سەلاحەددین عەبباسی: چوون بۆ سەر سەندووقه‌کان، هاودەنگ بوونە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی

0
555

بڕیار وایە لە حەوتی ڕەشەممەی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان لە ئێران بەڕێوە بچێ، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیەندنەکاندا هەموو هەوڵێک دەدەن خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان ڕابکێشن و سیمایەکی دیموکراتیک بە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ ببەخشن، بەشی زۆری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە و داوایان لە خەڵک کردووە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەن. رۆژی کورد بە پێویستی زانینی لە تەوەرێک دا پرسی بەشداریکردن و بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ نووسەر و رووناکبیران و هونەرمەندانی خۆرهەڵات بخاتە بەر باس.

لە بەشی  بیست و شەشەمی ئەو تەوەرە دا  بەڕێز (سەلاحەددین عەبباسی) ئەندامی ڕێبەریی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان، بەم شێوەیە ڕای خۆی دەردەبڕێ:

ڕۆژی کورد: هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارلمان و خیبره‌گانی ئێران له‌ چ به‌ستێن و هه‌لومه‌رجێكی سیاسی دا به‌ڕێوه‌ ده‌چێ

عەبباسی: وەک دەبینین ئەمڕۆ لە ئاستی جیهانییدا بوونی مەترسی تیرۆر و گەورەکردنەوە و زەقکردنەوەی ئەو مەسەلەیە، تا ئەو ئاستەی کە ترس و تارماییەکەی زۆربەی دەڤەر و ناوچەکانی جیهان بگرێتەوە، هێز و لایەنە کۆک و ناکۆکەکانی، بە تایبەتییش هێزە گەورە بەرژەوەندخوازەکانی لە بەرەی ئاڵۆز و جیاجیادا کۆکردۆتەوە٠ هەر بە پاساوی بوونی تیرۆر و شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵی سەرجەمسەری هێزە زەبەلاحەکان بۆ قەرەبووی شکستەکانی سەدەی پێشوویان لەسەر حیسابی گەلانی زوڵملێکراو و بەشخوراوی ئەم سەردەمە، خۆ ڕێکدەخەنەوە٠ ڕژیمی کۆماری بەناو ئیسلامیی ئێرانیش هەر بەو هەوا و هەویایە و لەسەر ئەو هەودایە یاری دەکا و بە گوڕ و تینێکی زیاترەوە، لەسەر حیساب و بە گیان و ماڵی ڕۆڵەکانی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی بندەستی، دەیەوێ بازنەی نفوزی خۆی لە جیهان بە گشتیی و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتیی فراوانتر و بەهێزتر بکا٠

لە ئاستی ناوخۆییدا ڕژیمی تاران تا ڕادەیەك توانیویە خۆی وەک براوەی ململانێی کۆنی نێوان خۆی لە لایەک و ئەمریکا و بڕیاربەدەستەکانی دیکەی جیهان لە لایەکی ترەوە بناسێنێ و تا ڕادەیەکیش سەرکەوتوو بووە٠ هەڵبژاردن و هەڵڵا و هەنگامەی دەنگدان و بەشدارییکردنی خەڵک تێیدا، یەکێك لەو هۆ و ڕێگایانە بووە کە کاربەدەستانی باڵادەستی ڕژیم لەو پێوەندییەدا پەنایان بۆ بردووە. ئەوان توانیویانە ئەو شانۆ و پرۆسانە وەک بەڵگەی دێموکراتبوونی خۆیان و ڕژیمەکەیان بخەنە بەردەم و چاوی ڕای گشتیی و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و شانازیی بە ژمارەی پرۆسەکانی هەڵبژاردنەوە بکەن و وەک کارتێکی بەهێزی یاریی بە ڕووی ناوەندە نێونەتەوەییەکانیاندا بکێشێ٠

بەڕێوەبردنی پرۆسەی ئەمجارەش، ‌واتە هەڵبژاردنی دەورەی دەیەمی مەجلیسی شوڕا و دەورەی پێنجەمی مەجلیسی خیبرەگان، لەم دۆخە سیاسیی و  بڕگە زەمانییەدا کە ئێران و ناوچەکە و جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێ، هەم تەواوکەری سیاسەتی ڕابردوو دەبێ و هەم سەرەتایەکی نوێ دەبێ بۆ پەلاژۆی ئەو کۆمارە “ئیسلامیی”ـەی ئێستا حوکمی ناوچە دەکا، ئەوەش لە ڕێی بوونی ئابووریی بەهێزتر و دەرفەتی بەشداریی لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکاندا.

ڕۆژی کورد: سیاسه‌تی باڵه‌ جۆربه‌جۆره‌كانی ڕژیم له‌و پێوه‌ندییه‌دا چۆنه‌؟

عەبباسی: سەرانی ڕژیم و باند و بەرە و باڵەکانی سەر بە نیزام، کە لە ڕاستییدا باڵ نین بەڵکو پەڕوپۆی باڵێکن، بە تێکڕا لە سیاسەتی گشتیی و هێڵە سەرەکییەکاندا هاوڕێ و هاوڕان و لە هیچ بارودۆخ و کات و شوێنێکدا – مەگەر بە هۆی ئەسڵی تەقیە و بۆ چەواشەکاریی– دەنا لە خەتی کۆن لانادەن و لەمەڕ بابەتە لاوەکیی و ڕەمەکییەکانیش بۆ یەکتر دادەنوێنن. هەر بۆیە لەمەڕ پێوەندییە دەرەکییەکان و هەڵبژاردنەکانیش هەر بەو ڕبە و مەزندەیە مامەڵە دەکەن٠

ڕۆژی کورد: لێكدانه‌وه‌ و ڕوانینی خه‌ڵك بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ چۆنه‌؟

عەبباسی:  هەڵسەنگاندنی بۆچون و تێڕوانینی خەڵکی ئێران لەو پێوەندییەدا بە وردیی ئەستەمە، چونکە جیاوازیی ڕا و بۆچوونەکان بە ڕێژەیەکە کە دەکرێ بڵێین ژمارەی ڕا جیاوازەکان بەقەد ژمارەی کەسە بەشداربووەکانن٠ ئێمە پێمانوایە زۆرترین ڕا لە ئێرانی ئەمڕۆدا بۆ بەشدارییکردن و بەشدارییپێکردنی خەڵک لە هەڵبژاردندا بەمەبەستی نیشاندانی “وەحدەتی میللەتی ئێران”ە و زۆرینەی کاندیدەکان بە دوای ئاڵوگۆڕ و چاکسازییەوە نین٠

بۆ نموونە تاقمێک بە دوای کەم و زۆرکردنی ڕادە و ڕێژەی کەسانن لە توێژە جیاوازەکانی وەك لاوان ، ژنان ، “بەمێزەر” و بێمێزەر” ( “با کلاە” و “بی کلاە”) و زۆر شتی دیکەی لەو جۆرە. هێندێک باس لە کرانەوە دەکەن و لە هەوڵی کردنەوەی زیاتری دەرگاکان بە ڕووی ئابووریی ڕۆژاوا و دونیای دەرەوەدان و زۆر هێند و بڕی گەورە و بچووکی دیکەش هەن بە دوای داوی خولیا و خەیاڵ و حەزی بەرز و نزمەوە.

ڕۆژی کورد:  ئایا به‌ ڕای ئێوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران دا هه‌لومه‌رج بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ کەش و هەوای هه‌ڵبژاردن ده‌خوڵقێ ؟

عەبباسی:  بەپێی ئەوەی لە مەودای تەمەنی سیوپێنج ساڵەی “کۆماری ئیسلامیی ئێران”دا بیندراوە و بە پشتبەستن بەوەش کە لەوەپێش باسکرا، لەو باوەڕە داین کە هیچ هیوا و هومێدێك بۆ هیچ جۆرە ئاڵوگۆڕێکی ئەرێنیی لە ئەنجامی هیچ هەڵبژاردنێک لە ئێران و کوردستان نیە، چونکە بنەماکان داڕژاو و کۆنکرێتیین، تێپەڕینی زەمان و هاتن و چوونی کەسەکان و مۆرەکان هیچ ئاماژەیەک بە کرانەوەی کەشی ئازاد و دڵخواز و جێی ئومێدی بڕێک لە خەڵکی ئێران نیە.

ڕۆژی کورد: تاكتیكی بایكۆتی چالاك واته‌ ته‌حریمی فه‌عال چۆن ده‌توانرێ سازمان بدرێ و رێكخستنی بۆ بكرێ ؟

عەبباسی:  بەهۆی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینیی و مەزەبیی و تێکهەڵکێشێک کە نەتەوەکانی نێو چوارچێوەی ئێرانی ئێستای پێکەوە بەستۆتەوە بایکۆتی کاریگەر لە ئێستادا ڕێک ناخرێ و ڕێ ناخرێ. بایکۆتەکان بە شێوەی پڕژوبڵاون و زۆرتر هەر بۆ ئەستۆپاکیی و هاتنەدەر لەژێر باری ئۆباڵ و خۆدوورخستنەوەیە لە زەلکاوی خەیانەت، بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین کە دەکرێ هێمایەکیش بێ بۆ بێهێزیی.

لە دۆخێکی ئاوادا تەنیا هۆکار و پاڵنەرێک، کە دەتوانێ مەودای بایکۆت بەرینتر و هەودای هەڵوێست قایمتر بکا ئەوەیە کە تێکڕای ئەوانەی مافی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە بە چاوێکی واقعبینانە کارنامە و مێژووی کۆماری بەنێو ئیسلامیی وەخوێنن و لەو ڕاستییە ئاگادار بن کە لە هەموو قۆناغەکانی تەمەنی ئەو دەسەڵاتەدا جڵەوی فەرمانڕەوایی بەدەست هەر کەس و تاقمێکەوە بووبێ، سیاسەتی ڕژیمەکە هەر سەرکوت و چەوساندنەوە و کوشت و بڕ و پێشێلکردنی ئازادیی بووە. مەبەستی ڕژیم لەو کارانە ئەوە بووە کە بەشداریی و دەنگی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا وەک مۆری پەسندکردنی ئەو سیاسەتانە بەکاربێنێ و سەرانی دەسەڵاتیش هەر بۆ ڕەواییدان بە ڕەوت و ڕێبازی لەپێشدا داڕژاوی خۆیان کەڵکیان لە خەڵک وەرگرتووە.

چاوخشاندنێکی سادە بەسەر یاسا و بەندەکانی تایبەت بە خۆکاندیکردن و دەنگدان نیشانی دەدا کە دانانی ئەو هەموو بەربەست و کۆسپ و پێوەرانە، کە بە مەیلی دەمڕاستەکانی کۆماری ئاخوندەکان کراونە لەمپەر لەبەر دەم و سەر ڕێگەی پاڵێوراوەکان، بەر لە هەڵبژاردن ئەنجام و ئاکامەکەی بۆ هەموو خەڵک ئاشکرا دەکا و دەیسەلمێنێ کە جەماوەر بەشداریی بکەن یان نا، ئەوەی دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێ کەسێکە ڕەچاوی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت دەکا کە دژ و پێچەوانەی بەرژەوەندیی و ماف و ئازادییەکانی خەڵکە.

پێمانوایە ئەگەر خەڵك بەم تێڕوانینە تاوتوی دۆخی هەڵبژاردن لە ئێرانی ژێر سایەی ئاخوندەکان بکەن و هەڵیسەنگێنن، ئەو ڕاستییەیان بۆ دەردەکەوێ کە بە چوونیان بۆ سەر سندووق و بە دەنگی خۆیان دەبنە هاودەنگ و هاوهەڵوێست لەگەڵ کاربەدەستانی ڕژیم و بەرپرسیار دەبن لە ئەنجامی کارنامەی پڕ لە تاوانی ڕژیم. لە حاڵەتێکی وادا دەکرێ گەشبین و دڵخۆش بین کە ڕەوتی بایکۆت فراوانتر و کاراتر دەبێ و بەرهەمی دڵخوازی دەبێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.