خامنەیی: دەبێ هێزی ئینتزامییەکان لە جێ بە جێ کردنی گەڵاڵەی ئەمنیەتی ئەخلاقی‌دا شێلگیرتر بن

0
707

ڕۆژی کورد: عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕژیمی ئیسلامیی ئێران داوای لە فەرماندەرانی هێزی ئینتزامیی ئێران کرد، لە بەڕێوە بردنی گەڵاڵەی “ئەمنیەتی ئەخلاقی”دا بەبێ گوێدان بە میدیاکان و وتەی دژبەران کارەکانی خۆیان بەرەوپێش ببەن.

خامنەیی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فەرماندەکانی ‌هێزی ئینتزامی ڕایگەیاندووە: “لە پرسی ئەمنیەتی ئەخلاقیدا وێڕای پلانڕێژیەکی ورد، قاییم و ئاوەزمەندانە، نابێ گوێ لە قسەی هێندێ کەس یان میدیاکان بگرین، بەڵکوو دەبێ پشت بە خوا کارەکان بەرەو پێش ببەین”.

ماڵپەڕی زمانحاڵی خامنەیی لە زاری ڕێبەری ڕژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە نووسیویەتی: “هەوڵی دوژمنان بۆ پێکهێنانی نائەمنی، ڕەشبینی و دووبەرەکی لە ناوخۆی وڵاتە” و دووفاقی  و دووبەرەکی، زەبرێکی گوروچووبڕە کە دوژمن بەدوایدا دەگەڕێ”.

حەسەن ساجیدی، فەرماندەی هێزی ئینتزامیی تاران، ڕێکەوتی ٣٠ی خاکەلیوەی ١٣٩٥ی هەتاوی ڕایگەیاندبوو کە تەنیا لە تاراندا ٧ هەزار مەئمووری جل شەخسی،  کەسانی سەرپێچیکار و هەروەها ئەو کەسانەی کە بەدوای “نامووس”ی خەڵکدان، شناسایی دەکەن.

حەسەن ڕوحانی، ڕێکەوتی ٣١ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی بەبێ ئاماژە کردن بە چۆنیەتیی دابین کردنی ئەمنەیتی خەڵک، ڕایگەیاندبوو “سەرەکی‌ترین ئەرکی حکوومەت لەبەرامبەر خەڵکدا، ڕێزدانانە بۆ کەسایەتی و کەرامەتی ئەوان”.

هێندێک لە میدیا فارسەکان، وتەکانی حەسەن ڕوحانیان بە دژایەتی کردنی قسەکانی حەسەن ساجیدی لەقەڵەم دا، ئەوە لە کاتێکدایە کە خامنەییش باسی لە کەرامەت و کەسایەتی و ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی چاوەدێریی زیاتر لەلایەن هیزی ئینتزامییەوە کردووە.

بە بڕوای چالاکانی سیاسی و چاوەدێران، حەسەن ڕوحانی بە کردەوە سەلماندوویەتی کە نە تەنیا هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ خامنەیی و سوپای پاسداراندا نییە، بەڵکوو هڵوێستەکانی ڕوحانی پشتیوانی و داکۆکی کردن لە کردەوەکانی سپا و قسەکانی ڕێبەری ڕژیمی ئیسلامیی ئێران بوون”.

شایانی  ئاماژەیە، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، حەسەن ڕوحانی و عەلی خامنەیی لە هەڵوێستێکی هاوشیوەدا هێرشی توندیان کردە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل و پشتیوانیی خۆیان بۆ فەلەستین و یەمەن دووپات کردەوە.

سەرەڕای ئەوەش هێندێ لە میدیاکانی نزیک بە ئیسلاح تەڵەبەکان، سیمایەکی کراوە لە دەوڵەتی ڕوحانی و کابینەی ناوبراو پیشان دەدەن، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕەوتی لەسێدارەدران و سەرکوت و زیندانی کردن و گرانی و دابەزینی هێڵێ هەژاری، بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتی پێشوو زیاتر بووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.