شەقامی دوکتور قاسملوو بە ڕەسمی لە گووگل مەپدا تۆمار کرا

0
888

دوکتور عەبدوڕڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێبەرێکی نەتەوەیی گەلی کوردە کە بەپێی شایەتی مێژوو کاریگەرییەکی بەرچاوی  لەسەر بزاڤی نەتەوەیی لە هەر چوار پارچەی کوردستان و بەتایبەتی کوردستانی باشوور و کوردستانی خۆرهەڵات هەبووە.

پێگەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و باری کەسایەتی، لێزانی و هەڵکەوتەیی و کاریزما بوونی دوکتور قاسملوو و هەروەها خوێندەواری ئاکادمیک و پەیوەندی بەربڵاوی دیپلۆماسی ئەو ڕێبەرە شەهیدەی کورد لەگەڵ دونیای دەرەوە، وایکردووە تا ئێستاش کاریگەرییەکانی بەسەر کورد لە کوردستان و جیهاندا هەر بوونی هەبێ.

ئەو تایبەتمەندییانەی کە باسی لێوە کرا، بوو بە هۆکارێک کە کۆماری ئیسلامی لە زووترین دەرفەتدا بیری لە پیلانی تیرۆری دوکتور قاسمڵوو کردەوە و لە ڤیەنی پێتەختی ئوتریش، تیۆرۆیان کرد و تا ئێستاش لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی ئێراندا، ڕێبوارانی ئەو ڕێبەرە، بۆ ئێران قەیران ساز دەکەن و ئاستەنگی دەخەنە بەردەم پەیوەندییەکانی ئێران و ئەو وڵاتانە کە دەکرێ ئاماژە بە ڕێپێوان لە پاریس لە کاتی سەردانی ڕوحانی بۆ پاریس و هەڵوەشانەوەی سەفەری ڕوحانی بۆ ئوتریش بکەین کە بە هۆی ئامادەسازیی چەندین لایەن بۆ ڕێپیوان بە دژی ئێران، هەڵوەشاوە.

کۆماری ئیسلامی بۆ سڕینەوەی ناوی دوکتور قاسملوو و هەروەها کاریگەرییەکانی هەم لە ڕووی ماددی وهەمیش لە ڕووی مەعنەوییەوە تێچوویەکی زۆری داوە بەڵام بە پێچەوانەی هەوڵەکانی ئێران، گووگل مەپ کە سەرەکیترین بنکەی بواری خەریتە لە جیهانە و سەر بە ماتۆڕی گەڕان ـی گووگل ـە، بە ڕەسمی ناوی دوکتور قاسملوو لە سەر شەقامی سەرەکی شارەکانی کوردستانی خۆرهەڵات تۆمار کردووە.

شایانی ئاماژەیە کە چەند ساڵێکە حیزبی دێموکرات، لە ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی (٢٢ی پووشپەڕ) داوای لە ئەندامان و لایەنگرانی و خەڵکی کوردستان کردووە کە  ناوی شەقامی خومەینی بۆ ناوی دوکتور قاسملوو بگۆڕن و لە ڕاگەیێنەکانیشیدا ناوی شەقامی دوکتور قاسملوو بۆ ئەو شەقامانە بەکار دێنێت و ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبەش لە ناوخۆ پرۆپاگەندایەکی بەرچاو لەمبارەوە لەو ڕۆژەدا دەکەن.

ئەو هەوڵەی گووگل مەپ تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لێنەکەوتۆتەوە بەڵام دەتوانێ دەرخەری شکستی کۆماری ئیسلامی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دونیای دەرەوە بێتە ئەژمار.

شایانی ئاماژەیە لە هەوڵێکی بەنرخی تردا، چنەد مانگ لەوەی پێش، وەرگیڕی گووگل (گووگل ترانسلەیتر)، زمانی کوردی (شێوەزاری کرمانجی)، بە ڕیزی زمانەکانی خۆی زیاد کرد.

ڕۆژی کورد داوا لە سەرجەم خەڵکی کوردستان و خوێنەرانی دەکات وێنەی شەقامی دوکتور قاسمڵووی شاری خۆیان بدۆزنەوە و بۆ ئەم ناوەندەی بنێرن تا بۆ هەنگاوی پێویست لە لایەن ئەو ناوەندەوە، کەڵکی لێوەربگیردرێت.

پووختەیەک لە ژیانی دوکتور عەبدوڕڕەحمان قاسملو:

عەبدولرەحمان قاسملوو لە شەو زستان (شەوی یەلدا) ی ساڵی ١٣٠٩ی ھەتاوی رێکەوتی ٢٢ی دیسامبری ساڵی ١٩٣٠ زایینی‌دا لە شاری ورمێ لە بنەماڵەیەکی خاوەن مڵکی دەست ڕۆیشتوودا لە دایک بوو. خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی، پێشان لە ورمێ‌و دوایە لە تاران تەواوکرد.

ھێشتا زۆر منداڵ بوو کە لەگەڵ مەسەلە سیاسی‌یەکان ئاشنا بووو بیرو باوەڕی ئازادیخوازانە لە مێشکی‌دا جووڵا. بۆ خۆی لەم بارەیەوە لە کتێبی “چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی‌”دا پاش باسی سەفەری ٣٠ کەس لە کوردەکان بۆ باکۆ لە سەر بانگھێشتنی سۆڤیەت، دەنووسێ: “ھەر چەند ئەو کاتە من تەمەنم یازدە ساڵ بوو، بەڵام وەک زۆر منداڵی ئەو سەردەمە سیاسەت سەرنجی راکێشا بووم”.

بابم یەکێک لە ئەندامانی ئەو ھەیئەتە بوو. زۆر باشم لە بیرە کە لە باکۆ ھاتەوە چەندین تاقەندی لەگەڵ خۆی ھێنابوو، تاپڕێکی باشیشی پێ بوو. وادیارەسۆڤیەتییەکان قەند‌ و تفەنگ‌ و شتی دیکەیان بە دیاری دابوو بە ھەموو ئەندامانی ھەیئەت. قەند بە تایبەتی زۆر بە نرخ بوو، چونکە ئەو کاتە لە ئێران زۆر کەم و گران بوو. من ئەو کارەم زۆر پێ سەیر بوو، چونکە لە ماڵی ئێمە براکانم و ئامۆزاکانم کە لە من گەورەتر بوون، باسی ئەوەیان دەکرد کەبابم لەگەڵ چەند کەسی دیکە چوون بۆ باکۆ حەق‌ و ئازادیی کوردان داوا بکەن. بۆیە راست‌و رەوان لە بابم پرسی: ئەدی مافی کوردان چی لـێ ھات؟

عەبدولرەحمان قاسملوو ساڵی ١٣٢٤ تێکۆشانی سیاسیی خۆی بە دامەزراندنی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات لە شاری ورمێ دەست پی کرد. ساڵی ١٣٢٥ کۆماری کوردستان لە مەهاباد رووخا. بە دوای ئەو دا ئەویش بۆ خوێندن چووە تاران. ساڵی ١٣٢٧ بۆ درێژە پێدانی خوێندن چوو بۆ پاریس پایتەختی فەرانسە. گەیشتنی بە پاریس ھاوکات بوو لەگەڵ تەقە کردن لە شا لە زانکۆی تاران (٢٥ی رێبەندانی ١٣٢٧) کە بوو بە ھۆی لە نێو چوونی ئازادییە دێموکراتییەکان لە سەرانسەری ئێران‌دا. بەو بۆنەیەوە کۆبوونەوەیەکی بەرینی خوێندکارە ئێرانی‌یەکان لە پاریس پێک ھات کە لەوێ دا قاسملوو بە درێژی لە دژی شا‌و رێژیمەکەی قسەی کرد لە ئاکام دا خوێندکاران پەیامێکی ناڕەزاییان بۆ محەممەدڕەزا پەھلەوی نارد. ئەم کارە بوو بە ھۆی فشاری باڵیۆزخانەیئێران لە پاریس، تەنانەت حکوومەتی فەڕەنسا بۆ سەر قاسملوو. سەرئەنجام ناچار بوو پاریس بە جێ بھێڵی‌ و وەک یەکەم بوورسیەی ئێرانیی “یەکیەتیی نێونەتەوەیی خوێندکاران” چوو بۆ پڕاگ پێتەختی چێکۆسلۆڤاکیا. ھەر لەو ماوەیەدا کە لە فەڕەنسا بوو، بە ھاوکاریی چەند خوێندکاری دیکەی کورد “کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا”یان دامەزراند.

لەو ماوەیەدا کە لە پڕاگ خەریکی خوێندن بوو لە تێکۆشانی یەکیەتیی نێونەتەوەیی خوێندکارانیش‌دا بەشدار بوو. ساڵی ١٣٣٠ بە نوێنەرایەتیی خوێندکارانی ئێران لە دووھەم کۆبوونەوەی ئەم رێکخراوەدا کە لە شاری پڕاگ گیرا، بەشدار بوو. ھەر لەو ماوەیەدا وەک نوێنەری ئێران لە زۆر کۆبوونەوەوکۆنفرانسی فیدراسیۆنی جیھانیی لاوان دا لە شاری بوداپێست پێتەختی مەجارستان بەشدار بوو.

ساڵی ١٣٤١ (١٩٦٢) قاسملوو لەزانستگەی پڕاگ دوکتورای زانستی ئابووریی وەرگرت‌ و ھەتا ساڵی ١٣٤٩(١٩٧٠) لە زانستگەی پڕاگ دەرسیئابووریی سەرمایەداری و ئابووریی سۆسیالیستی و تیئۆریی ھەڵدانی ئابووری‌ ی گوتەوە. لەو ماوەیەدا دوکتور قاسملوو چەندین کتێب‌ و نامیلکەی لە سەر گیر‌و گرفتە ئابووری‌ و کۆمەڵایەتی‌ و سیاسییەکان نووسی کە لە ھەموویان بە ناوبانگتر کتێبی کوردستان‌و کورد. ئەم کتێبە لە جێدا بە زمانی چێکی نووسراوە، تا ئێستا بە زمانەکانی:ئینگلیزی سلۆڤاکی، پۆڵەندی، عەرەبی‌و کوردی و فارسی و هیندی وچەند بەشیشی بە فەڕەنسی چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

دوکتور قاسملوو زمانەکانی کوردی، فارسی، تورکی،عەرەبی، فەڕەنسی، ڕووسی بە باشی دەزانی‌و بە زۆر زمانی دیکەش وەک ئەڵمانی و زمانەکانیسڵاڤ تا ڕادەیەک ئاشنا بوو.

ساڵی ١٣٤٩ پاش دەرچوونی بەیاننامەی ١١ی ئازار و رێککەوتنی نێوان رێبەرایەتیی بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستان و دەوڵەتی ئەو وڵاتە ئیمکانی تێکۆشانی سیاسی له ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر بوو. لەو کاتەدا دوکتور قاسملوو لە ئەورووپا گەڕایەوەو بە ھاوکاریی چەند کەس لە یارانی نیزیکی ئەرکی زیندوو کردنەوەی رێکخراوەکانی حیزبی دێموکراتی بەئەستۆ گرت. لە کۆنفرانسی سێھەمی حیزب‌دا کە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٠ گیرا، دوکتور قاسملوو بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و پاشان بە سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ھەڵبژێردرا‌و لەو کاتەوە لە ھەموو کۆنگرەکانی حیزبی دا وەک سکرتێری گشتی ھەڵ بژێرایەوە. بەم جۆرە بۆ ماوەی ھەژدە ساڵ وەک رێبەرێکی کارزان‌و شارەزا لە پلەی یەکەمی مەسئوولییەت‌دا کاروباری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە یەکێک لە سەختترین قۆناخەکانی خەباتی ئەم حیزبەدا بەڕێوەبرد.

دوکتور قاسملوو رۆژی (٢٢ی پووشپەڕی ساڵی‌١٣٦٨، ١٣ی‌ تەمموزی ١٩٨٩) لە کاتێک‌ دا بۆ دۆزینەوەی رێگای چارەسەری ئاشتیخوازانەی کێشەی کورد لە ئێران دا لەگەڵ چەند نوێنەری حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڤییەن لە سەر مێزی وتووێژ دانیشتبوو لەگەڵ عبداللە قادری ئازەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی‌ و نوێنەری حیزب لە ئەورووپا بە دەستی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ وتووێژی ئاشتی، شەھید کرا. هەر لەو تیرۆرە دا دوکتور فازل رەسووڵ، هاوڵاتی باشووری کوردستان شەھید بوو.

بۆ بینینی شەقامی دوکتور قاسملووی شاری ڕەبەت لیرە کیلک بکە

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.