شۆفیرێکی لەخۆبوردوو، قارەمانێکی نەتەوەیی” پێشنیار: پێویستە قارەمانێتیی شەهید ئەبووبەکر مەعرووفی،بخرێتە ناو کتێبە دەرسیەکانەوە”

0
37

پێشەکی:

کارەساتی بوومەلەرزەی شەوی شەممە ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕاستە دڵی هەموو کورد و کوردستانی بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵات، هەژاند، هەموو لایەک خەمبار بوون، بەڵام خەم نەیتوانی وەها زاڵ بێ کە ببێتە هۆکاری گەشەسەندن و زیاتر بوونی لێکەوتەکانی کارەساتەکە، هەموو کوردستان لە ڕۆژهەڵات و بەشێکیش لە باشوور، قۆڵی هیمەتیان بۆ هەڵمەتێکی نیشتمانی هەڵکرد، یارمەتیەکان لە دوورترین شوێنەکانی ڕۆژهەڵاتەوە، بەرەو کرماشان نێردرا، ئێستاش کە نزیک بە ١٠ ڕۆژ بەسەر ئەو کارەساتەدا دەرباز بووە، هێشتاش هەوڵەکان بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی، ناردنی خێوەت و کانێکس و …تاد، لە ناوخۆ و دەرەوە بەردەوامن.

لەو ناوەدا، شەهید ئەبووبەکر مەعرووفی، خەڵکی شاری بۆکان کە وەک شەهیدی کوردستان ناوبانگی دەرکرد، جیا لە قارەمانەتیەکەی لە ڕێگای یارمەتیدانی هاوخوێنەکانی لە کرماشان گیانی بەخت کرد و پێشکەش بە بارەگای سەربەخۆییخوازیی کوردستانی کرد، بوو بە هۆکاری یەکدەنگیەکی زۆرتر لە ناو کوردەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، هەر لە جوانڕۆوە تا بۆکان، گوند بە گوند، هاتنە سەر شەقام، چەپکە گوڵیان پێشکەش بە تەرمە پیرۆزەکەی کرد، درووشمیان گوتەوە “تا شەهید خوێنی نەڕێژێ، تاکو گەل تاڵی نەچێژێ، داری ئازادی شین نابێ، باخی ژینمان ڕەنگی نابێ”، منداڵان و گەورەکان، نووسراوە و پلاکاردیان بەدەستەوە گرت و ڕوو لە جیهان نواندیان “شەهید نەمرە وەکوو شاخ”، “شەهید باڵای بەقەد باڵای کوردستانە” و ڕایانگەیاند “لێرە، کەس نیشتمان نافرۆشێ، لێرە لە پێناوی دەمرن”.

گومانی تێدا نیە زۆربەی نەتەوەکانی جیهان قارەمانی نەتەوەییان هەیە، وەک “وەرزیڕی لەخۆبوردووی” فارسەکان، ڕیزعەلی خاجەوی کە هەڵبەت تورکە و بۆ ڕزگاکردنی سەرنشینەکانی شەمەندەفەرەکە کە بە هۆی ڕمانی چیاکە مەترسیان لەسەر بوو، جلەکانی خۆی بەو سەرما و سۆڵە دانا و ئاگری دان و ئاگاداری کردنەوە.

زۆربەی گەلانی جیهانیش بە هەمان شێوە قارەمان یان قارەمانگەلێکی نەتەوەییان هەیە. گەلی کورد بە هۆی چەوساوەبوونی و لە هەمان کاتدا وەستانەوە بەدژی چەوسێنەران، بێ گومان سەدان و بگرە هەزاران قارەمانی نەتەوەیی هەیە و لە داهاتووشدا دەیبێ و تۆماریان دەکا، هەرچەند چیرۆکی بەشێکی زۆریان بۆ هەمیشە بێ ناوونیشان ماوەتەوە، لێ، کاک ئەبووبەکر مەعرووفی، شەهیدی ڕێگای کوردایەتی و خۆنەویستی، یەکێک لەو چیرۆکە حەماسیانەیە کە دەبێ لە ئێستاوە پلانی ئەوەی بۆ داڕێژرێ، ببێ بە چیرۆکی چیرۆک نووستان و لە داهاتوودا لە ناو پەرتووکەکانی وانەکانی سەرەتایی لە کوردستان، بگوترێتەوە و بخوێندرێت.

……..

پێشکەش بە ڕووحی شەهید ئەبووبەکر مەعرووفی

چاوی لە شاشەی تەلەفزیۆنەکان بوو، فرمێسکی یەک لە دوای یەک دەهاتنە خوار، چ دڵتەزێن بوون ئەو دیمەن و هەواڵانە، منداڵ بە دەستی باوکەوە، دایکێک لەسەر تەرمی کۆرپەی، پیرێژنێک لە دیار مەیتی بێ دەرەتانی بنەماڵەکەی، چەمەری دەڵێتەوە. ه

بە ئەسپایی لە ماڵ دەرکەوت، “ئافرەت، تا دێمەوە ئاگات لە ماڵ و منداڵەکان بێ، من دەڕۆم تا یارمەتیەکانی خەڵک و خۆمان بەرەو هاوخوێنەکانمان لە کرماشان ببەم، ناکرێ ئەوان لەوێ لە سەرما ڕەق هەڵێن و منیش لێرە دانیشم و خۆشم بە کورد و مرۆڤ بزانم”.  سایپایەکەی هەڵکرد، چاوێکی لە ئاسمان بڕی، “ئای خوایە، کورد بۆ هێندە بەدبەختن؟ کەی دەفریامان دێی کەسی بێکەسان؟”.

هەروا لە خەمی هاوخوێنەکانی دابوو، – دەبێ ئێستا دۆخیان چ بێ؟ ئەو دەوڵەتە بۆ وا دژ بە کوردە؟ لەوەتا وەبیرم دێ هەر دەمانکوژن و دەمانبڕن”. بە دەم فکر و فرمێسکەوە، گەیشتە ناوەندی شار. خێوەتەکان دانرابوون، هەر خەڵک بوو جمەی دەهات، بۆکان هەمووی ڕاسابوو، هەر کەسەو شتێکی دێنا، لاوەکان، وەریاندەگرتن و پاشکۆیان دەکرد. مام عەبوو، چۆ پێشەوە، چەند کەسێکیانی دەناسی، زۆر جار لە قاوەخانەکان، بە دەم چایی خواردنەوە، گۆرانیەکی شۆڕشگێڕی بۆ کوتبوون و ئەوانیش گوێیان لێگرتبوو “وەتەن گیان و دڵی دایە، وەتەن دەینت لە ملمایە، سەری بێ نرخ و بێ مایە، لە پێناوی وەتەن دایە.

بانگی لێکردن، “شێرزاد، سۆران، سوارە، بابی بابم، ئەوە ئەمنیش لێرەم، بارێکم بۆ دانێن با تا درەنگتر نەبووە وەڕێکەوم”.

  • ڕێگاکە شارەزای خاڵە عەبوو؟
  • ئائا کوڕە، لە منت نەکەوێ، جا بست بە بستی کوردستانەکەم هەیە پێی نەزانم؟
  • باشە لە منت کەوێ خاڵە گیان یاخوا هەر هەبی بۆ کوردستان، دوو کەس لە کوڕەکانیش کە دێن بۆ یارمەتی دان و دەرهێنانەوەی تەرمەکان لەگەڵت دێن.
  • باشە بابی بابم.

چۆ چایخانەکە و تا بارەکەی ئامادە بێ، چاییەکی خواردەوە، تازە لاوێک کە خەتی سمێڵانی دابوو، هاتە پێش

بە دەم قسە و گوێگرتن لە هەواڵەکان، لەگەڵ دوو کەسی هاوڕێی، گەیشتبوونە جوانڕۆ، هەستی خەڵک، یارمەتیەکان، شەپۆلی جەماوەر، ئەو ئاپۆرا بێ وێنەیەی یارمەتی و خەڵک ئەویش لە کاتێکدا دوژمنان وایان دەنواند ئیدی نە کورد هەستی کوردایەتی ماوە و نە کرماشان کوردستانە، خەم و ماندوویی و برسێتی لەلای مام عەبوو و هاوڕێیانی نەهێشتبوو. لە هەر ئاوایی و شارێک، سەدان ماشێن کەوتبوونە رێ. مام عەبوو تاوناتاوێک دەیگوت: هەی دەبەرومرم، هەی لە ڕۆحی منتان کەوێ، ئەوەیە کورد، با دونیا بزانێ. لەبەر خۆیەوە تێیهەڵکرد. “کوردستانەکەم مایەی حەیاتم، پێشمەرگایەتی، ڕێگای نەجاتم، هەتاکوو هەبم، هەتا بمێنم، لە ڕێی کوردستان حەڵاڵە خوێنم”.

جوانڕۆ کە هەمیشە بۆ مام عەبوو جوانیەکی تایبەتی هەبوو، خەریک بوو لە چاوانیان ون دەبوو، کەمێک لەوبەرتری شار، لاوێک لە پێش ماشێنەکانی هەڵگری یارمەتی ڕاوەستابوو، “بێسن برا مەڕۆن، ئا لێرە پاسدار و جاشەکان، هەرچی ماشێنە ئەیوێستێنن و بارەکانیان بەتاڵ ئەکەن و گەرەکیانە خۆیان بەناو دەوڵەتۆ بیبەن بۆ خەڵک”.

مام عەبوو چاوێکی لە هاوڕێیانی کرد، هەم ووتێکتری ڕامابوون، یەکیان گوتی: – شا ئەو دەوڵەتە، یارمەتی نادا هیچ، ڕاوەڕووتیش دەکا.

مام عەبوو بێ ئەوەی یەک وشە بڵێ، ڕو لە کوێرە ڕێیانێک کرد، چەند ماشێنێکی تر بەوێدا دەڕۆیشتن، بەنیاز بوون بارەکان لە دز و جەردەکانی سپای قوتار بکەن و بیانگەیێنن بە کرماشان. ڕێگایەکی تووش و ئەستەم، تاریک و بێ دەرەتان، بەڵام مام عەبوو بە هیواوە دەیهاژووت. نیو کاتژمێرێک ڕێگای پێوابوو، لە ناکاو، دەنگی یاڵا یاڵا یا غەوس هاوار، گوێی زەمین و زەمەنی زرینگاندەوە. ماشێنەکە بەرەو کەندەڵانێک هەڵدێرابوو، خوێن هەموو زەوی سوور کردبوو، یەکێک لە بریندارەکان گەیشتە سەر جەستەی نیوە گیانی مام عەبوو، چاوی لە چاوەکانی کرد،

مام عەبوو بەدەم گیانەڵاوە زەردەخەنەی لەسەر لێوان نیشتبوو، چاوەکانی هاواریان دەکرد کە دەڵێ “مەرگێک لە ڕێی نیشتمان بێ، سەت ژیانی بە قوربان بێ، واش نەبایە هەر دەمردم. کەسیش یادی نەدەکردم”

تێبینی: ئەوەی نووسراوە تەنیا وەک نموونە خراوەتە ڕوو و هیوادەخوازرێ چیرۆک نووسان بە گشتی و چیرۆک نووسانی ئەدەبی منداڵان بەتایبەتی، کاری پوختی لەسەر بکەن.

نووسینی: هەڵمەت

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌