سیاسەتی ئاژەوەگێڕانەی ڕژیم لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و کەوتنە داوی کورد

0
287

شارەزایان لایان وایە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی تەمەنی خۆیدا لە سەرجەم شێواز و ئامێر و کەرەستەیەک بۆ سەرکوتی نەیارانی خۆی کەڵكی وەرگرتووە و تەنیا بە شەڕی چەکداری و تیرۆر نەوێستاوە، بەڵکوو لە دونیای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا زۆرترین توانای ماددی و مرۆیی، تەرخان کردووە. لە دونیای مەجازیشدا، کۆماری ئیسلامی وەک دونیای واقع، بە دوو شێوەی تووند و نەرم (ڕەق و نەرم) چۆتە پێش و کار دەکا کە دەتوانین بەو هاک کردنی ماڵپەڕەکان و ئیمەیلی تاک و حیزبەکان و هەروەها ناردنی ڤایرۆس و …تاد، بڵێین شێوازی ڕەق، واتا شێوازێک کە تێێدا ڕووبەڕووی تاک دەبێتەوە و دەیگرێ یان لەناوی دەبا (هاک کردنی ماڵپەڕێک دەکرێ وەک تیرۆرکردنی ماڵپەڕەکە بێتە ئەژمار). بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگای سەرنجە و دەمانهەوێ باسی لێوە بکەین بریتیە لە شێوازی نەرم، شێوازێک کە بۆ کۆماری ئیسلامی، کەم تێچووترین ڕێگا ، ئاسانترین و لە هەمان کاتیشدا باشترین دەسکەوتی بۆی هەبووە و لە ئەگەری ئاگادار نەبووندا، دەستکەوتی زیاتریشی بۆی دەبێ و لە خراپترین دۆخدا دەتوانین بڵێین، تووشی شەڕی براکوژی و تیرۆری کەسایەتیمان دەکا

 ئەو شێوازە لە چەند شێوەدا خۆ دەنوێنێ کە بریتین لە: ساز کردنی چەند لاپەڕەیەکی فەیسبووکی (یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تردا) کە لە ڕواڵەتدا کوردانە یان سەر بە لایەنێکی دیاری کراون و هەڵدەکوتنە سەر لایەنێکی تری دیاریکراو بەو شێوەیە کەف و کوڵی هەستی ئەندامانی لایەنی تر هەڵدەچێنن و بە خراپترین شێوە دەمەتەقی حیزبی و وشەی نەشیاو دەست پێدەکا. لەو ناوەدا کەسایەتییەکی ساختەش هەیە وەک لایەنگری توند و قورسی لایەنی تاوانبار کراو نیشان دەدا و شەڕی نێوان دوو لایەنەکە گەرمتر دەکات.

لێرەدا تەنیا پێنج نموونە لەو پەیجانە دەخەینە ڕوو : تریفەی مانگ، نادر کیانی (ئەندامی ئیتلاعاتی ڕژێم)، دیار و نادیار، اخبار داغ کوملە و weblog tarikere .

هەڵسووڕ و چالاکی سیاسی کورد، سیروان موراد، لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیدا داوا لە حیزبە کوردییەکانی خۆرهەڵات دەکا، ئاگاداریی ئەندامەکانیان و هەست و سۆزیان لە دونیای مەجازی دابن تا چیتر بە پێی ئەو پیلانەی ڕژیم بە گژ یەکتریدا نەچنەوە.

ناوبراو هەروەها لە وتووێژێک لەگەڵ “ڕۆژی کورد” دا کوتی: ڕژێم لە دوو ڕێگاوە کەوتۆتە ساز کردن و پەرەپێدانی دووبەرەکی لە نێو ئەندامانی حیزبەکانی خۆرهەڵاتدا. یەکەم: بە ساز کردنی ئاژاوە لە رێگای ئەو پەیج و لاپەڕە فەیسبووکیانەوە، دوو: لە رێگای کەسانێک کە لە ئوروپاوە نیشتەجێن بەڵام خۆیان کوردپەروەر و لایەنگری سەرسەختی حیزب یان لایەنێک نیشان دەدەن و لەگەڵ خەڵک دەست دەکەن بە مشتومڕی بێ رێزانە، بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا ئامانجەکانی ئیتلاعاتی ڕژێم دەپێکن.

چالاک و هەڵسوڕێکی تری سیاسی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت کوتی: ڕژێم ئەرتەشێکی سایبێری بەهێزی هەیە کە هەڵبەت ساویلکەبوونی ئێمە و بە سۆز و هەستەوە هەڵس و کەوت کردنمان، بەهێزی کردوون. ڕژێم تیمگەلی جیاوازی لێر و لەوێ هەن و هەروەها کەڵک لە زۆر تاکی پێشووتر نیشتمانپەروەری ئێستا ئوروپایی نشین دەکات کە بە هۆی ماندووبوونیان و حەزیان لە چوونەوە بۆ ئێران، گوێڕایەڵی ڕژێم و بەڵێنیەکانی و ئیزنی چوونەوە بۆ ئێران بوون. ئەو هەڵسوورە سیاسییە هەروەها کوتی: ئێمە توانیومانە تاقمێکی حەوت کەسی لەو کەسانە لە هەولێری پێتەختی باشووری کوردستان شناسایی بکەین کە لە ڕێگای ئیمەیل و پەیج و لاپەڕە فەیسبووکیەکان، کاریان لەسەر چالاکوانان، رێبەرانی سیاسی و ئەندامانی پلە بەرزی حیزبەکان دەکرد.

سیاوه‌ش قادری
سیاوه‌ش قادری

سیاوەش قادری  کادری کۆمەڵەی زەحمەت کێشانی کوردستان،  لەو بارەوە بۆ ڕۆژی کورد دوا و کوتی: ساز کردنی حیسابی فەیسبووکی جۆراوجۆر لە لایەن ئیتلاعاتی رژیم و ئەرتەشی با ناو سایبری بە مەبەستی پێکانی چەندین ئامانجی ڕەش و چەپەڵە کە سەرکی ترینەکانی بریتین لە گێرەشێوێنی سیاسی، ناسین و دەست نیشان کردنی کەسانی سست و لاواز لە باری فکر و بڕواوە و کەڵک وەرگرتنیان وەک مۆرەی نفوزی بە شێوە کاری خۆیان، وەرگرتنی زانیاری وهەواڵ  کە بە داخەوە لە ڕوی نەزانم کاری تاقمێک لە هاوڕێیان سەر دەگرێ بۆیان

قادری لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە جۆری پیلان و شێوە کاری ڕژیم لەوبارەوە دا و گوتی: دیارە دژمنانی گەلی کورد ناکرێ دەستی کەم بگیریردرێن و بە دانانی ژوری فیکر، زۆر زیرەکانە و فارس کوتەنی هوشمندانە، لەوانەیە پێتدا هەلبڵێ و لە ناکاو چزی خۆی بوەشێنێ، زۆربەی ئەکاونتەکان بێ وێنەن و زیاتر لە ناوی ئافرەتان کەڵک وەردەگرن لەوانەیە چوار ئاڵای کوردستانیش شەیر بکەن، لە هەر جۆرە بیریەتێک کەڵک وەردەگرن و لە کۆتاییدا هەمویان سەر بە یەکن بە بۆنەی لایەنگری لە باڵێک، باڵەکەی دیکە دەکوتن. لە کامینتەکاندا زۆر زیرەکانە خاڵە لاوازییەکان بەکار دێنن.

ئیبراهیم جەهانگیری
ئیبراهیم جەهانگیری

ئیبراهیم جەهانگیری یەکێکی تر لەو هەڵسووڕە سیاسیانەی خۆرهەڵاتی کوردستانە کە لای وایە هیچ گومان نییە کە رێژیمی فاشیستی مەززەبی ئێران نەتەنیا لە دنیای مەجازی و بە تایبەتی فەیسبووک و تویتەر کەڵکی زۆر باشی وەرگرتووە بەڵکو لە کوردان باشتری کەڵک لەو ئامرازە وەرگرتووە بۆ پێکوەرکردنی کورد. دیارە بە ئاشکرا هەر قەدەر ناقەدەرێک خەڵکی دیاری ناو ئەو دنیا مەجازیەش یان ئاگایانە و یان نائاگایانە ئاو دەکەنە ئاشی دوژمناننەوە

جەهانگیری لەمەڕ ئەرکی حیزبەکان لەو بارەوە گوتی: من بڕوام وایە و پێشنیاریش دەکەم بە تایبەتی بە حیزبەکانی رۆژهەلات کە بەشێکی تایبەتی لەو بارەوە بکەنەوە تا چاوەدێری هەڵسووکەوتی ئەندامەکانی خۆیان بکەن لە فەیس بووک وتویتەر و ئامرازە پیوەندیەکانی تر بە گشتی. بە بڕوای من ئەو کارە پێویستە و بۆ کۆنترۆل کردن و نەکەوتنە داوی رێژیم بە مەبەستی پێک وەرکردنی ئەندامانی حیزب و باڵەکان، لەسەر بابەتی پووچ و بێسەمەر و دەبوا زۆر پێش ئێستاش بکرابایە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت