بنکەی سەددی مەعبەر، بنەکەیەک بۆ داپڵۆساندنی هەژاران

0
116

ڕێژەی بەرز و زۆری بێکاری لە ئێران، سەرەڕای پێناسەی پێکناکۆی بێکاری لە ئێران و جیهان، یەکێک لە کێشەکانی سەرەکی ئێرانە.

وڵاتی ئێران بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهان پلەی 151ی لە بواری بێکاریدا هەیە و ئەمە لە حاڵێک دایە کە ئامارە نافەرمییەکان باس لە بوونی شەش ملیۆن بێکار لەو وڵاتەدا دەکەن.

بەپێی ئامارێک کە ناوەندی ئامار و زانیاریی وڵاتی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە، وڵاتی ئێران بە نرخی بێکاریی 16%ـەوە، لە نێوان 202 وڵاتی جیهاندا پلەی 151ی هەیە.

زۆرێک لە کارناسان لەو باوەڕە دان نرخی بێکاری لە وڵاتی ئێران لە 16% زیاترە، هەروەها زیاترین نرخی بێکاری له 4 پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی لە پارێزگای ئیلام دایە.

بەپێی ئاماری  ناوەندی ئاماری ئێران، رێژەی بێکاری لە وڵاتی ئێران سنووری سێ ملیۆن و 500 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و کارناسانیش باوەڕیان وایە کە  ئاماری بێکاری لە وڵاتی ئێران زیاتر لە پێنج ملیۆن و 900 هەزار کەسە.

لە هەمان کاتدا ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی ئێران خەریک و سەرقاڵی هەندێ پێشەی هاکەزایین کە نە دواڕۆژیان دیارە و نە لە ڕێزەی کاری دایم بە ئەژمار دێن و نە هیچ چەشنە خزمەتێکی کۆمەڵایەتی وەک بیمە ئەو پیشانە دەگرێتەوە، کار و پیشەگەلی وەک دەست فرۆشی سەر شەقامەکان و کۆڵبەری نێوان سنوورەکان یان فرۆشتنی ئەرز و دراوی بیانی بە شێوەی نایاسایی کە لە بێکاری و نەبوونی کار لە ئێران و هەروەها داخرانی بەشێکی زۆر لە کارگە و کارخانەکان و بێبەش بوونی بەشی هەرەزۆری ناوچە کەمینە نشینیەکانی ئێران لە وپێشەسازییانە، خۆی کەلێنێکە بۆ ژیان و مانەوە و پاراستنی ژیانی تاک و بنەماڵەکەی.

لەو کار و پیشانە دەکرێ ئاماژە بە فرۆشتنی لەبوو، کولیچە و شۆرمەزە، هێلکە پەتاتەی برژاو و کوڵیو و دەسحێب فرۆشی و فرۆشتنی قایش و هەندێ جلی منداڵان و فرۆشتنی چای و نان و شیری ویشکی منداڵان و …تاد، بکەین.

کێشەی سەرەکی لەوەدایە کە سەرباقی نەبوونی دەرفەتی کار و سەختی ژیان و گوزەران لە ئێران بنکەیەک هەیە بە ناوی (سەددی مەعبەر) کە بە کوردییەکەی دەتوانین (گرتنی شەقام)ی لە جیاتی دابنێین، ئەو بنکەیە کە لە ژێر چاوەدێری شارەوانییەکاندا کار دەکات گەلێک ئەرکی پێ ئەسپێردراوە وەک ڕماندنی ئەو خانووانەی کە بە بێ ئیزنی شارەوانی و بە بێ سەند ساز کراون، کۆکردنەوەی دەست فرۆشەکان و …تاد.

خاڵی جێگای ئاماژە و مەبەستی ئەو ڕاپۆرتە، شێوەی هەڵس و کەوتی ئەو بنکەیەیە کە نەتەنیا لە خزمەت شار و خەڵکدا نیە بەڵکو ئامرازێکە بۆ سەرکوتی خەڵک و کەسانی بێ دەرەتان.

دەسەڵاتی ئەندام و مەئموورەکانی ئەو بنکەیە بە ڕادەیەک زۆرە کە دەتوانن ئەو کەسانە کە بە سەرپێچی لە یاسا تاوانبارن، بدەنە بەر شەق و سووکایەتییان پێبکەن کە ئەمە بە پێچەوانەی یاسا و مافی مرۆڤە، ئەویش لە وڵاتێکدا کە هیچ دەرەتانێک بۆ ژیان نییە و یارانە بەشێک لە هیوای خەڵکانێکە.

هەروەها خاڵێکی تر شێوازی هەڵبژاردنی مەئموورەکانی ئەو بنکەیەیە، ئەوەندەی دیتراوە ئەو کەسانە لە نێوان کەسانێک هەڵدەبژێردرێن کە لە ناو خەڵک بە لات و چەقۆکێش ناسراون و هیچ شەرمێکیان لە سووکایەتی کردن بە خەڵک نییە، ئەویش خەڵکانێک کە ژیانی ئەمڕۆیان دەفرۆشن بۆ کڕینی نانی سبەی بەڵام خاوەنی نان لێیان ناکڕێ.

ئەو کردارە دژە مرۆڤییەی ئەو بنکەیە لەگەڵ کەسانی بێ داهات و دەست کورتی کۆمەڵگا بە شێوەیەکە کە سەرجەم سنوورەکانی بێ ئەخلاقی و نادادپەروەری تێپەڕاندووە و تا ئێستا بە سەدان پیرەپیاوی کاسبی دەست فرۆش و سەدان گەنجی بێ هیوا کە تەنیا بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان لە بەیانییەوە تا ئێوارە بە دەم چەند تۆوگووڵەبەڕۆژە و بامیە و گەنمە شامی و کولیچە و شۆرمەزەیەکەوە وێڵن، بدەنە بەر شەق و لێدان و کەرەستە و شتەکانیان لێ بشکێنن و بە شەقامیان وەربکەن.

لە هەمان کاتدا لە بیرمان نەچێ کە دەوڵەتی ئێران لە حاڵێدا ئەو ئیزنە بەو کەسانە دەدات کە خۆی هیچ دەرفەتی کاری بۆ ئەو کەسانە نەئافراندووە و ڕێژەی بێکاری و هیوا بە ژیانیش ڕۆژ بە ڕۆژ لە ئێران و بەتایبەت ناوچە کەمینەنشینەکان، بەرەو نزمی دادەکشێ، لێرەدا دەوڵەت ئەرکی خۆی لە بیر کردووە و تەنیا سەرکووت و لێدان و پێدادان بەشی کەسانێکە کە خودی ڕێبەری ئەو کۆماری توتالیتێرە بۆ دەنگدان لێیان دەپاڕێتەوە.

له‌و باره‌وه‌ چاو له‌و فیلمه‌ بكه‌ن 

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

وەڵامێک بنووسە