سێ چەقی جەنجەڕێک بۆ هاڕینی تاکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

0
168
هادی عەزیزی
هادی عەزیزی

نووسینی: هادی عەزیزی

ئێمەی مرۆڤ لە ناخی جیا لە خۆبوونی خۆمان و جیا لە کۆمەڵگای خۆمان ون دەبین و لە پشت دەمامک و ئەرکی کۆمەڵایەتی دەنێژرێین. ئەو دۆخە بە “غەریب بوون”نێو دەبردرێ و بە شیکارییەکی فەلسەفەی کۆمەڵایەتی لە نێوان بوون یا هەبوون مرۆڤ لێک دەداتەوە.

بە پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و کرانەوەی دەست و باڵی مرۆڤ بە سەر زۆر زانیاریدا، کۆمەڵێک دیالۆگ و هەڤپەیڤین لە نێوان مرۆڤەکاندا هاتە ئاراوە،کە لە دنیای نێتوۆرکدا،ئەو قسە و باسانە جەمسەرەکانی گۆی زەویشی بە یەکەوە گرێدا.جارە و بارە لە تەنیشت ئەم ئاخاوتنانەدا کە باس لە تەکنۆلۆژیا و زانست و مرۆڤایەتی و پێشکەوتن دەکرێت،دەلاقەیەکیش بۆ باس لە نەتەوەکان هەیە و رەنگە مرۆڤ پێویست بکا جارناجارێک بە نموونە هێنانەوە وەک ئەزموون باس لە وڵاتی خۆی و نەتەوەی خۆی بکات،لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئاخۆ مرۆڤی کورد چەندە دەتوانێ لە ئەو نموونانە کەڵگ وەرگرێ؟ئاخۆ مرۆڤی کورد دەتوانێ خۆی وەک دەوڵەت یا وڵات پێناسە بکات؟ئایا ئەم شێوە دیالۆگانە لە هەموو بەشەکانی کووردستان وەک یەکن؟ئایا ئەو مەۆڤە کوردانەی کە توانیویانە خۆیان لە بازنەی هزری داگیرکەر رزگار بکەن زۆرن؟و……………هتد؟

ئەم نووسینەی خوارەوە بە دوور لە ئەتنیک ـگەرایی و پارچەگەرایی دۆخی مرۆڤی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێک دەداتەوە و ئاڵۆزی وسەرگەردانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر ئەساسی زمانی و کوولتوری کە مۆرکی سەرەکین بۆ پێناسەی نەتەوەیەک،دەڕەوێنەتەوە.

کۆمەڵناسی(sociology)ومرۆڤناسی(anthropology)وەک دوو لقی گرینگ لە زانستە مرۆڤایەتییەکان کە بوونەتە دوو بازنەی تێکهاڵاو کە کۆمەڵناسی خۆی بە سەر مرۆڤناسیدا زاڵ کردووە،وەڵامی بۆ زۆر پرسیار هەیە و لەو لێکۆڵینەوەیەدا بە پشت بەستن بەم زانستانە،سێ زاراوە(اصطلاح) شی دەکەینەوە کە وەک سێ چەقی جەنجەڕێک تاک و کۆمەڵگای کوردی دەهاڕێ.ئەو زاراوانە هاوکات کە لە یەک جیاوازن،لە هەمان کاتیشدا تەواوکەری یەکترین و بریتین لە:١.ئێلیناسیۆن(Alienation)٢.ئاسیمیلاسیۆن(Assimilation)٣.ئەنتگراسیۆن(Integration  ).

١.ئێلیناسیۆن:

زۆربەی زۆری بیرمەندانی دنیا گەورەترێن کێشەی ئێستای کۆمەڵگا،وەک قەیرانی هەبوون یان خۆنەناسین لێک دەدەنەوە،زۆربەی ئەو فیلسووفانە باسیان لە ئێلیناسیۆن کردووە و هەر کامەیان بە شێوەیەک لە سەری دواون،لەوانە هێگێل و مارکس و فۆئێرباخ و ئێریک فرۆم و….هتد.لە ناو هەموو لێکدانەوەکاندا یەک دۆخ گشتییە؛ئەویش باس لە هەبوونی دڵەڕاوکی و بێ ئیرادەیی و خۆدۆڕاندن و دوور کەوتنەوە لە ناخ دەکات.هەروەها لە ناو نووسین و رادەربڕینی فیلسووفەکانی زاراوەی ئێگزستانیالیزم(بریتییە لە بڕوا بە خۆبوون و هەڵەیە کە وەک پووچ گەرایی لێک دەدرێتەوە،کە لێرە جێی باسکردنی نییە) یش،ئەو دۆخە لەبەر چاو گیراوە و بەم شێوەیە لێکی دەدەنەوە.ئەوان دەڵێن: ئێمەی مرۆڤ لە ناخی جیا لە خۆبوونی خۆمان و جیا لە کۆمەڵگای خۆمان ون دەبین و لە پشت دەمامک و ئەرکی کۆمەڵایەتی دەنێژرێین.ئەو دۆخە بە “غەریب بوون”نێو دەبردرێ و بە شیکارییەکی فەلسەفەی کۆمەڵایەتی لە نێوان بوون یا هەبوون مرۆڤ لێک دەداتەوە.

لێرەدا مرۆڤ، نوێ بوون لە بووندا دەبینێ و ئەوەش مرۆڤ لە ناخی خۆی دوور دەکاتەوە،هەر بۆیە مرۆڤ تووشی ئێلیناسیۆن یان لە خۆی بێگانە دەبێ.ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئێستا لە بار و دۆخێکی ئابووری خراپ بە سەر دەبا،ئەوەش لە پێش هەمووشتێکدا ئەو هەلانە لە مرۆڤ دەگرێتەوە کە بە خۆی رابگا و لانیکەم ناتوانێ بە پێداهاتنەوە بە مێشک و ناخ و فێڕبوونەکانی خۆی نوێژەن بکاتەوە.هەر وەها بن دەستی دەوڵەتی داگیرکەر و چاوترسێن کرانی کۆمەڵگا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، جیا لەوەی مرۆڤی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاری بە کەس نییە، تەنانەت لە خۆشی دابڕاوە.هەموو کۆمەڵگایەک هەر دە ساڵ جارێک پێداهاتنەوەیەکی مێژوویی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بە خۆیدا دەکا،بە لێک دانەوەی ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگا و هاتنی جیلێکی نوێ بۆ ناو بازنەی کۆمەڵگا،سەر لە نوێ داڕێژەی بۆ دادەڕێژنەوە و بە میکانیزمی جۆراوجۆر هەڵیدەسەنگێنن،کە لە کۆمەڵگای بن دەستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو دۆخە ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت و بە سەر خەڵک و کۆمەڵگادا دەشکێتەوە و مرۆڤی کورد زیاتر لە ناو سیاسەتە چەپەڵەکانی کۆماری ئیسلامی و نەتەوەی سەردەستدا نوقم دەبێت.رەوشی خراپی کۆمەڵگا ئەو هونەرەشی لە تاکی کورد ستاندۆتەوە کە دەبێ خوێندن بۆ فێڕبوون و زانست بێ،بەڵکوو ئەو دەخوێنێ هەتا بتوانێ وەک فەرمانبەر لە ناو سیستەمی حکوومەتدا خۆی بکاتەوە،هەتا لە دواڕۆژ لە برسانە نەمرێت،کەوابوو بەو ئاراستانەدا دەڕوا کە حکوومەت بۆی دیادی دەکا و ئەوەش ئەو مرۆڤانە وا هان دەدا،کە نەک لە ناخ بەڵکوو لە هەمووشتێکی خۆی داببڕێت.ئەو مرۆڤە دوودڵە لە زۆربەی بژاردەکانی،تەنانەت لە ئاستی خۆشەویستی و پێكهێنانی بنەماڵە وەک بناخەی کۆمەڵگا بە هێز نییە، هەر بۆیە ئەو ئاکامانەی لێ دەکەوێتەە کە دواتر بە جیا بوونەوە و لێکترازانی بنەماڵە کۆتایی دێت،کە ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو حاڵەتانە پڕە و ئەوەش هەمووی بەرهەمی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

ئەو لە خۆ بێگانە بوونە کە تێگەییشتنی لە گەڵ نییە،هەل و مەرجێک دەڕەخسێنێت کە وەک چیرۆکی شاری گولان،هەمووی بە لاچاو لە یەک دەڕوانن و کەس لەم دۆخە رازی نییە و هاوکاتیش کەس خۆی بە خەتابار نازانێ.کۆی ئەم تێگەییشتنە بەرەو رووی مرۆڤێکمان دەکاتەوە کە خۆی نییە و خۆی لە پشت دەمامک حەشار داوە و ئەو دەمامکداربوونە کە بە تێپەڕبوونی کات،کەسایەتی بۆ خولقاندووە و کۆمەڵگایەکی بەرهەم دەخولقێنێت،کە جیا لە بندەستی و داگیرکراوی هەڕاجیش کراوە.

٢. ئاسیمیلاسیۆن(Assimilation)

ئاسیمیلاسیۆن بە واتای گشتی،یانی لە یەک چوون،یان درووست کردنی وەک یەک.

ئەو زاراوەیە زۆرتر لە باری کلتووری و فەرهەنگییەوە بە کار دێت و لە زانست دا،بۆ کۆمەڵگایەک یان نەتەوەیەک بە کار دەبردرێ کە بە شێوەیەکی گشتی لە بندەستی تاقمێک یان نەتەوەیەک یان حکوومەتێکی حاکمدا،دەتوێنەوە و لە کولتوور و فەرهەنگی خۆیان دادەبڕێن کە ئەم بابەتە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زمانیش وەک بناخەی کولتوور هاوڕێیەتی دەکات و دەتوانین بەم شێوەیە روونترنێوی لێ ببەین کە،کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ ڕۆژهەڵاتی کوردستان تووشی ئاسمیلاسیۆنی زمانی و کولتووری دەکات.

زمان وەک دیاریکەری جوگرافیای سیاسی و بنەڕەتی کولتوور،گەورەترین پێناسەیە بۆ نەتەوە بوون.لە ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک لە سەردەمی رەزاخانی سەواد کوهی دەستی پێکرد،ئەگەر چی هەر لە رووخانی مادەکانەوە هەر پاشآیەتییەک کە هاتووەتە سەر کار،حەولی ئەوەیان داوە کە کورد لە هەموو شتێک بێبەش بێت،جا هەر لە چەواشەکاری مێژوویی و……..هتد.

لە سەردەمی پاشایەتی بە نێو پاڵەیی (پهلوی) بە ناوی ڕێفۆرمەوە کۆمەڵیک یاسای کۆمەڵایەتی و سیاسییان بە سەر نەتەوەکانی جیا لە نەتەوەی فارسدا سەپاند،کە نەتەوەی کورد زیاتر رووبەڕووی ئەو ئاراستەیە دەبۆوە.لەو نموونانە داهێنانی زمانی فارسی کرماشانی بوو کە هەتا ئێستاش و لە دوای هاتنە سەر کاری رژیمی خومەینی،ئەو دۆخە بە هۆی بە لە خزمەت گرتنی مرۆڤی کورد بە هۆی ئایینزاوە لە دام و دەزگا نیزامییەکان بەردەوامە و بە تایبەت لە ناو شاری کرماشان تەواو جێی بە شێوەزاری کەڵووری چۆل کردووە،ئەوەندەی حکوومەتی ئێران بە رێگای نیزامی گەرییەوە حەولی داوە کرماشان وەک ناوچەیەکی فارس نشین نیشان بدا،ئەوەندەش لایەنی کوردی لێی بەرپرسیارە کە وەک خەسارناسی سیاسی دەتوانین بڵێین شۆڕش و سەرهەڵدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان،بە تایبەت لە هەشتاکانی زایینیدا نەیتوانیوە لە ناوچەی ناودەروەن لە  کامیاران و شیوی خەراجیان لە روانسەر بەرەو خوارتر بڕوات،هەر بۆیە مۆرکە نەتەوایەتییەکان تووشی کاڵ بوونەوەیەکی بێ وێنە بوون کە زیاتر رێگا خۆش کرا بۆ سیستمی داگیرکەر هەتا سیاسەتی خۆی بەرەو پێشەوە ببا.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی دۆخێک لە ئارادایە کە هەموو کۆمەڵگای تەنیوە و تاکی کورد بە گوومانەوە لە کورد بوونی خۆی دەڕوانێ.سیستمی زاڵ وایکردووە کە مرۆڤی کورد لە پێشینەی خۆی داببڕێ و ئەو ئاستە تا ئەو جێگایە پێش کەوتووە کە لە زۆربەی ماڵە کوردەکان وێنەی درۆیینی پاشاکانی هەخامەنشی(ئەخمینی) هەڵدەواسرێت و کوردیش وەک فارس ڕۆژانە هەندێک رستە و قسەی راست یان ناڕاستی پاشاکانی هەخامەنشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا شانەوشانیان پێدەکا.لە لایەکی دیکەوە زمان کە لە هەر کۆمەڵگایەکدا قەدەخە بوو،ڕۆژ بە ڕۆژ بازنەی زمانەوانی و واتای وشەکان لە رەسەنایەتی دوور دەکەوێتەوە و هەر زمانێکیش کە ڕۆژانە بە شێوەیەکی زانستی کاری لە سەر نەکرا،بەرەو نەمان دەڕوا و لە ناو کۆڵان و بازاڕی نەتەوەیەکی بن دەست،قسە و وێژەی نەتەوەی سەردەست و حاکم تێکەڵاوی دەبێت.ئەڵبەت لێرەدا مژارێکی گرینگ هەیە کە باس کردنی جێی خۆیەتی،ئەوێش تاقمێک لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستانن،کە بە هۆی سەرقاڵ بوون لە دام و دەزگاکانی حکوومەتدا و زاڵ بوون بە سەر ناوەندی شارەکانی ڕۆژهەڵاتدا،بە جۆرێک وەک بازرگانێکی خراپ،هاوردەی کولتووری نەتەوەی سەردەستن لە ناوەندی حکوومەتەوە بۆ ناو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە هەر شارێک کۆمەڵێک گوندی بە دەوری خۆیەوە خڕ کردۆتەوە وئەو تاقمە بە نێوی فەرهەنگی بوونەوە تەواو لە گەڵ مەرامی حکوومەت هەڵدەسووڕێن و رۆشنبیرییەکەشیان لە چوارچێوەی ئەو ڕۆژنامانەدا دەسووڕێتەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران چاپ و بڵاویان دەکاتەوە.لە ئاکامدا سیستمی حکوومەت بە بڵاو کردنەوەی ئەو هزرە،کە زمانی ئێوە،زمان نییە و شێوەزارێکە لە زمانی فارسی،تاکی کورد تاکی کورد بەرەو ئاراستەیەک دەبا کە خۆی لە بەرابەر کولتووری نەتەوەی سەردەست بە سووک دەزانێ وهەتا ئەو کەندەڵانە دەچێتە پێش کە لە شوێنە گشتییەکاندا لە گەڵ منداڵەکەی بە فارسی قسە دەکا و کاتێکیش لە گەڵ فارسێک رووبەڕوو دەبێتەوە بە شانازی دەزانێ

بتوانێ وەک فارسەکە قسە بکا وبە جۆرێک دەکەویتە کیبڕکێ لە گەڵ نەتەوەی سەردەست و لە زۆر شوێن بە شوورەیی دەزانێ خۆی بە کورد ناو ببا.

٣.ئەنتگراسیۆن:

ئەنتگراسیۆن بریتییە لە زاراوەیەک کە بۆ کۆمەڵگایەک بە کار دەبردرێ کە باوەشی ئاواڵەیە بۆ کۆچبەر و پەنابەر کە رووی تێبکەن،ئەو کەسەی روو دەکاتە ئەو کۆمەڵگایە،کۆمەڵێک ئەرکی دەکەوێتە سەر شان کە بۆ ئەوەیکە ژیانی ڕۆژانەی بە دوا نەکەوێ،دەبێ خۆی لە گەڵ ئەو کۆمەڵگایە بگونجێنێ و لە پێش هەموو شتێکدا دەبێ فێری زمان و کولتووری ئەو جوگرافیایە بێت کە دەیهەوێ تێیدا بژیت.لەو نموونە بەرچاوانە کۆچی ئەم دواییانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە تایبەت کوردستان بوو،کە ئێستاکە هەمووی لە کەمپەکاندا نیشتەجێن هەتا فێری زمان و شێوازی هەڵس و کەوتی ئەو وڵاتانە بن. لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە ئەو شار و مێترۆپۆلە فارس و تورکانە دەگووترێ کە کورد بە شێوازی جۆراوجۆر کۆچبەری ئەوێ بوون و ئێستاکە لێی نیشتەجێن.لێرەدا جێی خۆیەتی کەلێنی دزێو و بەراوەژووی ئەو دۆخەش بهرووژێنین کە ئەویش ئەگەر هەتا دوێنێ باژێر و کۆمەڵگای تورک و فارس وەک ئەنتگراسیۆنێک،کوردی کۆچبەریان وەک خۆیان بار دەهێنا،بەڵام ئەوڕۆ کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە درێژەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و نەتەوەی سەردەست،لە ئاستی ئاسیمیلاسیۆنێکی پێشکەوتوو،ئەرکی هاڕینی تاکی کوردی گرتووەتە ئەستۆ و بە شێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوە دەچێت.

لە کۆمەڵگای دەرەوەی کوردستان،مرۆڤی کورد لە ئەنجامی هەڵس و کەوتی کۆمەڵایەتی و بەرەو پێش چوونی ژیانی،کاتێک دەکەوێتە پرۆسەی هاوسەرگیری و پێکهێنانی ژیان،ئیتر بە یەکجاری دەتوێتەوە و ئەوەش دوا قۆناخی دەست بەردان لە نەتەوەیە و بە لەدایک بوونی یەکەم منداڵیان،دەبێ بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە نەتەوە و نیشتمانی کوردی بکەن،دوا وتەی ئەم خێزانە کۆچبەرانەش ئەوەیە،کە دایک و باوکم کوردن بەڵام من فارسم.

لە لایەنی خراپتری ئەم حاڵەتە کە کۆمەڵگای کوردی بۆ خۆی دەبێتە ئەنتگراسیۆن، تەنانەت خێزانی کوردی تووشی ئەو داڕمانەش دەبێ کە گۆیا پیاو یان ژنی بنەماڵە لە هەست و خۆشەویستی تێناگا و ناتوانێ بە لایەنی هێمنایەتی ئەوی دیکەیان بلاوێنەتەوە،هەر بۆیە ئەوە باشترین بیانوویە بۆ لاسایی کردنەوە و بە شوێن پێی نەتەوەی سەردەستدا رۆیشتن،کە ڕۆژانە بە راگەیاندن و سینەما و پڕۆپاگەندەی کولتووری زیاتر ئەو بەستێنە خۆشتر دەکا هەتا نەتەوەکانی دیکەی پێ رابکێشێ،کە لێرەدا لایەنی نەتەوەیی لێی بەرپرسیارە کە نەیتوانیوە متمانەی کوردایەتی بە تاک و کۆمەڵگا ببەخشێت.لە کۆتایی ئەم باسەدا دەتوانین بە پاڕادایمێک کە لە بن چاوەدێری کەسانی پسپۆڕ و نەتەوەیی دا بێت،تاک و کۆمەڵگای کوردی لەم دۆخە رەها بکەین.

ئەو پاڕادایمە دەتوانێ بە چاودێری ورد و زانستییانە لە رووی پرەنسیبە نەتەوایەتییەکەنەوە،چاودێری هەموو مژارەکانی ناو کۆمەڵگا بکا کە هەر لە ئەلف و بێی بنەڕەتی خوێندنگە هەتا لە نووسرانی تابلۆی سەر دووکان و بازاڕ و راگەیندن و سینەما لە خۆی دەگرێت.

هەر وەها دەبێ لایەنێکی پسپۆڕ دابمەزرێ کە بتوانێ بە دوور لە هەر ئایدۆلۆژیا و ململانێی حیزبی،یارمەتی نەتەوە و نیشتمان بکا،کە ئەو پاڕادایمە یەکەم دەبێ دەسەڵاتێکی سیاسی-ئابووری لە پشت بێ،دووهەم دەبێ “ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان”دابمەزرێت کە بتوانێ لە نێوانی دەسەڵاتە سیاسی_ئابوورییەکە و پاڕادایمەکە،لایەنی بەرژەوەندی تاک و کۆمەڵگای کوردی بپارێزێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت