سەڵماس: شەڕ لە نێوان گریلاکانی پژاک و سپای پاسداران

0
862

ڕۆژی کورد: بە هەواڵی هەواڵدەریی ئیرنا، ڕۆژی پێنج شەممە ٣١ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، شەڕ لە نێوان تیمێکی ٤ کەسیی پژاک و سپاسی تیرۆریستیی پاسداران لە ناوچە سنوورییەکانی شاری سەڵماس هاتۆتە ئاراوە.

بەپێی هەواڵدەریی ئیرنا، ئەو تیمە ٤ کەسیە بەیانیی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە سنوورەکانی تورکیاوە چوونەتەوە ناو خاکی کوردستانی ڕٶژهەڵات و لە ناوچەی “قەرەداش” لە ٢٥ کیلۆمیتریی شاری سەڵماس، شەڕ لە نێوان ئەو تیمە و هێزەکانی سپای تیرۆریستیی ئێران هاتۆتە ئاراوە.

سپای پاسداران وێڕای خستنە ڕووی وێنەیەک باس لە گیرانی گریلایەک و شەهید بوونی یەکیان دەکات و دەڵێ دوویان توانیویانە شوێنەکە بەجێ بهێڵن.

تا ئێستا سەرچاوەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەو هەواڵەیان ڕەت یان پشتڕاست نەکردۆتەوە.

سەرچاوەکانی ڕژیم هیچ ئاماژەیەکیان بە ڕێژەی کوژراو و بریندارەکانی خۆیان لەو شەڕەدا نەداوە.

کۆماری ئیسلامی لە شەڕو  پێکدادانی نێوان خۆی و هێزە کوردییەکان بەردەوام ئاماری کوژراو و بریندار بووانی خۆی کەمتر نیشان دەدات یان بە گشتی نکوڵی لێدەکات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت