کوردستان‌دا بدات، تاران ترسی لێنیشت. دواتریش لە بەغداد لە ئۆکتۆبری ١٩٤٣ی زایینییەوە گۆڤاری «دەنگی گێتیی تازە» دەستی بە وەشان کرد.[44] بڵاوکراوە کوردییەکانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان و دەنگی گێتیی تازە لە پەنای پەرەسەندنی دەستهەڵاتی بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد دە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا بە تەواویی تارانی شپڕێو کردبوو. بە پێی ئەو ڕۆژنامە و سەرچاوە ئێرانییانەی کە لەبەر دەستی نووسەری ئەم بابەتەدا هەن، ڕوونە کە تاران بە رووناکبیر و قەڵەمبەدەستانی حیزبی و دەستهەڵاتەوە زۆر لە ترسی لەدەستدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون. هەربۆیە بە مەبەستی ئەوە کە پەرە بە تێزی فاشیستی ئێرانیبوونی کوردەکان بدەن و بۆ ئەوە لای وڵاتانی دیکە و کۆمەڵگای نێونەتەوەییش وا نیشان بدەن کە کوردەکان لای تاران بایەخیان هەیە،[45] حەوتوونامەی کووهێستان‌یان وەڕێخست. وەک لە وێنەی ژێرەوەدا دەبینن، کووهێستان یەکەم ژمارەی خۆی لە ڕێکەوتی ٢٦/٢/١٩٤٥ی زایینیی‌دا بە چاپ گەیاند. سەرنجڕاکێشە کە تاران نەیشاردبۆوە ڕووداوەکانی کوردستان بە گشتی و مەهاباد بە تایبەتیی چلۆن وە مەترسی خستبوون و دژایەتی ئێلیتی کوردیان دەکرد کە دە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا خەریک بوون بناخەی سەربەخۆیی کوردستان دامەزرینن.[46]

بە پێی ئەو تێلێگرامەی کە قەرەنی ئاغای مامەش» بۆ تارانی ناردبوو، چەند ڕۆژ بەر لەوە کە وەشانی کووهێستان لە تاران دەست بە وەشانی خۆی بکات، نیشتمانپەروەرانی کورد لە مەهاباد پێنج چەکداری حکومەتی پاشایەتییان لە مەهاباد کوشتبوو و کاردانەوەکەی لە حەوتوونامەی کووهێستان‌دا دەبیندرێت.[47]

ڕۆژنامەی کوردستان‌یش کە بە هەمان شێوە لە لایەن حکومەتی پاشایەتی ئێرانەوە چاپکرا، هۆکارێکی حاشاهەڵنەگری هەبوو. پاش ئەوە کە ژێنێراڵ بارزانی لە سۆڤیەت گەڕاوە و خەباتی دژ بە حکومەتی بەغداد دەستپێکرد، سەرلەنوێ ئاگری بیری نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا گڕی گرتەوە. ڕاپۆرتەکانی ساواک و کوردەکانی سەر بە ساواک هەموو سەلمێنەری ئەم راستییەن کە تاران ترسی زۆر لەوە بوو کە خەباتی بارزانی ببێتە هۆکار بۆئەوە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتیش سەرلەنوێ دژ بە تاران ڕابنەوە.[48] پاش کودەتای ١٩٥٨ی زایینیش دە عێراق‌دا، بەغداد دانی بە هەندێک مافی کولتووریی کوردەکان دانا. بۆ وێنە دە مادەی ژمارەی سێ‌ی دەستووری کاتیی عێراق‌دا زمانی کوردیی بە فەرمی ناسێندرا و مافی خوێندن بە زمانی دایکیی بە کوردەکان درا. بزوتنەوەی باشووری کوردستان و دانپێدانانی حکومەتی بەغداد بە هەندێک لە مافە کولتوورییەکانی کورد دە عێراق‌دا کاریگەریی لەسەر سیاسەتی تاران بەرانبەر بە کوردەکان دانا و هەربۆیە شا سەرمایە و کادری تایبەتیی تەرخانی بەچاپگەیاندن و بلاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان کرد کە وەک لەم وێنەی ژێرەوەدا دەبینن، لە ساڵی ١٩٥٩ی زایینیی دەستی بە وەشانی خۆی کرد، بەڵام ئەمجارەیان بە زمانی کوردیی.

لە دواییدا کەحکومەتی عێراق شەڕی دژ بە کوردەکانی باشوور دەستپێکردەوە و هێرشی بردە سەر خاکی کوردستان، موحەممەد رەزا پەهلەوی‌ش ڕۆژنامەی کوردستانی کۆ کردەوە. دۆخی کوردستان لە هەرکام لە بەشە داگیرکراوەکانیدا کاریگەریی راستەوخۆی بۆسەر پرس و دۆخی کورد دە بەشەکانی دیکەدا هەیە. بۆ وێنە هەتا قەراردادی ئەلجەزایەر لە ساڵی ١٩٧٥ی زایینی لە ناوبەری ئێران و عێراق واژۆ نەکرابوو، سیاسەتی تاران و بەغدا لە هەردووک لەو وڵاتانەدا بەرانبەر باشووری کوردستان جیاواز بوو و لە دوای واژۆکردنی ئەو قەراردادە بە تەواویی گۆڕانی بەسەردا هات.

Wajokrdnî peimanî Aljazayer 1975 le layen nwêneranî Iran (destî çep) Iraq (destî rast) u Aljazayer (nêwncî)

بۆئەوە کە خوێنەر ڕوونتر بڕوانێتە ئەم گؤرانکارییانە، بە پێویست دەزانرێت کە دوو نموونە دێرەدا بهێنمەوە.

١. کاتێک کە بزوتنەوەی بارزانی و شەڕ لە بەرانبەر بەغداد بە لووتکەی خۆی گەییشت، حکومەتی پاشایەتیی ئێران لەوە دەترسا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەژێر کاریگەری ئەودیو لە دژی تاران ڕابن. شا دەیزانی کە مەلاکانی کورد کاریگەرییان لەسەر جەماوەری کورد هەیە، هەر بۆیە فەرمانی بە دەوڵەت دا هەتا بەدجەیەکی تایبەت بۆ پشتیوانی مەلاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابین بکەن و لە ڕێگەی ئیدارەی ئەوقافەوە بیاندەنێ. لەو ماوەیەدا کە لە باشوور خەبات لە دژی بەغداد بەردەوام بوو، ساڵانە بۆ هەر مەلایەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەت هەزار تمەن پارە دەدرا.[49]

٢. هەتا ئەو کاتە کە قەراردادی ١٩٧٥ی نێوان عێراق و ئێران نەبەسترابوو، کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتیی ئەندامان و سەرکردایەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی (ئێران) کە دە خاکی عێراق‌دا دەژیان، کێشەی هاتوچۆکردن و بلاوکردنەوەی ڕۆژنامەیان نەبوو. ڕۆژنامەی کوردستان بە بەردەوامیی بە چاپ دەگەییشت، بەڵام دوای ئەو گرێبەستە کە هەرەسی بە شۆڕشی بارزانی هێنا، ڕۆژنامەی کوردستان کە بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی (ئێران) بوو و لە بەغداد چاپ دەکرا، لە وەشان کەوت. تەنیا ئەوەیان پێکرا کە چەند جارێک ئەندامانی خۆیان بۆ نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بنێرنەوە و پێوەندیی خۆیان لەگەڵ خەڵک بپارێزن. عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە کە ئەوکات لەگەڵ ئەندامانی دیکەی حیزب لە عێراق دەژیا، ئاوا باسی ئەو دۆخە دەکات کە چالاکانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دە خاکی عێراق‌دا لەگەڵی بەرەوڕوو ببوونەوە:

«دیارە هەر ئەوە کە حیزب توانی مان و سەربەخۆیی سیاسیی خۆی بپارێزێ، دەسکەوتێک بوو. بەڵام ئەگەر ئەوەندەی لێ دەرکەین کارێکی ئەوتۆی بۆ پتەو کردنی جێ پێی خۆی لەدەست نەهات. پێوەندیی نێوان بەشەکانی ڕێبەرایەتی کارێکی ئاسان نەبوو. بۆیە بە کردەوە هەر بەشە بە کاروباری دەوروبەری خۆیان رادەگەیشتن و ئەو دەرەتانە نەبوو کە هەموو پێکەوە بۆ هەموو کاروباری حیزبی باس بکەن و بڕیار بدەن. ئەو بەشەش کە لە کوردستانی عیراق دەژیان، دەبوو دەست بە کڵاوی خۆیان دابگرن با نەی با و بیرکردنەوە لە تێکۆشانی تەشکیلاتی لە ژوورەوەی وڵات کەمتر بە مێشک دا دەهات. چونکە ئاکامی دڵتەزێنی لێ چاوەڕوان دەکرا.»[50]

گرێبەستی ١٩٧٥ کاریگەری نەرێنی لەسەر کوردستانی ڕۆژهەڵات دانا. پاش ئەم هەرەسە کە بە شۆڕشی بارزانی‌یان هێنا، بە دەیان هەزار بنەماڵەی کوردی باشووریش ئاوارە بوون. سەرکردایەتی حیزبی دێمۆکرات ئیدەیەکی باشیان هەبوو و گەرەکیان بوو نەزەری بارزانی بۆ لای خۆیان ڕابکێشن تا بە یەکەوە لە دژی ئێران خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیندوو بکەنەوە. فکرێکی لۆژیک و چاوەڕوانکراو بوو. لۆژیک لەبەر ئەوە کە شای ئێران بەڵێنییەکانی خۆی بەرانبەر پشتیوانی لە بارزانی و شۆڕشەکەی نەبردە سەر و چاوەڕوانکراو لەبەر ئەوە کە لە سەردەمی ئەحمەد تۆفیقەوە ئەو فکرە دەنێو ئەندامانی حیزبی دێمۆکرات‌دا هەبوو کە دوای کۆتاییهاتنی خەبات لە باشوور (هەڵبەت دوای سەرکەوتن)، هەموو هێزەکانی کوردستان ڕوو دە ئێران بکەن و سیلەی تفەنگەکانیان لە شای گرن. ئەمە بە دەیان جار لە لایەن سەرکردایەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان‌ەوە گوترابوو (بۆ وێنە ڕەسووڵی پێشنەماز ئەمەی لە زاری سولەیمانی مۆعینی بیستبوو). حەسەنزادە دەستی بە بارزانی نەگەییشت بۆئەوەی نامەی حیزبی دێمۆکراتی بە دەست بگەیەنیت، هەربۆیە بارزانی بەو ئیدەیەی حیزبی دێمۆکراتی نەزانی.

ئەندامانی حیزبی دێمۆکرات کە لە عێراق دەژیان، چیتر نەیاندەتوانی بە سانایی هاتوچۆ بکەن. پسوولە و پاسپۆڕتیان نەبوو. حیزبی دێمۆکرات پێویست بوو لەسەر دۆخی نالەباری حیزب و ئەندامەکانیان کۆبوونەوە پێکبهێنن، بەڵام بۆیان نەدەلوا. پێوەندیگرتن لەگەڵ ئەندامانی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتیش چەتوونتر ببوو. چەند ئەندامێکی حیزبیش لە هەندەرانەوە داوای ویزایان کردبوو کە پێیان نەدرابوو و نەیانتوانیبوو بگەڕێنەوە عێراق.[51]

هەموو ئەو کەسانەی کە هەندێک لەسەر مێژووی کوردستان موتاڵەیان هەبووە، دەبێ بەمە بزانن کە قینی نەتەوەی کورد لە دوای رووخانی کۆماری کوردستان‌ەوە لە دژی پەهلەوی‌یەوە ڕیشەی داکوتاوە. لەسێدارەدانی گەورەپیاوانی کورد و سەرۆککۆماری خۆشەویستی کوردەکان لە لایەن حکومەتی پەهلەوی‌یەوە لای کوردەکان ڕووداوێکی تاڵە و لەبیریان ناچێتەوە. لەو سەروبەندەدا کە شا لەگەڵ دژایەتیی نێوخۆیی بەرەوڕوو ببۆوە، ئاگری کوردەکانیش سەرلەنوێ گڕی گرتەوە. سەرچاوەی جۆراوجۆر باس لە ڕووداو و هەڵوێستی دژ بە حکومەتی پەهلەوی لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن کە پێویستە لە مژارەکانی داهاتوودا بخرێنە بەر ئاماژە. جگە لەمە، کوردەکان باش ئاگاداری سیاسەتی جیاوازیدانانی شا و لە پەڕاوێزخستنی کوردستان هەبوون. بودجەی کەمتر بۆ ناوچە کوردستانی‌یەکان تەرخان دەکرا و زۆرتر خەریکی پێڕاگەییشتن بە پێتەخت و ناوچە فارسنشینەکان بوو. ژمارەیەکی زۆریش لە کوردەکان دە زیندانەکانی پەهلەوی‌دا  دەژیان و جەماوەری کورد بە بوونی ئەوان دە زیندان‌دا قینیان لە شا زۆرتر ببوو و خۆشیان لە دەرەوەی ئەو دەستهەڵاتەدا دەبینی کە شا بەڕێوەیدەبرد. بەسەرکردنەوەی هەموو ئەم باسانە بە مژارەکانی دادێ دەسپێرم. دێرەدا بە کورتیی باس لە یەک لەو ڕووداوانە دەکرێت کە لە مەهاباد ڕوویدا و حاشاهەڵنەگرە کە کاریگەریی بەرچاوی لەسەر هەستی نەتەوەیی کوردەکانی ناوچە دانا. ئەم ڕووداوەش بۆ کاتێک دەگەڕێتەوە کە کوردەکان گەرەکیان بوو تەرمی ئازادیخوازی کورد، عەزیزی یۆسفی لە مەهاباد بنێژن.

ئەوە کە تەرمی عەزیزی یۆسفی چۆن بۆ مەهاباد گواستراوە و خودی ئەو کێ بوو، مژارێکی تایبەتی گەرەکە و لە داهاتوودا گەڕانەوە بۆ ئەم باسانە دەکرێت. باسکردنی ڕووداوەکانی کاتی ناشتنی ئەو لێرە بایەخێکی تایبەتیی هەیە و چون کاریگەری لەسەر ڕۆحی شۆڕشگێڕی کورد لە ناوچەکە دانابوو، بە دروست زانرا لە باسی هۆکارەکانی شۆڕشی ٧٩ ئاماژەیەکی کورتی پێ بکرێت.

عەزیزی یۆسفی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی (ئێران) پاش ٢٥ ساڵ زیندانیی ئازاد بوو، بەڵام بەهۆی ئەوە کە لە ژێر ئەشکەنجە و دۆخی نالەباری زیندان نەخۆش ببوو، دە ڕێکەوتی ٤ی ٦ی ١٩٧٨ی زایینیی‌دا کۆچی دوایی کرد. کاتێک کە تەرمەکەیان بۆ ناشتن گواستەوە مەهاباد، پێشوازییەکی گەرم کرا. بەرخۆدانی ئەو وەک ئازادیخوازێکی کورد ساڵانێکی زۆر لای خەڵک باس دەکرا و بە تایبەتیی لای گەنجانی ناوچەکە ڕێزێکی بەرچاوی هەبوو. عەزیزی یۆسفی وێنەی بەرخۆدانێکی بێوێنە بوو کە ٢٥ ساڵ زیندان، ئەشکەنجە، سترێس، هەڕەشە و دۆخی ناسالمی زیندان نەیتوانی بە چۆکی داهێنێت. جگە لە حورمەت و ڕێزێک کە خەڵکی مەهاباد بۆ خەبات و کەسایەتی عەزیزی یۆسفی‌یان هەبوو، هەلەکە لە بواری دیکەشەوە بۆ نیشاندانی ورەی بەرزی کوردەکان رەخساو بوو. لەو زەمەندا بە گشتیی دۆخی ئێرانیش پڕ لە کێشە و هاڵۆزیی بوو و پێویست بوو کوردستان‌یش جووڵەکەی ئاشکرا لە خۆی نیشان بدات. پۆتەنسیەلی دژەحکومەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا فرە بوو، بەڵام پێویستی بە بیانوویەک هەبوو هەتا ئاگری کوردەکان گڕ بداتەوە. شێوەی پێشوازیکردن و قسەی سیاسەتوانە کوردەکان لە کاتی ناشتنی تەرمی عەزیزی یۆسفی، کاریگەری زۆرتری لەسەر جەماوەرەکە دانابوو. ڕووناکبیرانی گەنجیش کە خۆیان لە دەرفەتێکی ئاوا دەگەڕان بۆئەوەی کەڵکی بەجێی لێ وەرگرن و بناخەکانی نەمانی حکومەتی پاشایەتیی لە کوردستان‌دا دابڕێژن. ڕێپێوانێکی بەرین لە ڕۆژی سێهەمی پرسەکەەدا لە مەهاباد ئەنجام درا کە کۆنترۆڵی بۆ چەکدارانی حکومەت سانا نەبوو.[52]

حکومەت کاردانەوەی نیشان دا و دەستەیەکی زۆری لە گەنجان و ڕووناکبیرانی کورد گرت کە سەر بە ڕێبازی فکری جیاواز بوون. بەشێک لەو کەسانە هەر لە مەهاباد ئازاد کران. دەستەیەک لەوان بەرەو زیندانی ورمێ بەڕێ کران. گرووپێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوەکان بۆ زیندانی کرمانشا گواسترانەوە و دەستەیەکیش هەر لە مەهاباد ڕاگیران.[53]

وەک گوترا ئەمە یەک لە ڕووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە زۆر بە کورتیی باسکرا. لە دادێدا گەڕانەوە بۆ ئەم ڕووداوە و باقی ڕووداوەکانی شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت.

 لە بابەتی دادێ‌دا زۆرتر لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنووسرێت.

سەرچاوە و ژێدەر


[1]  اشرف پهلوی، من و برادرم، چاپ دوم، نشر علم ١٣٧٦، ص ١٧٣

تێبینی: دەنگی ئەشرەف پەهلەوی لەبەردەست‌دا هەیە کە ئەم قسانەی کردووە. هاوکات بیرەوەری و سەرچاوەی دیکەش هەن کە ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە و بەم شێوەیەی نییە متمانەی تەواو بە یەک سەرچاوەی زارەکیی کرابێت.

[2]  خاطرات من و فرح پهلوی؛ اسکندر دلدم، انتشارات به‌آفرین، چاپ سوم، ص ١١٣٤

هەروەها سەبارەت بە ناسناوی پەهلەوی: ترکێکی دانیشتووی ئازەربایجان کە لێکۆڵەری مێژوویی بوو، بۆ یەکەمجار ناسناوی ”پهلوی” بۆ خۆی هەڵبژارد و بە ناوی «محمود پهلوی» ژیانی دەکرد. ناوبراو لە یەکەم ژمارەی گۆڤاری «پروین» کە لە ساڵی ١٩١٥ی زایینی بڵاو بۆوە، بابەتێکی بە ناوی ”محمود پهلوی” لە سەر کتێبخانەی «اسکندریە» بڵاو کردەوە. ساڵی ١٩٢٤ی زایینی لە لایەن زۆردارێکی حکومەتی بە ناوی ”فرج اڵڵەخان بهرامی” نامەیەک بە دەستی ”محمود پهلوی” گەییشت و بە ڕاشکاویی فەرمان درابوو کە چیتر بۆی نییە ناسناوی «پهلوی» بەکار ببات. ئەو بڕیارەش لە لایەن «رضا سوادکوهی» پاشای ئەوکاتی ایران درابوو کە ناسناوی «پهلوی» بۆخۆی هەڵبژاردبوو و حەزی نەدەکرد کەس ئەو ناوە بەکارببات. «محمود پهلوی» بەم هۆیەوە ناوی خۆی وەک ناسناویش بەکاربرد و بە ناوی ”محمود محمود” درێژەی بە ژیان و نووسین دا. یەک لە پەرتووکە بە نرخەکانی ”محمود محمود” لە ژێر ناوی ”تاریخ روابط سیاسی ایران و انگلیس در قرن نوزدهم” لە هەشت بەرگان‌دا بەچاپگەییشت. بۆ زانیاری زێدەتر لەم پێوەندییەوە بۆ وێنە بڕواننە نووسینەکانی دوکتوور فریدون آدمیت و محمود کثیرایی و علی دهباشی.

[3]  علی شهبازی (خاطرات)، محافظ شاه (مأمور مخصوص شاه)، انتشارات اهل قلم، چاپ اول، شابک ٣٤-٥٥٦٨-٩٦٤، ص ٧٦

[4]  هەمان سەرچاوەی پێسوو، لاپەڕەی ٥٠

[5]  لێرە گرنگە ئەمەش لەبەرچاو بگیردریت کە کاتێک شا بۆ یەکەمجار هەڵات و ئێرانی بۆ مصدق جێهێشت، لە بەغداد ترسی لێ نیشتبوو، چون باڵوێزی ئێران لە بەغداد ویستبووی شا ڕادەستی موسەددیق بکاتەوە. بۆ زانیاری زێدەتر لەمبارەوە بڕوانە:

اشرف پهلوی، من و برادرم، چاپ دوم، نشر علم ١٣٧٦، ص ٢٦٠

[6]  فرهاد رستمی، پهلویها، جلد ٢، شابک ٦-١٥-٦٣٥٧-٠٩٦٤، ص ٥٠١

[7]  بهرام افراسیابی، همسران شاه؛ همراه با دست‌نوشتە دفترچە خاطرات فرح دیبا، انتشارات مهتاب، تهران ١٣٨١، شابک ٩-٨١-٦١٦٢-٩٦٤، ص ٣١٠

[8]  فرهاد رستمی، پهلویها، جلد ١، شابک ٨-١٤-٦٣٥٧-٠٩٦٤، چاپ و نشر نظر، ص ٦٢

[9]  Bullard, Sir Reader William (1885-1976), British Ambassador to Iran 1942–1946

[10]  خاطرات ملکە پهلوی، تاج‌الملوک آیرملو، بنیاد تاریخ شفاهی (معاصر)، شابک ٣-٣٣-٦٧٦٠-٩٦٤، نیویورک ١٣٨٠، نیما، چاپ دوم، ص ٣٠١

[11]  سەرچاوە بۆ ئەمجۆرە زانیارییانە زۆرە. هەر بۆوێنە بڕواننە بیرەوەرییەکانی تاجەلملووک ئایرەملوو کە ناوی زۆرکەسی درکاندووە. بیانییەکانیش لەمبارەوە کتێبیان نووسیوە.

[12]  فیلمێک لەمبارەوە هەیە کە هەرچەند هەموو شتێک نیشان نادات، بەڵام بە ڕوونی دەریدەخات کە ئەو ڕۆژە چ قەوما. برواننە ئەم بەستەرەی ژێرەوە.

هەروەها بڕواننە ئەم بەستەرەی ژێرەوە

http://fas.org/news/iran/2000/000321-iran1.htm

هەروەها بروانە بابەتێکی گرنگی سی‌ئێن‌ئێن لەم بارەوە

CNN Insight, U.S. Comes Clean About The Coup In Iran

http://transcripts.cnn.com/TRANSCRIPTS/0004/19/i_ins.00.html

دۆسیەی تایبەتی نیۆیۆرک‌تایمز سەبارەت بە چالاکییەکانی سی‌ئای‌ئێی ئامریلا دە ئێران‌دا

http://www.nytimes.com/library/world/mideast/041600iran-cia-index.html

خوێندنەوەی ئەم بەڵگە نهێنییەی سی‌ئای‌ئێی ئامریکا (ئێستا نهێنی نەماوە)، گومان بۆ خوێنەر ناهێڵێتەوە.

http://www.nytimes.com/library/world/mideast/iran-cia-intro.pdf

سەرچاوە لەمبارەوە یەکجار زۆرە کە هاوکاری ئامریکا بۆ رووخانی حکومەتی موسەددیق باس دەکەن. تەنانەت بیل کلینتۆن‌یش لە لاپەڕەی ٨١٤ی پەرتووکی «ژیانی من» باسی لەمە کردووە.

[13]  لەمبارەوە پرسیار لە چەند پسپۆڕێ کراوە کە خوێندنەوەیان زۆر شت ڕوون دەکاتەوە. بڕواننە بەستەری ژیرەوە

https://harikar.files.wordpress.com/2016/03/musediq.pdf

[14]  بۆ کەسانێک کە خوارزیار بن بەڵگەکانی ئاسایسی نەتەوەیی ئامریکا، وێنەکان، نامەی دەستنووسی شا، ڕاپۆرتەکان و فەرمانە ئامریکاییەکان و زۆر بەڵگەی دیکە لەمەڕ شەڕی سارد و هەڵویستی وڵاتانی خاوەنهێز ببینن، دەتوانن سەردانی ئەم بەستەرەی ژێرەوە بکەن.

* ئێستاش دە بەڵگەکاندا دەبینرێت کە هەندیک ناو و زانیاری پاککراون.

http://nsarchive.gwu.edu/NSAEBB/NSAEBB435/

[15]  Stephen Kinzer, All the Shah’s Men; An American Coup and the Roots of Middle East Terror, ISBN 0-471-26517-9, P 157

[16]  F. FitzGerald, “Giving the Shah Everything He Wants,” Harper’s Magazine, November 1974.

https://harpers.org/archive/1974/11/giving-the-shah-everything-he-wants/

[17]  Ervand Abrahamian, A history of modern Iran, ISBN-13 978-0-511-41399-5, Cambridge University Press, USA 2008, P 126

[18]  KENNETT LOVE, Shah, Back in Iran, Wildly Acclaimed; Prestige at Peak, New York Times, August 23, 1953

https://partners.nytimes.com/library/world/mideast/082353iran-shah-return.html

[19]  هما سرشار، خاطرات شعبان جعفری، نشر ناب، لس آنجلس ١٣٨١، شابک ٩-٩-٩٦٦١٢٩١-٠ ص‌ ١٥٩-١٦٣

[20]  Ervand Abrahamian, A history of modern Iran, ISBN-13 978-0-511-41399-5, Cambridge University Press, USA 2008, P 122

[21]  احمد علی مسعود انصاری، من و خاندان پهلوی، ت‍ه‍ران‌: نشر زری‍اب‌‏‫، چاپ چهارم:١٣٨٤، ص ٦٣

[22]  احسان نراقی، از کاخ شاه تا زندان اوین، ترجمە سعید آذری، تهران ١٣٧٢، موسسە خدمات فرهنگی رسا، ص ١٠٠-١٠٢

[23]  فرهاد رستمی، پهلویها، جلد ٢، شابک ٦-١٥-٦٣٥٧-٠٩٦٤، ص ٣٥٧-٣٥٩

هەروەها لەم سەرچاوەی ژیرەوەشدا ئاماژەی پێ کراوە

مصطفی الموتی، ایران در عصر پهلوی، جلد ١٠، لندن ١٣٧٠، ص ١٧-٢٦

پێویستە ئەمەش باس بکرێت کە مەحموود رەزا پەهلەوی (برای شا) لە لایەن ڕاگەیاندنی ناوداری ڕۆیتێرز لەقاو درا کە لە لایەن پۆلیسەوە لە ماڵی خۆی لە لۆسئانجلێس دەستبەسەرکرابوو، چون ماددەی هۆشبەریان دە ماڵەکەیدا دۆزیبۆوە. بڕواننە لاپەڕەی ژمارە دوو لەم ڕۆژنامەیەدا کە ڕێکەوتی ٩ی ٥ی ١٩٩٢ باسی کرد. ئەم رۆژنامەیە لەم بەستەرەی ژێرەوەدا دەتوانن بخوێننەوە.

https://news.google.com/newspapers?id=hZ8pAAAAIBAJ&sjid=WoQDAAAAIBAJ&pg=6661%2C3877525

[24]  Ervand Abrahamian, A history of modern Iran, ISBN-13 978-0-511-41399-5, Cambridge University Press, USA 2008, P 142

[25]  عباس میلانی، معمای هویدا، نشر اختران، شابک ٠-٥٩-٧٥١٤-٩٦٤-٩٧٨، ص ٢٢٤

[26]  Ervand Abrahamian, A history of modern Iran, ISBN-13 978-0-511-41399-5, Cambridge University Press, USA 2008, P 142

[27]  Filmekey lem besterey jêreweda detwann bbînn. Banisadr em qseye le xuleki 8:30 ra degêrrêtewe.

[28]  روزنامه کیهان، چاپ تهران، ٢٩ مارس ١٩٧٥

[29]  پەرویز مەحموود پێشتر ئەندامی حیزبی تودە بوو، بەلام لەو کاتدا حیزبی تودە نەیدەتوانی بە شێوەی قانوونی چالاک بێت و لە گۆڕەپانی سیاسەتی ئێران وەلانرابوو.

[30]  Ervand Abrahamian, A history of modern Iran, ISBN-13 978-0-511-41399-5, Cambridge University Press, USA 2008, P 124

[31]  عباس میلانی، معمای هویدا، نشر اختران، شابک ٠-٥٩-٧٥١٤-٩٦٤-٩٧٨، ص ١٩٢

[32]  Paul Emil Erdman, The Crash of ’79, translated by Hosein Aboutorabian, Amirkabir publication, Teheran 1979, P 38

[33]  Ervand Abrahamian, A history of modern Iran, ISBN-13 978-0-511-41399-5, Cambridge University Press, USA 2008, P 124

[34]  Paul Emil Erdman, The Crash of ’79, translated by Hosein Aboutorabian, Amirkabir publication, Teheran 1979, P 205

[35]  Ervand Abrahamian, A history of modern Iran, ISBN-13 978-0-511-41399-5, Cambridge University Press, USA 2008, P 132

[36]  Stockholm International Peace Research Institute, World Armaments and Disarmament: Year Book for 1977 (Cambridge: MIT Press, 1977), pp. 228–29

[37]  Paul Emil Erdman, The Crash of ’79, translated by Hosein Aboutorabian, Amirkabir publication, Teheran 1979, P 135

[38]  Ervand Abrahamian, A history of modern Iran, ISBN-13 978-0-511-41399-5, Cambridge University Press, USA 2008, P 124

[39]  Paul Emil Erdman, The Crash of ’79, translated by Hosein Aboutorabian, Amirkabir publication, Teheran 1979, P 134

[40]  احمد علی مسعود انصاری، من و خاندان پهلوی، ت‍ه‍ران‌: نشر زری‍اب‌‏‫، چاپ چهارم:١٣٨٤، ص ٨٢

[41]  روزنامه کیهان، چاپ تهران، یکشنبە ٦/٨/١٩٧٨

[42]  Paul Emil Erdman, The Crash of ’79, translated by Hosein Aboutorabian, Amirkabir publication, Teheran 1979, P 200

[43]  سەید موحەممەدی سەمەدی، ژێ.کاف چبوو؟ چی دەویست؟ وە چی بەسەرهات؟ مەهاباد ١٩٨١ی زایینیی، لاپەڕەی ١١

[44]  ڕۆژنامەی ”دەنگی گیتیی تازە”، خولی دووەم، بنکەی ژین، سلێمانی ٢٠١٣، لاپەڕەی ٥

[45]  حەوتوونامەی کووهێستان، تاران ٢٦/٢/١٩٤٥، ژمارەی یەکەم، لاپەڕەی ٣

[46]  بۆ وێنە بڕوانە سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕەی ١

هەروەها ژمارەی دووهەم، لاپەڕەی ٤

[47]  بۆ وێنە بڕوانە ژمارەکانی یەکەم و دووهەم حەوتوونامەی کووهێستان کە لەسەر ئەو ڕووداوەی نووسیوە. بە تایبەتیی لە ژمارە دووهەمدا زۆرتری لێ وردبوونەوە.

[48]  بڕوانە پەرتووکی جنبش چپ بە روایت اسناد ساواک؛ حزب دمکرات کردستان ایران، جلد اول، شابک ١٤-٥٦٤٥-٩٦٤

بەدرەدین ساڵح ئەو بەشەی کە پێوەندی بە کوردستان و شۆڕشی کوردەوە هەیە کردووینە بە کوردی و لەژێ ئەم ناو و نیشانە بە چاپی گەیاندوون:

بەدرەدین ساڵح، کوردستان و شۆڕشی کورد لە بەڵگەنامەکانی ساواکی ئێراندا، ژ. س. کتێبخانە گشتییەکانی ساڵی ٢٠١٠ی زایینی ١٥١، هەولیر، چاپخانەی منارە

[49]  عباس میلانی، معمای هویدا، نشر اختران، شابک ٠-٥٩-٧٥١٤-٩٦٤-٩٧٨، ص ٢٥٤

[50]  عبدالله حسن‌زادە، نیو سەدە تێکۆشان: ئاوڕێک لە خەباتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ١٩٩٥، لاپەڕەی ٩٧

[51]  عبدالله حسن‌زادە، نیو سەدە تێکۆشان: ئاوڕێک لە خەباتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ١٩٩٥، لاپەڕەکانی ٩٨-١٠٠

[52]  جەلیل گادانی، ٥٠ ساڵ خەبات؛ کورتە میژووی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، بەرگی یەکەم، چاپی دووهەم، دەزگای موکریانی ٢٠٠٨، لاپەڕەکانی ٢٢٠-٢٢١

[53]  بیرەوەرییەکانی حاجی عەبدوڵڵای قازی، وڵاتی من، ئامادەکردنی قاسم قازی، لاپەڕەکانی ١٨٧-١٨٨

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

وەڵامێک بنووسە