سلێمانی/پەراوێزخستنی حیزبەکانی رۆژهەڵات و کاردانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا

0
2594

پەراوێزخستنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆنفرانسی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست‌دا لە شاری سلێمانی، کە بەشێکیان وەکوو ئەندامی فەرمی، ئەندامی چاوەدێر و راوێژکار لە ورێکخراویەدا چالاکن، کاردانەوەی جۆراوجۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتۆتەوە.

ئەندامێکی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، بەداخبوونی خۆی لەمەڕ پەراوێزخستنی پرسی “کوردی رۆژهەڵات” لە کۆنفرانسی ئینترناسۆنال سۆسیالیست‌دا راگەیاند.

رۆستەم جهانگیری، لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک پرسیارێکی ئاراستەی رای گشتی کردووە و نووسیویەتی:” کۆنفرانسی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست لە کوردستان دەگیرێ و باس له‌ رۆژهەلات ناکرێ، ئاخۆ ئەوە تەئسیری ئێرانه یان له بن پەردە شتێکی دیکە هەیە؟”.

02155پەراوێزخستنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کاردانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتۆتەوەو بە کاریگەریی کۆماری ئیسلامی لەسەر یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان دەگەڕێنەوەو، کەبه گوتەی ئەو چالاکنه لەژێر فشاری رژیمی ئێراندا حیزبەکانی رۆژهەڵات پەراوێز خراون.

جەمیل کولاهی، چالاکی سیاسیی کورد لەو بارەوە نووسیوتی، کوردستانی رۆژهەڵات هەم لە باری ئابووری و هەم لە باری سەربازگیری بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان گرینگییەکی تایبەتی هەبوە تا ئێستا و حیزبەکانی باکوور و باشوور لە سەرووی هەموویانەوە یەکیەتی نیشتمانی و پەکەکە لە هەوڵی راگرتنی کوردی ئەو بەشە لە دۆخی ۲٠ ساڵی رابردوودان. پەکەکە ئەو دۆخە باشترین دۆخە بۆ سەربازگیری لە نێو لاوانی ئەو بەشە و پێوەندیی ئابووری لە گەڵ رژیم.

ئەو شرۆڤەکارە کوردە دەشڵێت “جووڵەی یەکساڵی رابردووی حیزبی دیمۆکرات بە توندی ئەو دۆخەی بەرەو گۆڕان بردووە، گۆڕانێک کە نە لە قازانجی پەکەکەیە و نە یەکیەتی، بۆیە سروشتییە کە بە هەر شێوەیەک کە بۆیان بکرێ بەتایبەتی پێش بە حدکا دەگرن بۆ راگرتنی دۆخی رابردوو”.

حیسام دەستپیش، مامۆستای زانستە سیایسیەکانی زانکۆی سەلاحەدینی هەولێر لە نووسینێکی تەوس(طنز)اویدا نووسیوتی: سوسیالیست بوون ئێستا بازارێکە کە قیبلەکەیان گۆڕاوە بۆ نەجەف و قم. ئەم رێکخراوە (SI) فەشەلی هێناوە. بۆیە دەبێتە گاڵتەی “مەلا” و “شازادە”.

لوقمان ئەحمەدی، مامۆستای زانکۆی دیفاع لە سوید، لەمەڕ پەراوێز خستنی حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵای نووسیویەتی: ” لە دەیەی هەشتا، حزبی دێموکرات ئەوەڵ رێکخراوی کوردی بوو داوای ئەندامەتی لە سۆسیالیست ئەنترناسیۆنال کرد و دواتر رێگای خۆش کرد بۆ چەند رێکخراوێکی دیکەی کوردی لەوێ ببن بە ئەندام. مخابن، ئەو رێکخراوەیە ئەوڕۆ بەکاردەبردرێ بۆ لەپەراوێزخستنی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان”.

هەروەها سمایل شەرفی، ئەندامی رێبەریی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان سبارەت بە پراوێز خرانی حیزبەکانی رۆژهەڵات نووسیوتی: “ئەوە شەهید دوکتور قاسملووی شەهید و حیزبەکەی بوو کە رێی کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستانی بۆ رێکخراوی ئەنترناسیونال و دۆستایەتی لەگەڵ سۆسیالیستەکانی دونیا خۆش کرد. ئەمڕۆ لە بەشێکی کوردستان و نزیک لە رۆژهەڵاتی کوردستان سۆسیالیستەکان کۆ دەبنەوەو کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان دەرفەتی قسەکردنیان پێ دەدرێ، کەچی حیزبی دێموکرات(بەهەردوو بەشەکەیەوە) دەرفەتی بەشداریکردنی لە باسەکان‌دا پێ نادرێ!”.

ئەو چالاکە سیاسیە لە درێژەدا دەشڵێت: “بەهانەکە ئەوەیە کە باسەکان تایبەتن بە تیرۆر و توندوتیژی!!… وەک بڵێی حیزبی دێموکرات نەزانێ تیرۆر چیە! وەک ئەوەی بەڕێوەبەرانی ئەم کۆنفڕانسە هێندە گێل بن کە نەزانن کە دوو رێبەری ئەم حیزبە هەر دوای بەشدارییان لە کۆنفرانسی ساڵانەی سۆسیالیستەکان و بە دەستی رەشترین رێژیم(کۆماری ئیسلامی ئێران) تیرۆر کران!”.

PUKmedia ماڵپەڕی زمانحاڵی یەکیەتیی نیشتمانی ئاماژەی بەوە کردووە کە هەنووکە کۆنفرانسی سۆسیایستەکانی جیهان و وڵاتانی عەرەبی لەژێر چەتری سلێمانی لە حاڵی بەڕێوەچوون دایە.

حیزبی دیمۆکراتی کوردستان ئەندامی فەرمی، حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران ئەندامی چاوەدێر، کۆمەڵەی شۆڕشگیڕ ئەندامی راویژکار له‌ رێکخراوی ئینترناسۆنال سۆسیالیست و بە شێوەی فەرمی بانگهێشتی کۆنفرانسی ئەو رێکخراوەیە کراون.

سەرەڕای باس کردن لە پرسی کورد لە کوردستانی باشوور، باکوور و رۆژئاوا و هەروەها باس کردن لە دەستبەسەر کردنی رێبەرانی HDP لە تورکیا، هەتا ئێستا پرسی کورد لە رۆژهەڵات لە کۆنفرانسەدا پەراویز خراوەو ئیزنی قسە کردن بە هیچکام لە حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات نەدراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت