ڕۆڵەکانی کوردستان ٢ سەرکەوتنی تریان لە ئاستی ئێراندا تۆمار کرد

0
605

سەرکەوتنی ڕۆڵەکانی نیشتمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە بوارە جیاجیاکانی وەرزشی، زانستی، هونەری و …تاد، بەردەوامە.

ڕۆژی کورد:  کەیوان شمشێربەیگی نووسەر و دەرهێنەری خەڵکی ڕوانسەر لەلایەن ناوەندی توێژینەوە و پلانداڕێژیی شارەوانیی تاران وەکوو یەکێک لە ١٧ هزرخولقێنەری یەکەمی ئێران، هەڵبژێردرا.

کەیوان شمشێربەیگی ساڵی ١٣٦١ لە شاری کرماشان لە دایک بووە و لە بوای دەرهێنەریی فیلم و نووسەریدا لە ئاستی ئێراندا ناسراو و چالاکە. ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوی چۆتە زانکۆی سوورە و دەرهێنەریی سینەمای خوێندووە.

شمشێربەیگی وێڕای نووسینی فیلمنامە و داستان و دەرهێنەری و بەرهەمهێنانی کورتە فیلم کاری وێنەگریش دەکات و وانەبێژیش لەم بوارەدا دەکات ومامۆستای هونەرە.

لە لایەکی ترەوە، خوێندکارێکی قۆناغی دوکتورای شاری مهاباد، وەک یەک لە ١٧ خوێندکاری نموونەی ئێران هەڵبژێردرا.

جەماڵ ئەمانی ڕاد، خوێندکاری قۆناغی دوکتورای بیرکاری لە زانکۆی شەهید بەهەشتی لە فستیڤاڵی خوێنکاری نموونەی ئێران لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، وەک خوێندکاری نموونەی ئێران هەڵبژێردرا.

ماڵپەڕی فەرمیی زانکۆی بەهەشتی، پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنەی لە ناوبراو و بنەماڵەکەی کردووە.

هەروەک پێشتریش لە هەواڵەکانی ناوەندی ڕۆژی کورددا هاتووە، خوێندکارێکی تری کورد بە ناوی  داوود جەمینی، خوێندکاری قۆناغی دوکتورای بواری جوغرافیا و پلانداڕێژیی گوندیی زانکۆی ئیسفەهان، لە ٢٤ـەمین خولی فیستیڤاڵی خوێندکارانی ئێراندا وەک خوێندکاری نموونەی ئێران هڵبژێردراوە.

داوود جەمینی، کوڕی کاکەلاو و لە دایک بووی ١٣٦٥ی هەتاوی، خەڵکی گوندی بەوراوا ـی سەر بە شاری ڕوانسەرە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت