ڕۆژی کورد: ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕەزبەری 1395ی هەتاوی، شێخ سەید تەها کەماڵی زادە حسێنی نەقشبەندی، پیر و مورشیدی تەریقەتی نەقشبەندی و کەسایەتیی ئایینی، کۆمەڵایەتی و سیاسی، لە باژێڕی ئورمیە کۆچی دوایی کرد.
شێخ سەید تەها کەماڵی زادە ساڵی ١٣٠٣ی هەتاوی لە گوندی خەلان ـی سەر سنووری باشوور- ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بوو. خوێندنی ئایینی لە لای مامۆستایانی بە ناوبانگی وەک شێخ محمد ئەنوەری وانی، یاری نیزیکی بەدیعوزەمانی نەوڕەسی و شێخ مەزهەر ئەفەندیی هەولێری تێپەڕ کرد.
دوای کۆچی دوایی شێخ عەلائەددینی باوکی و لە سەر وەسیەتی ئەو، ئەرکی ڕێبەریی تەریقەتی نەقشبەندی وەئەستۆ گرت.
ساڵی ١٣٦١ و بە دوای هێرشی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، شێخ سەید تەها نەقشبەندی لە نێوان ئاوارەیی و هاوکاری لەگەڵ پاسدارانی کۆماری ئیسلامی دژ بە نەتەوەکەی، بەناچاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەرەو باشووری کوردستان بەجێهێشت.
دواتر ساڵی ١٣٦٣ ڕووی لە وڵاتی فەڕانسە کرد و دواتر لە ئاڵمان گیرسایەوە.
دوای ١٠ ساڵ دەربەدەری و لە سەر پێداگری و خواستی زۆری پێڕەوانی تەریقەتی نەقشبەندی، گەڕایەوە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە باژێڕی ئورمیە و ئیرشاد و رێنوێنیی پێڕەوانی تەریقەتی نەقشبەندی درێژە پێ دا.
خانەقای شێخ لە گەڕەکی مودەڕسی باژێڕی ئورمیە بەردەوام بۆ لێقەوماوان و میوانان کراوە بوو و بەو بۆنەوە ناسراوی گشت لایەک بوو و خۆشەویستییەکی تایبەتی لای خەڵکی کوردستان هەبوو.