بنکەی لێکۆڵینەوەی “مێری” کە تا ئێستا دوو سمیناری بۆ خالید عەزیزی، سکرتێری حدک و هەروەها بۆ سمتەفا هیجری، سکرتێری حدکا، پێکهێناوە، لە درێژەی چالاکییەکانی خۆیدا، سمینارێکی بۆ عەبدووڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، پێکهێنا
ڕۆژی کورد: ئەو سمینارە کە ڕۆژی دووشەممە 26ی سەرماوەزی 1395ی هەتاوی لە باژێڕی هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستانی باشوور پێکهاتبوو، بە خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان و بەخێر هاتنی ئامادەبووان لە لایەن پرۆفیسۆر دلاوهر عهلائهدین، سهرۆکی ئینستیتیتوتی مێری، دەستی پێکرد.
ئەم سمینارە لە دو بەش پێکهاتبوو، بەشی یەکەم وتەکانی عەبدوڵڵا موهتەدی لە سەر ئاستەنگ و دەرفەتەکانی بهردهم بزوتنهوهی ڕزگاریخوازانەی گهلی کوردستان و بەتایبەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بۆ بەدیهێنانی مافهکانی لە سهردهمێکدا کە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چەندین گۆڕانکاری و ڕەهەندی هەستیاردا تێپەڕدەبێت.
موهتەدی لە وتەکانیدا باسی لە دەستکەوتەکان، لەمپەڕەکان و پێشهاتەکانی خەباتی کورد لە کوردستانی خۆرهەڵات کرد و دواتر کۆمەڵێک پێشنیاری لە هەمبەر داخوازییە ڕەواکانی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هێنایە ئاراوە.
سکرتێری کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، هاوکاری و هاوئاهەنگی زیاتری نێوان لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات و پێکهێنانی پلاتفۆرمێکی هاوبەش لە نێوانیان و بەستنی کۆنگرەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی وەک پێشنیار خستە بەر باس.
موهتەدی ئامادبوونی حیزبەکەی خۆی بۆ هەر چەشنە ڕێککەوتن و کارێکی کردەیی هاوبەش بۆ سەرخستنی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕاگەیاند.
بەشی دووهەمی سمینارەکە تەرخان کرابوو بە پرسیاری ئامادەبووان و ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکان.
لەم سمینارە کۆمەڵێکی بەرچاو لە حیزب و لایەنە سیاسیەکان، ئەکادیمیستان، پسپۆرانی سیاسی، توێژەرانی کورد، بەشدار بوون.