یادێک لە ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد

0
616

کۆماری کوردستان، ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی، بەرامبەر بە ٢٢ی ژانویەی 1946 لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەسەر دەستی حیزبی دێموکراتی کوردستان دامەزرێنرا و پێشەوا قازی محەمممەد وەک  سەرۆک کۆماری کوردستان دیاری كرا .

پێتەختی کۆماری کورستان، شاری‌ مەھاباد بووە و دامەزرانی ئەو کۆمارە ویست و خولیای لەمێژینە و ئاواتی گەلی کورد بوو.

زۆر لایەن و هێز و نووسەر و مێژوونووسی و خەڵکی ئاسایی کورد، ناوی کۆماری کوردستان بە کۆماری مهاباد دێنن کە ئەوە هەڵەیەکی مێژووییە و ئەگەر بێت و بە ئانقەستیش بگوترێ دەچتە خانەی خیانەت و بە واتای بچووک کردنەوەی کۆماری کوردستانە. ناوی کۆماری کوردستان لە سەردەمی خۆیدا و وەک لە گۆڤاری کوردستانیش دەردەکەوێ، “جومهوری کوردستان” بووە و ئەوەش نیشاندەر و دەرخەری خەون، حەز و خولیا و ئامانجەکانی کۆمار بووە کە بریتی بووە لە بنیات نانی دەسەڵات و دەوڵەتێکی کوردی.

 قازی محەممەد، دادوەر و یەکێک لە کەسایەتییە بەررز و ناسراوەکانی ناوچەی موکریان و دامەزرێنەر و سەرۆکی کۆماری کوردستان، لە ساڵی ١٩٤٦دا بوو.

مرۆڤێکی فەرھەنگ دۆست، خۆش بەیان، ئەدەب و ھونەر دۆست، ئەھلی راوێژ و لە ھەمان کات‌دا  خەباتگەرێکی نیشتمانپەروەر و گەل خۆشەویست بوو. لەگەڵ ھەموو چین و توێژێک ھەڵسوکەوتی ھەبوو و لە کاتی پێویستدا لە ھەست و ھێزیان کەڵکی وەر دەگرت.

وەک ئەوەی لە وەسیەتەکەیدا ھاتوو، قازی محەممەد برایەتی و یەکگرتوویی کوردی پێ گەورەترین ھۆی سەرکەوتن بوو. ھەربۆیە لە زۆربەی وتارەکانی کە لە ڕۆژنامەی کوردستان، ئەوکات چاپ کراون لەسەر بابەتی یەکیەتی و برایەتی دواوە و مەرجی سەرکەوتن و کۆڵەکەی ڕاگرتنی کۆمار و ھۆی سەرکەوتن بەسەر دوژمنانی‌دا زانیوە.

دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان هەر کام بە جیا خانەیەک لە خانەکانی کەمایەسیی کۆمەڵگای کوردستان کە تا ئەوکات دەرفەتی خۆتیمارکردن‌وساڕێژکردنەوەی پێنەدراوە، پڕدەکاتەوە و کەسێتییەکی نوێ‌و سەردەمیانە بە تاکی کورد لە باری شوناسخوازی و زەینییەتی رابوونی نەتەوەیی (بیداری ملی) دەبەخشێ‌و لە ئەنجام‌دا، باوەڕبەخۆبوون‌و خودئاگایی لە ناو کۆمەڵگەی کوردستان‌و تاکی هوشیاری کورددا دەگاتە چڵەپۆپەی خۆی‌و کوردایەتی‌و شوناسخوازی رێچکەی رەسەن‌و سەربەخۆی خۆی دەگریتەبەر.

هەڵکردنی ئاڵای کوردستان‌ لە سەردەمی کۆماری کوردستان‌دا، شانازییەکە بۆ کۆمەڵگای کوردستان‌و نیشانەیەکی روونیشە بۆ شوناسخوازی‌و رەسەنایەتیی رۆڵە بەئەمەگەکانی ئەو گەلە و هەر بەم پێیە ئەوان دەتوانن لە ژێر ئەو هێما‌و سەمبولە نەتەوەیی‌یەدا داکۆکی لە شوناس و چییەتی خۆیان بکەن‌و مان و مەوجوودیەتی نەتەوەیی خۆیان بپارێزن.

پێکهێنانی سپای میللی‌و هێزی پێشمەرگە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، باوەڕ بە «خۆپاراستن»ی لە تاکی کورد دا چێ‌کرد، کە تا ئێستاش لەوپەڕی بێ‌ئیمکاناتی‌دا هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە بە شێوەی خۆڕسک لە لایەن کۆمەڵگای کوردستانەوە وزە و هێزی پێ‌دەبەخشرێ، پێناسەی «بەرەنگاری»ی بە رەسالەتی خۆی بەخشیوە.

 وەرێخستنی چاپخانەو و بڵاوکردنەوەی کتێب‌و پەرتووک‌و رۆژنامە بە زمانی کوردی  دەسکەوتێکی دیکەی کۆماری کوردستانە کە بۆ یەکەمجار ئەوپەیامەی بە تاکی کوردو کۆمەڵگاکەی دا کە زمان یەکێک لە بنچینەکانی پرسی نەتەوەخوازی‌و لە فاکتەرە گرینگەکانی نەتەوە و ناسیۆنالیزمی کوردییە.

بەشێکی بەرچاو لە ئەدیبان‌، نووسەران، زمانەوانان، و تەنانەت رێبەرە سیاسییە ناودارەکانی کوردستان، هەر ئەوانە بوون کە لە کۆماری دیمۆکراتیکی کوردستان‌دا بەشدار بوون یان دواتر لە ژێر کاریگەریی‌و هیوابەخشیی ئەو کۆمارە ساوایەدا، هزر و بیری کوردایەتییان گەشەی کرد‌و رێچکەی ئاڕمان‌و ئایدیاکانی کۆماریان گرتەبەر.  کەسانێک کە بیری نە‌تەوەخوازی و کوردایتیی خۆیان لە ئامانج‌و بیر‌و هزرەکانی کۆماری کوردستان وەرگرت‌و هەر لەژێر کاریگەریی دەسکەوت‌و ئاڕمانە بەنرخەکانی کۆماردا بوو کە دواتر بە هەوڵ‌و تێکۆشانی چڕ‌و بەرچاویان بۆ خزمەت بە کورد‌و کوردستان‌و دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی کۆمار،  بوونە جێگای شانازی نیشتمانپاررێزان‌و بەدڵنیایی‌یەوە یاد‌و ناویان لە مێژوودا بە بەرزی‌و بەڕێزی ماوەتەوە و دەمێنێتەوە.

ناوی وەزیرەکانی کۆماری کوردستان:

١- حاجی بابە شێخ سیادەت: سەرۆک وەزیر
٢- مەلا حوسێنی مەجدی: وەزیری عەدڵییە
٣- موحەمەد حوسێنخانی سەیفی قازی: وەزیری بەرگری
٤-  حاجی موستەفای داودی: وەزیری بازرگانی و تیجاڕەت
٥-  مەنافی کەریمی: وەزیری پەروەردە و زانیاری (پەروەردە)
٦-  سەدیقی حەیدەری: وەزیری تەبلیغات
٧-  مەحموودی وەلیزادە: وەزیری کشتوکاڵ
٨- سەید موحەمەدی تاھازادە(ئەیوبییان): وەزیری بێھداشتی (تەندروستی)
٩-  خەلیلی خوسرەوی: وەزیری کار
١٠-  ئەحمەدی ئیلاھی: وەزیری دارایی (ئابووریی)
١١-  عەبدولڕەحمانی ئێلخانیزادە: وەزیری موشاویر
١٢- ئیسماعیلی ئێلخانیزادە: وەزیری ڕێگاوبان
١٣- کەریمی ئەحمەدەین: وەزیری پۆست و تێلگراف
١٤-  موحەمەد ئەمینی موعینی: وەزیری ناوخۆ

زۆربەی وەزیرەکان، ئەندامی (کۆمەڵەی ژ.ک) و دواییش ئەندامی حزبی ديموكراتى کوردستان بوون. ھەرکەس بە ئەندازەی پێسپێراویی خۆی تێدەکۆشا، بەڵام ھەڵسووڕێنەری راسته‌قینه‌و ڕێنیشاندەری ھەمووان پێشەوا قازی بوو.

لە ٢٦ی ئازاری‌ ١٩٤٧، بەھۆی‌ فشاری‌ ھێزە رۆژئاواییەکان، بۆ نمونە ئەمریکا، سۆڤیه‌ت پەیمانی بە حکومەتی ئێرانی دا کە لە باکووری ئێران ئەکشێتەوە. لە مانگی حوزەیران دا، ئێران دەستی گرتەوە لەسەر ئازربایجاندا. ئەمە بووە ھۆی‌ دابڕانی کۆماری‌ مەھاباد لە سۆڤیه‌ت و دواجار بووە ھۆی‌ داڕمانی. لەم خاڵەدا، پشتگیرییەکان بۆ قازی محەمەد لە کەمبوونەوەدا بوون، بەتایبەتی لە نێوان خێڵە کوردەکاندا کە لە سەرەتادا پشتگیرییان لێدەکرد. بەرھەم‌و سەرچاوەی‌ داراییان نەما‌و شێوازی ژیانیان بەھۆی‌ دابڕانەکەوە بەرەو سەختی چوو. یارمەتی دارایی‌ و سەربازی لە سۆڤێتەوە نەما‌و خێڵەکان هیچ ھۆکارێکیان بۆ پشتگیریکردنی قازی محەمەد نەئەبینییەوە. زۆرێک لە خێڵەکان قازی‌یان بەجێ‌ دەھێشت. لە ٥ ی‌ کانوونی یەکەم، ئەنجومەنی شەڕ بە قازی محەمەدیان راگەیاند کە رێ لە ھەر پەلامارێکی سوپای‌ ئێران دەگرن کە بکرێتە سەر ناوچەکە. لە ١٥ی کانوونی یەکەم، سوپای‌ ئێران ھاتە ناوچەکە‌ و دەستی بەسەر مەھاباد دا گرت. لەگەڵ ھاتنیان، چاپخانەی کوردی‌یان داخست، فێرکردنیان بە زمانی کوردی قەدەغە کرد، ھەر کتێبێکی کوردی‌یان بدۆزیایەتەوە ئەیانسوتاند. دواجار لە ٣١ی‌ ئازاری‌ ١٩٤٧، قازی‌ محەمەد بە تۆمەتی خیانەت لە دەوڵەتی ئێران، لە مەھاباد لە سێدارە درا.

بەڵام کۆماری کوردستان، چ وەک خولیا و چ وەک ڕێباز تا ئێستاش لە ناو کورددا و بەتایبەتی لە ناو کوردستانیانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، هەر بەردەوامە و زیندوویە.

لە حکومەتی کورد لە کوردستانی باشووریش، ئاڵا و پێشمەرگە وەک دوو هێمای بەرزی کۆماری هەروا ماونەتەوە و هیوای یەکگرتوویی و پێکەوەکۆکردنەوەی ناو ماڵی کوردن.

بەڕێوەبەری و ستافی ناوەندی ڕۆژی کورد، پیرۆزبایی ساڵڤەگەری دامەزرانی کۆماری کوردستان لە سەرجەم کوردستانیان دەکات و هیوا دەخوازێت لە ساڵی داهاتوودا لە سایەی هیمەتی هەمەلایەنەی کورد و بەتایبەت خەباتی ڕەوای پێشمەرگە، لە ڕۆژهەڵاتێکی ئازاد ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆمار جەژن بگرین و لە هەمان کاتیشدا تا دوا پشوو ڕێبواری ڕێگای کۆمار و ئامانجەکانی بین.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت