سەید ئیسماعیل پیرخدری، نەمامێکی ناوازەی هونەر و موسیقای کورد کە زوو پەڕپەڕ بوو

0
379

سەید ئیسماعیل پیرخدری،لەدایک بووی ساڵی ١٣٢٨ی هەتاوی شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، گۆرانی بێژی بەناوبانگ بوو کە ٣ میداڵیای زێڕی موسیقای لە کێبەرکێ سەرانسەرییەکانی ئێران کە لە ڕامسەر بەڕێوەدەچوو، بردۆتەوە.

 بە هۆی بەهرەی خواپێداوی، هەر لە منداڵییەوە هۆگرییەکی سەیری بە گۆرانی بێژی بوو، لە سەردەمی مێرمنداڵیدا لە بەشی منداڵانی ڕادیۆی کرماشانەوە کە ئێستاش بیناکەی لە شەقامی “موعەلیم”ـی ئێستا وەک خۆی ماوە، دەستی کرد بە چالاکی و دواتر لەسەر کارە هونەرییەکانی بەردەوام بوو تا ئەوەی کە ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی، ئاوازی بەناوبانگی خۆی بە ناوی “چەمەن یەکبارە خامۆشە” دا دەرێ کە بە زوویی دەنگی داوە و بوو بە ڕازێنەری کۆڕ و کۆبوونەوەی شایی و بەزمی کوردەکان.

سەید ئیسماعیل پیرخدری، یەکێک لە هەڵکەوتەکانی موسیقی کرماشان بوو کە شیعری زۆربەی هەرە زۆری ئاوازەکانی خۆی، بۆخۆی دەهۆنییەوە و لە شیعر و دانانی ئاوازدا، شارەزایییەکی کەم وێنەی هەبوو.

جیا لەوانە سەید ئیسماعیل پیرخدری، خۆش نووسێکی لێهاتوو و نیگارکێشێکی شارەزا بوو کە جیا لەوەی کە خەتی “نۆسخ” و “نەستەعلیق”ـی بە جوانی دەنووسی، نیگاری دەم و چاو و سرووشت و تەنانەت مینیاتۆریش ـی بە شێوەیەکی تەواو پسپۆڕانە دەکێشاوە و هاوکات پەیکەرتاشیش بوو.

سەید ئیسماعیل پیرخدری، لە سەرجەم تەمەنی هونەریی خۆیدا، ١٣٠ ئاوازی چڕیوە کە لەناویاندا دەکرێ باس لەو چەند نموونەیە بکەین: “چەمەن یەکبارە خامۆشە”، “بیلا بمرم”، “کرماشان” و ئاوازێک لە دەزگای سێگادا بەناوی “ئەی ئومیدێ دلێ زارێ بابا” کە لە بەرهەمەکانی ئیسماعیل خانی مەسقەتی ـە و هەروەها ئاوازی “چشەگەم” کە بەرهەمی خوالێخۆشبوو کامران مەسقەتی ـیە.

مخابن سەید ئیسماعیل پیرخدری لە تەمەنێکی کورتدا، چاوی لە جیهان پۆشی و هەروەک ئاوازی “چەمەن یەکبارە خامۆشە”، مۆمی ژیانی کوژایەوە.

سەید ئیسماعیل پیرخدری، ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی دڵە ناسکەکەی لە وەستان کەوت و بەو کۆچە ناوەختەی، نەک هەر کرماشان، بەڵکوو کورد، مامۆستایەکی مەزنی لە دەست دا.

سەید ئیسماعیل پیرخدری، گەشەدان و ڕاسانی هەستی هونەریی خۆی جیا لە بەهرەی خواپێداوی خۆی بە بەرهەم و منەتباری ناسینی بنەماڵەی ئیسماعیل مەسقەتی و هاوڕێیەتیی فەرامەرز مەسقەتی و هەروەها مامۆستاگەلێکی وەک مەحموود میرئاتی و موجتەبا میرزادە دەزانی.

لە راستەوە بۆ چەپ: مەنوچێهر مەجزوبی (سەنتور)، مەسعود زەنگەنە (فلوت)، بەهمەن پولەکی (زەرب)، سەید ئیسماعیل پیرخدری (گۆرانیبێژ)، ئەبۆلقاسم پەرەندیان (ڤایۆلین)، ئەکبەر ئیزەدی (سەنتور)
لە راستەوە بۆ چەپ: مەنوچێهر مەجزوبی (سەنتور)، مەسعود زەنگەنە (فلوت)، بەهمەن پولەکی (زەرب)، سەید ئیسماعیل پیرخدری (گۆرانیبێژ)، ئەبۆلقاسم پەرەندیان (ڤایۆلین)، ئەکبەر ئیزەدی (سەنتور)

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت