لە ناوچەی سەردەشت لەنێوان پێشمەرگەکانی حدک و سپای تیرۆریستیی پاسداران، شەڕ و پێکدادان ڕووی دا

0
2820

ڕۆژی کورد: بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، دۆینێ سێ شەممە 16ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی تێکهەڵچوونێک لە نێوان هێزی پێشمەرگەی ئەو حیزبە و هێزەکانی سپای تیرۆریستیی پاسداران هاتۆتە ئاراوە و پێشمەرگەکان توانیویانە بە سەرکەوتووانە بۆسەی دوژمن تێکبشکێنن بەڵام لەو پێکدادان و تێکهەڵچوونەدا، دوو پێشمەرگەی ئەو حیزبە شەهید بوون.

دەقی ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەمبارەوە بەم شێوەیە:

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە ناوچەی سەردەشتەوە بە کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامیی حیزب گەیشتوون، دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە بە ڕەواڵی ساڵانی پێشوو لەم ناوچەیە خەریکی تیكۆشان بوون ، ئێوارەی دوێنێ ١٦ی خەرمانان (٦ی سێپتامبری ٢٠١٦) لە ناوچەی بوڵفەت لە شوێنێک لە نێوان ئاواییەکانی کانی زەرد، وەردێ و گڵکەند لە گەڵ تەڵەی ئینفیجاری و کەمین بەرەوڕوو بوون.

بە دوای تەقینەوەی تەڵە ئینفیجارییەکە کە لە ژمارەیەک مین‌و گوللە تۆپ پێک هاتبوو، هێزەکانی ڕێژیم لە پێگە نیزامییەکان‌و ئەو شوێنانەی پێشتر لێیان جێگیر ببوون، شوێنی ڕووداوەکە و مەسیرەکانی دەور‌و بەریان دایە بەر دەسڕێژ و تۆپ و خومپارە باران. پێشمەرگەکان لە مەسیری دوورکەوتنەوە لە شوێنی تەقینەوەکە، لە هێزەکانی ڕیژیم وەدەست هاتن‌و، بەرپەرچی دەسڕێژ‌و تەقەی ئەوانیان دایەوە.

بە هۆی تەقینەوەی تەڵەی ئینفیجاری، بە داخێکی گرانەوە، دوو پێشمەرگەی بەوەج و لێهاتوو بە ناوەکانی ئازاد ئاڵی خەڵکی گوندی “دۆڵەگەرم”ی سەردەشت و ئەمیر قادریان ناسراو بە ئەمیر نەستانی خەڵکی نەستانی ناوچەی ڕەبەت، گیانیان لە دەست دا و چوونە ڕیزی کاروانی سەربەرزی شەهیدان. پێشمەرگەکان لە کاتی دوورکەوتنەوە لە شوێنی ڕووداوەکە، کەوتنە ژێر تەعقیب و ئاگربارانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی‌و لە گەڵیان تووشی تێکهەڵچوون بوون. لە ژمارەی کوژراو و برینداری دوژمن لەم تێکهەڵچوونانەدا، هەتا ئێستا زانیارییەکی ڕوونمان پێ نەگەیشتوە.
کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، وێڕای بەداخبوون لە شەهیدبوونی دوو ڕۆڵەی دڵسۆز و ماندوویی نەناس ئازاد ئاڵی‌و ئەمیر نەستانی، سەرەخۆشی‌و هاودەردیی قووڵی خۆی بە بنەماڵەکانیان، هاوسەنگەرانیان‌و خەڵکی ناوچەی سەردەشت ڕادەگەیەنێ.

حیزبی دیموکراتی کوردستان

کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی

١٧ی خەرمانانی ١٣٩٥

٧ی سێپتامبری٢٠١٦

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت