(سوپای پاسداران و حیکایەتی (ڕیفۆرمخوازە کوردەکان

0
1109

Gharani Ghaderiقەرەنی قادری

حوسێن سەلامی جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران: “وریایی بە ڕژێمە بەکرێگیراوەکانی ناوچە و بەڕێوەبەرە سیاسییەکانی باکووری عێراق دەدەین کە پابەندی بەڵێنەکانیان بن، چونکە ئێمە هەر شوێنێک کە سەرچاوەی هەڕەشە بە دژی نیزامی ئێمە بێت، بەبێ هیچ لەبەرچاوگرتنێک، لێبڕاوانە وێرانی دەکەین.”

“شورای هماهنگی اصلاح‌طلبان کردستان”یش بە زمانێکی “سیاسی”ی پڕ لە هەڕەشە، بەڵام زۆر بە ڕووهەڵماڵاوی و بێشەرمانە دەڵێن: “ئێمە وەکو یەکەیەکی گەورە و بەرفراوان لە ڕەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان”، یان “بە جەختکردنەوە لەسەر خواستی زۆرینەی خەڵکی کوردستان کە دیارە ئەمنییەت و ئارامییان دەوێت …”

ئەو زمانی پەیڤینە زۆر ئاشنایە، ئەوەندە ئاشنایە دەڵێی سوپای پاسداران یان ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی نووسیویانە. کاتێک ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی باس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، حکوومەتی شیعەی عێراق و سووریا، لوبنان، یەمەن، هەروەها پرسی دۆسیەی ئەتۆمیی خۆیان دەکەن، بەردەوام دەڵێن “مردم ایران” یان “ملت ایران”. ئەوان بەردەوام خۆیان پێ نوێنەری هاووڵاتیانی ڕەنگاوڕەنگی ئێرانە.

“ڕێفۆرمخوازە کوردەکان”، ئێوەی چەند کەسن، کێن کە وا بە نوێنەرایەتیی زۆرینەی هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قسە دەکەن. کێ ئەو ئیزنەی بە ئێوە داوە؟

حوسێن سەلامی لە “پەیام”ەکەیدا تەنیا بە ڕستەیەک باس لە هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکات، بەلام سەرجەمی قسەکانی کە هەڕەشەن، هیی بەهێزیی سوپای پاسداران نییە، بەڵکو وشە بەوشە و ڕستە بەڕستە ئەوە پیشان دەدات، کە هاوسەنگی تێکچووە. “سڕینەوەی ئیسرائیل، جێگیرکردنی سەد هەزار مووشک لە لوبنان بە دژی ئیسرائیل، بۆ تەقاندنەوەی ئەوانیش تەنیا چاوەڕوانی فەرمانن، قەیرانی ئەمریکا، ڕژێمە بەکرێگیراوەکانی ناوچە و…” چەند نموونەیەکن لە “هەڕەشە”کانی سوپای پاسدارانی ئێران بە دژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دۆسیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، تەنانەت ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە دەست سوپای پاسداران و لقە هەرە دڕەکەی سوپای قودسدایە.

پرسیار ئەوەیە، کەسێک یان گرووپێک لە ئێران بە گشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە تایبەتی ئەگەر بخوازێت “ڕیفۆرمخواز” بێت، دەبێ چۆن باس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات کە دەیان ساڵە بەئەمنی کراوە؟

تا ئێستا دوو ڕێگە هەبووە کە لە گشت جموجۆڵ و ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا خۆی دەرخستووە. یەکەمیان ئەوەیە، “ڕیفۆرمخوازە کوردەکان” بەردەوام داوا لە هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن کە “دوور بکەونەوە لە توندوتیژی، چونکە پێویستمان بە گەشەی ئابووری هەیە!” ئەوەش لە کاتێکدایە کە کەس دەستی کۆماری ئیسلامی نەگرتووە تا پڕۆژەی ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا وەڕێ نەخات.

ڕێگەی دووەمیش بەیاننامەی “شورای هماهنگی اصلاح‌طلبان کردستان”ە کە پەیامی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات بە بەرگێکی مەدەنی و بە پاشکۆی کوردستانەوە دەرخواردی هاووڵاتیانی دەدەن. حیکایەتی “ڕیفۆرمخوازە کوردەکان” ئەوەیە کە بە هەر شێوەیەک بێت، دەبێ لە هەر کات و ساتێکدا بەرژەوەندیی سوپای پاسداران و وەزاڕەتی ئیتلاعات دابین بکەن.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت