کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران- بەشی یەکەم

0
2547

سۆران کەرباسیان

ساڵی ١٩٧٩ی زایینیی شۆڕشێک دە ئێران‌دا ڕوویدا کە توانی سیستەمی پاشایەتی تاکڕەوی ئۆتۆکرات لەسەر دەستهەڵات لابەرێت و لە ئەنجام‌دا سیستەمێکی کۆماری ئیسلامیی تێئۆکرات دەستهەڵاتی بە دەستەوە گرت. بەهۆی ئەوە کە هێشتاش زۆر بەڵگەی حکومەتان –بە تایبەتیی هی زلهێزان– لەمەڕ شۆڕشی ١٩٧٩ بڵاو نەبوونەوە، چەتوونە کە بە متمانەوە لەسەر پڕۆسەی ئەو شۆڕشە بدوێین. ڕەنگە هەرکام لە لێکۆڵەران و شرۆڤەکەرەڕامیارەکان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر ئەوە هەبێ کە کام لە فاکتەرەکان کاریگەری بەرچاوتریان لە بەئەنجامگەیاندنی شۆڕشەکە هەبوو، بەڵام بە کورتیی دەکرێ لەسەر ئەم باسە کۆی خوێندنەوە زانستی و بەڵگەمەندەکان کورت بکەینەوە کە شۆڕش لە دوو پلەدا سەریگرت. لە پلەی یەکەمدا شای ئێران پشتیوانی نێودەوڵەتی خۆی –بە تایبەتیی پشتیوانی ڕۆژئاوایییەکانی- لەدەستدا و لە پلەی دووهەمیشدا لەبەر گوشار و زەختی لێنەبڕاوانەی ئێلیت، نەتەوەکانی نێو ئێران و لایەنە سیاسییەکان، موحەممەد رەزا پەهلەوی ناچارکرا حکومەتەکەی بە شێوەیەکی باوکئاسایی جێهێڵێت و باوکئاسایانەش لە ئافریقا کۆچی دوایی کرد.

‌لەسەر ئەوە کە چما ئەو شۆڕشە دەستیپێکرد و چلۆن سەرکەوت، لێکۆڵینەوەی زۆر کراوە، بەڵام کتێبخانەی کورد لەم بارەوە بۆشاییەکی بەرچاوی تێدایە. بەم شێوەیەش نییە کە ئەم نووسینە بتوانێت بە وردیی لە هەموو کەلێن و قوژبنەکانی ئەو مێژوویە ورد بێتەوە، هەربۆیە پێویستە لەم بارەوە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زۆرتر بکرێت. بە تایبەتیی لەبەر ئەوە کە ئەم شۆڕشە و ئامانجەکەی کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر پرسی کورد لە هەموو بەشەکانی نیشتمانی کوردان داناوە، زۆر گرنگە کە بە بەردەوامیی بەدواداچوونی بۆ بکرێت.

‌هۆکارەکانی شۆڕشی ١٩٧٩ بە شێوەیەکی گشتیی ڕوونن. لەسەر زەقکردنەوەی هۆکارێک لەچاو هۆکارەکانی دیکە ڕای جیاواز لە نێوان خاوەنڕایان هەیە. بەشێکی بەرچاو لە خاوەنڕایان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکی دیاریکراو شرۆڤە و هەڵسەنگاندن لە نیوان هۆکارەکانی شۆڕش‌دا دەکەن. بۆ وێنە لایەنگرانی شا لەسەر ئەوە پێداگریی دەکەن کە ڕۆژئاواییەکان هۆکاری سەرەکی بوون و لە بەرانبەردا بە بەردەوامیی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێداگریی لەسەر ئەمە دەکەن کە گەندەڵی و بێ‌ئەخلاقییەکانی حکومەتدارانی پاشایەتی و ویست و خوازی ئایینی جەماوەر، هۆکاری سەرەکیی ئەو شۆڕشە بوون. لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیی، شا بەوە تاوانبار دەکەن کە بێڕێزی بە پێگە و حوڕمەتی دین دەکرد. لە پەنای ئەمانەش باسی گەندەڵی و نەبوونی ئەخلاقی گونجاو لەچاو کۆمەڵگای ئێران و نەبوونی ئازادی بە هۆکارگەلێکی گرنگ دەژمێرن کە قینی خەڵکی بەرانبەر حکومەتی پاشایەتیی لێکەوتەوە. کەسانێکی دیکەش هەن کە زۆرتر پێداگری لەسەر پرسی ئابووریی ئێران و جیهان دەکەن و هەوڵ دەدەن کێشەی ئابووری وەک هۆکارێکی کاریگەرتر لەچاو هۆکارەکانی دیکە لەسەر شۆڕشی ڕووخێنەری حکومەتی پەهلەوی دەستنیشان بکەن.

موحەممەد رەزا پەهلەوی لەو کاتەوە کە باوکی لە دەستهەڵات کەوت، پاشایەتی ئێرانی بە دەستەوە گرت. هەر چەند کە لە کاتی شەڕی دووهەمی جیهانیدا، ئێران بە فەرمیی بێلایەنی خۆی لەمەڕ شەڕ ڕاگەیاند، بەڵام رەزا شا بە نهێنی پشتیوانی لە نازییەکان دەکرد.[1] هەر ئەمەش هەڵوێستی زلهێزان –بە تایبەتیی هی ئینگلیسییەکان-ی لێکەوتەوە و لە وڵاتی خۆی درەکرا، بۆئەوەی دوایین ساڵەکانی ژیانی لە ئاوارەییدا بەسەربەرێت.[2]

بە پێی ئەو بەڵگانەی کە لە لایەن ئارشیڤی ئامریکاوە بلاو بوونەوە، رەزا شا بەر لەوە کە وەک کەسایەتییەکی سیاسیی دەست بە چالاکیی بکات، وەک مەیتەرێکی ئینگلیسییەکان کاری دەکرد.[3]،[4] وێنەیەک کە لە ژیرەوە داندراوە، پێوەندی بەو سەردەم هەیە کە لە پەرتووکی «بریتانیای مەزن و رەزا شا» وەرگیراوە.[5]

Reza Khan on sentry duty at a European legation before the coup d’état. Courtesy of the IICHS.

موحەممەد رەزا پەهلەوی لەسەر نەخوێندەواریی باوکی دەبێژیت کە چەرمەسەری و کێشەگەلی زۆر، بوونە هۆکار کە باوکی خوێندن و نووسین فێرنەبێت.[6]،[7] «تاجەلملووک ئایرەملوو»ی بە ڕەچەڵەک ترکی ژنی رەزا شا کە دایکی موحەممەد رەزا بوو، لەمەڕ نەخوێندەواری مێردەکەی بەم شیوەیە وەڵامی ڕۆژنامەوانی کۆنفیدانسی چاپی پاریس‌ی دابۆوە:

«دایک و باوکی لە ڕەعیەتە ساکارەکان بوون و خۆشی هیچ خوێندەواری نەبوو.»[8]

سیاسەتێک کە پەهلەوی باوک (رەزا) لەڕاست داوای مافی ئێتنیکی و بیری ئێلیتی کۆمەڵگا هەیبوو، سەرکوتکردن و بەکارهێنانی زۆر بوو. دەرکردنی ئەو لە ئێران ڕێگەی نەفەسێکی تازەی بە نەتەوەکانی نێو ئێران بەخشی و بە دوای نەمانی ئەو دە ئیران‌دا و داگیرکردنی ئەو ولاتە لە لایەن بریتانیای مەزن و سۆڤیەت‌ەوە، چالاکی سیاسیی گڕ و تینی گرتەوە و کوردەکان کە خودموختارییان بۆ خۆیان پێکهێنابوو، لە دواییدا بە تەواویی لە حکومەتی ناوەندی دابڕان و دەوڵەتی جمهوری کوردستانیان ڕاگەیاند.[9] سیاسەتی توند و تیژیی پەهلەوی باوک کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر دۆخی ئێران دانابوو و هەربۆیە کاتێک کە زلهێزان پەهلەوی کوڕیان لە جیاتی باوکی دانا، لەگەڵ کۆمەڵێک پرس و قەیران بەرەوڕوو بۆوە کە بەبێ یارمەتیی ئینگلیس و ئامریکا نەیدەتوانی لەژێریان بڕواتە دەر.

موحەممەد رەزا پتر لە ٣٧ ساڵان دەرفەتی هەبوو هەتا هەڵەکانی باوکی قەرەبوو بکاتەوە، بەڵام ئەویش بە فۆڕمێکی دیکە درێژەی بە ناعەداڵەتی و گەندەڵییەکانی باوکی دا و پاش ئەوە کە ئیتر درەنگ ببوو و کۆنترۆڵی وڵات و جەماوەری بۆ نەدەکرا، وەک دوایین هەوڵ بۆ مانەوە لەسەر دەستهەڵات، دانی بە ناعەداڵەتیی، گەندەڵی و نەبوونی ئازادی لەژێر دەستهەڵاتی خۆی دانا و بەڵێنی دا کە لە دەرفەتیکی کەمدا چاکسازیی بکات و گۆڕان بەسەر هەموو سیستەم‌دا بهێنێت.[10]

دروستە کە شای ئێران خۆی دانی بە بوونی گەندەڵی و بێ‌ئەخلاقی و نەبوونی ئازادی دانا، بەڵام هۆکارەکانی شۆڕش تەنیا ئەمانە نەبوون کە شا لە گوتارەکەی خۆیدا ئاماژەی پێکردن.

شۆڕشی ١٩٧٩ هەم هۆکاری دەرەکی هەبوو، هەم ناوەکی. یەک لە هۆکارە دەرەکییەکانی ئەو شۆڕشە، هەڕەشەیەک بوو کە موحەممەد رەزا پەهلەوی لە ڕۆژئاوای کرد. ئەو لە ساڵی ١٩٧٣ی زایینی رایگەیاند کە کۆنتراکتی نەوتی ئەوان لەگەڵ چەند کۆمپانییەکی ڕۆژئاوایی لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینی کۆتایی پێ دەهات. موحەممەد رەزا لە خودی کۆنتراکتەکە ناڕازی بوو و دەریبڕی کە کاتی خۆی لە ناچارییان کۆنتراکتێکی ئەوتۆیان واژۆ کردبوو. لە هەمان کاتیش‌دا ئەو گوتی کە کۆمپانیانییە بیانییەکان بەرژەوەندییەکانی ئێران‌یان نەپاراستبوو، هەربۆیە بە پشتیوانی ئەو هێزەی کە لەوکاتدا هەیبوو و لەسەر بنەمای ئەو پەرەسەندنەی کە تا ساڵی ١٩٧٩ی زایینیی بۆ وڵاتەکەی پێشبینی دەکرد، بە ڕاشکاویی ڕایگەیاند کە کۆنتراکتی نەوت بە هیچ شێوەیەک بۆ ئەو کۆمپانیگەلە نوێ ناکاتەوە.[11] شا لە دوایین ساڵەکانی دەستهەڵاتی خۆیدا گەڕابۆوە سەر ڕێبازی باوکی و دژایەتی جوولەکەکانی دەکرد. لە بەشەکانی دادێ‌دا نموونە بۆ ئەم باسە دەخرێتە بەرچاو، بەڵام لێرە وەک نموونەیەک ئاماژە بە دیمانەیکی موحەممەد رەزا پێویستە. لەو دیمانەدا کە بە زمانی ئینگلیسی ئەنجام درا، موحەممەد رەزا بە شێوەیەکی نەرێنی لەسەر ڕاگەیاندنی جوولەکەکان و لابی ئەوان دوا.[12] پەیمانی سەنتۆ کە شا زۆری شانازیی پێوە دەکرد، پڕۆژەیەکی سەرکەوتوو لەبۆ بلۆککردنی سۆڤیەت لە ناوچەکەدا نەبوو. حیزبی تودەی ئێران کە تەواو دەستکردی سۆڤیەت بوو و لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی سۆڤیەت‌دا چالاک بوو، دە هەموو شارەکانی ئێران‌دا جێگەی خۆی قایم کردبوو و یەک لە حیزبە گەورەکانی ناوچە بوو. ڕۆژئاواییەکان پێویستییان بە سیستەمێک هەبوو کە توانایی کپکردنی چەپ بە گشتیی دە ئێران‌دا هەبوا. سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتادا کەڵکی باشی لە لایەنە چەپەکانی نزیک لە سۆڤیەت وەرگرت، بەلام لە دواییدا گۆڕەپانی خەبات و چالاکی لە هەموویان قەدەغە کرد. لەسەر هۆکارە دەرەکییەکان زۆر زانیاری جۆراوجۆر بلاو بوونەوە کە بەشێکیان تەنانەت پێچەوانەی یەکترن. بۆ وێنە دانیشتنی زلهێزانی رۆژئاوایی لە گوادالۆپ بەر لە شۆڕشی ١٩٧٩ لە لایەن گرووپێک بە جۆرێک باس دەکرێت کە گوایە لە گوادالۆپ بڕیاری لابردنی شای ئێران‌یان دابوو. دەستەیەکی دیکەش لەسەر ئەو بڕوایەن کە باسەکان لە گوادالۆپ لەسەر داهاتووی ئێران بوو. نووسەری ئەم دێڕانە تا ئێستاش راپۆرت و رێفێراتی دانیشتنەکانی گوادالۆپی فەرانسەی نەبینیوە و هەربۆیە بە دروست نازانێت لەم بارەوە شتێک جیا لەم ئاماژەیە بنووسێت. لەم دەنگۆیانە زۆرن کە بۆ وێنە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە شەڕی نێوان ئێران و عێراق بەرنامەیەکی لەپێشڕا داڕێژراو بوو و پێویست بوو چەکە کۆنەکانی حکومەتانی چەکفرۆش بە فرۆش بگەن. زۆربەی ئەم گرووپانە بە جۆرێک پیداگریی لەسەر ئەم هۆکارە دەرەکییانە دەکەن کە تا ئاستی بێبایەخنیشاندانی هۆکارە ناوەکییەکانی شۆڕش دەڕۆنە پێش. بۆ وێنە ئەشڕەف پەهلەوی لە نووسینی خۆیدا هەوڵی داوە کە زۆرتر لەسەر ڕۆڵی ئامریکا و جیمی کارتێر پێداگریی بکات و باس لەوە دەکات کە کارتێر نوێنەری نیزامی خۆی بۆ لەرزۆککردنی پێگەی شا بۆ ئێران نارد.[13] هەتا بەڵگە ڕۆژئاواییەکان بە تەواویی لەم بارەوە بلاو نەبنەوە، ناکرێ بە متمانەوە لەسەر دروستبوون یان نادروستبوونی ئەم تیۆرییانە شتێک بگوترێت. لە بەشەکانی داهاتوودا لە هەر شوێنێک سەرچاوەیەک لەم بارەوە هەبێت، بە شێوەی کرۆنیکل دەخرێتە بەرچاو.

بەر لەوە کە ئاماژەیەکی کورت بە هۆکارە ناوەکییەکانی شۆڕشی ١٩٧٩ بکرێت، سەرنجی خوێنەر بۆ دەقی قسەکانی د. قاسملوو ڕادەکێشم کە زۆر بە ساکاریی ڕوونی کردبۆوە چما کوردەکان ئامادە نەبوون سیستەمی پاشایەتیی قبووڵ بکەن. د. قاسملوو پێی وابوو لەبەر ئەوە کە سیستەمی پاشایەتی دە ئێران‌دا پێگەیەکی جەماوەری نەبوو، هەربۆیە بە کۆمەڵێک دروشم و قسەی جوان دەستی بە کار کرد و لە دواتردا پەنای بۆ سیاسەتی سەرکوتکردن وەک تاقەئاڵتێرناتیڤی بەڕێوەبەریی برد. ئەو گوتی کە مێژووی هاوچەرخ نیشان دەدات کە نەبوونی پێگەی جەماوەری، حکومەتە پاشایەتییەکانی هان داوە بۆئەوەی سەر بە حکومەتە بیانییەکان بن. دوکتوور قاسملوو گوتی: ئێمە خوازیاری وڵاتێکین کە هەم دێمۆکرات بێت، هەم سەربەخۆ. دوکتوور قاسملوو پێی وابوو کە هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز دەبوایە بەم دوو هۆکارە دژایەتیی سیستەمی پاشایەتیی کردبا. ئەو لەو دیمانەدا گوتی:

«بەڵام ڕێگەم پێ بدەن با وەک نوێنەری حیزبی دێمۆکرات و کوردەکان هۆکارێکی دیکەش زیاد بکەم و ئەویش ئەوە کە ڕێژیمی پاشایەتی بۆ ئێمە (هەر لە ڕاستیشدا وا بووە) بریتییە لە کۆکردنەوەی هێز لە تاران، و ئێمەش کە خودموختاریخوازین، دژی کۆکردنەوەیەکی ئاواین. ئێمە بە پێچەوانە خوازیاری ئێران‌ێکین کە فێدراتیو بێت، سیاسەتی نەبوونی کۆکردنەوەی هێز لە ناوەند بەڕێوە بچێت، هەموو هێزەکان لە تاران کۆ نەکرێنەوە و …»[14]

لە ناو کەسایەتییە ناسراوەکانی فارس‌دا زۆرکەس لەسەر هۆکارەکانی شۆڕش دواوە. ئاماژەکردن بە ڕای هەرکام لەوان لەم باسەدا بە پێویست نازانرێت، چون لە راستیدا بە پێی بەرژەوەندییەکی سیاسیی کە هەیانە، هەرکام لەوان هۆکارێک زۆر زەق دەکەنەوە و هۆکارەکانی دیکەش سانسۆر دەکەن. بۆ وێنە «رەزا فازێلی» کە ناوێکی ئاشنا بۆ ئێرانی‌یەکانە، لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە نەتەوەکەی لە دوو بەشی «کەمینەی خەیانەتکار و زۆرینەی گەمژە» پێکهاتبوو.[15] ئەو لە زۆر بەرنامەی جۆراوجۆردا هۆکاری ڕووخانی سیستەمی پاشایەتیشی بۆ ئەم تایبەتمەندییە دەگەڕاندەوە. فازێلی لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە گەر نەتەوەکەی وشیار بوایە و تاقمێکی دەوروبەری شا خەیانەتیان نەکردبا، ئەو شۆڕشە ڕووینەدەدا. «بەهرام مۆشیری» کەسایەتییەکی ناسراوی دیکەی ئێرانی‌یەکانە. ئەو لە وەڵامی پرسیارێک‌دا کە لەسەر شۆڕشی ١٩٧٩ لیێییم پرسی، لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە مەلاکان و خۆمەینی هاتنە سەر حازر و بزری، و زەحمەتێکی ئەوتۆیان نەکێشا. «مۆشیری» گوتی کە «مەلای کەللەکەر» بەهۆی «بێعورزەیی ئەرتەش» هاتە سەرکار.[16] موحەممەد رەزا پەهلەوی‌ش لە دیمانەیەکدا کە لە پاناما لەگەڵی کرا، لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە شۆڕشی ١٩٧٩ و لەدەستدانی دەستهەڵاتەکەی ویستی خوا بوو.[17]

دێرەدا چەند هۆکارێک لە گرنگترین هۆکارە ناوەکییەکانی شۆڕشی ١٩٧٩ دەستنیشان دەکرێن و لە درێژەی ئەم زنجیرە مژارانەدا هەوڵ دەدرێت بە پێی پێویست گەرانەوەیان بۆ بکرێت. لە تەنیشت ئەمانەشدا هۆکارگەلی دیکە هەبوون کە کاریگەرییەکی کەمڕەنگتریان هەبووە و لە قەراخ باسە سەرەکییەکاندا هەوڵ دەدرێت ئاوڕێکی کورت لەوانیش بدرێنەوە.

یەک لە هۆکارەکانی ئەو شۆڕشە مێژوویەکی تاڵ و وەپشتگوێخستنی بەڵینیگەلێک بوو کە لە لایەن پەهلەوی کورەوە بە خەڵک درا. کاتێک کە باوکی لە ئێران دەرکرا، دەستهەڵاتی موحەممەد رەزا بە دروشمگەلێک دەستیپێکرد کە هەڵگری کۆمەڵێک بەڵینی بوون. شا لە دەرفەتێکی باش‌دا کە هەیبوو، بەڵێنییەکانی نەبردە سەر و هەربۆیە متمانەی خۆی بۆ جاری یەکەم لە سەرەتاوە لەدەستدا. دواتریش کە ئێران گەرەکی بوو لە ڕێگەی دەوڵەتی «مۆسەددێق»ەوە تامی دێمۆکراسی بچێژێت، موحەممەد رەزا پەهلەوی پەنای بۆ بێگانە بیانییەکان و تێڕۆریست و پیاوکوژەکانی نێوخۆیی برد. ئەو تۆلێرانسی ئەو گچکە ئازادی و دەوڵەتە جەماوەرییەی نەبوو و هەربۆیە دەوڵەتی مۆسەددێقی لەسەرکار لابرد.

بێ‌ئەخلاقیش لە نێو کۆشک و کەسانی نزیک لە پاشای ئێران شتێکی شاراوە نەبوو. هەرچەند کە بەشێکی گرنگ لە کارنامەی بێ‌ئەخلاقییەکانی ئەو بنەماڵەیە لە دواییدا ئاشکرا بوو، بەڵام کۆمەڵگای ئێران توانای قبووڵکردنی ئەو بەشەشی نەبوو کە لێی ئاگادار بوون. *[پێوەری ئەخلاق لە لایەن نووسەری ئەم بابەتە دیاریی نەکراوە. پێوەر کۆمەڵگای ئەوکاتی ئێرانی بە زۆرینە شیعەی دوازدە امامی‌یە. لە درێژەی ئەم نووسینەشدا هەر بەم پێوەرە لەسەر ئەم باسە دەنووسرێت.]

هۆکارێکی دیکەی شۆڕشی ١٩٧٩، بۆ رێفۆرمێک دەگەڕاوە کە شا بە ناوی شۆڕشی سپی ناودێری کرد کە لە دواییدا راگەیاندنەکانی حکومەتی پاشایەتی بە شۆڕشی شا و خەڵک‌یش ناویان دەبرد. جیا لەوە کە بەرنامەی درێژخایەنی رێفۆرمی شا لە باری ئابوورییەوە لە لایەن پسپۆڕانەوە چووەتە ژیر پرسیار، دەکرێ بە متمانەوە بێژین کە رێفۆرمی شا نەیتوانی ئازادی بە خەڵک بدات. رێفۆرم، بەرنامەیەکی گەڵالەکراوی سەر کاخەز بوو کە هەڵگری هیچ گۆڕانێک لەمەڕ سیاسەتی سەرکوتکردنی ئازادیخوازان‌ نەبوو. حقووقی پێشێلکراوی گرووپە ئێتنیکییەکان و نەتەوەکانی نێو ئێران وەک پێش سەردەمی رێفۆرم مابۆوە و بەرنامەکانی پێشکەوتن و گۆڕانی شا، هیچ ئاوڕێکی لەو پرسە جددیانە نەداوە.

لە پەنای ئەمانە، شا لە سیاسەتی فارسیزاسیۆنی ئێران‌دا بەردەوام بوو. سیستەماتیک کار بۆئەوە دەکرا کە ناسنامەی نەتەوە غەیری فارسەکان بێبایەخ بکرێت. گەندەڵی بەربڵاو و نەبوونی عەدالەت‌ لە هەموو شوێنەکانی سیستەم بە ڕادەیەک گەییشت کە وەک پێشتر باس کرا، شا خۆی دانی پێدا نا و نەیتوانی حاشایان لێ بکات.

نەبوونی سەربەخۆیی سیاسیی یەک لەو خاڵانە بوو کە هەموو لایەنە ئۆپۆزۆسیۆنەکان لەسەری وەزاڵەهاتبوون. موحەممەد رەزا پەهلەوی تاقە جارێک هەوڵی مانۆڕیکی سەربەخۆبوونی دا، کە لەگەڵ هەڵوێستی رۆژئاواییەکان بەرەوڕوو بۆوە. لە درێژەی ئەم بابەتە و بابەتەکانی دادێ‌دا زۆرتر لەسەر ئەم هۆکارانە دەنووسرێت. لێرە هەوڵ دەدرێت کورتە ئاماژەیەک بە هەندێک تایبەتمەندی بنەماڵەی پەهلەوی بکرێت کە لەگەڵ کۆمەڵگای ئێران نەدەگونجان.

ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە بەشێک لە هۆکارەکان:

پەهلەوی باوک کە گەورەی ئەو بنەماڵەیە بوو -بە پێی بیرەوەرییەکانی ژنەکەی- بەکاهێنەری ماددەی هۆشبەر بوو. «تاجەلملووک ئایرەملوو» ئاماژەی بەوە کردووە کە رەزا شا بەیانان و شەوانە تریاکی دەکێشا.[18] گیرۆدەبوون لە بنەمالەی پەهلەوی‌دا بە شێوەی جۆراوجۆر بوونی هەبووە. بۆ وێنە «ئەشڕەف پەهلەوی» کە یەک لە کچەکانی پەهلەوی باوک بوو، گیرۆدەی قومار بوو.[19]

یەکەمجار کە چاوم بە پەرتووکی «کامران فەرزان» کەوت[20]، ناوی پەرتووک (گەلۆ شا میردی هەبوو؟) و ناوەڕۆکەکەی منیان تووشی گومانێکی سەیر کرد. بەهۆی ئەوە کە باسەکانی ئەو پەرتووکە بە لامەوە نامۆ بوون،

Ernest Perron be gencîyetî

بە چاوی گومانەوە درێژەم بە خوێندنی پەرتووکەکە دا. هەربۆیەش ناچار بووم بۆئەوە بە هەڵەدا نەچم و هەر وا بە سانایی متمانە بە سەرجاوەیەکی دژە شا نەکەم، بەدواداچوونی بۆ بکەم و لە هاورەگەزبازبوونی شا ورد ببمەوە. کاتێک کە سەیری سەرچاوە ئینگلیسییەکانم کرد، زانیم کە ئەوانیش بە شێوەی جۆراوجۆر ئاماژە بەم باسە دەکەن. ئەشڕەف کە خوشکی دوانە و هاوتەمەنی موحەممەد رەزا شا بوو، لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا باسی کەسێکی بیانی دەکات و دەبێژیت کە ناوی «ئێرنێست پێرۆن» بوو. بە پێی نووسینەکانی ئەو، ئێرنێست کوڕی باخەوانی ئەو قوتابخانەیە لە سویس بوو کە محمد رضا بە گەنجێتی دەرسی تێدا خوێندبوو. کاتێک کە موحەممەد رەزا دەرسەکەی تەواو بوو، ئێرنێستیشی لەگەڵ خۆی بردەوە ئێران و تا بەر لە مردن هەر لای شا ژیا.[21] عەبباسی میلانی کە لەم دواییانەدا لیکۆڵینەوەی لەسەر مێژووی موحەممەد رەزا شا و حکومەتەکەی کردووە، لەمەڕ پێوەندییەکانی نێوان موحەممەد رەزا شا و ئێرنێست پێڕۆن دەبێژێت:

«بەر لە ئێرنێست، هەموو هەڵبژاردەکانی شا لە ژیانیدا لە لایەن باوکییەوە دابین دەکران. شا بۆ یەکەمجار دەرفەتی هەبوو بۆئەوەی بۆخۆی هەڵبژاردەیەکی دیکەی هەبێت و خۆشی ئیرنێستی هەلبژارد.»[22]

« مارتین کرامێر»یش لە پەرتووکی خۆیدا ئاوڕێکی لە ناساندنی ئێرنێست پێرۆن و پێوەندی ئەو لەگەڵ موحەممەد رەزا شا داوە.[23]

Ernest Perron u Mohammad Reza Pahlavi le pşûy zstan’da

«ستیفان دۆریل» لە نووسینەکانی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیرنێست پێرۆن هاوڕەگەزبازبوونی خۆی نەدەشاردەوە.[24]

یەکی دیکە لە ئەندامانی ناسراوی ئەو بنەماڵەیە عەلیرەزا پەهلەوی بوو. ڕادەی نوقمبوونی ئەو لە بێ‌ئەخلاقیی بە پێی لیکۆڵینەوەکانی «فەرهاد رۆستەمی» بە شوێنێک گەییشتبوو کە دەستدرێژی جنسی دەکردە سەر ژنان و کچان.[25]

لەوانەیە سەرچاوەی بەشێکی زۆر لە نالەبارییە ئەخلاقییەکانی ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە بۆ هەڵسوکەوتی رەزا شا بگەڕێتەوە! پەهلەوی باوک تەنیا لەگەڵ خەڵک زۆرداریی نەدەکرد، بەڵکوو خۆی لە چارەنووس و بڕیارە هەستیارەکانی مناڵەکانیشی هەڵدەقوتاند و ویستی خۆی بەسەریان‌دا دەسەپاند. ئەشڕەف پەهلەوی لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا ئاماژە بەوە دەکات کە باوکی بڕیاریدابوو کە ئەو و شەمس‌ی خوشکی مێرد بە فەرەیدوون جەم و عەلی قەوام بکەن، بەڵام پاش ئەوە کە شەمس هەر دووکیانی بینیبوو، نارەزایەتی خۆی دەربڕیبوو و گوتبووی کە حەز دەکات ژنی فەرەیدوون بێت. باوکیشی بەهۆی ئەوە کە شەمسخوشکەگەورە بوو، مافی هەڵبژاردنی فەرەیدوون‌ی بە شەمس دابوو و ئەشڕەف‌یشی لە عەلی قەوام مارەکرد.[26] هەڵبەت ئەشڕەف‌یش لە دواییدا ڕێگەی باوکی درێژە دا و ماوەیەکی درێژخایەن ئامادە نەبوو کچەکەی خۆی بدوێنیت، چون ئەو لەگەڵ کەسێکی ئاسایی ژیانی هاوبەشی پێکهێنا. لە دواییشدا تەڵاق وەرگرتنی کچەکەی جێبەجێکرد، ئینجا لە نیو خۆیاندا قبووڵ کردەوە.[27]

اشرف دە بیرەوەرییەکانیدا نایشارێتەوە کە یەکەم مێردی بە بەردەوامیی لەگەڵ ژنی دیکە تێکەڵ بوو و ئەویش لە ناچاریان خۆی لە خەیانەتەکانی ئەو گێژ دەکرد. دواتر لەمبارەوە لەگەڵ مێردەکەی بە جۆرێک ڕێککەوتن کە خۆ لە کاروباری یەکتر هەڵنەقوڵتێنن و چەشنێک خودموختاریان بە یەکتر دا کە لەمەڕ ئەمجۆرە پێوەندییانە سەربەست بن. ئەو لە درێژەی باسەکانیدا ئاماژە بە سەردەمی دەوڵەتی مصدق دەکات کە لە ئێران دەرکرا و ناچار بوو لە هەندەران بژی. ئەشڕەف باس لەوە دەکات کە لە کاتی ماڵئاواییکردن تەنانەت قسەی ئەوەی لەگەڵ مێردەکەی نەکرد کە کەی یەکتر ببیننەوە. ئەشڕەف نزیکەی سێ ساڵان لە پاریس ژیا و لەو سێ ساڵەدا مێردەکەی تەنیا سێ جاران سەردانی کرد.[28]

بۆ پێناسەکردنی کەسایەتی ئەشڕەف پەهلەوی هەر ئەوەندە بەسە کە لە زمانی خۆیەوە بێژم، کاتێک لە مێردی دووهەمی خۆی جیا بۆوە، کچەکەی و کوڕەکەی حەزیان کرد لەگەڵ باوکیان بژین، نەک لەگەڵ اشرف.[29] «حوسێن فەردوست» کە کەسایەتییەکی نزیک لەو بنەماڵەیە بوو و لێکۆڵەر «فەرهاد رۆستەمی» بە هەمان شێوە باس لە خاڵێک دەکەن کە ئەشڕەف لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا، خۆی لێ نادات. ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەشڕەف هیچ سنوورێکی بۆ تێرکردنی مەیلی جنسی خۆی نەبوو.[30]،[31] ئەشڕەف لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا باس لەوە دەکات کە لە هەر شوێنێک، باس باسی تێکەڵاوبوونی ئەو لەگەڵ پیاوان بوو و بۆ شاردنەوە نەدەبوو، هەربۆیە موحەممەد رەزا شا داوای لێ کردبوو بۆ بەستنی زاری خەڵک ، ژیانی هاوبەش لەگەڵ کەسێک پێکبهێنێت.[32]

موحەممەد رەزا شا کە خۆی پیاوێکی لە سویس را لەگەڵ خۆی هێنابۆوە و لە کۆشکەکەی خۆیدا دەژیا، زەخت و گوشاری ئەوەی لەسەر بوو کە کوڕێک بهێنێتە سەر دونیا. جیا لەوە کە باوکی بۆ درێژەپێدانی دەستهەڵاتی بنەماڵەیی ئەو گرنگەی پێ ڕاگەیاندبوو کە دەبوا کوڕی هەبێت، کۆمەڵگای ئەوکاتیش بە هەمان شێوە ئەو سترێسەیان بۆ شا سازکردبوو. هەربۆیە بۆ جاری سێهەم کەسێکی هەڵبژارد کە شانسی خۆی سەرلەنوێ تاقی بکاتەوە! بە دڵنیاییەوە لێکۆڵینەوەی زۆر تایبەت لەسەر کەسایەتی و ژیانی «فەرەحی دیبا»ی ترک ئەنجام درابوو و هەروا نییە کە پاشای سیستەمێکی سەرکوتکەر لە ڕووی پێشنیاری چەند دۆستێک و خۆشیلێهاتنی سەرەتایی، ژنێک بۆ ژیانی خۆی هەڵبژێرێت. فەرەح لەوکاتدا لە پاریس دەرسی دەخوێند و دەستگیرانێکی بە ناوی «کەریم پاشا بەهادۆری» هەبوو.[33] نزیکەی مانگێک پاش ئەوە کە فەرەح مێردی بە موحەممەد رەزا پەهلەوی کرد، دەستگیرانی پێشووی فەرەح‌یش لە تەنیشت فەرەح دەستی بەکار دەکات.[34] پێشتر ژنەکانی دیکەی شا دەفتەر و ئیدارەیەکیان نەبوو، بەڵام کە فەرەح مێردی بە شا کرد، دەفتەرێکی کردەوە و دەستگیرانەکەی پێشووی خۆی کرد بە سەرۆکی دەفتەر.[35] (فەرەح لە ٢٩ آذر ١٣٣٨ی کۆچی هەتاویی مێردی بە شا کرد و کەریم پاشا بەهادۆری‌ش لە ١ی ١١ی هەمان ساڵ بوو بە سەرۆکی دەفتەری تایبەتیی فەرەحی دیبا)

Desti çepî Farah (Karim Pasha Bahadori) – Dasti rastî Farah (Reza Ghotbi)

دایکی شا، زۆر بە خەراپیی لەسەر بنەماڵەی فەرەحی دیبا دەدوێت. ئەو بە تایبەتیی لەسەر بێ‌ئەخلاقیی دایکی فەرەح زۆری نووسیوە.[36] «عەلی شەهبازی»ش کە بەرپرسێکی تایبەتیی شا بوو، باس لەوە دەکات کە دایکی فەرەح قومارخانەی هەبوو.[37]

جیا لەم پێوەندییەی کە فەرەحی دیبا لەگەڵ کۆنەدەستگیران و سەردەفتەری خۆی هەبوو، دواتە لەگەڵ کەسێک بە ناوی فەرەیدون جەوادی تێکەڵ بوو. «ئەحمەد عەلی مەسعود ئەنساری» کە خزمی ئەو بنەماڵەیە بوو و لە شای ئێرانیش نزیک بوو، ئەمەی لە پەرتووکی خۆیدا باس کردووە کە جارێک لە ڕاوکردن بوون. لەوێ لە خنجیر یەک لە گاردەکانی شا بەسەر فەرەح و فەرەیدون‌دا کەوتبوو و  بە ڕووتی لە باڵ یەکتریدا دیبوون.[38] دواتر ئەو پێوەندییە ئاشکرا بوو و وەک پێشوو نەهێنی نەما.[39] پێویستە ئەمەش باس بکرێت کە پاش شۆڕشی ١٩٧٩، دوای ئەوەی فەرەح و شا لە ئێران نەمابوون، فەرەیدون جوادی و رەزا قۆتبی لە ئێران مابوونەوە و نەیاندەتوانی دەرباز بن. فەرەحی دیبا بۆ دەربازکردنی ئەو دوانە سێ ملیۆن دۆلاری خەرج کرد.[40] سەرچاوەی دیکەش ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە کە فەرەح پارەیەکی زۆری بۆ دەربازکردنی جەوادی و قۆتبی خەرج کردبوو.[41]

لە ریزی هەڵتروشکاوەکاندا، دەستی ڕاست یەکەم کەس فەرەیدوون جەوادی‌یە و فەرەح‌یش کە یەکەم کەس لە دەستی چەپە. مەلەک حوسێن عەگال‌ی بە دیاریی دابوونێ و ئەوانیش وێنەیان پێوە گرتووە.

یەکەمجار کە ئەنساری بە پێوەندی و تێکەڵاوبوونی تایبەتی نێوان فەرەح و فەرەیدون دەزانێت، لە سەفەری حج بوو. ئەنساری باس دەکات کە لە سەفەری حج بەم پێوەندییە ناسالمەی زانی.[42]

کاتێک کە شا و بنەماڵەکەی لە ئێران هەڵاتن، شا یەک لە نۆکەرەکانی خۆی لای خۆی ڕاگرتبوو کە ناوی ئەلیاسی بوو. ڕۆژێک ئەلیاسی لای شا وەفاداری خۆی نیشان دابوو و پێی گوتبوو کە فەرەحی ژنی لەگەڵ فەرەیدون جەوادی تێکەڵاون. بە دوای ئەمە، ئەلیاسی لەسەر کار دەرکرا.[43] سەرچاوەیەکی دیکە کە نزیک لە شا بوو و خزمی فەرەح‌ە ئاوا باس لەم ڕووداوە دەکات:

«ئەلیاسی کە خزمەتکاری شا لە مەکزیک بوو، بە شای گوتبوو: گەلۆ دروستە کە شاژن حەزلێکردوویی بکات؟ شا سوورسوور هەڵگەڕابوو و هیچ نابێژێت، بەڵام لەگەڵ فەرەح باسی دەکا. فەرەح‌یش ئەلیاسی دەرکرد.»[44]

شەهبازی کە بەرپرسێکی نزیک لە کۆشکی پاشایەتیی بوو، نووسیویەتی کە ئەو جەنایەت و زۆرداریییانەی کە فەرەح و کەسانی دەوروبەری دە ئێران‌دا لە ئاست نامووس و کەرامەتی خەڵک کردیان، لە باسکردن نایە.[45]

چەند مانگ پاش شۆڕشی ١٩٧٩، ڕاپۆرتێک لە ڕۆژنامەی کەیهان بڵاو بۆوە کە تێیدا ئاماژە بەوە کرابوو دە ئێراندا نزیکەی یەک ملیۆن کەس گیرۆدەی مادە هۆشبەرەکان بوو.[46]

Teheran. 1979. Gumruch neighborhood – © Gilles Peress – Magnum Photos

ئەمە کاردانەوەی بازرگانییەک بوو کە کۆمەڵێک کەسی دەستڕۆییشتوو و خاوەن دەستهەڵات دە ئێراندا بەڕێوەیان دەبرد. لە سەردەمی دەستهەڵاتی پەهلەوی کوڕ‌، چەند کەسێکی دیار و نزیک لە شا لەم ڕێگەیەوە پارەیان دەردێنا کە یەک لەوان ئەشڕەف‌ی خوشکی شا بوو. ئەشڕەف لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا باس لەوە دەکات کە ڕۆژنامەی لۆمۆند لە ڕێکەوتی 05/03/1972 بابەتێکی لەسەر ئەو بە چاپ گەیاندبوو و نووسیبوی کە خەڵک هێشتاش لەبیریانە کە ئەشڕەف  پەهلەوی لە فڕۆکەخانەی کوانترۆنی ژێنێڤ‌ بە هێرۆئین‌ەوە گیرا و لەگەڵ بەرپرسانی فڕۆکەخانە تووشی تێکهەڵچوون بوو.[47] شا بە هانایەوە چووبوو و هەوڵی شاردنەوەی ئەم قەباحەتەیان دابوو. بەڵگەی ژمارە ٤١ لە کۆمەڵە بەڵگەکانی ئەشڕەف پەهلەوی باس لە بەرتیلێکی زۆر دەکات کە بە بەرپرسانی سویسی درابوو بۆئەوە بەردێکی سەت‌پووتی لەسەر گیرانی هێرۆئین لە ئەشڕەف دابندرێت.[48]

فەرهاد رۆستەمی کە لەسەر مێژووی بنەماڵەی پەهلەوی لێکۆڵینەوەیەکی تەواو بەڵگەمەندی کردووە و دوو بەرگی پەرتووک لەسەر ئەم بنەماڵەیە نووسیوە، بە هەمان شێوە ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە ڕاگەیاندنەکانی ئەورووپی قاچاخی مادە هۆشبەرەکانیان لە لایەن ئەشڕەفەوە لەقاو دابوو.[49] لە مێژووی زارەکی تۆمارکراو لە لایەن کەسانی نزیک لە کۆشکی پاشایەتیش بە هەمان شێوە باس لەوە کراوە کە ئەشڕەف پەهلەوی قاچاخچییەکی نێونەتەوەیی بوو و بۆ هەر شوێنێک سەفەری کردبا، هێرۆئینی لە جانتادا دەگواستەوە.[50]

ریچارد مۆرۆک لە یەک لە پەرتووکەکانی‌دا ئاوا باسی ئەشڕەف پەهلەوی دەکات:

Ashraf Pahlavi

«شازادە ئەشڕەف لە ساڵی ١٩٦٠ لە ژێنێف دەستبەسەر کرا لە کاتێکدا کە ئەو لە جانتاکانیدا هێرۆئینی دەگواستەوە کە نرخەکەی نزیکەی دوو ملیۆن دۆڵار دەبوو. لەو کاتەشدا کە کۆماری ئیسلامیی هاتبوو سەرکار، ئەو یەک لە قاچاخچییە سەرەکییەکانی مادەی هۆشبەر بوو.»[51]

ئەم دەربڕینەی ریچارد مۆرۆک کاتێک سەرنجڕاکێشتر دەبێت کە سەیری ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی نیۆیۆرک‌تایمز بکرێت کە لە ڕێکەوتی 08/09/2014 بڵاوی کردبۆوە. بە پێی نیۆیۆرک‌تایمز نرخی خانووەکەی ئەشڕەف پەهلەوی ٤٩ ملیۆن دۆڵار بوو.[52]

بە پێی راپۆرتی ساواک، حەمیدرەزا پەهلەوی کێبەرکێیەکی بەرچاوی لەگەڵ ئەشڕەف لە قاچاخی مادە هۆشبەرەکان‌دا هەبوو. ئەو تەنانەت لە هێزی چەکداری حکومەت (ژاندارمری و ئەرتەش) بۆ پاراستنی گواستنەوەی بارە قاچاخەکانی کەڵکی وەرگرتبوو.[53] ئەو بە دەست ئاوەڵایی لە سیستەم کەڵکی نادروستی وەردەگرت بۆئەوەی کاروبارە غەیری قانوونییەکانی خۆی جێبەجێ بکات. دواتر بەهۆی خەیانەتێک کە لە موحەممەد رەزای کرد، ناسناوی شازادەی لێ هەستێندراوە.[54]

هەندێک لە نووسەرانی غەیری ئێرانی و زۆربەی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیی لەسەر ئەم بڕوایەن کە یەک لە هۆکارە سەرەکییەکان لە بەئەنجامگەیاندنی شۆڕشی ١٩٧٩، بۆ ئەو بێڕێزییانە دەگەڕێتەوە کە موحەممەد رەزا شا بە پێگەی دینی ئیسلامی کرد. چاوخشاندنێکی تەسک بەسەر کارنامەی پەهلەوی کوڕ پێچەوانەی ئەمجۆرە دەربڕینانە دەردەخات. ڕادە و چۆنییەتی فێرکردنی دین لە دوو سیستەمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیی جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە. ڕەنگە زەقترین جیاوازی ئەوە بێت کە ئەوکات وێنەیەکی موحەممەد رەزا لە سەرەتای پەرتووک چاپ دەکرا و دوای شۆڕش کردیان بە وێنەی خۆمەینی.

موحەممەد رەزا تەنیا شایەکی ئێران بوو کە سەردانی حەج‌ی کرد(وێنە). ئەو تەنیا شایەک بوو کە سالانە گڵکۆی رەزا -ئیمامی هەشتەمی شیعەکان-ی خاوێن دەکردەوە. لە دەستووری بنەڕەتی‌دائەرکی پاراستنی دینی شیعه و پێگەی مەلاکانی پێ سپێردرابوو. شا دەبوا بە پێی بەندی یەکەمی دەستوور، پڕۆپاگەندەی بۆ ڕێبازی شێعەی دوازدە ئیمامی لە دینی ئیسلام‌دا کردبا. هیچ سەردەمدارێک لە مێژووی هاوچەرخی ئێران‌دا بە ڕادەی موحەممەد رەزا مزگەوتی دروست نەکرد و کەسیان بە ڕادەی ئەو سەرمایەی لە خزمەت مزگەوتەکانی دیکەدا نەنا، بۆئەوەی مزگەوتەکان خۆشتر و باشتر بکرێن. دوایین دیمانەیەکی ویدیۆیی کە شا ئەنجامی دا (بڕوانە سەرچاوەی ژمارە ١٧) بە ڕوونیی دەرخەری بڕوای قووڵی موحەممەد رەزا پەهلەوی بە دین و خوایە. لۆژیکترین ڕوانین لەمبارەوە دەتوانێت هی کەسانێکی وەک داریوش هۆمایون و ئەو دەستە نووسەرانە بێت کە لایان وابوو شا لە نێوان ئایین و بە ڕواڵەت مۆدێرنبووندا بوو. نە ئەوە بوو بە تەواویی ڕوو لە دین بکات و نە ئەوە کە پشتی تێ بکات. گەلێک گرنگە کە سەرنجێکی ڕێژەی مزگەوتەکان بدرێت. کاتێک موحەممەد رەزا هاتە سەرکار، شتێک زیاتر لە ٢٠٠ مزگەوت دە ئێران‌دا هەبوو کەچی لە ساڵی ١٩٧٩-ئەوکاتە کە دەستهەڵاتی شا بە کۆتایی گەییشت- ژمارەی مزگەوتەکان خۆی لە ٥٠ هەزار دانە دەدا.[55] ئەو کەسانە کە شا بە دژایەتیی دین تاوانبار دەکەن هیچ ڕێگەیەکیان لەمەڕ ئەم ژمارە و ڕێژانە نییە، جگە لەوە کە سانسۆڕی بکەن!

ئەنساری کە زۆر لەگەڵ شا دەبوو و لە نزیکەوە لە کاتی دەستهەڵات و ئاوارەییدا سەردانی دەکرد، باس لەوە دەکات کە شا مرۆڤێکی ئایینی بوو.[56]

هۆکارێکی دیکە کە دەکرێ وەک فاکتەرێکی کاریگەر لەمەڕ شۆڕشی ١٩٧٩ باسی لێ بکرێت، ڕاگەیاندنی دەنگ و ڕەنگە. لە زۆر سەرچاوەدا و بە تایبەتیی لە لایەن لایەنگرانی سیستەمی پاشایەتیدا ئەوە باس دەکرێت کە بی‌بی‌سی بە تەواویی لە خزمەت سەرکەوتنی شۆڕش‌دا ڕۆڵی بەرچاوی گێڕابوو. نازانم هۆکار بۆچی دەگەڕێتەوە کە ئەمجۆرە کەسانە هیچ ئاماژەیەک بە کوڕە خاڵی فەرەحی دیبا ناکەن؟ مەگە رەزا قۆتبی سەرۆکی رادیۆ و تێلێڤیزیۆنی ئێران نەبوو؟ مەگە هەر ئەو نەبوو کە ڕێگەی خۆش کرد بۆئەوەی کۆمۆنیستەکان لەسەر رادیۆ و تیلێڤیزیۆنی ئێران سیاسەتەکانی شا بەرنە ژێر پرسیار؟[57] کەسانێکی وەک ئەحمەد شاملو، ئەحمەد گۆرگین، مەحمود جەعفەریان و مۆهەندێس نیکخواه هەر بە پاڵپشتیی رەزا قۆتبی توانیان لە راگەیاندنی فەرمی حکومەت بە دژی شا کەڵک وەربگرن.[58] مەسعود ئەنساری‌ش ئاماژەی بەوە کردووە کە رضا قطبی بۆ یەکەمجار بڵاوکردنەوەی راستەوخۆی دانیشتنەکانی پارلەمانی ئێرانی دەستپێکرد و ئەویش دە کاتێکدا، کە لە پارلەمان لە دژی شا قسە دەکرا.[59]

ئەنساری خاڵیکی سەرنجڕاکێش وەبیر خوێنەر دەهێنێتەوە. شا لە سەردانێکی فەرمیدا لەگەڵ ژنەکەی میوانی کارتێر بوون. هەموو ئاگادارین کە حکومەتان چەند بە پەرۆشەوە میوانە دیپڵۆماتەکانی خۆیان دەپارێزن، بەڵام لەو دیتنەدا کەسانێکی زۆر لە دژی شا کۆ ببوونەوە و گەرەکیان بوو هێرشی بەرنە سەر (زۆربەیان خوێندکاری ئێرانی بوون).

گریانی موحەممەد رەزا پەهلەوی

بەهۆی ئەوە کە بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە، وای دادەنێین کە بە سوتفە گازی فرمێسکهێنەر لە شا کەوت! گەر هەمووی ئەمانە هەر لە بازنەی دەستهەڵاتی ئامریکا بەدەر بووبێت، دەبێ ئەم راستییە لە ئەنساری بپەژرێنین کە رەزا قۆتبی زۆر بە تێبینییەوە فیلمی گریانی موحەممەد رەزا پەهلەوی لەسەر تێلێڤیزیۆنی ئێران بڵاو کردەوە.[60] قۆتبی دەورێکی سەرەکیی لە لاوازکردنی پێگەی شا گێڕا، بەلام لەوانەیە لایەنگرانی سیستەمی پاشایەتی حەز نەکەن زۆر قسە لەسەر قۆتبی بکرێت، چون وردبوونەوە لە ئەو باسی دیکەی بە دوادا دێت کە بە دڵنیاییەوە بە دڵی ئەوان نابێت. بۆ وێنە لایەنگرانی سیستەمی پاشایەتیی حەز ناکەن باسی ئەوە بکرێت کە فەرەحی دیبا ئەو بێڕێزییەی بە شا کرد کە لە دواییدا بۆ ماوەیەک مێردی بە رەزا قۆتبی کرد.

هۆکارێکی دیکە کە زۆرتر نووسەرانی سەر بە نەتەوەکانی غەیری فارس سەرنجی دەدەنێ، پرسی حقووقی ئەو نەتەوانەیە کە دەستوور و سیستەم بە تەواویی لە دژی بوون. سیاسەتی سەرکوت و کوشتاری حقووقی ئەو نەتەوانە لە لایەک و لە پەنای ئەوانەش هەول بۆ بێڕێزیکردن بەو نەتەوانە بەشێک لە پلانەکانی سیاسەتی فارسیزاسیۆنی حکومەتی پەهلەوی بوو.

Mohammad Reza Pahlavi

سازکردنی وێنەی ناشرین و گاڵتەکردن بە نەتەوە غەیرە فارسەکان شتێکی شاراوە لە کارنامەی سیستەمی پەهلەوی نییە. ئەفغانی دراوسێش تەنانەت بە هەمان شێوە وەک عەرەب، بە  پێپەتی و دواکەوتوو سەیر دەکرا. ترکەکان بە کەر و گەمژە ناسێندران کەچی حاشا لە پتر لە ٨٠٠ ساڵ دەستهەڵاتداری ترکان بەسەر ئەو خاکەدا دەکرا و لە مێژوو ٢٥٠٠ سالەکەی پەهلەوی‌دا جێگەیەک بۆ قسەکردن لەسەر حکومەتی قاجار، سەفەوی، تەیمووری، مۆغۆلەکان و یان حکومەتی تاهرییەکان و … نەبوو. لە سەردەمی پەهلەویدا کەسانێک وەک ئێلیتی کۆمەڵگا دەهاتنە ئەژمار کە لە نووسینەکانی خۆیاندا دەربڕینی راسیستی و دژەمرۆڤییان هەبوو.[61]

لە بەشی دووهەمی ئەم مژارەدا هەوڵ دەدرێت ئاوڕێک لە کوردستان و حکومەتی پەهلوی، ڕێفۆرمی شا (شۆڕشی سپی) و چەند هۆکارێکی ناوەکی دیکە لەمەڕ شۆڕشی ١٩٧٩ بدرێتەوە.

سەرچاوە و ژێدەر

____________

[1]  Mark C. Palma, The 1979 Iranian Revolution: A Study In In The Role Of Culture In The Modernization Of Traditional Societes, 1999 The University of Western Ontario, P. 60

[2]  Alireza Asgharzadeh, Iran and the Challenge of Diversity, ISBN-13: 978–1–4039–8080–9, 2007 USA, P. 87 & 91-94

[3] Mohammad Gholi Majd, “Great Britain & Reza Shah: The Plunder of Iran, 1921-1941”, Publisher: University Press of Florida 2001, ISBN 0813021111, P. 396

[4]  Hornibrook, telegram (123 H 781/149), March 15, 1936; Hornibrook comments on an article in the New York Mirror that had stated that Reza Shah “was formerly employed in stables of British legation in Tehran.” The Time article is reported in Merriam, dispatch 1010 (891.6363 Amiranian/27), March 10, 1937.

[5]  Mohammad Gholi Majd, “Great Britain & Reza Shah: The Plunder of Iran, 1921-1941”, Publisher: University Press of Florida 2001, ISBN 0813021111, P. 108

[6]  فرهاد رستمی، پهلویها، جلد ١، شابک ٨-١٤-٦٣٥٧-٠٩٦٤، چاپ و نشر نظر، ص ٧

[7]  حسین مکی، تاریخ بیست سالە ایران، تهران ١٣٦٢، نشر ناشر، ص ١٦٢

[8]  فریدون هویدا، سقوط شاه، ترجمه ح. ا. مهران، تهران ١٣٦٥، انتشارات اطلاعات، ص ١٢٢

[9]  سۆران کرباسیان، کۆماری سەربەخۆ و ”مستقل”ی کوردستان؛ گەڕانەوە بۆ ڕاستییەکان، ٢٠١٢ ئۆسلۆ (لەم بەستەرەی ژێرەوە دەستدەکەوێت).

Click to access komar.pdf

[10]  بەستەری فیلمی موحەممەد رەزا پەهلەوی لە ژێرەوە داندراوە. دەتوانن دەقی قسەکانی لە زاری خۆی ببیسن.

[11]  دەقی لێدوان و هەڕەشەکە دەتوانن لەم بەستەرەی ژێرەوەدا ببیسن.

[12]  https://vimeo.com/160544820

[13]  اشرف پهلوی، من و برادرم، چاپ دوم، نشر علم ١٣٧٦، ص ٣٤٣

[14]  بڕوانە دیمانەی دوکتوور قاسملوو لەگەڵ ڕۆژنامەوان علی لیمونادی

تێبینی: ئەم دیمانەیە لە پاش ڕووخانی سیستەمی پاشایەتی ئەنجام درابوو، بەڵام بەهۆی ئەوە کە باسەکە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە سیستەمی پاشایەتی و بنەماڵەی پهلوی‌یەوە هەبوو، هەربۆیە بە دروست زانرا دێرەدا لە دەقی قسەکانی د. قاسملوو کەلک وەربگیردرێت. ئەم دیمانەیە دەتوانن لەم بەستەرەی ژێرەوەدا ببینن. لە خولەکی بیستەوە ئەم باسە دێتە گۆڕێ کە لەم نووسینەدا ئاماژەی پیکراوە.

[15]  رضا فاضلی ئەو قسەیەی بە پاڵپشتی قسەیەکی ئانتۆنی ئێدن‌ی ئینگلیسی کرد، بەڵام لە راستیدا دەربڕینەکە لە لایەن چێرچیل‌ەوە لە وەڵامی ڕۆژنامەوانێکی ئیتالیایی ئاراستە کرابوو. فیلمەکە دەتوانن لەم بەستەرەی ژێرەوەدا ببینن.

لە درێژەی ئەم مژارەدا کۆمەڵێک سەرچاوە دەناسێندرێن کە باس لە خەیانەتکارانی نزیک لە موحەممەد رەزا پەهلەوی دەکەن. جیا لەمان پێشنیار دەکرێت ئەم سەرچاوەیەی ژێرەوەش بخوێندرێتەوە.

Stephen Kinzer, All the Shah’s Men: An American Coup and the Roots of Middle East Terror, 2003 USA, ISBN 0-471-26517-9

[16]  دەقی قسەکانی مشیری دەتوانن لەم بەستەرەی ژیرەوەدا گوێبگرن.

https://soundcloud.com/karbasian-soran/bahram-moshiri

[17] دەقی قسەکانی پهلوی کوڕ لەم بارەوە دەتوانن لەم بەستەرەی ژیرەوەدا ببینن و ببیسن.

[18]  خاطرات ملکە پهلوی، تاج‌الملوک آیرملو، بنیاد تاریخ شفاهی (معاصر)، شابک ٣-٣٣-٦٧٦٠-٩٦٤، نیویورک ١٣٨٠، نیما، چاپ دوم، ص ٣٢١

[19]  فرهاد رستمی، پهلویها، جلد ٢، شابک ٦-١٥-٦٣٥٧-٠٩٦٤، ص ٢٧٤

[20]  کامران فرزان، آیا شاه شوهر داشت؟، انتشارات جمهوری، چاپ سوم

[21]  اشرف پهلوی، من و برادرم، چاپ دوم، نشر علم ١٣٧٦، ص ٦٦

[22]  Abbas milani, The Shah, ISBN 978-0230-34038-1, P 50

[23]  Martin Kramer, Middle Eastern Lives: The Practice of Biography and Self-Narrative (Contemporary Issues in the Middle East) (1991) ISBN 0-8156-2548-0, P 73

[24]  Stephen Dorril, MI6: Inside the World of Her Majesty’s Secret Intelligence Service, Simon & Schuster, 2002, ISBN 0743203798, P. 563

 

[25]  فرهاد رستمی، پهلویها، جلد ٢، شابک ٦-١٥-٦٣٥٧-٠٩٦٤، ص ٤٩٣

[26]  اشرف پهلوی، من و برادرم، چاپ دوم، نشر علم ١٣٧٦، ص ٧٦

[27]  احمد علی مسعود انصاری، من و خاندان پهلوی، ت‍ه‍ران‌: نشر زری‍اب‌‏‫، چاپ چهارم:۱۳۸۴، ص ٣٤

[28]  اشرف پهلوی، من و برادرم، چاپ دوم، نشر علم ١٣٧٦، ص ٢٢٨-٢٢٧

[29]  هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ٢٩١

[30]  فرهاد رستمی، پهلویها، جلد ٢، شابک ٦-١٥-٦٣٥٧-٠٩٦٤، ص ٢٨٣-٢٨٢

[31]  خاطرات حسین فردوست، ظهور و سقوط سلطنت پهلوی، جلد اول، ص ٢٣٣-٢٣٤

[32]  اشرف پهلوی، من و برادرم، چاپ دوم، نشر علم ١٣٧٦، ص ١٥١

[33]  کامران فرزان، آیا شاه شوهر داشت؟، انتشارات جمهوری، چاپ سوم، ص ٤٣

[34]  هەمان سەرچاوەی پێشوو

[35]  هەمان سەرچاوەی پێشوو

[36]  خاطرات ملکە پهلوی، تاج‌الملوک آیرملو، بنیاد تاریخ شفاهی (معاصر)، شابک ٣-٣٣-٦٧٦٠-٩٦٤، نیویورک ١٣٨٠، نیما، چاپ دوم، ص ٤٥٣-٤٦٦

[37]  علی شهبازی (خاطرات)، محافظ شاه (مأمور مخصوص شاه)، انتشارات اهل قلم، چاپ اول، شابک ٣٤-٥٥٦٨-٩٦٤، ص ٢٢٢

[38]  احمد علی مسعود انصاری، من و خاندان پهلوی، ت‍ه‍ران‌: نشر زری‍اب‌‏‫، چاپ چهارم:۱۳۸۴، ص ١٢٥

[39]  بهرام افراسیابی، همسران شاه؛ همراه با دست‌نوشتە دفترچە خاطرات فرح دیبا، انتشارات مهتاب، تهران ١٣٨١، شابک ٩-٨١-٦١٦٢-٩٦٤، ص ٣٤٦

[40]  احمد علی مسعود انصاری، من و خاندان پهلوی، ت‍ه‍ران‌: نشر زری‍اب‌‏‫، چاپ چهارم:۱۳۸۴، ص ١١٥

[41]  علی شهبازی (خاطرات)، محافظ شاه (مأمور مخصوص شاه)، انتشارات اهل قلم، چاپ اول، شابک ٣٤-٥٥٦٨-٩٦٤، ص ٢٦٧

[42]  احمد علی مسعود انصاری، من و خاندان پهلوی، ت‍ه‍ران‌: نشر زری‍اب‌‏‫، چاپ چهارم:۱۳۸۴، ص ٤٦

[43]  بهرام افراسیابی، همسران شاه؛ همراه با دست‌نوشتە دفترچە خاطرات فرح دیبا، انتشارات مهتاب، تهران ١٣٨١، شابک ٩-٨١-٦١٦٢-٩٦٤، ص ٣٤٧

[44]  احمد علی مسعود انصاری، من و خاندان پهلوی، ت‍ه‍ران‌: نشر زری‍اب‌‏‫، چاپ چهارم:۱۳۸۴، ص ١٢٦

[45]  علی شهبازی (خاطرات)، محافظ شاه (مأمور مخصوص شاه)، انتشارات اهل قلم، چاپ اول، شابک ٣٤-٥٥٦٨-٩٦٤، ص ٢٣٢

[46]  روزنامه کیهان، چاپ تهران، تاریخ ٢٦ خرداد ١٣٥٨

[47]  اشرف پهلوی، من و برادرم، چاپ دوم، نشر علم ١٣٧٦، ص ٣٢٩

[48]  فرهاد رستمی، پهلویها، جلد ٢، شابک ٦-١٥-٦٣٥٧-٠٩٦٤، ص ٢٧٦

[49]  هەمان سەرچاوی پێشوو

[50]  خاطرات حسین فردوست، ظهور و سقوط سلطنت پهلوی، جلد اول، ص ٢٣٧

[51] Richard Morrock, The Psychology of Genocide and Violent Oppression, ISBN 978-0-7864-4776-3, Jefferson, N.C. : McFarland & Co., c2010 USA, P. 144

[52]  http://www.nytimes.com/2014/09/09/nyregion/for-iconoclasts-of-decades-past-design-took-wing-on-secluded-beekman.html?_r=1 kontroll krawe le rêkewtekanî 20/12/2015 u 28/03/2016

[53]  فرهاد رستمی، پهلویها، جلد ٢، شابک ٦-١٥-٦٣٥٧-٠٩٦٤، ص ٤٣٦

[54]  هەمان سەرچاوەی پێشوو

[55]  http://www.bbc.com/persian/iran/2010/07/100727_shah_annive30_homayoun_religion.shtml

[56]  احمد علی مسعود انصاری، من و خاندان پهلوی، ت‍ه‍ران‌: نشر زری‍اب‌‏‫، چاپ چهارم:۱۳۸۴، ص ٣٥

[57]  علی شهبازی (خاطرات)، محافظ شاه (مأمور مخصوص شاه)، انتشارات اهل قلم، چاپ اول، شابک ٣٤-٥٥٦٨-٩٦٤، ص ٢٦٦

[58]  هەمان سەرچاوەی پێشوو

[59]  احمد علی مسعود انصاری، من و خاندان پهلوی، ت‍ه‍ران‌: نشر زری‍اب‌‏‫، چاپ چهارم:۱۳۸۴، ص ٨١

[60]  هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕەی ٧١

[61]  لەم پەرتووکەی ژێرەوەدا نموونەی هەموو ئەو تێکستە رەگەزپەرەستییانە کۆکراونەوە.

جویا بلوندل سعد، عرب‌ستیزی در ادبیات معاصر ایران، ترجمە فرناز حائری، شابک ٧-٦٤-٦٧٣٠-٩٤٦، نشر کارنگ

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.