شەهرام ئەمیری، زانای ناوکیی لەدار درا

0
1155

ڕۆژی کورد: لە درێژەی ڕەوتی لەسێدارەدانەکان لە ئێران، ئەمڕۆ شەممە ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆماری ئیسلامیی ئێران شەهرام ئەمیری، زانای بواری ناوکی لە سێدارە دا.

شەهرام ئەمیری ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی، لە سەفەری حەجی عومرە شوێن بزر بوو و دواتر ڕاگەیێندرا لەلایەن سەعوودیەوە ڕفێندراوە و نێردراوە بۆ ئەمریکا، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ ڕاگەیاندنی داوای پەنابەریی ئەو لێکۆڵەرەی بوای وزەی ناوکی لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە.

دواتر ئەمیری ٢٤ی پووشپەڕی ١٣٨٩ گەڕاوە ئێران و لە لایەن بەپرسانی ئێرانییەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا بەڵام ئەوە زۆری نەخایاند و بەتاوانی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دژبەری ئێران دەستبەسەر و دواتر سزای ١٠ ساڵ زیندانی و ٥ ساڵ دوورخستنەوەی بەسەردا سەپا.

لە حاڵێکدا شەهرام ئەمیری سزای سێدارەی بەسەردا نەسەپابوو بەڵام بنەماڵەکەی لە لێدوان بۆ هەواڵدەرییەکان گوتوویانە لە دوا چاوپێکەوتندا شەهرام پێی گوتوون ئەوە دوا دیداریانە و لە سێدارە دەدرێ.

بە گوێرەی لێدوانی بنەماڵەی ئەمیری، شەهرام ئەمیری بە تاوانی هەبوونی پەیوەندیی نەهێنی لەگەڵ “سیا”، کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی گەلاوێژ لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج لە دار دراوە.

تەرمی دوکتور شەهرام ئەمیری دوای لەسێدارەدران ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و بردراوەتەوە بۆ کرماشان و بە خاک ئەسپێردراوە.

 d45479bd-e98d-4a61-a163-c5f11757abd1

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت