سێزدەهەمین فستیڤاڵی “بەدرخان” لە پاریس بەڕێوە چوو+ فیلم

0
1335

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد، سێزدەهەمین فستیڤاڵی “بەدرخان” کە بۆ رێزگرتن لە چالاکی و هەوڵە نیشتمانییەکانی بنەماڵەی بەدرخان وەک دامەزێنەر و باوکی ڕۆژنامەگەریی کورد ڕێک خراوە، ئێستا لە شاری پاریس لە فەڕانسە بەڕێوە دەچێت.

ئەو فستیڤاڵە هەموو ساڵێک لە ساڵوەگەری ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، لەلایەن ئاکادمیای بەدرخان لە پێناو شوناس و کلتوور، بەڕێوەدەچێ.

ئەو فیستڤاڵە کاتژمێر ١٣:٣٠ ـی ڕۆژی شەممە ٢ی گوڵانی ١٣٩٥ی هەتاوی، بە کاتی فەڕانسە دەستی بە کار و چالاکییەکانی خۆی کرد.

سێزدەهەمین فستیڤاڵی بەدرخان لە ژێر دروشمی “کەلتوور هیوای گەلانە” بەڕێوە دەچێت.

لە تەنیشت پانێلەکانی ئەو فستیڤاڵە، پێشانگای شێوەکاری بۆ هونەرمەندانی کورد، “نامیق عەلی قادر” و “محەممەد فەتاح” کراوەتەوە و کارە هونەرییەکانیان خراوەتە ڕوو.

هەروەها هاوکات لە شوێنی بەڕێوەچوونی فستڤاڵەکە، پێشانگایەکی کتێب ـیش کراوەتەوە و کۆمەڵێک پەرتووک و بەرهەمی دەزگای چاپەمەنیی بەدرخان، داندراون.

لە کاتی وەشانی ئەو هەواڵەدا، “عەزیز ماملێ”، چالاکوان و مافناسی کورد، باسێک لە سەر “کورد لە ناو میدیاکانی فەڕانسەدا” وتاری خۆی پێشکەش دەکات.

ماملێ ئاماژەی بەوەدا کە زۆرترین بابەت کە لە ئاستی ئوروپادا لەسەر کورد بلاوبۆتەوە، لە میدیاکانی فەڕانسەوە بووە و هۆکاری ئەو گرنگی پێدانە بە کورد لە میدیاکانی فەڕانسەدا دەگەڕێتەوە بۆ سەر شەهید دوکتور عەبدووڕەحمان قاسملوو.

ماملێ هەروەها گوتیشی: “سەرەتا و دەستپێکی ناسینی کورد لە فەڕانسە و ڕاگەیێنەکانی ئەو وڵاتە، دەگەڕێتەوە بۆ سەر دوکتور قاسملوو”.

لە پانێلی دووهەمدا د. ئیبتسام ئێسماعیل، لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆژنامەگەریی کوردی لە سەردەمی ئێستادا وتاری پێشکەش کرد. لە بەشێک لە وتەکانیدا باسی لە نادێموکراتیک بوونی ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کورستانی باشوور کرد .

عەتا کەریم، یەکێکی تر لە وتاربێژانی ئەو سمینارە بوو کە باسێکی لەسەر “مەترسییەکانی بەردەم ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستانی”ـی پێشکەش کرد و گوتی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستانی باشوور، هەڕەشە و مەترسیی کوشتن و زۆر مەترسیی تریان لەسەرە.

لە درێژەی پانێلی دووهەمدا، جەماڵ پوورکەریم، وەک نوێنەری ناوەندی ڕۆژی کورد و ڕۆژنامەوانی کوردستانی خۆرهەڵات، باسێکی لەسەر “دۆخی ڕۆژنامەنووسی لە کوردستان بە گشتی و کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی کرد.

پوورکەریم ئاوڕێکی لەسەر مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە سەردەمی بەدرخانییەکان تا بە ئەمڕۆ داوە و گوتیشی، ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ئاوارەییدا لە قاهیرەی پێتەختی میسر دایک بووە و دواتر باسی لە ڕۆژنامەی ڕۆژی کورد لە سەردەمی ئیسماعیل ئاغای سمکۆ، وەک باوکی ناسیۆنالیزمی هاوچەرخی کورد کرد و بە بەرزی نرخاند.

ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردەی کوردستانی خۆرهەڵات، دواتر ئاوڕێکی لە ڕۆژنامەی کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە مهاباد داوە و بە درێژەدەری ڕۆژنامەی کوردستانی بەدرخانییەکانی زانی کە لە قاهیرە و لەلایەن میدحەت میقداد بەدرخان دەرچووە و گوتیشی: “کۆماری کوردستان بەو تەمەنە کورتەی خۆی، خزمەتێکی مەزنی بە ڕۆژنامەگەریی کوردی کرد و چەند گۆڤار و بڵاوڤۆکی وەک گڕوگاڵی منداڵانی بلاو کردەوە.

ناوبراو دواتر ئاورێکی لە سروە و چەندین گۆڤاری تری کوردی داوە و گوتی: “لەو دۆخە ئەستەمەی کە داگیرکەری ئێران بەسەر کوردی خۆرهەڵاتیدا سەپاندووە، کوردی خۆرهەڵات لە خەبات لەو بوارە نەوەستاون و گەلێک بڵاڤۆک و گۆڤاری سەرکەوتوو چاپ و بڵاو بوونەوە و خزمەتێکی بەرزیان بە وێژە و ئەدەب و زمانی کوردی کردووە”.

لە درێژەی سمینارەکەدا، شانۆیەک بە ناوی “دوا هەواڵ” پێشکەش کرا کە دوایین بڕگەی فستڤاڵەکە بوو.

حەمید بەدرخان لەمەڕ ئامانجی بەڕێوەچونی ئەو فستیڤاڵە لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد گوتی: “لەو دەرفەتەدا توانیمان کورد و فەڕانسەوییەکان لە دەروری یەکتر لەو فستیڤاڵە و لە پاریسی پێتەختی فەڕانسەی دۆست و هاواڵی کوردان، کۆبکەینەوە، ئامانج لەو فستیڤاڵە ئەوەیە کە چۆن بتوانین پەیوەندییەکی ڕووناکبیری لەگەڵ هاواڵان و دۆستانی کورد ڕێک بخەین”.

بەدرخان لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “ئێمە وەک کورد قەرزداری هەموو ئەو کەسانەین کە ڕۆژانێک خزمەتیان بە کورد و دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان کردووە، ئێمە قەرزداری میسرییەکانین کە ١١٩ ساڵ بەر لە ئێستا ڕۆژنامەی کوردیان بۆ ئێمە چاپ کردووە، ئێمە قەرزداری فرانسوا و دانیێل میتران و زۆربەی خەڵکانی دیکەین، ئێمە بەڕاستی قەرزداری “میستەر ئیدین” کە هەم بە فیلمی لەگەڵ یەڵماز گۆنای دەرکردووە و خەڵاتی نۆبێلی لەگەڵی وەرگرتووە، بۆیە ئێمە بە ئەرکی سەر شانی خۆمانی دەزانین کە وڵات وڵات و ماڵ بە ماڵ بگەڕێین و دۆستان و کەسایەتییەکان بەسەر بکەینەوە و بە جۆرێک ئەگە رهیچ نەبێ بە دوو دێڕ یان بە ماچ کردن و دەست خۆشیەک، ڕێزیان لێ بنێین کە ئەوان خزمەتیان بە کورد کردووە.”

بەدرخان لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئەوان تا ئێستا توانیویانە چەند ژوومارەی ڕۆژنامەی کوردستان کۆبکەنەوە و چەند ژومارەی تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە گوتی: “ڕۆژنامەی کوردستانی دایک، ٣١ ژومارەی دەرچووە کە لە قاهیرە، بریتانیا، ئەمریکا و سویس و زۆربەی شوێنەکانی تر دەرچووە. دوکتور کەماڵ فواد، ساڵی ١٩٧٢، ٢٦ ژومارەی دۆزیەوە و چاپی کرد، ئێمە لە فستیڤاڵی دووی بەدرخان لە دهۆک لە ساڵی ٢٠٠٥، لە ڕێگای جەلیل جەلیلی لە ئوتریشەوە، ٤ ژومارەی تر کە ١٧ و ١٨ لە ناویاندا بوو، بلاومان کردەوە کەواتە ٣٠ ژومارەی دۆزراوەتەوە ئەویش ژومارە ١٩ یە کە ئێمە لە دووتوێی دوو چاپی باشدا توانیومانە هەر ٣٠ ژومارە بە یەکەوە لە قاهیرە و لە ئێران چاپ و بڵاو بکەینەوە”.

بەدرخان لە کۆتاییدا سپاسی تایبەتیی فەڕانسەوییەکان و دایکی کورد واتا “دانیێل میتران”ـی کرد.

لە کۆتایی ئەو فستیڤاڵەدا، خەڵات بەسەر بەشداربووان و میوانانی فستیڤاڵەکە دابەش کرا.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت