سیاسەتە پان تورکیستییەکانی بەرپرسانی نەغەدە، دژکردەوەی کوردەکانی لێکەوتەوە

0
673

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو و بە تایبتی لەم هاوینەدا بەرپرسانی شاری نەغەدە بەردەوام هەوڵی دانانی هێمای پان تورکیانەیان لەو شارە داوە.

دانانی هێمای مانگ و ئەستێرە لە یەکێک لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی ئەو شارە یەکێک لەو هەنگاوە پان تورکیستیانەی بەرپرسانی شاری نەغەدەیە.

هەروەها یەکێک لە پارکەکانی شاری نەغەدە ناوی “قیرخ پیللە” واتا چل پلەی لەسەر داندراوە.

ئەو کردەوانەی بەرپرسانی شاری نەغەدە بە هۆی تێکدانی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لەو شارە و بن پێ خستنی نەتەوەی کورد و سەپاندنی ناسنامەی تورکی-ئازەری بەسەر شاردا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دژکردەوەی بەرینی کوردانی شاری نەغەدە و بەشێک لە ڕووناکبیرانی تورکی لێکەوتەوە.

چالاکوانانی کورد و کوردانی شاری نەغەدە، ئەو کردەوانە بە کردەوەیەکی پان تورکیستی دەزانن و لە قەڵەم دەدەن کە بە مەبەستێکی ڕەگەزپەرستانە ئەنجام دەدرێت.

چالاکوانێکی کوردی شاری نەغەدە لەمبارەوە لە لێدوانێک بۆ ڕۆژی کورد ڕایگەیاند: “ئەو هەوڵە پان تورکیستیانە پێشتریش کراون و ناوی کەسایەتیە تورکەکان لەسەر شوێن و شەقامەکانی شار داندراوە کە بۆ نموونە دەتوانم ئاماژە بە موجتەمەعی سەیرانگای یئدی گوز، پارکی قالاباشی، مەیدانی ئازەربایجان، مەیدانی ستارخان، بلواری باقرخان، شەقامی ئوستاد شەهریار و شەقامی قاراپاپاق بکەم”.

ئەو چالاکوانە کوردە هەروەها گوتیشی: “دانانی ناوی تورکی و کەسایەتیی ئازەری لەسەر شوێن و شەقامەکانی شاری نەغەدە لە حاڵێکدایە کە تا ئێستاش هیچ ناوێکی کوردی لەسەر شوێن و شەقامەکانی ئەو شارە دانەندراوە”.

ئەو چالاکە کوردەی شاری نەغەدە باسی لە ڕێگریی شارەوانیی نەغەدە لە ناوی کوردی کرد و گوتیشی: “بەپێی بڕیارەکانی خودی شارەوانیی شاری نەغەدە دەبا پەیکەری شاخەوانی بەناوبانگی کورد، محەممەد هەوراز لە مەیدانێک کە پێشووتر ناوی “مەیدانی معەلیم” بووە دابندرێت کەچی ئێستا شارەوانیی نەغەدە، پێشی لێگرتووە”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت