زایەڵەی دەنگی خەباتی ڕۆژهەڵات، داوا لە فەرهاد سەنگاوی دەکات نەبێتە دەنگی نەیارانی سەربەخۆیی

0
916

ڕۆژی کورد: لە دوای ئەوەی ڕۆژی سێ شەممە ١٧ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە کوردستانی باشوور، بزووتنەوەی “نەخێر لە ئێستادا” بە دژی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور کە ئەنجامی خوێن و خەباتی هەزاران کورد و کۆڕەو و بەدیل گیرانی کوردە و دەیان ئەمنە سوورەکە شایەتی خوێن و خەباتی کوردن، ڕاگەیێندرا، کوردستانیان بە گشتی و کوردانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی، هەڵوێستی دژی خۆیان ڕاگەیاند.

یەکێک لە خاڵە بەرچاوەکانی ڕەخنەگران، ڕووی لە فەرهاد سەنگاوی ـیە. فەرهاد سەنگاوی دەنگی خەباتی کوردستانی باشوور بوو و لە سەردەمی خەباتی شاخ، کاریگەرییەکی بەرچاوی لە هاندانی گەنجان بەرەو خەبات و خوێن دان لە پێناو ئازادی و سەربەستیی ئەو بەشە لە کوردستان، هەبووە.

ئەحمەد شێربەگی، زایەڵەی دەنگی خەباتی ڕۆژهەڵات کە تا ئێستاش سەرەڕای ژیان لە هەندەران، بۆ ساتێکیش لە ڕێبازی خۆی پاشگەز نەبووەتەوە و لە زۆربەی کارەسات و کۆسپ و خۆشییەکانی کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵات بەتایبەتی، هەڵوێستی هەیە و بەو هۆیەشەوە تا ئێستاش خۆشەویستی سەرجەم کوردستان و ڕۆژهەڵات بەتایبەتییە، ڕوو بە فەرهاد سەنگاوی، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دا، داوای لێدەکا، لەبری بوون بە دەنگی نەیارانی سەربەخۆیی، ببێ بە دەنگی سەربەخۆیی کوردستان.

شێربەگی لە بەشێک لە لێدوانەکەی خۆیدا دەڵێ: “فەرهاد، لە سەنگەری شاخەوە تۆ دەناسم، لە شاخ دەنگی زوڵاڵی تۆ دەنگی شۆڕش و بەرخۆدان بوو، تۆ لە باشوور و منیش لە خۆرهەڵاتەوە، بانگەشەمان بۆ ڕزگاریی نیشتمان دەکرد. کاتێک تۆ هاوارت بۆ باباگوڕگوڕی کەرکووکی دزرابوو  دەکرد، لەوبەری شەپۆلەکانەوە تەزوویەک هەموو جەستەمی دەتەنی، منیش هاوارم بۆ خاکی دزراوی باب و باپیرانم دەکرد”،

نەعرەتەی خەباتی ڕۆژهەڵات لە بەشێکی تردا دەڵێ: “ئێستا چی لێهات ئەو دەنگەی کە بانگەشەی بۆ ئازادیی کوردستان دەکرد؟ کوا ئەو دەنگەی ئازاری دایکی شەهیدی دەلاواندەوە؟ کوا ئەو دەنگەی جەماوەری بۆ راپەڕین هان دەدا؟ بەڕاستی تۆ هەر فەرهادەکەی شاخی؟ تۆ هەر ئەو دەنگە ڕەسایەی کە بە هەزارانت شێتی کوردستان دەکرد؟ کوا ئەو دەنگەی دەیکوت “بەفریش گڕی  گرت”؟”

ئەحمەد شێربەگی ڕوو لە فەرهاد سەنگاویی ئێستا دژبەری سەربەخۆیی دەڵێ: “ئایا سەربەخۆیی، تەنیا پرسسی باشووری کوردستانە؟ تۆ تووشی داڕمانێکی هزریی گەورە هاتووی، ئەوەی بزانە کە ئیرادە و شوناس و کەسایەتیی کورد لە باشوور، ئیرادە و شوناس و کەسایەتیی هەموو گەلی کوردستانە لە هەموو پارچەکانی، دەنگ نەدانت بە سەربەخۆیی، دەنگدانە بە ژێردەستیی هەموو کورد”،

دەنگە ڕەسەن و شەوشکێنەکەی ڕۆژهەڵات کە ئێستاش لە گوێی سێ نەوەی کورددا دەزرینگێتەوە، دەڵێ: “فەرهاد خۆت دەزانی گەل لە هیچ کەس خۆش نابێ و مێژووش هیچ لە بیر ناکا کەواتە مەبە بە دەنگی نەیارانیی سەربەخۆیی و با هەر ئەو دەنگە بی کە دەبێ هاوار بکا “نا بۆ کۆیلەتی، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت