نوسینێكی بابەتیانەی هەڵۆ محەمەد لەسەر تازەترین بەرهەمی كانی

0
1592

بۆ هەندێ بابەت جورئەتناکەم بە پەلە و هەڵەداوان وشە بخەمە دوای یەکدی و بە سەرەتایەکی لەنگەوە ریزیان بکەم یا بۆ ئەوەی لە مەیدانی گەرمی بابەتەکان بم ناچاربم بنوسم، چ جای بەرهەمێکی هونەری چەشە و دڵگرتوی وەک ئەو بەرهەمەی (کانی). بۆیە ماوەیەکی پێچو تا بڕوام هێنا کە ئیدی کاتە و تا رادەیەک لە گۆتن و موزیک و دەنگی کانی و بە شێوەیەکی گشتی لە بەرهەمەکە تا رادەیەکی مامناوەند تا زیاتر تیگەیشتوم و دەبێ بنوسم.
مێلۆدی:
ئەگەر بە خێرایی بە ماوەیەکی کورت هەوڵبدەین میلۆدیەکە بەروارد بە میلۆدی گۆرانی ئەم سەردەمە بکەین دەبینین– نا با باسی خۆم بکەم
لە ماوەی بڵاوبونەوەی ئەم بەرهەمە پچڕپچڕ یا بە شێوەی بەردەوام گوێم لێگرتوە بەراوردم کردوە لەگەڵ میلۆدی گۆرانیەکانی ئەم سەردەمە، بە تایبەت ئەو میلۆدیانەی ماوەی دو ساڵی رابردو، دەبینم دانەر (کارزان مەحمود) زانستیانە، وەستایانە و زیرەکانە میلۆدیەکی داتاشیوە کە دەتوانێ میلۆدیەک بێ روی مەجلیسی دەرەوەی کوردی هەبێ، بێگومان نزیکی کارزان لە کانی ئاسانکاری کردوە تا بزانێ چۆن مێلۆدیەکە لە میانەی دەنگی کانی جێبکاتەوە، مۆتیڤی مێلۆدیەکە ئاڵۆز نیە، بگرە تا رادەیەک زۆریش سادەیە بەڵام زیرەکی دانەر کە لە هەمانکاتدا موزیکەکەشی داناوە کەسایەتیەکی بەهێزی بە مێلۆدیەکە داوە و تەکنیکی مێلۆدیەکە زیرەکانەیە وێڕای ئەوەی هەستدەکەم ئەزیەتی کێشاوە لە هاوسەنگکردنی وشەکان لەگەڵ مێلۆدیەکە و لە هەندێ شوێندا ئەمە بە دەربڕینی کانیشەوە دیارە.

موزیک-دەنگ:
دیارە کە کارزان لە دەنگی کانی رابینیوە بۆیە تا رادەیەک سەرەڕۆییەکی جوان و نوێی لە دانانی موزیکەکە کردوە، بە جۆرێک بە دابەشێکی زانستی نە کلاسیک نە ئەرەبێسک، تێکهەڵکێش لەگەل رۆک کە لەویشدا نەیهێشتوە رۆک زاڵ ببێ، هارمۆنیا و بەلانسێکی جوان لە تێکهەڵکێشکردن کە دواجار هەمو ئەمانە بە خزمەتی بەرهەمەکە شکاوەتەوە.
دەنگی کانی لە خام نەماوەتەوە بەو پێیەی دور بە دور ئاگادارم لە دەنگ خوێندویەتی، دەنگی کانی بینای کردوە و دەتوانێ بۆ هەر جۆرە ستایلێک بیەوێ وەبەرهێنانی تێدا بکات و تیایدا سەرکەوتو ببێ چونکە کانی فۆلکلۆری رەتدا و لە سوننەتیەوە بۆ دوا بەرهەمی سیدیەکەی کلاسیک-تێکهەڵکێش بە مێلۆدی فۆلکلۆر و مێلۆدی غەیرە کوردی و بگرەڤغەیرە رۆژهەڵاتیش، بۆیە لیاقەی دەنگی کانی قۆناغێکی زیاتر لە خامبونی رەتداوە ئەمەش بە ئاشکرا لە ئەداکردنی ئەمدواییەی گۆرانیەکانی کانی بەدیدەکرێ و چاوەڕیدەکەم دەنگی کانی بە ستایلی دیکەش بێتە بەر گوێم.
من ناتوانم زۆر لەسەر تێکست قسە بکەم بەو پێیەی شارەزاییم ئەوەندە نیە بەڵام وەک لە سەرەوە باسمکردوە هەستم بەوە کردوە کە دانەر ئەزیەتبار و ماندو بوە لە جێکردنەوە وشەکان لە ناو مێلۆدیدا، لەو پێناوەشدا جەربەزەیی و ئازایەتی دانەر بەرز دەنرخێنم کە توانیویەتی شعرێکی ئازاد، لەنگ بکات بە گۆرانی هەرچەندە لەم قەسیدەیەی شاعیری گەورە (شیرکۆ بێکەس)دا هەندێ بەیتی مەوزون و پڕ وێنەی جوانی دیکەشی تێدایە کە پێموایە ئەوانیش جێکرابانەوە جوانتر دەبو.
لە پەیوەست بە کوالیتی تەکنیکی کاری ستۆدیۆ هەستم بەوە کرد لە ریکۆرد و میکس و ماسترینگ هەندێ کێشەی بچوکی هەیە کە من وای بۆ دەچم بەو پێیەی کارەکان لە دو شوێنی جودا ئەنجامدراون و پرۆژەکە گواستنەوەی پێکراوە بۆیە توشی هەندێ کێشە بوە هەڵبەت ئەو کێشانە دێنە پێشەوە، بە تایبەت دەنگی کۆرس بۆم وازح و رون نیە ئەگەرچی بە چەند بڵندگۆ و هێدفۆنێکی جوداش گوێم لێگرت.
خوێندەوەیەکی سادەی بە قەد زانین و زانیاری خۆمە، هیوادارم ببێتە مایەی بەرەوپێشچونی کاری هونەری ئێوە، دەستخۆشیتان لێدەکەم و چاوەڕێی بەرهەمی بەرزترتان لێدەکەم.

‌هەڵۆ
30-5-2017
هەولێر

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here