ڕۆژنامەنووس لە نێوان دیموکراسی و دیکتاتۆریدا/بەهۆی بێ ڕێزی کردنی ئاسایشی پەیەدە بە ڕەنگین شەرۆ

0
303

خوێنەری هێژا

وتووێژی بەردەستت، یەکێک لە وتووێژەکانی گەورەژووری ڕاوێژە لە ڕایەڵەی تلێگرام کە لە ڕێکەوتی 2و3و4ی ڕەزبەری 1395ی هەتاوی لە سەر مژاری “ڕۆژنامەنووس لە نێوان دیموکراسی و دیکتاتۆریدا” کە بە پێشکەشکاریی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی “هادی عارفی”، لەگەڵ “ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی”، سیاوەش محەممەدی ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: کاک سیاوەش دەسەڵاتی چوارەم کە مەبەست لە دامەزراوەکانی راگەیاندن بەھەموو جۆرەکانییەوە واتە بینراو، بیستراو، نووسراو، ئەم دەسەڵاتەیان رۆڵی چاودێری کردن دەبینێ بەسەر ھەرسێ دەسەڵاتەکەی تری سیستەمی فرمان رەوای وڵات‌و پەنجە لەسەر کەموکوڕییەکان دادەنێت‌و ھەندێک جاریش سیخورمەیان لێدەدات وھەڵەکانیان بۆ راستدەکاتەوە، هەتا چەندە ئەم مەسەلەیە لە وڵاتە دیکتاتۆرەکاندا بەتایبەتی لە ئێران پێوەری کاری راگەیاندن یان دەسەلاتی چوارەمە؟

سیاوەش محەممەدی
سیاوەش محەممەدی

محەممەدی: پێش هەموو شتێک دەبێ بزانین کە مەبەست لە “دەسەڵاتی چوارم” چییە! و ئایا لەو وڵاتانەی کە ئەساسەن شێوەی بەڕێوبەرییان دێموکراتیک نییە یان نیوچە دێموکراسیە ، چۆن و بە چ مەبەستێک چاو لە “دەسەڵاتی چوارەم” یان هەمان میدیا دەکەن. لە وڵاتێکی نادێموکراتیک وەک ئێران ئەساسەن “رکن” و کۆڵەکەکانی تری دێموکراسی پەیڕەو ناکرێن، واتە سێ دەسەڵاتەکانی تر لەبەرچاوناگیردرێن تا چ بگاتە دەسەڵاتی چوارم بە گشتی دەمهەوێت بڵێم کە ساختاری سیاسی وڵاتێکی وەکوو ئێران، یان زۆرێک لە وڵاتە دیکتاتورەکانی تر، ساختارێکن کە لەسەر ئەساسی سیستمێکی دێموکرات دانەمزراون و هەر بۆیە هیچکات “وەڵامدەر” نین و “میدیا”ش هیچ کات ناتوانێت ئەرکی دیاری کراوی خۆی وەک ئەوەی لە سیستمە دموکراتەکاندا بۆی دیاری کراوە جێ بەجێ بکات

هادی عارفی
هادی عارفی

ڕاوێژ: میدیای ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێ رۆڵی دەسەڵاتی چوارەم بگێڕێت لە ئێراندا؟ میدیای ئۆپۆزیسیۆن هەتا چەندە توانیویەتی رای گشتی بەرمابەر بە ئێرانو  سێ دەسەلاتی دادوەری، یاسا دانان و ئیجرایی بگۆڕێت؟

محەممەدی: ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەرک و ڕۆڵی “میدیا” بە واتای “دەسەڵاتی چوارم” چە لە لایەن پۆزیسیۆن و چە لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە هێشتا لە ئێران نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە وەک پێوەر و ئیستانداردی جیهانی چاوی لێ بکەین، بۆ نموونە لە زۆربەی وڵاتان کە سیستمی بەڕیبەرییان لەسەر سێ رۆکنی “دادوەری، یاسادانان، جێبەجێکردن ” بەڕێوە دەچێت، میدیا وەک “واسط” یان پەیوەندی نێوان  حکومەت و ڕای گشتی دێتە کایەوە و بە شێوەییەکی یاسایی  دەتوانێت چاودێری بەسەر هەموو هەیکەلە و پێکهاتەی “حکومەت” بکات، هەر بۆیە زۆرجار میدیا وەک “دەسەڵاتی چوارم” پێناسەی بۆ دەکرێت.

بەڵام لە وڵاتە دیکتاتورییەکاندا ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئێمە سێ دەسەڵاتەکەی یان نییە یان ئەگەریش هەبێ لە بنەڕەتدا دامەزراوەگەلێکی ناشەرعین و شەرعییەت و ڕەوایی خۆیان لە “خەڵک” وەر نەگرتووە تا ڕەوایی بوونیان لە ڕێگەی “خەڵک”وە لێ بستێندرێتەوە، بۆیە میدیا لەم جۆرە سیستمانەدا زیاتر دەبێتە وەک ئامراز و چەکێک لە دەستی هەردوو لایەنی “پۆزوسیۆن” و ئۆپۆزیسیۆن”. بۆیەش دەبینین دۆخی ڕۆژنامەنووسان و ئازادی ڕادەربرین لە وڵاتێکی وەک ئێران بە پێ ڕاپۆرتی ڕێکخراوەی      RSF لە پلەی ١٦٩ مین وڵاتی جیهاندایە، ئەمە بەو واتایەیە کە ئەگەر بەشێک لە کۆمەڵگەی میدیایی و ڕۆژنامەنووسی نێوخۆی ئێران بیهەوێت بەو زهنییەتە کە میدیا وەک “دەسەڵاتی چوارم” دەتوانێت چاودێری بەسەر حکومەت و دامەزراوەی حکومی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئێسلامی بکات، تووشی گیران و ئەشکەنجە و ئازار دەبێتە.

ڕاستییەکەشی ئەگەر مەبەستان لە میدیای “ئۆپۆزیسیۆن”، میدیای دەرەوەی ئێران بێت، ئەوە گەرەکە ئێمە جیاوازییەک لە نێوان میدیای “خارج نشین” و میدیای “ئۆپۆزیسیۆن” بکەین کە ئەویش خۆی بەسەر چەندین بەرە وەک میدیای بەرەنداز و میدیای رفۆرم خواز دابەش دەبێت، بەڵام بە گشتی پێم وایە کە میدیای دەرەوەی وڵات تا ئێستا نەیتوانیوە وەک “دەسەڵاتی چوارەم” بجووڵێتەوە، هەرچەند ئەمە گشتگیر نییە و زۆرجار میدیا لە قۆناغێکی تایبەتی زەمەنیدا توانیویەتی هێندێک هەنگاو بنێت یان کۆمەڵێک شوێندانەری هەبێت، کە ئەویش بە حۆکمی ئەوەی کە پێشتر ئاماژەم پێ کرد، واتە سیستمی بەڕێوبەری “کۆماری ئێسلامی ئێران” ئەساسەن نەک تەنها بەرامبەر بە میدیا بەرامبەر بە خەلکی خۆشی وەڵامدەر نییە

ڕاوێژ: دۆخی رۆژنامەنووسانی رەخنەگر لە ئێران چۆنە؟ مەبەست ژمارەی رۆژنامەوانانی زیندانی کراوە. چونکە وەکوو راپۆرتی ساڵانەی کۆمیتەی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان، هەموو ساڵیک ئێران وەکوو یەکەم و دووەم و هاوکات گەورەترن زیندانی رۆژنامەنووسان لە ئاستی جیهاندا دەناسرێت. ئامارێکی تایبەتیتان لەسەر میدیاکارانی زیندانی رەخنەگر هەیە؟ بە تایبەت رۆژنامەوانانی ژن لە ئێران؟

محەممەدی: دیارە بەداخەوە ئەوەی کە هەیە و زیاتر دەکرێ پشتی پێ ببەستین ئاماری ڕێکخراوی RSF یان هەمان ڕاپۆرت نووسینانی بێ سنوورە، لە کۆتا ڕاپۆرتی خۆیان لە مانگی ئاپریلی ساڵی ٢٠١٦  لە پلەبەندییەک کە خراببوونی دۆخی ڕۆژنامەنووسانیان لە هەموو جیهان داناوە، ئێران لە پلەی ١٦٩ وڵات بووە، واتە ئێران، زیمبابۆوە، چین و کوریای باکوور چوار وڵاتی سەرەکین کە دۆخی ڕۆژنامەنووسان لە خرابترین حالەتی خۆیدایە، بەڵام بەداخەوە ئەمن بۆخۆم هیچ ئامارێکی دیاری کراوم لەسەر ڕێژەی زیندانیانی  ژنی ڕۆژنامەنووس لە ئێران لەبەردەستدا نییە ، بەڵام بە گشتی لە ئێراندا ئیستا نزیکەی ٣٦ ڕۆژنامەنووس لە زینداندان و ئەمەش وەک یەکێک لە گەورترین زیندانی ڕۆژنامەنووسان لە جیهان بە ئەژمار دێت، هەرچەند بەڕای شەخسی خۆم، ئەو ئامارە کە لە لایەن هەمان ڕێکخراوی ڕاپۆرت نووسانی بێ سنوور پشتراست کراوەتەوە دەتوانێت زۆر لەوەش زیاتر بێت، بەتایبەت ئەگەر ئەوەی لەبەرچاو بگرین کە زۆرجار ئەو کەسانەی کە بۆ ئەو ڕێکخراوانە کار دەکەن یان لە پەیوەندیدان لەگەڵیان، لە ڕووی نەزانین و هێندێکجار بە شێوەی مەبەستدار هیچ ئاماژەیەک بە زیندانیانی ڕۆژنامەنووسی نەتەوەکانی غەیرە فارس نادەن

ڕاوێژ: کاک سیاوەش گیان باسەکەمان لە ئیران بەجێهێشت،  دێینە سەر رۆژنامەگەریی کوردی و دۆخی رۆژنامەوانی لە کوردستان.  پێتانوایە ئەو کاری رۆژنامەوانیەی لە کوردستان بە گشتی دەکری، هەتا چەندە توانیویەتی لەسەر هزری گشتی و سیاسەتی ئەحزاب شویندانەریی هەبێ؟

محەممەدی: پیش هەموو شتێک ڕێگام بدەنێ سەرەخۆشی لە هەموو هاوڕێییان و بە تایبەت بنەماڵەی شەهید ڕەحیمی گەرگوولی و حیزبی دێموکرات بکەم، ڕاستییەکەشی ئەوەیە کە کاک ڕەحیم دەکرێت وەک دوایین شەهیدی ڕۆژنامەنووس چاوی لێ بکەین، بە تایبەت کە کاک رەحیم کاتی خۆی لە گۆڤاری لاوان ئەمن لە نزیکەوە ئاگادارم کە زەحمەتی زۆری دەکێشا و چالاکی خۆیشی لەو گۆڤارە کوردیەدا هەبوو، هیوادارم هاورێیان دواتر بتوانن ئەو بەشەی لە ژیانی کاک رەحیم کۆ بکەنەوە و لەو بوارەشدا زانیاری زیاتر بخەنە ڕوو، بەڵام ئەگەر بمانهەوێ چاوێک لەسەر دۆخی ڕۆژنامەنووسی کوردی لە ١١٨ ساڵی ڕابردوودا بکەین، ڕاستییەکەی ئەوەیە کە دۆخی ڕۆژنامەنووسی کوردی هەوراز و نشێویکی زۆری بە خۆیەوە دیتووە

ئەوەی ڕاستی بێت ئێستا کوردستان بەسەر چوار وڵاتێ داگیرکراودا دابەشکراوە و هەر بۆیە دۆخی ڕۆژنامەنووسی کوردی لە هەر بەشەو بە پێ یاسا و دۆخی سیاسی وڵاتانی داگیرکەر جیاوازی خۆی هەیە، بۆیە هەموو بەشەکانی کوردستان بە باشوور و ڕۆژئاواشم خستە ئەو چوارچێوەیەدا ، لەبەر ئەوەی کە هەتاکوو ئێستا بەشێک لەو یاسا و ڕێسایانە کە تەنانەت لە باشووری کوردستانیش پەیڕەو دەکرێن، هەمان یاسا و ڕێسای حکوومەتی ناوەندین، جگە لە چەند یاساییەک کە لە ساڵی ١٩٩٢ لە پارلەمانی هەرێم پەسەند کران و دواتر لە ١٩٩٦ و دواتر ٢٠٠٣ و سەرەنجام ٢٠٠٧ هێندێک ئاڵ و گۆڕی بەسەردا هاتن. لە لاییەکی تریشەوە گرفتی سەرەکی دۆخی ڕۆژنامەنووسی کوردی، هەتاکوو ئیستا لە چوارچێوەی ئەحزابدا قەتیس ماوەتەوە و نەیتوانیوە ڕەوتێکی سرووشتی و وەک دەڵێن پروفشناڵی خۆی بپێوە

ئەمە لە دوو ڕوانگەوە دەکرێ شیکاری بۆ بکرێتەوە، لە لاییەک ڕۆژنامەگەری کوردی بە جۆرێک لە سەرەتاکاندا مەدیۆنی ئەحزابی کوردیە، لەبەر ئەوەی ناکرێت دۆخ و ڕەوتی سەرهەڵدانی ڕۆژنامەگەری کوردی بخوێنینەوە و شوێندانەری و کاریگەری ئەحزابی کوردی لە هەر چوار بەشەکە لە بەرچاو نەگرین، لە لاییەکی تریشەوە دەکرێت ئەم بە حیزبی بوونەی ڕەوتی ڕۆژنامەگەری کوردی بە خراب بزانین لەبەر ئەوەی زۆرجار ئەحزاب بوونەتە بە لەمپەڕێک لەبەردەم گەشەی ئەم رەوتە لە چوارچێوەییەکی سرووشتی و پروفشناڵی خۆیدا. بە گشتی ئەمن پێم وایە کە ڕۆژنامەگەری کوردی توانیویەتی هەم بە باش و هەم بە خراب شوێندانەری نگەتیڤ و پۆزتیڤ بەسەر ڕای گشتی کوردی دابنێت

پۆزیتیڤترین شوێندانەری ڕۆژنامەگەری کوردی دەکرێت بە بووژانەوە و بە هێزکردنی “هووشیاری نەتەوەیی” و زاڵ کردنی گوتاری کوردی و زیندوو ڕاگرتنی زمانی کوردی چاو لێ بکەین و خرابپترین نموونەش ئەمن دەتوانم بە شەڕی میدیایی ئەحزاب و دەرەنجام شەڕی فیزیکی و براکۆژی لە هەرچوار بەشی کوردستان نموونە بێنمەوە

ڕاوێژ: رۆژنامەنوسیی کوردیش وەکوو سیاسەتی گشتی لە ئاستی کوردستاندا بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە، و بە جۆرێک پیشەیی و عێرفەیی بوونی خۆی لەدەست داوە. دەبینین لە رۆژئاوا سووکایەتی بە ژنە رۆژنامەنووسیک دەکرێ، لایەنگری سیاسەتی ئەو بەشە بە کارێکی رەوای دەزانێ و ئەو لایەی دیکە مەعکوومی دەکات؟ و بە پێچەوانەش؟ چۆن دەکرێ بێ لایەنی بۆ دۆخی رۆژنامەگەریی کوردی بگەڕێتەوە؟ ئەساسەن شتی وا دەکرێ؟

محەممەدی: لاینگری و عەدەمی ئیستیقلال و سەربەخۆیی ڕۆژنامەنووس نەک تەنها لە کوردستان بەڵکوو لە هەموو جیهان بۆ بیر و چۆنییەتی ڕوانینی “ڕۆژنامەنووسەکان” وەک تاک و “دەزگاکانی میدیایی” دەگەڕێتەوە، واتە ئەوەی لەسەر لاپەڕەییەک دەنووسرێت یان لە تی ڤیی یان ڕادیۆ یان ماڵپەڕێک بڵاو دەکرێتەوە، دەرچووی(خروجی) بیر و هزر و گۆشە نیگای دەزگای راگەیاندنەکە یان ڕۆژنامەنووسەکەیە

چاو لێبکەن لە باشووری کوردستان دوای ئینشیعابی یەکیەتی نیشتیمانی لە پارتی دێموکراتی کوردستانی باشوور، ئەوە میدیا و ڕۆژنامەنووسەکانی ئەو دوو پارتە و ئەو دوو بەرەیە بوون ، کۆمەڵگای کوردییان تا ئەو ڕادەیە دژ بەیەک جووڵاند کە دەرەنجام کار گەییشتە شەڕی براکۆژی، بەردەنگی میدیای حیزبی “پیشمەرگە” و هێزە چەکدارەکانی ئەو میدیایانەش دەگرێتەوە، پێشمەرگە یان هێزە چەکدارەکان ساڵانێک لە باری هزرییەوە ئامادەی شەڕی براکۆژی کرابوون، بۆیە کە دەگاتە مەیدانی شەڕ زۆرجار سەرکردەکانیش ناتوانن پێش بەوە بگرن، نموونەی تر میدیای حیزبی لە سەردەمی شەری کۆمەڵە لە گەڵ حدکا بوو، میدیای کۆمەڵە لەو سەردەمەدا بە بورژووا ، سەرمایەدار و ناسیۆنالیست ناسینی حدکا لە باری زهنی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی ئامادە کردبوو، بۆیە لێرەدا ناو لە عدکا ناهێنم، لەبەر ئەوەی ئەو کات حدکا بە چاوی دۆژمن یان بەربەست چاوی لە کۆمەڵە نەدەکرد، واتە کۆمەڵەی بە دۆژمن لە قەڵەم نەدەدا، بەڵام دواتر پاش ئینشیعابی ڕێبەرایەتی شۆرشگێر لە حدکا، بە داخەوە میدیای حدکا ئەو ئەتۆمۆسفر و جەوە ڕەوانییەی لە هەمبەر ڕێبەرایەتی شۆرشگێر درووست کردبوو، بۆیە دیتمان کە لە مەیدانی شەڕ پێشمەرگەکان کە تا دوێنێ هاوسەنگەری یەک بوون، لە باری هزرییەوە ئامادەی ئەوە بوون کە لەهەمبەر یەکدا بوەستنەوە. لە سەردەمی ئەمڕۆشدا بە داخەوە مێژوو خەریکە دووپات دەبێتەوە، پەکەکە خەریکە هەمان هەڵەی باڵی “چەپە فارسەکانی” ناو کۆمەڵەی  دەیەی ٦٠ و ٧٠ی هەتاوی دووپات دەکاتەوە، واتە خەریکە ڕقابەت لەگەل دژایەتی و دۆژمنایەتی ، جێگۆرکێ پێ دەکات, گریلاکانی لە باری هزرییەوە خەریکە بەرەو ئەو ئاراستە پەروەردە دەکات کە ئێمە (پەکەکە) لەگەڵ “دەوڵەت-نەتەوە” شەر دەکەین و پارتی و حدکا و حدک و کۆمەلە و ئەنەکەسە و … ئەمانە ئەحزابی سۆنەتین و میراتگری بیرۆکەی “دەوڵەت-نەتەوە”ن، بۆیە شەر کردن لەگەڵ ئەمانە شەر کردن لەگەڵ ئەردۆغانە.

گریلاکانی لە باری هزرییەوە خەریکە بەرەو ئەو ئاراستە پەروەردە دەکات کە ئێمە (پەکەکە) لەگەڵ “دەوڵەت-نەتەوە” شەر دەکەین و پارتی و حدکا و حدک و کۆمەلە و ئەنەکەسە و … ئەمانە ئەحزابی سۆنەتین و میراتگری بیرۆکەی “دەوڵەت-نەتەوە”ن، بۆیە شەر کردن لەگەڵ ئەمانە شەر کردن لەگەڵ ئەردۆغانە.

چاو لێ بکەن، ئەم جۆرە ڕوانینە دەرەنجامەکەی ئەوە بوو کە گریلاییەکی پەکەکە هەر وەک چۆن تەقە لە جەندەرمەییەکی تورک دەکات بەهەمان نەفەس لە کێلەشین لەگەڵ پێشمەرگەکانی حدکا ڕووبەڕوو بوونەوە، ئەگەر درایەت و ژیری سەرکردایەتی حدکا و پێسمەرگەکانی نەبا ئەو شەڕە زۆر گرانتر لەوە دەشکایەوە، زۆری درێژ ناکەمەوە ، بەڵام ویستم بەو دەرەنجامە بگەم کە ئەوەی ئەمڕۆ بە نیسبەت کچە ڕۆژنامەنووسێکی ڕۆژئاوا لە لایەن پەیەدەوە دەکرێت ، بە هۆی بۆمبارانی میدیایی پەکەکە لە ٢٠١٢ بەملاوە بە نیسبەت پارتەکانی تری ڕۆژئاوا بووە، واتە ئیستا چەکدارانی پەیەدە و گەریلاکانی پەکەکە ڕاست لە باری زهنییەوە ئامادەی ئەوە کراون کە چۆن لەهەمبەر داعش و ئەردۆغان شەڕ دەکەن، بە هەمان نەفەس چاو لە ئەحزاب و کەسانی جیابیریان دەکەنەوە. بە نیسبەت بەشی دووهەمی پرسیارەکەت. ئەمن پێم وایە ڕەوتی بە جیهانی بوون و گۆلۆبالیزاسیۆن و بە تایبەت سووسیال میدیا، تا ڕادەییەکی زۆر خەریکە ڕەوتی ڕۆژنامەنووسی کورد بەرەو ئاقارێکی باش دەبات، با نموونەیەکی عەینیتان بۆ بهێنمەوە، ئیستا چی دیکە میدیای حیزبی وەک جاران ناتوانن ئەوەی کە دەیانهەوێت بەسەر ڕای گشتی کۆمەڵگە بیسەپێنن، بۆ نموونە، دەبینین کە پەکەکە نزیکەی ٦ کاناڵی ماهوارەیی هەیە و بەردەوام خەریکی پروپاگەندای حیزبین، بەڵام تا ئیستاش نەیانتوانیوە ڕای گشتی ڕۆژئاوا ئاراستەدار بکەن و تەنها شوێندانەرییان لەسەر هەواداران کەسانی نزیک لە خۆیان کردووە ، هەر بۆیەشە دەبینین تا ئەو ڕادەیە لە ڕووداو و باقی دەزگاکانی ڕاگەینادن ترسیان هەیە

ڕاوێژ: کاک سیاوەش پێانوویه، رۆڵی،میدیا دەتوانێ لەسەر ئەو،خەباتەی حدکا دەستی پێکردووە کاریگەریی نەرێنی دەبێت کە هەندێ لایەن و کۆماری ئیسلامی دەستیان پێکردووە؟

محەممەدی: بەداخەوە کاک هادی، بەڵە دەتوانێت شوێندانەری خرابی هەبێت، بەڵام هەر وەک باسم کرد ئیستا سووسیال میدیا تا ڕادەییەکی زۆر دەستی میدیای دەسەڵات و ئەحزابی پاوانخوازی بەستووەتەوە، ئێستا حدکا کاناڵێکی ماهوارەیی یان میدیاییەکی بەهێزی نییە، بەڵام دەبینین کە خەڵکی ڕۆژهەڵات سەرەڕای سەمپاتی و دژایەتی میدیای کۆماری ئێسلامی و کۆمەڵێک حیزبی پارچەکانی تری کوردستان، هێشتا تینووی زانیاری درووستن و خۆیان بە دووی زانیاری درووستدا دەگەڕن و تا ڕادەییەکیش ڕاستییەکانیانیان بۆ ڕوون بووەتەوە. بە جۆرعەتەوە دەڵێم کۆمەڵگای کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵگای کوردی پێش ڕەوتی “ڕاسان” کە حدکا دەستی پێ کردبوو ، نییە.

ڕاوێژ: وەک ئاشکرایە بەشی زۆری خەڵک لە هەواڵی رۆژانەی حدکا و شەڕەکانی ئاگادار نین، بەهۆی هەبوونی فیلتر و ئەو بەربەستانەی لە ئێران هەن، ئێوە وەکوو میدیاکارێک نەبونی تی،ڤی هەتا چەندە بە لاوازیی حدکا دەبینن و یان ئەگەر هەبێ هەتا چەندە دەتوانێ لە گەشە کردنی ئەو خەباتەدا سەرکەوتوو بێ؟

محەممەدی: بێ شک نەبوونی تی ڤی کاریگەری نگەتیڤی خۆی هەیە ، بە تایبەت ئەگەر بە ڕوونی بمهەوێت لەسەر مەسئەلەی “ڕاسان”ی حدکا قسە بکەم.

با بە کورتی ئاماژەییەک بە میدیا لە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت حدکا بکەم، ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی خەباتی مللی-دێموکراتیکی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەد ساڵی ڕابردوو، چە لە سەردەمی سمکۆی شەکاک و چە دواتر لە سەردەمی ژێکاف و دواتریش لە قۆناغی شۆڕشی نوێ لە چوارچێوەی حێزبێکی مۆدرن لە ژێرناوی “حێزبی دێموکراتی کوردستان” میدیا بە تایبەت لە قاڵبی “ڕۆژنامە” دەورێکی کاریگەری هەبوو، دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و دەستپێکردنی خەباتی ئاشکرای حزبی دێموکرات ڕاستییەکەی ئەوەیە کە حدکا یەکەم سازمان و حێزبی سیاسی بوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان باشترین کەڵکی لە میدیا وەک کۆڵەکەییەکی سەرەکی خەباتی نەتەوەیی-دێموکراتیکی خۆی وەرگرت، واتە لەو سەردەمەدا کە “ڕادیۆ” وەک میدییاییەکی “بیستراویی” کە زیاترین کاریگەری لەسەر “ڕای گشتی” کۆمەڵگا هەبوو، لە ماوەییەکی زۆر کورتدا هاتە نێو گۆڕەپانی خەباتی میدییایی شۆڕش(حدکا) و کاریگەری خۆیشی برووسک ئاسا لەسەر ڕای گشتی و کۆمەڵگای کوردستان و خەباتی حدکا دانا، دواتریش بە پەرەی “ئینترنت” و گشتگیر بوونی تۆڕی پەیوەندی ئینترنت هەمدیسان حزبەکانی ڕۆژهەڵات و بە تایبەت حدکاش بە باشی توانی لەو دەرفەتە کەڵک وەر بگرێت و بە دانانی چەندین ماڵپەڕی ئینترنتی ئەو بۆشاییەیان لە “فەزای مەجازی” پڕ کردەوە.

دیارە لە بواری میدیای “بینراو”یش حزبەکانی ڕۆژهەڵات و هەمدیسان حدکا باش جووڵانەوە، لانیکەم ئەمن کە ئاگادار بم حدکا یەک لەو دەگمەن حزبانە بوو کە لە نەوەدەکانەوە کاناڵی “لۆکاڵی” نەورۆزیان دانابوو و بەشی فیلم و کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن لەو بوارەدا زۆر چالاک بوون، هەرچەند بە هۆی کۆمەڵێک کێشەی نێوخۆیی و گرفتی “سیاسی” هێندێک بە تەئخیر توانیان کاناڵی ئاسمانی و ماهوارەیی دامەزرێنن، بەڵام ئەمن پێم وایە کە ڕاستییەکەی تا پێش ساڵی ١٣٨٥ی هەتوای هەبوونی کاناڵێکی ماهوارەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەیدەتوانی کاریگەرییەکی ئەوتۆی هەبێت، لەبەر ئەوەی تا ئەوکات “سەتەلایت” و جیهازی وەرگرتنی شەپۆلی ماهوارەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گشتگیر نەبووبوو.

بە هەرشێوە ڕاستییەکەی ئەوەیە کە “تیشک تی ڤی” لە ماوەییەکی کورتدا توانی جێگا و پێگەی خۆی بکاتەوە. ئەمن لێرەدا بە بڵاوکراوەییەکی وزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئێسلامی ئێران” زۆر بە کورتی ئاماژە پێ دەکەم، کە بە ڕوونی باسیان لەوە کردبوو کە تیشک تی ڤی زیاترین بینەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خوراسان(واتە کوردەکانی بجنوورد و …) هەیە و ئەوەیان بە مەترسییەکی گەورە لەقەڵەم دابوو.

سەڕەڕای ئەمانە ئەمن پێم وایە بە گەشەی تۆڕە کۆمەڵاییەتییەکان و کردنەوەی بەشی ڕۆژهەڵاتی کاناڵی ڕووداو، تا ڕادەییەک “کاریگەری” تیشک تی ڤییان خستە پەراوێزەوە، بە تایبەت کە لەم دواییانەدا تیشک تی ڤی بەداخەوە نەیتوانی خۆی لەگەڵ تکنۆلۆژی و شێوازی مۆدرنی کاری میدییایی ڕێک بخات، کە ئەویش کۆمەلێک هۆکاری خۆی هەبوو کە نامهەوێت لێرەدا ئاماژەیان پێ بکەم، بەڵام لەسەرەدمەی ئێستادا و بە تایبەت دوای دەستپێ کردنی قۆناغی “ڕاسان”ی حیزبی دێموکرات، سەڕەڕای هەبوونی تۆڕێکی بەربڵاوی میدیاای لە ژێر ناوی “سووسیال میدیا” و چەندین کاناڵی وەکوو “رووداو” کوردستان ٢٤” و “ئن ئار تی” هەمدیسان ئەو پرۆسەیەی حدکا (راسان) بە بێ میدیاییەکی بە هێز ناتوانێت بە باشی ئامانجەکانی بپێکێت

ڕاوێژ: هەر لە پەیونەدی لەگەڵ رادیۆدا، هاوڕێیەک پرسیارێکی ناردوە که ئاخۆ حیزبی دیمۆکرات بۆچی رادیۆ وەگەڕ ناخاتەوە؟ هاوکات پرسیارێکی دیکە دێتە ئاواراوە، ئاخۆ رادیۆ ئەو بەردنگە(مخاطب)ی ساڵانی رابردووی ماوە؟ و دتوانێ کاریگەریی هەبێت؟ ئاخۆ لە نەبوونی میدیای شۆڕش‌دا، میدیای دژه شۆرش، واته ئەو کەس و لایەنانەی لە پێش هەموویانەوە رژیمی ئیسلامیی ئێران، توانیویانە لە رێگەی مدیای خۆیانەوە بیر و رای گشتیی خەڵک بەلاڕێدا ببەن؟

محەممەدی: ئەمن پێم وایە دەبێت بزانین ئایا زەروورەتی هەبوونی ڕادیۆ بە تایبەت لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت ئێرانیش هەیە؟ بۆچی پێش داخرانی تیشک تی ڤی “ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران” داخرا ! ڕاست لەبەر ئەوەی بوو کە ڕادیۆ بە تایبەت لەسەر شەپۆلی “ئس ئم” و “ئم وی” کارکردی میدیایی خۆیان لەدەست داوە، واتە ئێستا تەنانەت لە بەشێک لە ئۆرووپاش تەنها ئەو ڕادیۆیانە ماون کەلەسەر شەپۆلی “ئف ئم”ن، خەڵک چی دیکە وەک ساڵان بەردەنگی ڕادیۆییەکی پارازیتاوی نییە! ئەمن باوکم کارمەندی ڕادیۆی مەریوان و کرماشان و پاوە بوو، جاران ئەگەر بۆ چەند چرکەساتێک ڕادیۆ کێشەییەکی هەبا خەلک پەیوەندییان دەگرت و هۆکارەکەیان دەپرسی، لەم دوایانەدا بە دوو ڕۆژ و سێ ڕۆژ ڕادیۆ کێشەی هەبوو، تەنانەت ناوەندی پارێزگاکان کە بەرپرسن لەهەمبەر بەردەوامی کاری رادیۆکانی نێوخۆی ئێران، نەیاندەزانی، لە لاییەکی تریشەوە “میدیای دژە شۆڕش” کە خۆی دوو بەشی دەرەوە و ناوەوەی ئێرانە، لانیکەم بەشی ناوەوە، واتە میدیای کۆماری ئێسلامی ئێرانیش تووشی هەمان کێشە هاتووە ، واتە کارکردی میدییایی خۆی لەدەستداوە، واتە تەنانەت کۆماری ئێسلامی ئێرانیش تووشی قەیرانی “بێ بەردەنگی” هاتووە، بۆیە چاو لێ دەکەین کۆمەڵێک میدیای “سێبەر”ی دامەزراندووە یان پشتگیرییان دەکات، با بە سراحەتەوە بڵێم، ئەمن سێ ساڵ و نیو لە تیشک تی ڤی کارم کرد و بەرنامەییەکم بە زمانی کوردی هەورامی هەبوو، زیاترین کێشەمان ئەوەبوو کە کەس لە نێوخۆی ئێران نەیدەوێرا لە بەرنامەکەماندا بەشدار بێت، چەندین کەس بە هۆی بەشداری لە تیشک تی ڤی گیران و تووشی سزاش هاتن، بەڵام لە هەمان کاتدا دەماندیت کۆمەڵێک کاناڵی تری کوردی بە تایبەت و بە ڕوونی کاناڵهاییەک وەک ئێسترک تی ڤی و نەورۆز تی ڤی کە بەستراوەییان بە پەکەکەوە هەبوو زۆر بە ئاسانی لە نێوخۆی ئێران بەرنامەیان بەرهەم دەهێنا و خەڵکی “خۆیان” بە بێ ترس بەشداری بەرنامەکانیان بوون، ئەمە ئەگەر واتای “میدیای سێبەر” نەبێت چییە؟

بۆیە دەڵێم ئێران یان میدیای سێبەری درووست کردووە یان ئاسانکاری بۆ میدیای سێبەر کردووە، ئەمە لە بەشی کوردستانییەکەی لە بەشی سەرتاسەرییەکەش ، دەکرێت بە ڕوونی ئاماژە بە کۆمەڵێک کاناڵ و میدیای دەرەوە وەک “من و تۆ” و … بکەین کە ئەگەر جاروبار لە ئاستی هێندێک کێشەی مۆدریەتی ڕەخنەییەکیش لە کۆماری ئێسلامی دەگرن بەڵام لە ئاستی “کەلان” و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران” هەمان بیرو بۆچوونی کۆماری ئێسلامییان هەیە ئەمە دەچێتە قاڵبی میدیای سێبەر، بەڵام وەک ئاسانکاریش دەکرێت چاو لێ بکەین کە کۆماری ئێسلامی ئێران بۆ نموونە “ئاسانکاری زیاتر بۆ “بی بی سی” دەکات تا “دەنگی ئامریکا” ، گۆتاری “بی بی سی” گۆتارێکی ڕێفۆرمخوازانەیە بەڵام گۆتاری دەنگی ئامریکا گۆتارێکی بەرەندازانەیە (هەرچەند ئێستا دەنگی ئامریکاش چووەتە پاڵ بی ب سی و باقی ڕاگەیاندنە فارسییەکانی تری دەرەوەی وڵات)

با بچمەوە سەر پرسیارەکەت. ئەمن پێم وایە کە مەترسی میدیای دەرەوە زۆر زۆر مەترسیدارترە لە میدیای کۆماری ئێسلامی. میدیای کۆماری ئێسلامی هەم بەردەنگی زۆر کەمە و هەمیش مەشرووعیەتی نەماوە، بەڵام ئەو خاڵانە بۆ میدیا فارسییەکانی دەروەی وڵات “سدق” ناکەن، بۆیە دەڵێم مەترسیی ئەو میدیایانە زۆر زۆر کۆشەندەترە لە میدیای نێوخۆی کۆماری ئێسلامی، لەبەر ئەوەی لانی کەم ئەگەر لە ٢٠١١ بەم لاوە چاوێک لەو میدییاییانە بکەین دەبینی کە ئاراستە و ڕەوتی کاری میدییاییان ڕاست لەبەرژەوەندی باڵای “ئێران” و دواجار کۆماری ئێسلامیە، واتە بەشێکی زۆری ئەو میدیایانە هەمان ئاراستەی میدیایا هیلالی شیعی و بەرەی “رووسیە-ئێران-سووریە-ئڕاق-حیزبۆللا و پەکەکە”یان هەیە، تەنانەت بەشی کوردستانی ئەو میدیایانەش لەهەمان ئاراستەدا دەجووڵێنەوە

ڕاوێژ: بۆچی میدیاکانی وەکوو رادیۆ فەردا، بی‌بی‌سی، دەنگی ئەمریکا، من و تۆ و هتد… کە بە بودجەی دەیان ملیۆن دۆلاری وڵاتانی سیکیولار بەرێوە دەچن، هەتا ئەو رادەیە، پیشەیی بوونی میدیا لەبەر چاو ناگرن و راستەوخۆ دەکەونە بەرەی دەسەڵاتی داگیرکەر؟ بەراستی ئەم لادان لە پیشەیی بوون و لایەنگری کردنە، سیاسەتی ئەو وڵاتانەیە؟ یان خودی هزری فاشیستی و شۆڤێنیزم، هۆکاری ئەوەیە کە زۆربەی ئەو میدیاکارانەی لەو راگەیاندنانەی کە ئاماژەیان پێکرا، لەگەڵ دەسەڵاتی داگیرکەر جیاوازییەکی ئەوتۆی لە بیروبۆچووندا نەبێ؟

محەممەدی: نەخێر ئەم پێم وایە گەمژانەیە ئەگەر بمانهەوێ وا بیر بکەینەوە کە ئەوەی لەو میدیایانەدا دەکرێت، بیری “فاشیستی و ڕەگەزپەرەستانەی” میدیاکارانی نێو دەزگاکانە، ئەوە سیاسەتی گشتی وڵاتەکانی سپۆنسەری ئەو دەزگایانەیە، ڕاستییەکەشی ئەوەیە کە پاش کریزی سووریە و دەستێوەردانی ئێران لە ناوچەکە و دواجار وەک دەلێن “بەرجام” سیاسەتی کەلانای بەشێک لە وڵاتانی ئۆرووپایی و ئامریکاش بە نیسبەت ڕژیمی ئێرانەوە گۆڕدرا، واتە ئەگەر جاران بە دووی “تغییر ڕژیم”دا بوون، ئەوە ئێستا بە دووی “تغییر رفتار رژیم”ن، ئەوە ئەساسێک بوو کە “بەرجامی لەسەر بنیات نرا، هەرچەند کە وتم بەهاری عەرەبی و بەتایبەت ڕەوتی ڕووداوەکانی سووریەش تا ڕادەییەک ڕای گشتی ئۆرووپا و ئامریکای بە نیسبەت گۆڕین و خۆڵقاندنی قەیران لە نیو دەسەڵاتە دیکتاتورەکاندا گۆڕی، هەرچەند نابێت ئەوەش لەبەرچاو نەگرین کە بە “بەهێز بوونی” بەرەی هیلالی شیعە و بە تایبەت ئێران” فرۆشی چەک و چۆڵ بە وڵاتانی کەنداو لە هێندێک وڵاتدا تا ڕادەی ٦٠% زیاتری کردووە، واتە مانەوەی ڕژیمی ئێران وەک ترسێک بۆ وڵاتانی کەنداو و ڕاگرتنی باڵانسی هێز لە ناوچەکە لە بەرژەوەندی ئۆرووپا و ئامریکادایە.

ڕاوێژ: ئەگەر دەکری باسێک لەوە بکەن کە ئاخۆ دەکرێ راگەیاندنکاری کورد، لە نێوان بەرەی شۆڕشگێڕی و لە بەرمابەریشدا بەرەی داگیرکەر، لەژێر ناوی پیشەیی و حیرفەیی‌ بووندا، بێ‌لایەنی هەڵببژێڕی؟ بەڕاستی ئەرکی میدیای کوردی لە قۆناگێ رزگاریی میلیدا دەبێ بێ لایەنی بێت لە نێوان شۆڕشگێڕ و داگیرکەردا؟ ئەەگر دەکرێ بە کورتی و بە پۆختی و کۆبەندییەکەی باسەکەشی لەگەڵ بێت.

محەممەدی: هەرچەند ئەمە “مطلق” نیە، بەڵام زۆر بە دەگمەنن ئەو کەسانەی کە بڵێن ئێمە “بێ لایەنانە” کاری میدیایی دەکەین، واتە ئەگەر ئەتۆ تەنانەت بێ لایەنیش بیت، ڕاپۆرتێکی لەو چەشنە کەمتر بە کاری دەزگاییەکی میدییایی دێت، لەبەر ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری دەزگاکانی ڕاگەیاندن بێ لایەن نین، هەرچەند دەبێت ئەوەمان لێ تێک نەچێت کە لێرەدا “بێ لایەن” و “سەربەخۆ” زۆر جیاوازن، واتە تۆ دەتوانیت سەربەخۆ بیت، بەڵام زۆر سەختە کە بێ لایەن بیت، ئەوەش بۆ سرووشتی مرۆڤ دەگەڕێتەوە.

بەڵام لەمەڕ “ئەرک”ی میدیای کوردی لە نێوان داگیرکەر و شۆڕشگێران دا، ڕاستییەکەی ئەوەیە کە مادامێک ئێمە دەڵێن میدیای “کوردی” واتە جارێک ئەوەمان یەکلا کردووەتەوە کە ئەو میدیایە سەر بە ڕەوتێکە (کورد) کە وابوو باشترین ئەرک بۆ میدیای کوردی “لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەیەتی”، وەک زۆربەی هەرەزۆری میدیاکانی نەتەوە و وڵاتانی  تری جیهان

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت