شیعرێک بۆ شەهیدانی ١٥ی پووشپەڕ/ شاعیرێکی کرماشانی

0
862

تێبینی: ئەم شیعرە بەرهەمی هەستی شاعیرێکی کرماشانە کە بۆ شەهیدانی ١٥ی پووشپەڕ (کاوە جەوانمەرد و سەرکەوت سەمەدی) هۆنیوەتەوە و بە هۆکاری تەناهی ناکرێ ناوی ئاشکرا بکرێ.

هەورازێک باڵا ئەکاو… دۆندێک گوڵ دەگرێت

بۆ شەهیدان کاک کاوە و کاک سەرکەوت

لە سپینەی چاوی کانیاوی ناهیدەوە

سەرێک لە پەیڤی رژاوی ئامێزی ئاویەر بدەن

هاوڕێیانی کازیوەی تەپوتۆز گرتووەکەی

رەنگی پەلەقاژەی نیشتمانی ئازار

روبار بە تاسەی بڕیاری هەستانەوەی تیشکی دەم کەلی زایەڵەتانەوە

ئازار دەچڕێ

ئەمە چ نەگبەتە ساڵێک و چ ئازارێکی لە بن نەهاتووی ئاوانەبووی دیرۆکمانە

لە هەگبەی زایەڵەی مانیشت بۆتان دێمە گۆ

زریکەی لای لایەی لانکەی میژوتان بۆ رادەژەنین:

پەیڤی زێڕینی موغەکانتان لە ناو دڵی سەدەکانەوە بۆ دێنین

بە بارتەقای نیشتمان و کانیاو و داربەڕوەکان گڕتان دواند

کۆڵنەدان و ورەی بەرزی ناو ئاخێزی ژینتان چرکاند

سەربەست ژیان

ئاگردانی ئەم هەورازە ناکوژێتەوە

زریکەی ژانە و کڕێوەی بە لێشاوی دەردە کوردە

بگەڕێوە و ئاوازی هەرمانی بەرزە مرۆڤ

بە ناخی ئازار و گوێی وژدانی تاساویان بدەوە

بگەڕێوە لە دوندی قەندیلی هەگبەی تەوار و شوڕە سوارانتەوە

زریکەی ناو ناخی مێژوی لە گۆ کەوتووی مرۆڤایەتیان بە گوێ دا بدەوە

رەنگە ئێستا لە بارەگای ئاناهیتای کەنگاوەر

لە مەلبەندی زەردە سواری کرماشان

لە ئاخێزگەی پێر خدری شاهۆی مل بەرزەوە

رازی ئەڤین و ژانی ناسۆری سەردەمی رابوونیان بۆ باس بکەن

پەیڤی ئێوە دڵوپ دڵۆپ تافەی تاڤگەی سیروانمەو

گاڤی ئێوە پەنجە پەنجەی پیرشالیای هەورامان

روندک روندک ئاڵای بەژنی نیشتمانە

لە ئازاری سەدەکان و هەزارەکان

لە بارەگای میتراوە دێنە لاتان

باسمان بکەن

باسی رەنجی سەدە و هەزارە و هەورازەکان

بەڵام ئەمەگ و وەفا و ورەی ئاگرینی رۆڵەکانمان

لە مێژوی بە تاڵان براوی هەزارەکان

کۆڵ نەدان و بەرخۆدانمان

بۆ ژیان و هەر ژیان و هەر ژیان

بۆیان بدوێن

بەردەوامە ئەم رێگەیە ئەی هاوڕێیان

ئەمێستاکە وا سروشتی کوردستانیش بە گڕکان و کۆڵنەدانی

لە گەڵتانە و لە گەڵتانە

وا دەوەن و دار بەڕو و دارگوێزەکان

چی پەلەوەر و بوونەوەر و گیان لەبەری نیشتمانە

بەرخۆ دەدەن

سۆز دەدەن و دەزریکێنن

دەسووتێین و هەڵدەقرچێن

دەبرژێین و بۆ چرکەیەک

نابەزین و نابەزین و هەر نابەزین

بست بە بستی ئەم هەورازە

باڵای حەیران و لاوک و لاوانەوەی رۆڵەکانی ئەم گەلەیە

دەڕوا و دەڕوا تا هەڵ بکا

یەک بە یەکی مەشخەڵدانی کوژاوەی

ناو تاریکستان و ئاگردانی دیرۆکمان

بۆیە ئێستا و لەم سەردەمە

دوند و شاخی رۆژهەڵاتمان

نرکەی دێ و گرمە و لرفەی بورکانێکی پێوە دیارە

ئۆقرە ناگرێ کۆساڵان و ئاویەر و مانیشت و زاگروسەکەم

وا بورکانێک بە ڕێوەیە

وا بورکانێک بەڕێوە

بەڕێوەیە

…..

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت