یادگارییەکانی سەعید ئاغاى جزیرى

0
717

سەعید ئاغاى جزیرى

وەک گوتراوە لە کۆتایى سەدەى نۆزدە لە گوندى “عەندیوەرى” سەر بە جزیرەى بۆتان لە دایک بووە. لەسەرەتاى سەدەى بیست و کاتێک فرەنسییەکان ئەم ناوچەیە داگیر دەکەن و بە سوریاوەى دەلکێنن، سەعید ئاغا دەبێتە بە سەرباز لە سوپاى فرەنسیدا، دواتر لە شارى “دێرەزوور” نیشتەجێ دەبێ. بەهۆى هاوکارى یەکێک لە ماڵە مەسیحییەکانى ئەوێ چاپخانەیەک دادەمەزرێنێت و هەر لەوێشدا بە دەنگ و سۆزى گۆرانییەکانى لاى خەڵک خۆشەویست دەبێت.

بەخواستى ئەوەى کە دەنگى ئەویش بچێتە سەر قەوان، ڕوو لە عێراق دەکات و بە هاوکارى “محەممەد ئاغاى شەمزینی”یەوە دەچێتە شارى بەغدا و پەیوەندى بە کۆمپانیاکانى قەوانەوە دەکات.

هەر لەم سەفەرەیدا بە ماڵى “ئەڵماس خان” ئاشنا دەبێت و ئەویش وەک زۆرێک لە هونەرمەندانى کوردى ئەو سەردەمە کاتێکى زۆر لە ماڵەدا بەسەر دەبات و دواتریش دڵى دەچێتە کچە منداڵکارەکەى ئەڵماس خان کە ناوى “حسیبە” دەبێت، ئەم شەیدابوونە واى لێ کردووە کە لەیەکێک لە گۆرانییەکانیدا بڵێ: ئەو بەغدایە پایتەختە- حەسیبە لەسەر تەختە.

کەسێکى دەم و گفت خۆش و هاوەڵێکى خۆشەویستى زۆربەى هونەرمەندە کوردەکانى ئەو سەردەمەى ئێراق بووە. یەکێکیان “حەسەن جزیرى” یە کە لەبارەى “سەعید ئاغا”وە وتویەتى: زۆربەى هەڵبەست و ئاوازەکانى لە دانى خۆى بوون و بەهرەیەکى چاکى لە دانانى ئاوازدا هەبووە، ئەمەجگە لە قەشە “یوسف سەعید”یش کە زۆرى لەسەر هونەرى سەعید ئاغا نووسیوە.

ئەوەندەى ئاشکرایە لە ژیانى ئەم هونەرمەندەدا، ئەمەیە کە برایەکى بەناوى “چوولى” هەبووە کە لەلایەن تورکەکانەوە بەندکراوە، ئەمەش سەعیدى ناچار کردووە کە گۆرانییەک بەسەر “مستەفا کەمال پاشا”دا بڵێ.

وەک ئاشکرایە لەنێوان ١٩٣٨- ١٩٥٦ سەرقاڵى دەرکردنى قەوان بووە لە هەردوو کۆمپانیاى “His Masters Voice” و “چەقماقچى”، دواتریش لە وڵاتانى “تورکیا” و “ئێران”دا کۆپیى کراونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کە لە بەغدا ژیاوە نەزانراوە کە بۆ هیچ بەرهەمێکى لەوێ تۆمار نەکردووە؟

ئەوەی زانراوە کە نزیک بە ١٥ قەوانی تۆمار کردووە کە بەداخەوە هەندێکیان “لاوکى عەیشانێ، لاوکى شەڕی تیارییان، لاوکى عەودێ نووران” بێ سەروشوێنن.

هەروەک چۆن زۆربەی زانیارییرکانی ژیان و هونەری ئەم هونەرمەندە، ناتەواو و نادیارە، لەسەر کۆچی دواییشی بەهەمان شێوەیە کە بەپێی گوتەی “حەسەن جزیری” لە “دیاربەکر” کۆچی دوایی کردووە، بەپێی نووسینی قەشە “یوسف سەعید”یش بێت لەیەکێک لە نەخۆشخانەکانی “لوبنان” کۆچی دوایی کردووە. بەڵام بە هەموو بۆچوونەکان بەهۆی قوڕگییەوە تووشی نەخۆشییەکی کوشەندە بووە و لە ناوەڕاستی پەنجاکاندا کۆچی یەکجاری کردووە و لە “دیاربەکر” نێژراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت